چۆن ڕۆمان دەنووسیت؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-09-02-23:26:00 - کۆدی بابەت: 10127
چۆن ڕۆمان دەنووسیت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕۆمان (بە ئینگلیزی: novel، بە عەرەبی: الروایة) نووسراوێکی ئەدەبییە، درێژترە لە چیرۆک، دەتوانین بڵێین گێڕانەوەیەکی چیرۆک ئامێزی دوورودرێژە، کە باس لە چەند کەسایەتی و ڕووداوێک دەکات لە کات و شوێنی دیاریکراودا. ڕۆمان دەکرێت خەیاڵی بێت یاخود لە ڕووداوی ڕاستییەوە وەرگیرابێت.

چۆن ڕۆمان دەنووسیت؟ (بە ئینگلیزی: How to write novel، بە عەرەبی: کیف تکتب الروایة) نووسینی ڕۆمان بوێری و کارێکی زۆری دەوێت تەنانەت بۆ نووسەرە لێهاتووەکانیش. ڕۆماننووسی ئەمریکی ئۆکتاڤیا بەڵتەر دەڵێت "کاتێک دەست دەکەیت بە نووسین نووسینەکانت باش نین، بەڵکوو نووسینەکانت خراپ و بێ واتان، بەڵام وا بیر دەکەیتەوە باشترینتن، پاشان خۆت هەست بە هەڵەکانت دەکەیت و باشتر دەبیت. بۆیە دەڵێم یەکێک لە بەهادارترین سیفەتەکان بەردەوام بوونە". چەند هەنگاوێکی گرنگ هەن بۆ دەست کردن بە نووسینی ڕۆمان و هەنگاوەکانی ڕۆمان نووسین.

هەنگاوەکانی نووسینی ڕۆمان

  1. بیرۆکەی نووسینەکەت دابنێ: خاڵێکی ڕوون و ئاشکرا و گرنگ بەڵام ئاسان نییە. یەکەم هەنگاو بۆ نووسینی ڕۆمان ئەوەیە کە بابەت و بەسەرهاتێک هەبێت لەسەری بنووسیت و ببێت بە خاڵی سەرەکی ڕۆمانەکەت. بەشێوەیەکی دیکە دەتوانین بڵێین دەبێت ئامانج لە نووسینی کتێبەکە هەبێت و پەیامێک بگەیەنێت، هەموو نووسینەکانی ڕۆمانەکە لەپێناو ئەو پەیامەدا بێت و درێژەپێدەری ئەو بێت.
  2. بخوێنەوە لەو ژانەرەی کە دەتەوێت کاری لەسەر بکەیت: دوای دانانی بابەتێک بۆ نووسینی ڕۆمانەکەت و هەڵبژاردنی ئەو ژانەرانەی کە دەتەوێت لە ڕۆمانەکەتدا هەبێت، هەوڵبدە لەسەر هەمان ئەو ژانەرانەی ڕۆمانەکەت بخوێنەوە بۆ ئەوەی بزانیت کە ڕووداوەکانی ئەو ژانەرە دیاریکراوە چۆنە و باکگراوندێک و زانیارییەکی گشتیت لەسەری هەبێت. بەمەش زیاتر تێدەگەیت خوێنەر چ جۆرە نووسینێکی دەوێت و چاوەڕێی چی لە نووسەرەکە دەکەن. هەمیشە خۆت لەجێگەی خوێنەر دابنێ لەکاتێ نووسین.
  3. کارەکتەرەکان دروست بکە: یەکێک لە گرنگترین بەشەکانی ڕۆمان کارەکتەرەکانییەتی. کارەکتەرەکان دەکرێن بە دوو بەشەوە سەرەکی و لاوەکی. کارەکتەرە سەرەکییەکان دەبێت زیاتر گرنگیان پێبدرێت و بەشێوەیەکی ورد باسی ڕووخسار و کەسایەتی و ژیانی ڕابردووی بکرێت بەشێوەیەک خوێنەر بتوانێت وێنای بکات. ئەم خاڵانە گرنگە لەبیر نەکرێت لەکاتی باسکردنی کەسایەتی سەرەکی: کارەکتەرەکە چی دەوێت و ئامانجی چییە؟ هەروەها باسی ئەوە بکە کە بۆچی ئەو ئامانجەی هەیە؟ بۆ نموونه، هاری پۆتەر دەیویست پاشا ڤۆڵدیمۆرت تێکبشکێنێت لەپێناو سەلامەتی جیهانی جادوگەران و تۆڵەسەندنەوەی دایک و باوکی. کارەکتەرە لاوەکییەکانیش دەبێت باس بکرێن بەڵام پێویست ناکا زۆر درێژەی پێبدرێت.
  4. ڕوانگەی بینین دیاری بکە: هەڵبژاردنی یەکێک لە کارەکتەرەکان وەکوو باسکەری ڕۆمانەکە هەنگاوێکی گرنگی ترە لە دەستکردن بە نووسینی ڕۆمانێکدا، چونکە کاتێک لە ڕوانگەی یەکێک لە کارەکتەرەکانەوە باسی گێڕانەوەکە دەکەیت شێوازی بیرکردنەوە، هەستە کەسییەکانی و ڕاوبۆچونی ئەو کەسە تێکەڵی بابەتەکە دەکەیت، ئینجا ئەگەر بیرکردنەوەکانی ڕاست بن یاخود هەڵە. چەند جۆرێک ڕوانگەی بینین هەیە کە دەتوانیت بەکاریانبهێنیت: کەسی یەکەم: قسەکەرەکە نووسەرەکەیە یاخود یەکێکە لە کارەکتەرەکان کە باسی خۆی دەکات. هەروەها جێناوی (من) بەکاردەهێنرێت لەم جۆرە گێڕانەوەیەدا. کەسی دووەم: قسەکەرەکە خوێنەرەکەیە، نووسەر وا دەکات خوێنەر خۆی بکاتە جێگەی کارەکتەرە سەرەکییەکە. جێناوی (تۆ) بەکاردێت.
    کەسی سێهەم: لەم جۆرە جێناوەکانی (ئەو، ئەوان) بەکاردێن. دەکرێت بە دوو بەشەوە، بەشێکیان ئەوەیە کە چیرۆکبێژ لەسەر هەموو کارەکتەرەکان زانیاری هەیە و هەموو نهێنییەکان دەزانێت، بەشەکەی تری چیرۆکبێژ زانیاری زۆری نییە و تەنها لەسەر هەست و بیرکردنەوەکانی کارەکتەرێک دەزانێت.
  5. ڕووداوەکان ڕێکبخە: هەموو خاڵ و ڕووداوە سەرەکییەکان بنووسە کە دەتەوێت لە ڕۆمانەکەتدا هەبێت. پلانت بۆ کۆتایهێنان بە ڕۆمانەکەت هەبێت، چونکە کۆتایی ڕۆمانەکەت بەشێکی گرنگە و کاریگەری زۆری هەیە لەسەر ڕۆمانەکەت، پاشان دەتوانیت بەپێی کۆتاییەکەی ڕووداوەکانی تر ڕێکبخەیت بەشێوەیەک بەسەرهاتەکە بەرەو ئەو کۆتاییە ببە.
  6. وشەزانی و ڕێزمان و پێداچوونەوە: بەپێی ئەوەی ڕۆمان زۆر درێژە و هەندێ دەستەواژە زۆر بەکاردەهێنرێن بۆیە تا دەتوانین دەبێت خۆمان بەدوور بگرین لە بەکارهێنانی وشەی دووبارە. دەتوانین چەندین وشە بەکاربهێنین کە هەمان واتا دەگەیەنن بەمەش نووسینەکە بێزارکەر نابێت. هەروەها بەدڵنیاییەوە دەبێت ڕۆمانەکەت هەڵەی ڕێزمانی نەبێت. بیرت نەچێت لە کۆتاییدا پێداچوونەوە بکە دووبارە ڕۆمانەکە بخوێنەوە و هەڵەکان ڕاست بکەوە یاخود ئەگەر دەقێکت بەدڵ نەبوو گۆڕانکاری کۆتایی تێدابکە.
  7. ڕێکخستنی کات و شوێن: شوێن و کاتی ڕووداوەکان بەوردی دیاری بکە و باسیان بکە، جیهانێکی تایبەت بە ڕۆمانەکەت دروست بکە کە خوێنەر تێیدا نوقم بێت. هەندێک جار بەسەرهاتەکە لە ناوەڕاستی ڕووداوەکانەوە دەستپێدەکات و دواتر دەگەڕێتەوە بۆ ڕابردوو دواتر دێتەوە کاتی ئێستا و چەندین تەکنیکی دیکەی نووسین هەیە کە دەتوانیت سوودیان لێ ببینیت.
  8. بەردەوامی و ڕۆتین: کاتێک دەست پێدەکەیت بەردەوام بە و کۆڵمەدە. هەوڵبدە پلانێکی ڕۆژانە دابنێ بۆ نووسین بەڵام زیادەڕەوی مەکە و پشوو وەربگرە لەنێوان کاتەکانی نووسین. بیرۆکەی نوێ و جیاواز کاتی زیاتری دەوێت بۆیە پەلە مەکە.
  9. با ئاڵۆزی لەخۆ بگرێت: مەبەست لەم خاڵە ئەوەیە با تا ڕادەیەک کۆتایی ڕۆمانەکە نادیار بێت و هەر چاپتەرێک چەند پرسارێکی بێ وەڵام بەجێبهێڵە کە دەبێتە هاندەرێک بۆ ئەوەی خوێنەر چاپتەری دواتر بخوێنێتەوە و چێژێکی زیاتر دەدات بە کتێبەکە. چەند ئەگەرێک دروست بکە بۆ ڕووداوەکانی دواتر و هەمیشە لەکاتی نووسین پرسیارەکانی ئەگەر چی، بۆچی، چۆن لەخۆت بکە و بەم شێوەیە درێژە بە بابەتەکە بدە. 
  10. گرنگی بدە بە دەق و پوختەی بابەتەکە و ناوی ڕۆمانەکە: ناوی ڕۆمانەکە و پوختەکەی بەشێکی گرنگن چونکە یەکەم شتن کە خوێنەر دەیانبینێت. هەرچەندە دەوترێت "بە بەرگی کتێبێک بڕیار لەسەر کتێبەکە مەدە" بەڵام ئەوە هەمان شتە کە زۆرینەی خوێنەرەکان دەیکەن لەکاتی بڕیاردان لەسەر خوێندنەوەی کتێبێک. بۆیە هەوڵبدە ناو و پوختەیەکی سەنج ڕاکێش دابنێ بۆ کتێبەکەت. با پوختەکە ڕووداوە گرنگەکان لەخۆ بگرێت و بە کورتترین شێوە باسی ڕۆمانەکە بکات.


سەرچاوەکان

131 بینین