چۆن نەخۆشی شەکرە کاردەکاتە سەر گورچیلەکان؟

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-15-23:16:00 - کۆدی بابەت: 12911
چۆن نەخۆشی شەکرە کاردەکاتە سەر گورچیلەکان؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و شکستی گورچیلەکان (بە ئینگلیزی: The relationship between diabetes and kidney failure، بە عەرەبی: العلاقة بين مرض السكري والفشل الكلوي) ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە، پێویستە بەدواداچوون بۆ تەندروستی گورچیلەیان بکەن و دڵنیابنەوە لێی تا خۆیان بپارێزن لە تووشبوونی نەخۆشییەکانی گورچیلە.

نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە ئاستی جیاوازی هەیە. بە تێپەڕبوونی کات خراپتر دەبێت، بەڵام چارەسەرەکە هێواشی دەکاتەوە. ئەگەر چارەسەر نەکرێت، نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە دەتوانێت بەرەوپێش بچێت بۆ شکستی گورچیلە و نەخۆشی زووی دڵ. کاتێک گورچیلەکان لە کارکردن وەستاون، پاککردنەوەی خوێن یان گواستنەوەی گورچیلە پێویستە بۆ مانەوەی کەسەکە لە ژیاندا.

چۆن نەخۆشی شەکره دەبێتە هۆی نەخۆشی گورچیلەکان؟

هەر گورچیلەیەک لە ملیۆنان یەکەی پاڵاوتەی بچووک پێکهاتووە کە پێی دەوترێت نیفرۆن. بە تێپەڕبوونی کات، بەرزی شەکری خوێن بەهۆی نەخۆشی شەکرەوە دەتوانێت زیان بە لوولەکانی خوێن لە گورچیلەکان و هەروەها نیفرۆنەکان بگەیەنێت کە ئەمەش وادەکات وەک پێویست کار نەکەن. هەروەها زۆربەی ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرەیان هەیە لەگەڵیدا بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە ( بەرزە پەستانی خوێنی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرەوە)، کە بەهەمان شێوە بەرزە پەستانی خوێن دەتوانێت زیان بە گورچیلەکان بگەیەنێت.

نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەکان کاتێکی زۆری دەوێت بۆ گەشەکردن و بە گشتی هیچ نیشانەیەکی نییە لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا. بەجۆرێک نازانیت کە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەکانت هەیە هەتا پزیشک پشکنینت بۆ بکات.

نیشانەکانی نەخۆشییەکانی گورچیلە

نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (CKD) زۆرجار بە هێواشی گەشە دەکات و نیشانەی کەمی هەیە. زۆربەی خەڵک لەوە تێناگەن کە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەیان هەیە هەتا ئەو کاتەی بەرەوپێش دەچێت و پێویستیان بە پاککردنەوەی خوێن (چارەسەرێکە کە خوێن فلتەر دەکات) یان گواستنەوەی گورچیلە دەبێت بۆ مانەوە.

ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، بە بەردەوامی پشکنینی گورچیلەکانت بکە، کە لەلایەن پزیشکەوە ئەنجام دەدرێت لەڕێگەی پشکنینی خوێن و میز. پشکنینی ئاسایی باشترین دەرفەتە بۆ ناسینەوەی نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە بەزوویی و بەتایبەت ئەگەر لە دۆخی تەشەنەسەندن و بەرەوپێشچوونی نەخۆشی گورچیلەکان بیت. چارەسەری زوو کاریگەرترە و دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ ڕێگریکردن لە کێشەی تەندروستی زیاتر.

گرفت و نەخۆشی گورچیلەکان لە کەسانی توشبوو بە نەخۆشی شەکرە باوە. نزیکەی یەک لە سێ کەسی پێگەیشتوو کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە دووچاری نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە دەبنەوە. هەردوو جۆری نەحۆشی شەکرەی جۆری یەکەم و جۆری دوو دەتوانن ببنە هۆی نەخۆشی گورچیلە.

لەوانەیە ژمارەیەک نیشانە دروست ببێت ئەگەر نەخۆشی گورچیلە زوو نەدۆزرێتەوە یان خراپتر بێت سەرەڕای چارەسەر. نیشانەکان دەکرێت بریتین لە:

  • لەدەستدانی کێش و ئارەزووی خواردن
  • هەڵاوسانی ئەژنۆکان، قاچەکان یان دەستەکان لە ئەنجامی هێشتنەوەی ئاو
  • هەناسە کورتی
  • بێهێزی و ماندوێتی
  • بوونی خوێن لە میزدا
  • زیادبوونی پێویستی میزکردن بەتایبەتی لە شەودا
  • بێخەوی
  • خورانی پێست
  • ئێشە و گرژبوونی ماسولکەکان
  • هەستکردن بە نەخۆشی
  • سەرئێشە
  • ناڕێکی حەز و توانای سێکسی لە پیاوان

ڕاستییەکان دەربارەی نەخۆشییەکانی گورچیلە

  • نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلەکان نۆیەمین هۆکاری مردنە لە ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا.
  • نزیکەی یەک لە سێ کەسی پێگەیشتوو کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە کێشەیان لە تەندروستی گورچیلەکانیان هەیە.
  • هەر ٢٤ کاتژمێر جارێک ١٧٠ کەسی تووشبووی نەخۆشی شەکرە دەست بە چارەسەری شکستی گورچیلە دەکەن.

چەند ئامۆژگاریەک بۆ تووشبووانی شەکرە و پاراستنی تەندروستی گورچیلەکان

دەتوانیت یارمەتی گورچیلەکانت بدەیت بە تەندروستی بە بەڕێوەبردنی شەکری خوێن و پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵ. هەروەها ئەمە زۆر گرنگە بۆ دڵ و لوولەکانی خوێن، بەرزی شەکری خوێن، پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵ هەموویان هۆکاری مەترسی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشکن.

  • باشترین شت ئەوەیە ئاستی شەکری خوێن لە مەودای ئاساییدا بهێڵەوە تا ئەوپەڕی توانا.
  • پشکنینی A1C (پشکنینی شەکرەی سێ مانگی) بە لایەنی کەمەوە دوو جار لە ساڵێکدا ئەنجام بدە، هەروەها زۆرتر ئەنجامی بدە ئەگەر دەرمانەکەت گۆڕا یان ئەگەر نەخۆشییەکی تەندروستی ترت هەبوو لەپاڵ نەخۆشی شەکرەدا. لەگەڵ پزیشک قسە بکە دەربارەی ئەوەی چەند جار گونجاوە و جارەکانی ئەنجامدانی پشکنین لەدەست مەدە.
  • بە بەردەوامی پەستانی خوێنت بپشکنە و لە خوار ١٤٠/٩٠ جیوە بیهێڵەوە (یان ئەو ئامانجەی پزیشک دایدەنا). لەگەڵ پزیشک قسە بکە دەربارەی دەرمان و ڕێگاکانی تر بۆ دابەزاندنی پەستانی خوێن.
  • ئاستی کۆلیستڕۆڵی خوێن لە مەودای ئاساییدا بهێڵەوە و خۆت بپارێزە لە مەترسییەکانی بەرزی کۆلیستڕۆڵی خوێن بە جێبەجێکردنی ڕێنمایی و ئامۆژگارییە پزیشکییەکان.
  • کەمکردنەوەی سۆدیۆم لە ژەمە خۆراکییەکاندا و پەیڕەوکردنی ژەمە خۆراکی کەم خوێ و کەم سوێر.
  • خواردنی میوە و سەوزە زیاتر.
  • لە ڕووی جەستەییەوە چالاک بوون.
  • وەرگرتنی دەرمان بەو جۆرەی ئاراستەکراوە و پزیشک دیاریکردووە.

نەخۆشی پێش شەکرە و نەخۆشییەکانی گورچیلە

ئەگەر نەخۆشی پێش شەکرەت هەیە، گرتنەبەری هەنگاوەکان بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو هەنگاوێکی گرنگە بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشییەکانی گورچیلە. لێکۆڵینەوەکان ئەوەیان دەرخستووە کە ئەو کەسانەی کە کێشیان زیادە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو زیاترە، بەڵام دەتوانن ڕێگری لە گەشەکردنی بکەن بە دابەزاندنی ٥٪ بۆ ٧٪کێشی جەستەیان، یان ١٠ بۆ ١٤ پاوەند بۆ کەسێکی ٢٠٠ پاوەند.

دەتوانیت ئەم کارە بکەیت بە پەیڕەوکردنی ژەمە خواردنی تەندروستتر و هەفتانە ١٥٠ خولەک چالاکی جەستەیی ئەنجام بدەیت. بەرنامەی نەتەوەیی بۆ ڕێگریکردن لە نەخۆشی شەکرەی CDC و بەرنامەی گۆڕینی شێوازی ژیان دەتوانێت یارمەتیت بدات لە دروستکردنی نەریتێکی تەندروستی شێوازی ژیان کە پێویستە بۆ ڕێگریکردن لە شەکرەی جۆری دوو بیگریتە بەر و پەیڕەویبکەیت. 

خۆپاراستن و بەڕێوەبردنی مەترسی

ڕێگریکردن لە نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە (CKD) و ئاڵۆزییەکانی دەکرێت بە بەڕێوەبردنی هۆکارەکانی مەترسی و چارەسەرکردنی نەخۆشییەکە بۆ خاوکردنەوەی بەرەوپێشچوون و کەمکردنەوەی مەترسی ئاڵۆزییەکان. بۆ پاراستنی گورچیلەیەکی تەندروست، گرنگە کۆنترۆڵی ئەو هۆکارە مەترسییانە بکرێت بۆ نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە کە دەتوانرێت بگۆڕدرێت.

پشکنینی بۆ نەخۆشی درێژخایەنی گورچیلە. ئەگەر لە مەترسیدایت، بە بەردەوامی پشکنین بۆ نەخۆشی گورچیلە بکە. داوا لە پزیشک بکە کە پشکنینی خوێن یان میزت بۆ ئەنجامبدات. زوو بیدۆزەوە زوو چارەسەری بکە. هەروەها ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، ساڵانە پشکنینی پێویست بۆ گورچیلەکان ئەنجامبدە.

ئامۆژگاری بۆ تەندروست مانەوەی گورچیلەکان

  • کێشت دابەزێنە ئەگەر کێشت زیاد بێت.
  • چالاک بە. چالاکی جەستەیی یارمەتی کۆنترۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن دەدات.
  • واز لە جگەرەکێشان بهێنە.
  • پشکنین ئەنجامبدە و دڵنیابە لەوەی کە گورچیلەکانت پشکنینی ساڵانەیان بۆ دەکرێت.
  • دەرمانەکان وەربگرە بەو جۆرەی ئاڕاستەکراوە.
  • پەستانی خوێنت لە خوار ١٤٠/٩٠ بهێڵەوە، یان لە پزیشک بپرسە باشترین ئاستی پەستانی خوێن بۆ تۆ چەندە.
  • ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە، لە مەودای ئاسایی شەکری خوێندا بمێنەوە تا ئەوپەڕی توانا.
  • ئاستی کۆڵیسترۆڵی خوێن لە مەودای ئاساییدا بهێڵەرەوە.
  • ئەو خواردنانە بخۆ کە خوێیان کەمترە.
  • خواردنی میوە و سەوزە زیاتر بخۆ.
  • گورچیلەکانت بە تەندروستی بهێڵەوە بە کۆنترۆڵکردنی شەکری خوێن و پەستانی خوێن.

ئەو کەسانەی نەخۆشی شەکرە و بەرزی پەستانی خوێنیان هەیە بە کۆنتڕۆڵکردنی ئاستی شەکری خوێن و کۆنترۆڵکردنی پەستانی خوێنیان دەتوانن مەترسی تووشبوون بە نەخۆشی گورچیلە کەم بکەنەوە.

چەندین توێژینەوە ئەگەری ڕێگریکردن یان دواخستنی دەستپێکردنی نەخۆشی گورچیلەیان نیشان داوە بە چارەسەرکردنی ئەو نەخۆشانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە و ئەو نەخۆشانەی کە دەرمانی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن وەردەگرن. دەرمانی کەمکردنەوەی پەستانی خوێن جگە لە کەمکردنەوەی پەستانی خوێن، پڕۆتین لە میز کەم دەکەنەوە، کە ئەمەش هۆکارێکی مەترسییە بۆ گەشەکردنی نەخۆشی گورچیلە.

بەڕێوەبردنی شەکری خوێن و پەستانی خوێن و ئاستی کۆلیسترۆڵ زۆر گرنگە چونکە هەموو ئەمانە هۆکاری مەترسی نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشکن هەروەها دواتر دەتوانن پەلبکێشن بۆ لەکارخستنی ئەندامە گرنگەکانی تری لەش وەک گورچیلەکان.

لەبەرئەوەی هەبوونی نەخۆشی گورچیلە ئەگەری تووشبوون بە نەخۆشی دڵ و جەڵتەی مێشک زیاد دەکات، زوو دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی نەخۆشی گورچیلە گرنگە بۆ ئەو کەسانەی شەکرەیان هەیە بۆ ئەوەی یارمەتیدەر بن لە ڕێگریکردن یان دواخستنی شکستی دڵ و کۆئەندامی سوڕان لەگەڵ شکستی گورچیلەکان.


سەرچاوەکان



4114 بینین