باشترین زیندانەکانی جیهان

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-01-31-00:25:00 - کۆدی بابەت: 11910
باشترین زیندانەکانی جیهان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

باشترین زیندانەکانی جیهان (بە عەرەبی: أفضل السجون في العالم، بە ئینگلیزی: The best prisons in the world)، زیندان دامەزراوەیەکە بۆ ئەو کەسانەی کە بە تاوانێک سزا دراون، وەک سزایەک بۆ تاوانەکەیان تێیدا دەستبەسەر دەکرێن، جۆرێکە لە دامەزراوەی چاکسازی زیندانییەکان. کاتێک باسی "زیندان" دەکرێت، ڕەنگە وێنای دیواری بەرز، تەلی دڕکاوی، دەرگای ئاسنی زیندانەکان و پاسەوانی چەکداری قورس بکەی. بەڵام هەندێک لە زیندانەکان لە ئوتێلی پێنج ئەستێرە دەچن، تەنانەت زۆر کەس ئارەزوو دەکەن بچنە ناویانەوە. بۆ چێژوەرگرتن لە جوانییەکانی چی لە ڕووی بینای ڕەسەنەوە بێت یان لە ڕووی خزمەتگوزارییە نایابەکانەوە بێت .

دیارترین زیندانەکان 

زیندانی ئارانجوێز - ئیسپانیا

یەکەم زیندانە لە جیهاندا کە بەشی خێزانی تێدایە، ڕێگە بە زیندانییەکە دەدرێت هەست بکات لە ماڵی خۆیەتی، زیندانەکە وێنەی کارەکتەرە کارتۆنییەکانی تێدایە کە بە دیوارەکەوە هەڵواسراون، هەروەها شوێنی یاریکردنی تێدایە بۆ ئەوەی منداڵان کاتێکی خۆش لەگەڵ دایک و باوکیان بەسەر بەرن. مەبەست لە زیندانێکی لەم شێوەیە ئەوەیە کە منداڵەکان لەم تەمەنە بچوکەدا لە دایک و باوکیان دانەبڕێن، لە هەمان کاتدا هەستی باوکایەتی وەک جۆرێک لە چارەسەر بۆ زیندانییەکان بەکاربهێنن. زیندانەکە لە دووری ٤٠ کیلۆمەترە لە باشووری مەدرید و ٣٦ بەشی خێزانی لەخۆدەگرێت.

زیندانی هالدین لە نەرویج

زیندانی هالدین زیندانییەکانیان لە ژیان و بارودۆخی خراپی دەرەوە دەپارێزێن و نایانخەنە ژوورە خراپەکانەوە، لەم زیندانەدا خزمەتگوزاری جۆراوجۆر بۆ تاوانبارەکان دابین کراوە لەوانە: تەلەفزیۆن بە سیستمی دەنگی مۆدێرن، ساردکەرەوە، زیندانی فراوان، کتێبخانەی مۆدێرن، قەنەفە و شوێنێکی تایبەت بۆ خواردنەوەی قاوە، تەنانەت میوانداری خێزانی تاوانبارەکە دەکەن لە خانوویەکی بچووکدا کە لە دوو ژوور پێکهاتووە.

زیندانی ئۆتاگۆ لە باشووری ئۆتاگۆ

ئەم زیندانە بۆ چاکسازییە لە زیندانییەکانی چینی دەوڵەمەند لە ڕێگەی دابینکردنی نوێترین و باشترین ئامرازی جۆراوجۆری ژیان. زیندانەکە بە سیستمی گەرمکەرەوەی ژێر زەوی گەرم دەکرێتەوە، کە نوێترین شاشەی تەلەفزیۆن، هۆڵی وەرزش، کتێبخانە و چەندین خزمەتگوزاری دیکەیان بۆ دابینکراوە. زیندانەکە خزمەتگوزاری ئۆتێلی پێنج ئەستێرە پێشکەش بە زیندانییەکانی دەکات.

زیندانی لیوبن لە  نەمسا

بە یەکێک لە زیندانە نایابەکانی جیهان دادەنرێت، هەموو ژوورێک تەلەفزیۆنێکی تێدایە، هەروەها هەموو ئەو ئاسانکاریانەی کە وا دەکات هەست بکەیت کە زیندانییەکانی ئێرە شایەنی نازناوی "تاوانبار" نین. ئەم زیندانە نایابە دەکەوێتە نەمسا و جێگەی ٢٠٥ زیندانی دەکاتەوە.

زیندانی سانتا ئانا لە کالیفۆرنیا

زیندانی سانتا ئانا بە پاکوخاوێنییەکەی جیا دەکرێتەوە، هەروەها هەستکردن بە ئاسوودەیی و ئارامی تێیدا، بۆ ئەو کەسانە دروستکراوە کە توانایان هەیە ڕۆژانە ٣٠٠-٩٦٠ جونەی میسری بدەن، ئەم زیندانە هەرگیز قەرەباڵغیەکی زۆری بە خۆیەوە نەبینیوە، بەو پێیەی ژوورەکانی شوێنی پێویستیان هەیە کە دەرفەت بە زیندانییەکە دەدات بیر لە هەڵەکانی بکاتەوە. هەروەها کۆمپیوتەر، ئایپاد، جێگەی نوستنێکی ئارام، تەلەفزیۆن، گۆڤار و خواردنی خۆشیان بۆ دابینکراوە.

زیندانی باستۆی لە نەرویج

یەکەم زیندانی دۆستی ژینگەیە لە جیهاندا، دەکەوێتە یەکێک لە دوورگەکانی نەرویج و لە ٧٠٪ی ئەو کارەبایەی پێویستی پێیەتی لە ڕێگەی خۆرەوە بەرهەمی دەهێنێت، زیندانیەکان خۆراکی خۆیان دروست دەکەن، هەروەها پاشماوەکانیان دووبارە بەکاردەهێننەوە، ئەم زیندانە تەنها لەبەرئەم هۆکارە سەرنجی خەڵکی ڕانەکێشاوە بەڵکوو لەبەر ئەو چالاکییە وەرزشیانەی کە زیندانییەکان ئەنجامی دەدەن، وەک کەمپەکانی دەرەوە، تێنس، ئەسپسواری و مەلەکردن.

لە زیندانی باستۆی زۆر بەکەمی فەرمان هەیە کە دەبێت زیندانییەکان گوێڕایەڵی بن، ژمارەیەکی زۆری چالاکیش هەیە کە چێژی لێ وەردەگرن. هەموو کەسێک لێرە کارێکی هەیە لە کاتژمێر ٨:٣٠ بەیانی تا ٣:٣٠ پاشنیوەڕۆ، دەتوانن هەرکارێک وەکوو کشتوکاڵ، باخداری، چاودێری ئەسپ و کۆمەڵێک چالاکیی تر هەڵبژێرن، ڕۆژانە نزیکەی ١٠ دۆلاریان پێدەدرێت، بۆ ئەوەی لە دوکانەکانی خواردن و فرۆشگا ناوخۆییەکان پێداویستییەکانیان بکڕن و بتوانن ژەمەکان ئامادە بکەن، نانی بەیانی و نیوەڕۆ لەلایەن خۆیانەوە ئامادە دەکرێت، بەڵام ژەمی ئێوارەش لەلایەن چێشتلێنەری زیندانەوە ئامادە دەکرێت، کە بوفێیەکی جۆراوجۆر و بەچێژیان بۆ ئامادە دەکەن، زیندانییەکان دەبێت ڕۆژانە چەند جارێک بچنە ژوورەوە بۆ ئەوەی پاسەوانەکان دڵنیابن لەوەی کە هێشتا لە دوورگەکەدان.


سەرچاوەکان



137 بینین