ناوهڕۆك
ناساندن
زانیاری لەسەر یەکە پێوانەییەکان (بە عەرەبی: معلومات عن وحدات القياس، بە ئینگلیزی: Information on units of measurement). یەکە پێوانەییەکان بریتین لە چەند یەکەیەکی جیاواز بەکاردێن بۆ پێوانەکردنی کۆمەڵێك دیاردە و ماددە کە بەھۆی ئەم یەکە پێوانەیانە مرۆڤ دەتوانێت ئاستی (قوڕسایی و درێژی و بەرزی و دووری) ھەر تەن و ماددەیەك بزانێت و بەراوردیان بکات. لە ساڵی (١٨٧٥) کۆنگرەیەکی گشتی لەسەر کێش و پێوانەکان سازدرا بە ناونیشانی (General Conference on Weights and Measures) لەم کۆنگرەیە پێداچونەوە بە یەکە پێوانەییەکان کرا لە چوارچێوەی زانستی نوێ، ئەم یەکانە پێیان دەگوترێ سیستمی نێودەوڵەتی یەکەکان (سیستمی مێتریک) کە لە چەند یەکەیەکی بنچینەیی پێک دێت وەکوو (سانتیمەتر، مەتر، کیلۆمەتر، گرام، کیلۆگرام، میل و یەکەکانی پێوانەکردنی کات).
ئەو وڵاتانەی سیستمی مێتریک بەکار دێنن لە ئێستادا
- عێراق لە ساڵی (٢٠١٣)
- ئێران لە ساڵی (١٩٧٥)
- تورکیا لە ساڵی (١٨٧٥)
- سعودییە لە ساڵی (٢٠١١)
- کۆریای باشوور (١٩٥٩)
- ڕووسیا (١٨٧٥)
- ئۆکراینا (٢٠١٨)
- میسڕ (١٩٦٢)
- پاکستان (١٩٧٣)
- ھیندستان (١٩٩٧)
- چین لە ساڵی (١٩٧٧)
- ژاپۆن (١٨٨٥)
- کەنەدا (١٩٠٧)
- ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا لە ساڵی (١٨٧٨)
- مەکسیك (١٨٩٠)
- بەڕازیل لە ساڵی (١٩٢١)
- ئەرجەنتین لە ساڵی (١٨٧٧)
- چیلی یان شیلی لە ساڵی (١٩٠٨)
- ئوسترالیا لە ساڵی (١٩٤٧)
- ئیڕلەندا لە ساڵی (١٩٢٥)
- بەریتانیا لە ساڵی (١٨٨٤)
- سوید لە ساڵی (١٨٧٥)
- دانیمارک لە ساڵی (١٨٧٥)
- نەرویج لە ساڵی (١٨٧٥)
- فنلندا لە ساڵی (١٩١٣)
- ئەڵمانیا لە ساڵی (١٨٧٥)
- ئیتاڵیا لە ساڵی (١٨٧٥)
- فەڕەنسا لە ساڵی (١٨٧٥)
- نەمسا لە ساڵی (١٨٧٥)
- یۆنان لە ساڵی (٢٠٠١)
- ھۆڵەندا لە ساڵی (١٩٢٩)
- پۆڵەندا لە ساڵی (١٩٢٥)
- ئیسپانیا لە ساڵی (١٨٧٥)
- سویسڕا لە ساڵی (١٨٧٥)
- پورتوگال لە ساڵی (١٨٧٦)
- ڕۆمانیا لە ساڵی (١٨٨٤)
پێوانەكردن (Measurement)
بریتییە لە دیاریكردنی بڕی ماددە و دەربڕینی ئەو بڕە بە شێوی ژمارەیەكی بەهادار.
یەكەی پێوانەیی (Measurement)
بریتییە لە یەكەیەكی پێوانەیی تایبەتمەند كە لە ڕێگەیەوە دەربڕین بۆ هەموو بڕێكی فیزیایی دەكرێت بۆیە هەر یەكەیەكی پێوانەیی هێمایەكی تایبەت بەخۆی بۆ دادەنرێت. لە كۆندا یەكە پێوانەییەكان نادیاربوونە مرۆڤ بە ئامرازی سەرەتایی پێوانەی شتەكانیان كردووە، وەكوو (پەنجە و هەنگا و بست) بە شێوەیەكی گشتی لە جیهاندا دوو جۆری سیستمی پێوانەكردن هەن كە بریتین لە:
١- سیستمی ئەمریكی یان ئینگلیزی (English System): لە ئەمریكا ئەم جۆرە سیستمە بەكاردێت وەكوو (ئینج، گاڵۆن، پاوەند) ئەم سیستمە پێوانەییە لە سیستمی ئینگلیزی بەریتانی وەرگیراوە و هەمان یەكەن كە بەكاردێن.
٢- سیستمی مەتری یان سیستمی نێودەوڵەتی یەكەكان (International System of Units) كورتكراوەی (SI): ئەم سیستمە لە زۆربەی وڵاتان بەكاردێت بە تایبەتی لە بوارە زانستییەكان بەربڵاوترە بە بەراورد بە جۆری یەكەم نموونەی ئەم یەكە پێوانەییە وکوو (گرام ، كیلۆگرام، مەتر، سانتیمەتر، كیلۆمەتر).
یەكەکانی پێوانەی گەرمی
گەرمی بریتییە لەو بڕە وزەیەیی كە تەنێك بە دەستی دێنێت گەرمیەكەی زیاد دەكات هەموو تەنێكیش بە بڕێكی جیاواز وزەی تیایە. سیستمەکانی پێوانەكردنی پلەی گەرمی (Measurment Systems) لە جیهاندا بۆ پێوانەكردنی پلەی گەرمی سێ سیستم هەن كە بریتین لە:
١- سیستمی سەدی (Celsius or Centigrade System): پلەی سەدی یان سیلیزی (C)° لە بەربڵاوترین جۆری یەكەی پێوانەی پلەی گەرمییە كە لە زۆربەی وڵاتانی جیهان بەكاردێت، بۆ یەكەمین جار لە ساڵی(١٧٤٢) لە لایەن زانای سویدی (Andres Celsius) داهێنراوە. ئەم سیستمە خاڵی بەستنی ئاوی شیرینی بە سفر داناوە و كوڵانی ئاویشی بە (١٠٠)° سەدی داناوە.
٢- سیستمی فەهرەنهایتی (Fahrenheit System): لە سیستمی ئینگلیزییە بە شێوەیەكی بەربڵاو لە ئەمریكا بەكاردێت بۆ یەكەمین جار لە ساڵی (١٧٤٤) لە لایەن زانای ئەڵمانی (Gabriel Fahrenheit) داهێنراوە لەم سیستمەدا خاڵ بەستنی ئاوی شیرین (٣٢)° پلەی فەهرەنهایتییە بەڵام خاڵی كوڵانی ئاوی شیرینی بە (١٨٠)° پلە داناوە، ئەم جۆرە سیستمە ئاڵۆزە سیستمی سەدی زیاتر بەكاردێت.
٣- سیستمی ڕەها (كڵڤن – Kelvin): ئەم سیستمە لە یەكەی سیستەمی جیهانییە لە ساڵی (١٨٤٨) لەلایەن زانای بیركاری ناس و فیزیكی ناسی بەریتانی (William .T.Kelvin) داهێنراوە ئەم سیستمە پێچەوانەی سیستمی فەهرەنهایتی و سیستمی سەدییە. ئەم سیستمە پشتی بەستووە بە جوڵەی گەریدیلەكانی ماددە واتە ئەو خاڵەی جوڵەی گەردیلەی تەنەكانی سروشتی تیادا دەوەستێت بە سفری داناوە كە دەكاتە (- ٢٧٣.١٥)° لە پلەی سەدی و كڵڤن زیاتر بۆ بێوانەی ڕووناكی گەرمی بەكار دێت لەبوارەكانی (فیزیا و كیمیا و گەردووناسی) بۆ چالاكی گەردەكانی ماددە پلە ژێر سفری نییە.
بۆ پێوانەی شلەی هیلیۆم و نایترۆجین بەكاردێت.
ئامێرەكانی پێوانەكردنی پلەی گەرمی (Temperature Instruments)
هەموو مادەیەك بە گەرمی داهاتنی دەكشێت و بە سارد بوونەوەی دەچێتەوە باریەك جگە لە ئاو كە تاكە ماددەیە لە سروشتدا بە هەرسێ دۆخی (شلی و گازی و ڕەقی) بە دیاردەكەوێت. بیرۆكەی داهێنانی ئامێرەكانی پلەی گەرمی دەگەڕێتەوە بۆ زانینی هاوكێشەكانی فیزیایی ماددەكان كە لە پێوانەكردنی پلەی گەرمی بەكاردێن لە ناوچە ساردەكان لە جیاتی جیوە (كحول) بەكاردێت چونكە درەنگتر دەیبەستێت. لە گرنگترین ئەو ئامێرانەس بریتین لە:
- تەرمۆ مەتر (Thetmometer)
- گەرمی پێوی تۆماركەر (تەرمۆگراف Thermograph)
- گەرمی پێوی پلەی گەرمی هەرە بەرز (Maximum Temp)
- گەرمی پێوی پلەی گەرمی هەرە نزم (Minimum Temp)
- گەرمی پێوی پلەی گەرمی خاك (Soil Temp)
- گەرمی پێوی شێدار (Wet Buld Temp)
- گەرمی پێوی تیشكی ژێر سور بۆ پلەی گەرمی سەر ڕووی زەوی Surface) Temp)
هاوكێشەکانی پێونەکردنی پلەی گەرمی
١- هاوكێشەی گۆڕینی سیستمی فەهرنهایتی بۆ سەدی
س = (ف – ٣٢) ÷ ١,٨
٢- هاوكێشەی گۆڕینی سیستمی سەدی بۆ فەهرنهایتی
ف = (س × ١,٨) + ٣٢
٣- هاوكێشەی گۆڕینی سیستمی سەدی بۆ كڵڤن
ك = س + ٢٧٣,١٥
٤- هاوكێشەی گۆڕینی سیستمی كڵڤن بۆ سەدی
س = ك – ٢٧٣,١٥
٥- هاوكێشەی گۆڕینی سیستمی كڵڤن بۆ فەهرنهایتی
پلەی فەهرنهایتی = (كڵڤن × ١,٨) – ٤٥٩,٦٧
6- ھاوكێشەی گۆڕینی سیستمی فەهرنهایتی بۆ كڵڤن
پلەی كڵڤن = (پلەی فەھرنھایتی + ٤٥٩,٦٧) ÷ ١,٨
جگە لە سیستمی (سەدی و فەهرەنهایتی و كڵڤن) چەند سیستمی ترییش هەن بۆ پێوانەكردنی پلەی گەرمی وەكوو (ڕانكین، نیوتن، دیلیسل، ڕۆمێر، ڕیۆمور) .
یەكەپێوانەییەكانی (ڕووبەر، دووری، قەبارە، بارستایی)
لە جیهاندا دوو سیستمی سەرەكی جێبەجێدەکرێن بۆ پێوانەكردن (ڕووبەر، دووری، قەبارە، بارستایی) کە بریتین لە:
١- سیستمی فەرەنسی یەكەكانی پێوانەكردنی بریتین لە: (نانۆمەتر، مایكڕۆمەتر، مللیمەتر، سانتیمەتر، دەسیەمەتر، مەتر، كیلۆمەتر).
٢- سیستمی بەریتانی یەكەكانی پێوانەكردنی بریتین لە: (ئینج، پێ، یاردە، میل، بۆسە، میلی دەریایی).
لە هەرێمی كوردستان و زۆربەی وڵاتان یەكەكانی پێوانەكردنی سیستمی فەڕەنسی بەكاردێن، بەڵام یەكەكانی پێوانەكردنی سیستەمی بەریتانی تەنها لە چەند وڵاتێك بەکاردێن كە بریتین لە: ( كەنەدا و وڵاتەیەكگرتووەكانی ئەمریكا و ئینگلتەڕا و ئوسترالیا).
یەكەی پێوانەی بارستایی (Mass)
بارستایی بریتییە لە بڕی ماددەی كۆبووە وە لە تەنێكدا.
١- یەكەكانی پێوانەكردنی بارستایی لە سیستمی مەتر (SI) بریتین لە:
- میلیگرام (Mg): بچووكترین یەكەی بارستاییە، بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی ئەو بارستایانەی كە كێشیان زۆر سوكە وەكوو دەرمان.
- گرام (g): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی ئەو بارستایانەی كە كێشیان كەمە وەكو؟ خۆراك و شتوومەك (١ میلی گڕام = ١٠٠٠ گڕام).
- كیلۆگڕام (Kg): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی ئەو بارستایانەی كە كێشیان زۆر قوڕسە وەكوو مرۆڤ بە نموونە
(١٠٠٠ گرام = ١ کیلۆگرام)
٢- یەكەكانی پێوانەكردنی بارستایی لە سیستمی ئینگلیزی:
- ئۆنسە (OZ): بچووكترین یەكەی پێوانەی بارستاییە لە سیستمی ئینگلیزی بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی بڕێكی زۆر كەم لە بارستایی.
- پاوەند (Ib): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی بارستایی قوڕسایی (١٦ ئۆنسە = ١ پاوەند).
- تەن (Ton): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی بارستایی زۆر قوڕس یەك تەن = دوو هەزار پاوەند.
(١ تەن = ١٠٠٠ کیلۆگرام)، (١ تەن = ٢٠٠٠ پاوەند)
یەكەكانی پێوانەكردنی ڕووبەر
ڕووبەر (Area) چەندییەتی دوو ڕەھەندی بەشێكی دیاریكراو لە ڕوویەك پێشان دەدات و یەكەكانی دەبێت دووجا بێت.
١- یەكەكانی پێوانەكردنی ڕووبەر لە سیستەمی مەتر (SI):
- سانتیمەتر دووجا (Cm2): بچووكترین یەكەی پێوانەی ڕووبەرە.
- مەتر دووجا (㎡): ئەم پێوانەیە بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی ڕووبەری خانووبەرە.
- هێكتار (Ha): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی ئەو زەویانەی كە ڕووبەرێكی فراوانیان هەیە وەكوو زەویە كشتوكاڵییەكانی هەرێمی كوردستان و عێراق كە زیاتر یەکەی پێوانەیی (دۆنم) بەكاردێت بۆ ئەم مەبەستەش: (١ دۆنم = ٢٥٠٠ مەتر دووجا)، (١ هێکتار = ١٠,٠٠٠ مەتر دووجا)
٢- یەكەكانی پێوانەكردنی ڕووبەر لە سیستەمی ئینگلیزی:
- ئینج (In2): بچووكترین یەكەی پێوانەی ڕووبەرە (١٥٥٠,٠٠٣ ئینج = ١ مەتر دووجا).
- پێ (Ft2): یەكەیەكی پێوانەیە بۆ پێوانەكردنی ڕووبەری خانووبەرە بەكاردێت (٠,٠٩٢٩ مەتر دووجا = ١ پێ).
- ئەیكەر (Acre): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی زەویەك یان موڵكێك كە ڕووبەرەكەی زۆر فراوان بێت لە سیستمی پێوانەكردنی ئینگلیزی وەكوو زەویە كشتوكاڵییەكان.
یەكەی پێوانەی قەبارە
قەبارە (Volume) بڕی ئەو بۆشاییە كە ماددە داگیری دەكات لە شوێنێك.
١- یەكەكانی پێوانەكردنی قەبارە لە سیستمی مەتری (SI) بریتین لە:
- لیتر (L): بەكاردێت بۆ زانینی قەبارەی تەنێكی شل وەكوو (نەوت و ئاو و غاز). (٠,٢٢ گاڵۆن = ١ لیتر)
- میلیلتر (Ml) : بەكاردێت بۆ زانینی قەبارەی تەنێكی شل كە بڕەكەی زۆر بچووك بێت وەكوو دەرمان (١٠٠٠ میلیلتر = ١ لیتر).
- مەتر سێجا (m3): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی تەنێكی ڕەق كە شێوەیەكی ناڕێكی ھەبێت. (١٠٠٠ لیتر = ١ مەتر سێجا)
- سانتیمەتر سێجا (cm3): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی تەنێكی ڕەقی بچووك (١ سانتیمەتر سێجا = ١ میلیلتر).
٢- یەكەكانی پێوانەكردنی قەبارە لە سیستەمی ئینگلیزی بریتین لە:
- گاڵۆن (Gal): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی تەنێكی شل كە قەبارەیەكی نا ڕێكی هەبێت وەكو (هەوا و گاز). (٣,٨ لیتر = ١ گاڵۆن)
یەكەکانی پێوانەکردنی دووری و درێژی (Length and Distance)
١- یەكەكانی پێوانەكردنی دووری و درێژی لە سیستەمی مەتری (SI) بریتین لە:
- میلیمەتر (mm): ئەم یەكەیە بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی درێژیەكی زۆر كەم.
- مەتر (m): ئەم یەكەیە بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی درێژی و دووری كەم، بۆ نموونە: ١٠٠ سانتیمەتر = ١ مەتر، ١ مەتر = ١٠ دەسیمەتر، ١ مەتر = ١٠٠٠ ملیمەتر
- كیلۆمەتر (Km): ئەم یەكەیە بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی دووری و درێژی زۆر فراوان وەكوو درێژی نێوان دوو شار یان دوو گوند یان شار و گوندێك (١ کیلۆمەتر = ١٠٠٠ مەتر)، ١ كیلۆمەتر = ١٠٠٠٠٠ سانتیمەتر، ١ كیلۆمەتر = ١٠ ھیكتامەتر، ١ كیلۆمەتر = ١٠ دیكتامەتر، ١ گێگا مەتر = ١٠٠٠ كیلۆمەتر، ١ مایكڕۆمەتر = ١٠٠٠ نانۆمەتر
٢- یەكەكانی پێوانەكردنی دووری و درێژی لە سیستەمی ئینگلیزی:
- ئینج (in): ئەم یەكەیە بۆ پێوانەكردنی درێژی كەم بەكاردێت بۆ نموونە (٢,٥ ئینج = ١ سانتیمەتر).
- پێ (Ft): بۆ پێوانەكردنی دووری كەم و بەرزی كەم بەكاردێت وەكوو بەرزی باڵەخانەیەك (١ پێ = ١٢ ئینج)، (٠, ٣٠٤٨ مەتر = ١ پێ)
- یارد (Yard): بەکاردێت بۆ دیاریكردنی درێژی زۆر فراوان وەكوو دیاریكردنی درێژی یاریگایەك، بۆ نموونە: (١ یارد = ٣ پێ = ٣٦ ئینج)، (١ یارد = ٠, ٩١٤٤ مەتر)
- میل (Mile): بەكاردێت بۆ پێوانەكردنی دووریەكی زۆر وەكوو دووری نێوان دووشار بۆ نموونە: ١ میل = ٥٢٨٠ پێ = ١٧٦٠ یارد، ١ میل = ١,٦٠٩ کیلۆمەتر، ١ میل = ١٦٠٩ مەتر، ١ میلی دەریایی = ١٨٥٢ مەتر، ١ میلی دەریایی = ١,٨٥٢ كیلۆمەتر، ١ نانۆمەتر = ١٠ ئەنگستڕۆم، ١ مایكڕۆمەتر = ١٠٠٠ نانۆمەتر، ١ گێگا مەتر = ١٠٠٠ كیلۆمەتر، ١ سانتیمەتری سەر نەخشە = ٣ کیلۆمەتر لەسەر سەر زەوی، ١ ئینج (بۆسە)ی سەر نەخشە = ٥ میل لەسەر زەوی
یەكەكانی پێوانەكردنی كات (Time)
بابلییەكان یەكەم كەس بوونە لە سەردەمی شارستانییەتی (میسۆپۆتامیا – بلاد مابین النهرین) كە سیستمی ستین واتە (٦٠) تیان داناوە هەر كاتژمێرێكیان بەسەر شەست خولەك و هەر خولەكێكیان بەسەر شەست چركە دابەشكردووە، جگە لەمەش ڕۆژ ژمێری مانگیان داناوە و هەر مانگێكیان بەسەر (٢٩ بۆ ٣٠) ڕۆژ دابەشكردووە
هاوكێشەی جەبری بیركاریان داهێناوە و كەلوەكانیان ناسیووە و توانیویانە دیاردەی مەنگ گیران و خۆرگیران تۆمار بكەن، جگە لە بابلییە كۆنەكان میسڕییە كۆنەكانیش ئاشنایان بە كات ھەبووە ساڵیان بەسەر (١٢) مانگ دابەشكردووە و هەر مانگێكیشیان بەسەر (٣٠) ڕۆژ دابەشكردووە، مێژووی ساڵنامەی میسڕییە كۆنەكان دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی (٤٢٤٢ پێش زایین) و ساڵیان بەسەر سێ وەرز دابەشكردووە:
- وەرزی لافاو (٧/١٩)
- وەرزی كشتوكاڵكردن
- وەرزی دروێنەكردن
چركە (Second) یەكەی سەرەكی پێوانەكردنی كاتە
- ١ خولەك = ٦٠ چركە
- ١ كاتژمێر = ٦٠ خولەك
- ١ ڕۆژ (Day) = ٢٤ كاتژمێر = ١٤٤٠ خولەك = 86400چركە
- ١ ھەفتە (Week) = ٧ ڕۆژ
- ١ مانگ (Month) = ٢٩ - ٣٠ - ٣١ ڕۆژ
- ١ ساڵ (Year) = ١٢ مانگ = ٥٢ هەفتە = ٣٦٥ ڕۆژ