بەکارهێنەرەکانی زانیارییە ژمێریاریەکان

له‌لایه‌ن: - شنە شەماڵ شنە شەماڵ - به‌روار: 2024-01-26-14:43:00 - کۆدی بابەت: 11893
بەکارهێنەرەکانی زانیارییە ژمێریاریەکان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

بەکارهێنەرەکانی زانیارییە ژمێریاریەکان (بە ئینگلیزی: accounting information users، بە عەرەبی: مستخدم المعلومات المحاسبية)، پرۆسەی ژمێریاری داتای دارایی دابین دەکات بۆ مەودایەکی فراوان لە تاکەکان کە ئامانجەکانیان بریتییە لە لێکۆڵینەوە لە داتاکە بە شێوەیەکی فراوان. سێ بەکارهێنەری سەرەکی زانیاری ژمێریاری هەیە کە ئەوانیش بریتین لە:

  • بەکارهێنەری ناوخۆیی
  • بەکارهێنەرە دەرەکییەکان
  • حکومەت کە شێوەیەکی تایبەتی بەکارهێنەری دەرەکییە.

هەر گروپێک زانیاری ژمێریاری بە شێوەیەکی جیاواز بەکاردەهێنێت و پێویستی بەوەیە کە زانیاریەکان بە شێوەیەک بەکاربهێنێت بۆ توانای بڕیاردان.

بەکارهێنەری ناوخۆیی

١. خاوەن دامەزراوەکان یان خاوەن کۆمپانیا: ئەو کەسانە لەبەرئەوەی پارەیەکیان کردۆتە ناو کۆمپانیاوە سوود لە زانیاری ژمێریاری وەردەگرن بۆ ئەوەی بزانن چەند قازانجیان کردووە یاخود بۆ هەڵسەنگاندن و چالاکی بەڕێوبەرەکان سوود لەم زانیاریانە وەردەگرن.
 
٢. بەڕێوبردن: ئەم بەشە پێویستی بە زانیارییە بۆ ئەوەی پلان دابنێت بۆ داهاتوو و چاودێری کارەکان بکات تاوەکو دڵنیا بێت لەوەی گەشتووە بە ئامانجەکانی کۆمپانیا.

٣. کارمەندان: پێویستیان بە زانیاریە بۆ ئەوەی بزانن بارودۆخی کۆمپانیا چۆنە تا چەند ئەم کۆمپانیایە دەتوانێت بەردەوامبێت و دارایی لە گەشەسەندن دابێت بۆئەوەی پاداشت و موچەی کارمەندان بدات.

بەکارهێنەری دەرەکی

١. خاوەن پشک: خاوەن پشکەکان ئەم زانیاریە بەکاردەهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی چالاکی بازرگانی کۆمپانیا تاوەکو بڕیار لەسەر مانەوە یان فرۆشتنی پشکەکانیان بدن یان پشکی تر بکڕن بە پێی سروشتی کۆمپانیاکە.

٢. بانکەکان و دامەزراوەکانی قەرزپێدان: ئەو بانک و دامەزراوانە دەگرێتەوە  کە قەرز دەدەن بە کۆمپانیا. ئەوان پێویستیان بەو زانیاریانە هەیە بۆ ئەوەی بتوانن بڕیارێکی دروست بدەن کە ئایا چەندێک پارە بدەن بەو کۆمپانیایە و توانای کۆمپانیاکە دەردەخات کە چەندێک توانای دانەوەی قەرزەکانی هەیە لە داهاتودا.

٣. وەبەرهێنەرەکان: وەبەرهێنەرەکان ئەم زانیاریانە بەکاردێنن بۆ ئەوەی بزانن کە بارودۆخی کۆمپانیا لە بارە بۆ وەبەرهێنان یان بە پێچەوانەوە.

٤. فرۆشیارەکان: ئەم لایەنانە زانیاریەکان بۆ ئەوە بەکاردەهێنن بۆ ئەوەی بزانن ئایا بە چ قەبارەیەک مامەڵە لەگەڵ کۆمپانیا بکەن، ئایا ئەو کۆمپانیایە توانای ئەوەی هەیە لە کاتی گونجاودا پارەی پسوڵەکان بدەن یاخود نا.

٥. کڕیارەکان: ئەم لایەنانە زانیاری ژمێریاری بەکاردەهێنن بۆ هەڵسەنگاندنی بارودۆخی کۆمپانیا کە ئایا ئەو کۆمپانیایە جێگای باوەڕە بۆ داواکارییەکانیان.

٦. پێشبڕکێکاران: ڕکابەرانی هەر کۆمپانیایەک هەردەم ئەم زانیاریە ژمێریارییانە بەکاردێنێت بۆ ئەوەی خاڵی لاوازی ئەم کۆمپانیایە بدۆزێتەوە و کاری لەسەر بکات و کرداری پێشبڕکێکە بەرەو پێش ببات.

٧. حکومەت: پێویستی بە داتا و زانیاری ژمێریاری هەیە بۆ ئەوەی باجی داهات بسەپێنێت بە سەر کۆمپانیا و ڕێکخراوەکان لە کاتی خۆیدا.


سەرچاوەکان



281 بینین