نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیستن

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-21-18:03:00 - کۆدی بابەت: 12941
نەخۆشی شەکرە دەبێتە هۆی لەدەستدانی بیستن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پەیوەندی نێوان نەخۆشی شەکرە و لەدەستدانی بیستن (بە ئینگلیزی: The relationship between diabetes and hearing loss، بە عەرەبی: العلاقة بين مرض السكري وفقدان السمع) بە تێپەڕبوونی کات، ئاستی شەکری خوێن کە زۆر بەرزە یان زۆر نزمە دەتوانێت زیان بەو دەمارانە بگەیەنێت کە کاریگەریان لەسەر بیستن هەیە. فێربە چۆن دەتوانیت ڕێگری بکەیت لە لەدەستدانی بیستن ئەگەر نەخۆشی شەکرەت هەیە.

لەدەستدانی بیستن لەبەر چەندین هۆکار ڕوودەدات. لەوانەیە بزانیت کە دەکرێت ڕووبدات کاتێک تەمەنت زۆر دەبێت یان کاتێکی زۆر بەسەر دەبەیت لە دەوروبەری دەنگێکی بەرز. هەروەها زۆربەی خەڵکی نازانن کە نەخۆشی شەکرە مەترسی لەدەستدانی بیستنتی لەسەرە. بەڕێوەبردنی شەکری خوێن بەشێکی گرنگی چاودێری شەکرەیە. هەروەها دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ پاراستنی ئاست و توانای بیستن.

زیاتر بخوێنەوە دەربارەی نیشانەکانی لەدەستدانی بیستن و چۆنیەتی ڕێگریکردن لە نەخۆشی شەکرە بۆ ئەوەی بتوانیت ئاگاداری هەموو ئاڵۆزییە پەیوەندەکانی نەخۆشی شەکرە بیت و بتوانیت خۆتیانی لێ بەدوور بگریت، دیارترین ئاڵۆزییەکان نەخۆشییەکانی دڵی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرەوە دەگرێتەوە هەروەها تێکچوونە دەمارییەکانی پەیوەست بە نەخۆشی شەکرەوە بەگشتی کەسی تووشووی شەکرە وا باشترە زانیاری کۆبکاتەوە لەسەر کاریگەرییەکانی نەخۆشی شەکرە لەسەر جەستە و چۆنیەتی جڵەوکردنیان.

نەخۆشی شەکرە و لەدەستدانی بیستن

نەخۆشی شەکرە دەتوانێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە دەمارەکان کە کاریگەری لەسەر زۆربەی بەشەکانی لەش دەبێت، لەوانە دەست و قاچ و چاو و گورچیلەکان. هەروەها نەخۆشی شەکرە دەتوانێت زیان بە دەمارەکان بگەیەنێت کە لە گوێیەکاندا هەن.

بە تێپەڕبوونی کات، بەرزی ئاستی شەکری خوێن دەتوانێت زیان بە لوولە بچووکەکانی خوێن و دەمارەکانی گوێی ناوەوە بگەیەنێت. هەروەها بەرزی شەکری خوێن بە تێپەڕبوونی کات دەتوانێت زیان بە چۆنیەتی گواستنەوەی ئاماژە دەمارییەکان لە گوێی ناوەوەوە بۆ مێشک بگەیەنێت. هەردوو جۆری تێکچوونە دەمارییەکە دەکرێت ببنە هۆی لەدەستدانی توانای بیستن.

لەدەستدانی بیستنن دوو هێندەیە لەو کەسانەی کە نەخۆشی شەکرەیان هەیە بەراورد بە کەسانی هەمان تەمەن کە نەخۆشی شەکرەیان نییە. تەنانەت ئەو کەسانەی کە نەخۆشی پێش شەکرە یان پری دایەبێتییان یان هەیە (ئاستی شەکری خوێن بەرزترە لە ئاستی ئاسایی بەڵام هێشتا ئەوەندە بەرز نییە کە بە نەخۆشی شەکرەی جۆری دوو دابنرێت) تیایاندا ڕێژەی لەدەستدانی بیستن بە ڕێژەی ٣٠٪ بەرزترە لەو کەسانەی ئاستی شەکری خوێنیان ئاساییە.

نیشانەکانی لەدەستدانی بیستن

لەدەستدانی بیستن دەکرێت بە هێواشی و لەسەرخۆ ڕووبدات، ئەمەش وا ئەکات قورس بێت زوو تێبینی بکرێت. زۆرجار هاوڕێکانت و ئەندامانی خێزان تێبینی لەدەستدانی بیستنی کەسەکە دەکەن پێش ئەوەی خۆی تێبینی و هەستی پێ بکات.

نیشانەکانی لەدەستدانی بیستن بریتین لە:

  • زۆرجار داوا لە کەسانی تر دەکات کە قسەکانیان دووبارە بکەنەوە.
  • کێشەی گفتوگۆکردنی هەیە لە کاتی گفتوگۆکردن لەگەڵ زیاتر لە یەک کەسدا.
  • وا هەست دەکات کە بەرامبەرەکەی یاخود کەسانی تر کاتێک قسە دەکەن مینگە مینگ دەکەن لە بری قسەکردنێکی ڕەوان.
  • کێشەی بیستن لە شوێنە پڕ لە دەنگەدەنگ و ژاوەژاوەکان، وەک چێشتخانە قەرەباڵغەکان.
  • کێشەی بیستنی هەبێت لە دەنگی منداڵانی بچووک و ئەوانەی کە بە دەنگێکی نزم و لەسەرخۆ قسە دەکەن.
  • دەنگی تەلەفزیۆن یان ڕادیۆ زۆر بەرز دەکەنە بەتایبەت ئەوانەی لە نزیکەوەن هەست بەو بەرزییە دەکەن.

کێشەی گوێی ناوەوە دەکرێت لەگەڵ لاوازکردن و لەدەستدانی بیستن کاریگەری لەسەر هاوسەنگی جەستە هەبێت.

چۆن پارێزگاری لە گوێیەکان دەکەیت؟

ناتوانیت لەدەستدانی بیستن پێچەوانە بکەیتەوە و بیگەڕێنیتەوە، بەڵام دەتوانیت چەند ڕێنماییەک جێبەجێ بکەیت بۆ پاراستنی گوێیەکانت:

  • ئاستی شەکری خوێن بە نزیکترین ئاستی ئاسایی بپارێزە.
  • هەموو ساڵێک پشکنین بۆ ئاستی بیستن بکە.
  • خۆت بەدووربگرە لە هۆکارەکانی تری لەدەستدانی بیستن، لەوانە دەنگی بەرز.
  • پرسیار لە پزیشکەکەت بکە کە ئایا هەر دەرمانێک کە وەری دەگریت دەکرێت زیان بە ئاستی بیستن و گوێیەکانت بگەیەنێت، ئەگەر وابوو چ بژاردەیەکی تر بەردەستە.

ئاستی بیستنت تاقی بکەرەوە

توانا و ئاستی گوێگرتنت چۆنە؟ لە ماوەی چەند خولەکێکدا بەیارمەتی ڕێنمایی تەندروستی دەتوانیت ئاستی بیستنت تاقیبکەیتەوە ئەگەر ئەنجامەکەت نیشانی دا کە دەکرێت لاوازی بیستنت هەبێت، لە پزیشک بپرسە کە ئایا پێویستە سەردانی پزیشکێکی بیستن بکەیت بۆ پشکنینی زیاتر یاخود پێویستە چی بکەیت.

پێویستە بیستنەکەت تاقی بکەیتەوە لەلایەن پسپۆڕی قوڕگ و لووت و گوێ، پسپۆڕێکی تەندروستین کە دەتوانن هەڵسەنگاندنی بیستن بکەن بۆ کێشە پزیشکییەکان. کاتێک یەکەم جار بۆت دەرکەوت کە نەخۆشی شەکرەت هەیە سەردانی پزیشکی پسپۆڕ بکە و پشکنینی گوێیەکانت بکە و پاشان هەموو ساڵێک دوای ئەوە دووبارەی بکەرەوە. سەردانیکردنی پزیشکی پسپۆڕ بۆ تەندروستی گوێیەکان بکە کە بەشێکە لە بەرنامەی چاودێری نەخۆشی شەکرە. ئەگەر پێتوایە گوێت خەریکە بیستنی بەتەواوی لەدەستدەدات، قسە لەگەڵ پزیشک بکە. ئەوان دەتوانن یارمەتیت بدەن بڕیار بدەیت و چارەسەری گونجاوت بۆ ئەنجام بدەن.

لەدەستدانی بیستن دەتوانێت بێزارکەر بێت بۆ تۆ و خێزانەکەت و لەوانەیە کاریگەری لەسەر ژیانی کۆمەڵایەتیت هەبێت. چەند هۆکارێک هەیە بۆ ئەوەی پێویست بکات شەکری خوێنت لە مەودای ئاساییدا بهێڵیتەوە، پاراستنی ئاستی بیستن و تەندروستی گوێیەکانت بەگشتی تەنها یەکێکە لەوانە. هەروەها بەمە هەست بە باشتربوون دەکەیت و وزەت زیاتر دەبێت.


سەرچاوەکان



3683 بینین