چۆنێتی هەڵبژاردنی کاشی گونجاو بۆ زەوی لەکاتی خانوو دروستکردندا

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-01-27-19:28:00 - کۆدی بابەت: 11898
چۆنێتی هەڵبژاردنی کاشی گونجاو بۆ زەوی لەکاتی خانوو دروستکردندا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆنێتی هەڵبژاردنی کاشی گونجاو بۆ زەوی لەکاتی خانوو دروستکردندا یان ماددە و کەرەستەی هەڵبژاردنی زەمینەی خانوو بۆ دیزاینی ناوەوە (بە عەرەبی: كيفية اختيار ارضيات المنزل في التصميم الداخلي، بە ئینگلیزی: How to choose home flooring)، هەڵبژاردن و دانانی کاشی زەوی لە خانوو دروستکردندا قۆناغێکی سەرەکی و گرنگە. لە سەردەمی هاوچەرخدا و لە عێراق و هەرێمی کوردستان کاشی بەربڵاوترین جۆرە کە بۆ زەوی خانووەکان دادەنرێت و خواستی زۆری لەسەرە و زۆر بەربڵاوە، لە بازاڕەکان چەندان جۆر و بەرهەم و قەبارەی جیاواز و هەمەجۆری هەیە.

زۆرجار زەوی ژوورەکانی هەموو خانووەکە لە هەمان جۆر و ڕەنگ و ستایل دەکرێت، بەڵام کاشی زەوی چێشتخانە، گەرماو، سەرئاو لەگەڵ کاشی ژوورە سەرەکییەکانی ماڵەکە جیاوازە و لەیەک نین، هەندێکجار کاشی حەوشە و باخچەی ماڵیش جیاوازە. بەڵام بە گشتی کاشی ژوورە سەرەکییەکانی نموونەی ژووری دانیشتن و هۆڵ و ژووری میوان هەمان ستایل و ڕەنگ و جۆرن.


هەڵبژاردنی جۆری کاشی زەوی ناوەوەی خانوو بەندە بە چەند بنەمایەک کە بریتین لە: 

  • بڕی بودجە و ئابووری تەرخانکراو بۆ پرۆسەکە.
  • لایف ستایل و شێوازی زەوق و ستایلی کەسەکان.
  • شێوە و جۆری ئەو خاکەی کە خانووەکەی لەسەر دروست دەکرێت.
  • بازاڕی کار و بەردەستبوونی جۆرەکانی کاشی لە بازاڕ.

جۆرەکانی زەوی لە دیزاینی ناوەوە

کەرەستەی زەوی دروستکراو لە کەرەستەی خاوی سروشتی وەک:

  • بەردی مەڕمەڕ
  • گرانێت
  • داری سروشتی
  • تراڤێرتین (جۆرە بەردێکی سروشتییە)
  • تەختە

کەرەستەی زەوی دروستکراو لە کەرەستەی خاوی پیشەسازی وەک:

  • پۆرسەلین
  • سیرامیک
  • داری دروستکراو
  • ڤینێل

جیاوازی زەوی مەڕمەڕ و پۆرسەلین

بەردی مەڕمەڕ ماددەیەکی سروشتییە کە لە جوانی و فۆڕمە سروشتییەکەی بەراورد ناکرێت بە کەرەستەی پیشەسازی دروستکراو، هەروەها تایبەتمەندی جوانی و گرانبەهایی دەبەخشێتە هەر دیزاینێک کە تێیدا بەکاربهێنرێت و نرخی بەراورد بە جۆرەکانی تر گرانترە.

بەڵام لە بەراوردکردنی مەڕمەڕ و پۆرسەلین بۆ دانانی وەکوو کاشی لەسەر ڕووی زەوی، کاشی پۆرسەلین پراکتیکی ترە و لەوڕووەوە باشترە لە مەڕمەڕ چونکە پێویستی بە چاککردنەوە نییە و بەراورد به مەڕمەڕ شێوە و جۆر و قەبارەکانی زۆر زیاتر و بەردەسترن و تێکناچێت، پۆرسەلینی قەبارە گەورەکان قەبارەکەی دەگاتە سێ مەتر بە ١٢٠ سانتیم، بۆیە لە ڕوانگەی پراکتیکییەوە باشترە لە مەڕمەڕ.

لە ڕووی گواستنەوەوە و دانانی کاشی پۆرسەلین ئاسانتر مامەڵەی لەگەڵ دەکرێت، گواستنەوەی مەڕمەڕ پێویستی بە هەوڵێکی زۆر هەیە چونکە مەڕمەڕ وەک ماددەیەکی سروشتی دەشکێت و کێشی قورسترە بەوهۆیەوە نرخیشی گرانترە ئەو کەسانەی کاری دانانی مەڕمەڕ دەکەن بۆ زەوی کارەکانیان دەگمەنتر و گرانترە.

جیاوازی زەوی کاشی سیرامیک و زەوی پۆرسەلین

کاشی پۆرسەلین لەگەڵ کاشی سیرامیک تەواو جیاوازە چونکە بەکارهێنانەکانی فراوانترە و زیاتر بەردەستن، کاشی پۆرسەلین بۆ بەشی دەرەوەی بینا واتا بۆ حەوشە یان باخچە یان دەروازەی چوونە ژوورەوەی ماڵان یان ئەو شوێنانەی ئاویان بەردەکەوێت بەکاردێت، چونکە کونیلەی نییە و ئاو هەڵناگرێت بۆیە شێ و ئاوی باران و ئاوی تر هەڵنامژێت و ئاو کاریگەری لەسەر نابێت.

کاشی پۆرسەلین لە خۆڵ دروست کراوە و دەخرێتە ناو فڕنی پلەی گەرمی زۆر بەرز هەربۆیە توانای بەرگەگرتنی بەرزی هەیە، بەڵام کاشی سیرامیک هێز و ڕەقییەکەی بەراورد به کاشی پۆرسەلین زۆر کەمترە. کاشی سیرامیک لە گڵ دروست دەکرێت پاشان دەکرێته ناو فڕنەوە، دوای دەرهێنانی لە فڕنەکە چینێکی ڕەنگ دەخرێتە سەر ڕووەکەی، دوای ئەوە "شلەی جلیز" دەخرێتە سەر ڕووی کۆتایی کە ئەم شلەیە شێوەی نیمچە لێوارەکانی سیرامیک وەکوو نیمچە بازنەیی لێدەکات.

بەشی دواوەی کاشی سیرامیک زۆرجار قاوەیی سوورە یان پلەیەکه لە پلەکانی ڕەنگی سپی، چونکە پشتی کاشی سیرامیک نابێت هەمان ڕەنگی ڕووی کاشییەکە بێت، بەڵام کاشی پۆرسەلین بەتایبەتی ئەو جۆرانەی کوالێتیان بەرزە تەواوی کاشییەکە ئەستوورە و هەردوو دیوەکەی هەمان ڕەنگیان هەیە.

لەڕووی کێشەوە پۆرسەلین کێش و قەبارەکەی بەراورد بە سیرامیک کەمترە.

چۆنیەتی هەژمارکردنی ژمارەی مەتر و بڕی کاشی پێویست بۆ زەوی ناوەوەی ژوورەکان

  • پێویستە درێژی و پانی ژوور یان ئەو شوێنە بپێورێت کە کەرەستەی دیاریکراوی زەوییەکەی بۆ دادەنرێت.
  • پاشان ڕووبەری ژوورەکە هەژماربکرێت بە لێکدانی درێژی کەڕەتی پانی.
  • بڕی ١٠٪ بۆ ١٥٪ بۆ کۆی ڕووبەری گشتی زیاد دەکرێت، کە ئەم ڕێژەیە وەکوو بڕی بەخەساربوو یان بەفیڕۆدانی ئەو کاشییە یان ئەو ماددەیەی بۆ زەوییەکە بەکاردێت دادەنرێت.

ئەم ڕێژەیە زیاد دەکات بە زیادبوونی ڕووبەری گشتی، واتا چەنێک ڕووبەری ژوورەکە یان شوێنەکە گەورە بێت و چەنێکیش قەبارەی کاشی یان تەختەکە گەورە بێت ئەگەری بەفیڕۆدان و بەخەساربوونی کاشییەکانیش زیاتر دەبێت. بۆیە ئەگەر بوجەی دیاریکراو مامناوەند بوو پێویستە قەبارەی تەختە یان کاشی یان هەر ماددەیەک کە بۆ دروستکردنەکە بەکاردێت گەورە نەبێت و مامناوەند بێت.

نموونە: درێژی ژوورێک پێنج مەتر بێت و پانییەکەشی پێنج مەتر بێت، بە لێکدانی درێژی کەڕەتی پانی ڕووبەر دەردەچێت کە دەکاتە ۲٥ مەتری دووجا، ڕووبەر کۆی ڕێژەی ١٠٪ بۆ ١٥٪ دەکرێت دەکاتە ٣٠ مەتری دووجا، واتا ئەو ژوورە بڕی ٣٠ مەتری دووجا پێویستی بە کەرەستەی زەوییەکەیەتی.

دیاریکردنی ئاڕاستەی ماددەی زەوییەکە

لە حاڵەتی ڕووبەری لاکێشەیی واتا ئەگەر ژوورەکان یان شوێنەکان ڕووبەرەکەی لاکێشەیی بێت و شوێنەکە کراوە بێت و ڕووبەرەکە ناڕێک بێت نموونەی هۆڵ پێویستە کەرەستەی زەوییەکە یان کاشییەکە بەشێوەی ستوونی دابنرێت.  بەڵام ئەگەر ژوورەکە ڕووبەری دیاریکراو بوو یان بچووک بوو پێویستە ئاڕاستەی کەرەستەی زەوییەکە ئەگەر تەختە یان کاشی بوو هاوتەریب دابنرێت لەگەڵ قەنەفە یان سێتی ژووری نووستن.

هەڵبژاردنی جۆری زەوییەکە بەپێی جۆری ژوورەکان

لە دیزاینی ناوەوەی زەوی خانووەکان زۆرجار جۆری کەرەستەکە بەپێی جۆری ژوورەکە هەڵدەبژێرین، بۆ نموونە زەوی چێشتخانە شوێنی دەسشۆر و گەرماو و سەرئاوەکان پێویستە زەوییەکەی لووس و خلیسک نەبێت چونکە لەو شوێنانە ئەگەری بەرکەوتنی ئاوی هەیە و زەوی لووس دەبێتە هۆی کەوتن یان زیانگەیاندن، هاوکات ئەو شوێنانە ئەگەری پیسبوونیشی زیاترە ئەگەر ڕەنگی تۆختر تێرتر بێت باشترە.

هەڵبژاردنی جۆری زەوییەکە بەپێی ڕووبەری ژوورەکان

ڕووبەری شوێنی ژوورەکان چەنێک بچووک بێت ئەوە پێویستە ڕەنگی زەوییەکە کاڵ و ڕوونتر بێت، چونکە فراوانی و گەورەیی بە شوێنەکە دەبەخشێت و چاو بەشێوەیەک ڕادێت کە شوێنەکە فراوانە.

کڕین و بەکارهێنانی سامپڵ لە کەرەستەی ویستراو

بەکارهێنانی سامپڵ و نموونەیەک لە کەرەستەی ویستراو بۆ زەوییەکە وێناکردن و پرۆسەکە بۆ خاوەن ماڵ ئاسان دەکات،  نموونەیەک لە کاشییەکە هەڵبژێرە بۆ ئەوەی لەگەڵ ڕەنگەکان و ڕووناکی ماڵەکەدا تاقی بکەیتەوە، دەکرێت لەگەڵ ڕووناکی سروشتی و ڕووناکی دەستکرد لەسەر زەوی ماڵەکە دابنرێت و کەرەستەکە لە کاتە جیاوازەکانی ڕۆژدا تاقی بکرێتەوە، بەم جۆرە دەکرێت وێنای شێوەکەی ڕوونتر بێت.


سەرچاوەکان



233 بینین