زوو تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە مەترسی ئەلزەهامەر زیاد دەکات؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-21-22:22:00 - کۆدی بابەت: 12946
زوو تووشبوون بە نەخۆشی شەکرە مەترسی ئەلزەهامەر زیاد دەکات؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئایا زوو تووشبوون بە شەکرە ئەگەری تووشبوون بە ئەلزەهامەر زیاد دەکات (بە ئینگلیزی: Early diabetes increases the risk of Alzheimer's، بە عەرەبی: يزيد مرض السكري المبكر من خطر الإصابة بمرض الزهايمر) توێژینەوەیە نوێیەکان لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان زوو تووشبوونی نەخۆشی شەکرە و مەترسی نەخۆشی ئەلزەهایمەر دەکەن. لە بەشێک لە لێکۆڵینەوەکان دەرکەوتووە نەخۆشی شەکرە بە هەر دوو جۆرەکەیەوە دەتوانێت ببێتە هۆکارێک بۆ تووشبوون بە ئەلزەهایمەر. بە تایبەت ئەگەر لە سەرەتای تەمەن دەستنیشانی نەخۆشی شەکرە بکرێت ئەگەری تووشبوونی ئەلزەهایمەر زیاد دەکات ئەمەش دەگەڕێتەوە بۆ ئەو ماوەیەی تێکچوونی مێشک و یادگە تیایدا بەرەوپێش دەچێت.

توێژەران ئەوەیان بۆ دەرکەوتووە کە ئەو گەنجانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، هەردوو جۆری یەک و جۆری دوو، نیشانەی خوێنیان هەیە کە پەیوەندی هەیە بە گەشەکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەرەوە، لە کاتێکدا ئەو گەنجانەی کە نەخۆشی شەکرەیان نییە ئەم نیشانانەیان نییە. توێژینەوەکە لە گۆڤاری Endocrines بڵاوکراوەتەوە. ئەمە لە کاتێکدایە توێژەران ئاماژە بەوە دەکەن کە بەهۆی کەمی نموونەی لێکۆڵینەوە، لێکۆڵینەوەی زیاتر پێویستە ئەنجام بدرێت.

ئێمە خەریکە دەچینە جیهانێکی جیاواز لە چاودێری" تەندروستی بەهۆی پەتای قەڵەوی لە گەنجاندا،" ئەلیسۆن شاپیرۆ، یاریدەدەری پرۆفیسۆری پزیشکی منداڵان و پزیشکی ناوخۆیی لە زانکۆی پزیشکی کۆلۆرادۆ لە ئۆرۆرا لە ڕاگەیەندراوێکی ڕۆژنامەوانیدا وتی. لەگەڵ ئەوەی هەر گەنجانن پێگەیشتوان پێکدەهێنن. لە ئێستادا زیاتر نەخۆشی پەیوەندیدار بە تەمەنەوە لە گەنجاندا دەبینین.

ئایا پەیوەندی هەیە لە نێوان نەخۆشی شەکرە و ئەلزەهایمەر؟

زاناکان لێکۆڵینەوەیەکی تەواویان ئەنجامداوە بۆ لێکۆڵینەوە لە پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و بیرکردنەوە یان توانای فێربوون. توێژینەوەیەک دەریخستووە کە ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە دوو هێندەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان نییە ئەگەری تووشبوونیان بە ناتەواوی توانای فێربوون هەیە. بە هەمان شێوە، ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاترە بەراورد بەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان نییە. بەپێی توێژینەوەیەکی تازەکی، ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە "بە ڕێژەی ٦٠-٨٠٪ ئەگەری تووشبوونیان بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر زیاترە."

زاناکان زانیارییان لەسەر ٢٥ کەس وەرگرتووە کە نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکیان هەبووە لەگەڵ ٢٥ کەس کە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەبووە. ئەوان بەراوردی نیشانە کیمیاییەکانی ناو خوێنیان کردووە لەگەڵ ژمارەیەکی هاوشێوەی بەشداربووانی کۆنترۆڵ کە تووشبووی نەخۆشی شەکرە نەبوون. توێژەران کۆمەڵێک نیشانەی بایۆلۆجییان پێوا کە پەیوەستن بە نەخۆشی دەمار و کۆبوونەوەی پڕۆتینی پەیوەندیدار بە ئەلزەهایمەر. هەروەها هەندێک لە بەشداربووان پشکنینی تۆمۆگرافیای دەردانی پۆزیترۆن (PET یان Positron Emission Tomography) یان بۆ کراوە بۆ گەڕان بەدوای نیشانە سەرەتاییەکانی نەخۆشییەکە لە مێشکدا.

شیکاری و لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەریخستووە کە ئەو نیشانانەی کە ئاماژە بە پێشکەوتنی ئەلزەهایمەر دەکەن لەو کەسانەی کە بە تەمەنی کەم تووشی نەخۆشی شەکرە بوو زیاترە لەو کەسانەی کە تووشبووی نەخۆشی شەکرە نەبوون. هەروەها نیشانەکانی نەخۆشی ئەلزەهایمەر لە تەمەنی گەنجیدا زیاتر دەرکەوت وەک لە تەمەنی پێگەیشتووی.

هەرچەندە ئەم پەیوەندییانە تا ڕادەیەک بە باشی دامەزراون، بەڵام لێکۆڵینەوەیەکی زۆر کەم هەیە لەسەر پەیوەندی نێوان زوو تووشبووی نەخۆشی شەکرە لەگەڵ تەمەنی منداڵی و هەرزەکاری و سەرەتای تەمەنی پێگەیشتن و دواتر مەترسی ئەلزەهایمەر.

زوو تووشبوونی نەخۆشی شەکرە لە زیادبووندایە

لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا و شوێنەکانی دیکە، نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو بەزۆری لە تەمەنی ٥٠ ساڵیەوە دەست پێدەکات، بەڵام ئەمە دەگۆڕێت. ئامارەکان بڵاوبوونەتەوە کە خەڵکی لە تەمەنێکی گەنجتردا دووچاری نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو بوون یان جۆری یەکیش. زوو تووشبوون بە شەکرە هەلی تەشەنەسەندنی نەخۆشییە دەماری و مێشکییەکان زید دەکات.

توێژینەوەکان دەریدەخەن کە گەنجان ئەگەری تووشبوونیان بە شەکرەی جۆری یەکەم و جۆری دوو زیاترە. لە نێوان ساڵانی ٢٠٠٢ بۆ ٢٠١٢، نەخۆشی شەکرەی جۆری یەکەم لە گەنجاندا بە ڕێژەی ١.٤٪ زیادی کردووە. نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو لە گەنجان ساڵانە بە ڕێژەی ٧.١٪ زیادی کردووە، ئەمەش بەرزبوونەوەیەکی بەرچاو دادەنرێت.

لێکۆڵینەوەیەک کە لە  بڵاوکرایەوە دەریخستووە کە نزیکەی نیوەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە پێش تەمەنی ٥٠ ساڵی تووشی ئەم جۆرەی نەخۆشی شەکرە دەبن.

لێکۆڵینەوەیەک لە بەریتانیا دەریخستووە کە ئەو کەسانەی تووشی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو دەبن لە تەمەنێکی گەنجتر لە تەمەنی مامناوەندا مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی مێشک و خەڵەفاوی زیاترە، بەڵام بەشداربووانی ئەم توێژینەوەیە تەمەنیان لە ٣٥ ساڵ یان زیاتر بووە.

هەر بۆیە توێژینەوە تازەکان زیاتر گرنگی بە پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و ئەلزەهایمەر دەدەن. ئەمەش بە ڕاستی گرنگی خۆی هەیە لە هۆشیاری و پاراستنی تەندروستی. هەروەها ئەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان لە تەمەنێکی کەمتردا هەیە زۆرجار بۆ دەیان ساڵ زیاتر ماوەی نەخۆشییەکەیان دەبێت بە بەراورد بەو کەسانەی کە لە تەمەنی مامناوەندا تووشی نەخۆشی شەکرە دەبن.

تێگەیشتن لەوەی چۆن ئەم نەخۆشییە درێژخایەنە کاریگەری لەسەر ژیانی دواتر دەکات لەوانەیە پەنجەرەیەکی گرنگ بێت بۆ تەندروستی داهاتووی دانیشتوان بەگشتی. بۆ نموونە تێگەیشتن لە:

چۆن دەکرێت نەخۆشی شەکرە ببێتە هۆی نەخۆشی ئەلزەهایمەر؟

هەرچەندە نەخۆشی ئەلزەهایمەر و شەکرە هیچ پەیوەندییەکی ڕاستەوخۆیان بەیەکەوە نییە، بەڵام زانایان ژمارەیەک پەیوەندی زیندەچالاکی و زیندەپاڵیان دۆزیوەتەوە. ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە یان ئەنسۆلینێکی کەم بەرهەم دەهێنن یان خانەکانیان وەڵامی ئەنسۆلین نادەنەوە، کە پێی دەوترێت بەرگری ئەنسۆلین.

لەبەرئەوەی ئەنسۆلین یارمەتی گواستنەوەی شەکر (گلوکۆز) دەدات لە خوێنەوە ئەگەر ئەنسۆلین نەتوانێت کارەکانی ئەنجام بدات، ئاستی شەکری خوێن بەرز دەبێتەوە، کە دەکرێت ئەمەش ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە هەموو شانەکانی لەش. لە کاتێکدا بەرگری ئەنسۆلین لە ماسولکەکان و چەوری و جگەری ئەو کەسانەدا ڕوودەدات کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە، بەڵام لەگەڵ ئەوانەشدا دەکرێت لە دەماخی ئەو کەسانەدا ڕووبدات و بەمەش تووشی نەخۆشی ئەلزەهایمەریان بکات.

لە ڕاستیدا، هەندێک لە زاناکان پێیان وایە بەرگری ئەنسۆلین لە مێشکدا لەوانەیە هێزی پاڵنەری پشت نەخۆشی ئەلزەهایمەر بێت، ئەمەش وایکردووە هەندێک لە توێژەران بە "نەخۆشی شەکرەی جۆری سێ" ناوی بنێن.

ڤاسیلیۆس پاپالیاگکاس، دکتۆرا و پڕۆفیسۆری یاریدەدەری فیزیۆلۆژی لە زانکۆی نێودەوڵەتی هێلینیک لە یۆنان، لێکچوونەکانی نێوان ئەو دوو مەرجە ڕوون دەکاتەوە. ئەم دکتۆرە ڕاگەیاند کە چۆن لە نەخۆشی ئەلزەهایمەر، پڕۆتینێک بە ناوی ئەمیلۆید بێتا لە دەماخدا کۆدەبێتەوە و تۆپەڵ دروست دەکات. ئەمیلۆید بێتا هەروەها لە پەنکریاسی ئەو نەخۆشانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دوویان هەیە تێبینی دەکرێت."

بەگوێرەی دکتۆر ڤاسیلیۆس، لێکچوونێکی دیکە هەیە لە نێوان ئەم دوو نەخۆشییەدا: هەردووکیان پەیوەندییان هەیە بە هەوکردنی مێشک و فشاری ئۆکساندن و کۆبوونەوەی بەرهەمە پێشکەوتووەکانی کرداری گلوکۆز (گلایکەیشن). بەرهەمە پێشکەوتووەکانی کۆتایی قۆناغی گلایکەیشن چەوری یان پڕۆتینن کە بە شەکر دەگۆڕدرێن. کە ئەمە ڕۆڵ دەبینێ لە گەشەکردنی نەخۆشی ڕەقبووی خوێنبەرەکان، کە تێیدا خوێنبەرەکان تەسک دەبنەوە و مەترسی نەخۆشییەکانی وەک جەڵتەی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکەن.

ئایا چارەسەری نەخۆشی شەکرە دەتوانێت مەترسی نەخۆشییەکانی مێشک کەم بکاتەوە؟

هەرچەندە ئەم ئەنجامانە سەرەتایین، بەڵام هەنگاوی داهاتوو بۆ ئەم توێژینەوانە دەکرێت ئەوە بێت کە بزانرێت ئایا چارەسەری شەکرە دەتوانێت یارمەتی کەمکردنەوەی مەترسی نەخۆشییەکانی مێشک بدات یان نا. هەرچەندە هەندێک لێکۆڵینەوە ئاماژە بەوە دەکەن کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی مێشک زیاترە لەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەی جۆری دووی کۆنتڕۆڵنەکراوییان هەیە بە بەراورد بەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان کۆنتڕۆڵکردووە لەڕێی چارەسەر و شێوازی ژیانەوە.

هەروەها ئەوە نیشاندراوە چۆن لە ڕێی کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی شەکرەوە ئاڵۆزییەکانی نەخۆشی شەکرە کەمدەکرێتەوە. واتا بە شێوەیەکی گشتی دەتوانین بڵێین چارەسەر و کۆنتڕۆڵکردنی نەخۆشی شەکرە مەترسی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر و نەخۆشییەکانی مێشک لە پاڵ ئاڵۆزییە جۆراوجۆرەکانی تری نەحۆشی شەکرە کەمدەکەنەوە.

لە کاتێکدا بەشێک لە زانایان پێیان وایە دەرمانی شەکرە تەنانەت دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشی ئەلزەهایمەر لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەشیان نییە.

پوختە

لە کۆتاییدا لەگەڵ ئەوەی توێژینەوەی یەکلاکەرەوە بۆ دەرخستنی پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و نەخۆشی ئەلزەهایمەر نییە بەڵام ئەو گرفتانەی نەخۆشی شەکرە لە مێشکدا دروستی دەکات لەگەڵ لێکچوونێک لە میکانیزمی تووشبوون بە ئەلزەهایمەر و نەخۆشی شەکرە ئاماژە گەلێکن بۆ پەیوەندی نێوان ئەم دوو نەخۆشییە. بەڵام بۆیە دەوترێت شەکرەیەک کە لە تەمەنێکی کەمدا تووشی کەسەکە بووبێت بۆ ئەوە دەگەڕێتەوە کە میکانیزمی تووشبوون بە نەخۆشی ئەلزەهایمەر کاتی پێویستە. تێگەیشتنێکی زیاتر دەربارەی ئەو پرۆسە بایۆلۆجییانەی کە ماوەی درێژی نەخۆشی شەکرە دەبەستنەوە بە گۆڕانکارییەکانی تەندروستی مێشکەوە زۆر گرنگە بۆ پەرەپێدانی چارەسەری نوێ بۆ یارمەتیدانی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە بۆ ئەوەی ژیانێکی تەندروست و درێژ بژین.


سەرچاوەکان



4183 بینین