چۆن چیرۆک دەنووسیت؟

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2022-09-06-13:40:00 - کۆدی بابەت: 10164
چۆن چیرۆک دەنووسیت؟

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن چیرۆک دەنووسیت؟ (بە ئینگلیزی: How to write story، بە عەرەبی: کیف تکتب قصة) چەند جۆرێکی چیرۆک هەیە بەڵام لێرەدا بەشێوەیەکی گشتی باسی دەکەین و هەندێک لە تێبینییە گرنگەکانی چیرۆک نووسین دەخەینە ڕوو. سەرەتا دەبێت بزانین چیرۆک چییە، چیرۆک گێڕانەوەیەکی ئەدەبییە کە باس لە بەسەرهاتێکی ڕاستی یاخود خەیاڵی دەکات، بە مەبەستی چێژبینین و کات بەسەربردن یاخود گەیاندنی پەیامێک. چیرۆک لە ڕۆمان کورتترە هەروەها ڕوونکردنەوە، وردەکاری و درێژەپێدانێکی زۆری نییە.

هەنگاوەکانی چیرۆک نووسین

ئیلهام وەرگرتن لە هەموو شتێک و لە هەموو کاتێکدا

بۆ دەست کردن بە نووسینی چیرۆکێک پێش هەموو شتێک دەبێت بیرۆکەیەکت هەبێت و پلانت دانابێت کە لەسەر چی دەنووسیت و بیرۆکەی سەرەکی چیرۆکەکە چی دەبێت بۆ ئەمەش دەبێت کەسێکی بە سەرنج و ورد بیت و ئیلهام لە چواردەورت و کارەکانی ڕۆژانەت وەربگریت و گوێگرێکی باش بیت. وا باشترە هەمیشە دەفتەرێکی تێبینیت لابێت یاخود بەرنامەی تێبینی نووسینی ناو مۆبایلەکەت بەکاربهێنیت، کە ڕێگایەکی ئاسانترە بۆ ئەوەی هەرکاتێک بیرۆکەیەکی تازەت هەبوو، زانیت شایەنی نووسینە لەهەرشوێنێک بیت بە تێبینی بینووسیت، بەمشێوەیە لەبیری ناکەیت و دەتوانیت هەرکاتێک بتەوێت کاری لەسەر بکەیت. لەوانەیە ئیلهامی چیرۆکەکەت ئەزموونی ژیان، خەونێک، هەواڵێک، چیرۆکێکی خێزانی، کارێکی هونەری یاخود لە وێنەیەکی فۆتۆگرافی و چەندین شتی تر بێت.

کارەکتەرەکان دروست بکە

ئەگەر چیرۆکەکەت لە ژیانی ڕاستییەوە وەرگیراوە ئەوا پێویستە باسکردنی کارەکتەرەکان وەکوو خۆی بێت و دڵنیابە لەوەی زانیارییەکانی لە سەرچاوەیەکی باوەڕپێکراوەوە دەهێنیت. ئەگەر چیرۆکەکە خەیاڵی بێت ئەوا خۆت کارەکتەرەکان دروست دەکەیت و تایبەتمەندییان دەدەیتێ، کارەکتەری سەرەکی و لاوەکی دیاری دەکەیت و زیاتر باس لە کارەکتەرە سەرەکییەکان دەکەیت. دەتوانیت لەسەرەتادا پڕۆفایلێک بۆ کارەکتەرەکان دروست بکەیت و بە کورتی باسیان بکەیت یاخود دەتوانیت باسکردنیان تێکەڵی چیرۆکەکە بکەیت و هەریەکیان لە بەشی خۆیاندا باس بکەیت.

ڕوانگەی بینینی قسەکەر دیاری بکە

هەڵبژاردنی یەکێک لە کارەکتەرەکان وەکوو چیرۆکبێژ هەنگاوێکی گرنگە لە دەستکردن بە نووسینی چیرۆکدا، چونکە کاتێک لە ڕوانگەی یەکێک لە کارەکتەرەکانەوە باسی گێڕانەوەکە دەکەیت شێوازی بیرکردنەوە، هەستە کەسییەکانی و ڕاوبۆچوونی ئەو کەسە تێکەڵی بابەتەکە دەکەیت، ئینجا ئەگەر بیرکردنەوەکانی ڕاست بن یاخود هەڵە.

چەند جۆرێک ڕوانگەی بینین هەیە کە دەتوانیت بەکاریان بهێنیت: 

  • کەسی یەکەم: قسەکەرەکە نووسەرەکەیە یاخود یەکێکە لە کارەکتەرەکان کە باسی خۆی دەکات. هەروەها ڕاناوی (من) بەکاردەهێنرێت لەم جۆرە گێڕانەوەیەدا.
  • کەسی دووەم: قسەکەرەکە خوێنەرەکەیە، نووسەر وا دەکات خوێنەر خۆی بکاتە جێگەی کارەکتەرە سەرەکییەکە. ڕاناوی (تۆ) بەکاردێت.
  • کەسی سێهەم: لەم جۆرە ڕاناوەکانی (ئەو،ئەوان) بەکاردێن. دەکرێت بە دوو بەشەوە، بەشێکیان ئەوەیە کە چیرۆک بێژ لەسەر هەموو کارەکتەرەکان زانیاری هەیە و هەموو نهێنییەکان دەزانێت، بەشەکەی تر چیرۆک بێژ زانیاری زۆری نییە و تەنها لەسەر هەست و بیرکردنەوەکانی کارەکتەرێک دەزانێت. 

بیرۆکەکانت ڕێکبخە

ڕووداو و بیرۆکەی تر بنیاتبنێ کە پەیوەندی بە بیرۆکە سەرەکییەکەوە هەیە و پەیوەندی نێوان کارەکتەرەکان دروستبکە. گرنگی بە کات و شوێن بدە و بە وردی دیاریان بکە بەشێوەیەک لەگەڵ چیرۆکەکە بگونجێت، بۆ نموونە ئەگەر باسی ژیان و پیشەی پزیشکێک بکەیت لە ١٩٩٠ جیاوازییەکی زۆری هەیە لەگەڵ ساڵی ٢٠٢٢، ڕووداوەکە لە ئەمریکا بێت یاخود چین جیاوازی هەیە. 

سەرەتای چیرۆکەکە

دەستپێکی چیرۆکەکەت با ناساندنی کارەکتەری سەرەکی بێت و دیمەنی ئەو شوێنەی کە لێیەتی. دەقی یەکەم باسی شوێن و کات هەروەها دەتوانیت کەمێک باسی ڕابردووی کارەکتەری سەرەکی یاخود پەیوەندی و پیشە و خولیاکانی بکەیت. لەگەڵ ئەوەدا کەمێک باسی بیرۆکەی سەرەکی چیرۆکەکە بکە و زانیاری تەواو بدە کە خوێنەر بتوانێت وێنای بکات.

ناوەڕاستی چیرۆکەکە

لە ناوەڕاستی چیرۆکەکە ئەوە نیشان بدە کە چۆن کارەکتەرەکە کار دەکات بۆ گەشتن بە ئامانجی سەرەکی و چارەسەرکردنی کێشەکەی. ئەگەر ویستت زیاتر درێژە بە چیرۆکەکەت بدەیت دەتوانیت کەمێک باسی ژیانی کارەکتەرە لاوەکییەکان بکەیت، باسی چەند ڕووداوێکی تری لاوەکی بکەیت کە کارەکتەری سەرەکی ڕووبەڕوویان دەبێتەوە یاخود کەمێک باسی ژیانی ڕابردووی بکە و چەندین بیرۆکەی تر هەن کە دەتوانیت سوودیان لێ ببینیت بەڵام زۆر درێژە بە هیچ بابەتێک مەدە چونکە دەبێتە هۆی بێزارکردنی خوێنەر.

کۆتاییهێنان بە چیرۆکەکە

لە کۆتاییی چیرۆک دەتوانیت باس لە دەرەنجامەکانی کۆتایی بکەیت و هەموو شتێک ڕوون بکەیتەوە، ئینجا ئەگەر کۆتایی دڵخۆشکەر بێت یاخود ناخۆش بێت. هەروەها دەتوانیت کۆتاییی نادیار دابنێیت و هەموو شتێک ڕوون نەکەیتەوە و بیرکردنەوەی کۆتایی بۆ خوێنەر بەجێبهێڵیت، کە ئەمە زیاتر خوێنەر بە پەرۆش دەکات، دواتر ئەگەر ویستت دەتوانیت بەشی دووی چیرۆکەکە بنووسیت، نهێنییە باسنەکراوەکەنی بەشی یەکەم باس بکەیت و چیرۆکێکی تری لێ دروست بکەیت. باشترە کاتێک دەست دەکەیت بە نووسین لەسەرەتاوە پلانی کۆتایی چیرۆکەکەت دانابێت بەم شێوەیە کارەکەت ئاسانتر دەبێت و دەزانیت چی بنووسیت تا بەرەو ئەو کۆتایییەت ببات.

هەست و سۆز بەکاربهێنە

هەر پێنج هەستەکە بەکاربهێنە لە چیرۆکەکەتدا هەموو هەستەکانی (بینین، بۆنکردن، بیستن، تامکردن، دەست لێدان). هەروەها باسی ئەوە بکە کە کارەکتەرەکان لە بارودۆخێکی دیاریکراودا چی کاردانەوەیەکیان دەبێت، هەستیان چۆن بووە. کە ئەمەش زیاتر خوێنەر دەبەستێتەوە بە چیرۆکەکە و تێگەشتنی زیاتری دەبێت بۆی. بۆ نموونە، "ماوەی هەفتەیەکە جولیا لە نەخۆشخانەیە بەتەواوی بێزاربوو لە بارودۆخی ئەوێ و خواردنە ناخۆشەکانیان، بۆنی دەرمان هەروەها ئەو ئامێرەی کە لێدانی دڵی دەپێوا کە هەمیشە دەنگی دەهات".

پێداچوونەوە

پێداچوونەوە ئەو بەشەیە کە نابێت لەبیری بکەیت. هەمیشە بە وردی پێداچوونەوە بکە پێش بڵاوکردنەوە، وا باشترە یەکسەر دوای تەواو کردنی چیرۆکەکە نەیکەیت، کەمێک بەجێیبهێڵە و ڕۆژی دواتر بیکە چونکە ڕەنگە هیلاک بیت و تێبینی هەڵەکان نەکەیت. پێش بڵاوکردنەوەی کارەکەت دەتوانیت پیشانی کەسێکی شارەزای بدەیت و پێشنیاری لێ وەربگریت، بەتایبەتی ئەگەر یەکەم جارتە.


سەرچاوەکان

172 بینین