بەڵغەمی خوێناوی

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-09-06-12:51:00 - کۆدی بابەت: 10162
بەڵغەمی خوێناوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەڵغەم لینجە ماددەیەکی خەستە لەلایەن سییەکانەوە دروست دەکرێت، لە کاتی هەر هەوکردنێک یان نەخۆشییەکی درێژخایەنی سییەکان و لوولەکانی هەوا دەشێت لە کاتی کۆکیندا بەڵغەمی فڕێ بدرێتە دەرەوە، واتا کەسێکی تەندروست بەڵغەمی نییە و تەنیا لە کاتی نەخۆشیدا دروست دەبێت.

ناساندن

بەڵغەمی خوێناوی (بە ئینگلیزی: Haemoptysis، بە عەرەبی: بصق الدم)، حاڵەتێکە لە کاتی کۆکیندا بەڵغەمی خوێناوی فڕێ دەدەیتە دەرەوە بەتایبەت لە کاتی هەوکردنەکانی ڕێڕەوی هەناسە و بۆریچکەی هەوا و ڕەبۆ، دەشێت ئەو خوێنە لە کۆئەندامی هەناسە یان هەرسەوە تێکەڵی بەڵغەمەکە بووبێت، ئەگەر خوێنی ناو بەڵغەمەکە سوورێکی گەش بوو هەروەها تێکەڵ بە یەک بووبوون واتای ئەوەیە خوێنەکە بەهۆی هەوکردنی کۆئەندامی هەناسە یان کۆکینێکی زۆرەوە دروست بووە، بەڵام ئەگەر خوێنی ناو بەڵغەمەکە سوورێکی تۆخ بوو هەروەها پارچەی خۆراکی لەگەڵدا بوو واتا لە گەدە یان لە شوێنێک لە کۆئەندامی هەرسەوە هاتووە و لەوانەشە نیشانەی نەخۆشییەکی مەترسیدار بێت.

هۆکار و نیشانەکان

ئەم هۆکارانە باوترین هۆکارەکانی خوێنن لە بەڵغەمدا:

  • هەوکردنی بۆریچکەی هەوا: هەوکردنێکی درێژخایەن دەبێتە هۆی دەرکەوتنی خوێن بەهۆی ئەوەی هەوکردنەکە ماوەیەکی زۆری خایاندووە یان سەری هەڵداوەتەوە.
  • کۆکەی درێژخایەن، ئەمەش دەبێتە هۆی برینداربوون و ڕووشانی لوولە خوێنەکان.
  • خوێنبەربوونێکی توند لە لووت.
  • بەکارهێنانی دەرمانی وەک کۆکایین.
  • دەرمانی دژە مەیین: ئەم دەرمانانە ڕێگری دەکەن لە مەیینی خوێن.
  • هەوکردنی سییەکان.
  • سیل.
  • خوێنی مەییو لە سییەکان.
  • هەڵئاوسان و کۆبوونەوەی ئاو لە سییەکان.
  • شێرپەنجەی قوڕگ یان سییەکان.
  • نەخۆشی بەڕیشاڵبوونی سییەکان.
  • هەڵمژینی تەنی نامۆ بۆ سییەکان لە کاتی هەناسەداندا.
  • زیانگەیشتن بە ڕێڕەوی هەناسە.

کەی پێویستە سەردانی پزیشک بکرێت؟

ئەگەر نەخۆشەکە ئەم نیشانانەی ئەزموون کرد لە کاتی بەڵغەمی خوێناویدا پێویستە ڕاستەوخۆ سەردانی پزیشک بکات:

  • هێنانەوەی بڕێکی زۆر لە خوێن و بڕێکی زۆر کەم لە بەڵغەم
  • بوونی خوێن لە میز یان پیسایی
  • کورتی لە هەناسەدان یان هەناسەتەنگی
  • هەستکردن بە لاوازی
  • خەواڵوویی
  • ئارەقکردنەوەی زۆر
  • خێرابوونی لێدانەکانی دڵ
  • لەدەستدانی کێشی لەناکاو
  • ماندوویی
  • ئازاری سینگ
  • بەڵغەمی زەرد یان سەوز

دەستنیشانکردن

لە کاتی سەردانیکردنی پزیشک پشکنینی سەرەتایی بۆ نەخۆشەکە ئەنجام دەدات، هەروەها پرسیار دەکات دەربارەی ماوەی هەبوونی بەڵغەمی خوێناوی و بڕەکەی و شێوەی و نیشانەکانی تر کە نەخۆشەکە هەستی پێکردووە، دواتر پشکنینەکانی تیشکی X یان CT scan بەکاردەهێنێت بۆ دیاریکردن و دڵنیابوونەوە لە هۆکاری دروستبوونی حاڵەتەکە، دەشێت پزیشک داوای پشکنینی ناوبینی بۆری هەوا بۆ دیاریکردنی گیران و ناتەواوییەکانی بۆریچکەکانی هەوا بکات و هەندێک جاریش نموونەی شانەیی لەگەڵیدا وەردەگرێت بۆ پشکنین لەژێر مایکرۆسکۆپدا، هەروەها ئەنجامدانی پشکنینەکانی خوێن بۆ دیاریکردنی بڕی خوێن و دروستبوونی نەخۆشییە کەمخوێنییەکان.

چارەسەرەکان

ڕێگریکردن لە دروستبوونی بەڵغەمی خوێناوی لە ڕێگەی چارەسەرکردن و نەهێشتنی هۆکاری دروستبوونی حاڵەتەکەوە دەکرێت، هەوکردنەکان لە ڕێگەی وەرگرتنی دژە زیندەییەکانەوە چارەسەر دەکرێت، ئەگەر نەخۆشەکە هەوکردنی ڤایرۆسی هەبوو بۆ کەمکردنەوەی ماوەی تووشبوون و توندی هەوکردنەکە دەرمانی oseltamivirـی پێدەدرێت، دەرمانی نەهێشتنی کۆکە سوودبەخشە بۆ نەهێشتنی کۆکەی درێژخایەن، هەروەها خواردنەوەی بڕێکی زیاتر لە ئاو یارمەتی دەرهاویشتنی بەڵغەمەکە دەدات بۆ دەرەوە و یارمەتیدەرە لە چاکبوونەوە، لە حاڵەتە توندەکاندا نەشتەرکاری ئەنجام دەدرێت بۆ لابردنی لوو یان خوێنی مەییوە کە بووەتە هۆی گیرانی لوولە خوێنەکان لە سییەکاندا، دەشتوانرێت لە ڕێگەی وازهێنان لە جگەرەکێشان یان پاککردنەوەی ماڵ لە خۆڵ و تۆز ڕێگری بکرێت لە دروستبوون یان خراپتربوونی حاڵەتەکە.


سەرچاوەکان



1072 بینین