ناوهڕۆك
ناساندن
دۆڤەر (بە ئینگلیزی: Dover، بە عەرەبی: دوفر)، پایتەخت و دووەم گەورەترین شاری ویلایەتی دێلاوێری ئەمریکایە، هەروەها ناوەندی بەڕێوبەرایەتی کێنت کاونتی و شارێکی سەرەکی گەورە ناوچەی دۆڤەر دی ئییە. ئەم شارە دەکەوێتە سەر ڕووباری سەینت جۆنز و لەلایەن ویلیام پێنەوە و بە ناوی شارۆچەی دۆڤەری کێنت کاونتیی ئینگلتەراوە ناونراوە. ژمارەی دانیشتووانی شارەکە لە ساڵی 2020ـدا 39,403 کەس بوو و چڕی دانیشتووانەکەی لە هەمان ساڵدا 642.79 کەس بوو لە هەر کیلۆمەتر دووجایەکدا.
لەڕووی جوگرافییەوە
بەپێی نووسینگەی سەرژمێری ئەمریکا، ڕووبەری گشتی شارەکە 62.09 کیلۆمەتر دووجایە، لەو ژمارەیەش 61.30 کیلۆمەتر دووجای وشکانی و 0.79 کیلۆمەتر دووجای ئاوییە.
کەشوهەوا
بەپێی سیستمی پۆلێنکردنی کەشوهەوای کوپن، دۆڤەر کەشوهەوایەکی مامناوەندی گەرم یان کەشوهەوایەکی نیمچە شێداری هەیە. هاوینی گەرم و شێدارە، پلەی گەرمی شارەکە 25 ڕۆژ لە ساڵێکدا دەگاتە 32 پلەی سەدی لەگەڵ ئەوەشدا ڕەشەبای بروسکاویی کەم خایەن و توند لەم وەرزەدا شتێکی باوە. لە وەرزی زستاندا هەریەک لە کەنداوی دێلاوێر و قەڵغانی بەشەکیی زنجیرە چیاکانی ئەپالاچیان لە باکووری ڕۆژهەڵات کاریگەرییان لەسەر کەشی شارەکە هەیە و کەش مامناوەند دەکەن، بەڵام بە شێوەیەکی ئاسایی ساڵانە هەشت تا نۆ ڕۆژ پلەی بەرزی ڕۆژانە لە خوار پلەی بەستنەوەیە و 15 شەویش پلەکانی گەرما لە خوار 7- پلەی سەدییەوە دەمێننەوە. بە شێوەیەکی گشتی بەفرێکی کەم لەم شارەدا دەبارێت و بە شێوەی پچڕپچڕە، ساڵانە بە تێکڕایی تەنها 34 سانتیمەتر بەفر دەبارێت. وەرزەکانی بەهار و پاییز وەرزی ڕاگوێستن و هاوشێوەن، بەڵام وەرزی بەهار باراناویترە. پلەی گەرمی مامناوەندی مانگانە لە نێوان 2.2 پلەی سەدی لە مانگی کانوونی دووەم تا 25.5 پلەی سەدی لە مانگی تەممووزدا دەگۆڕێت. جگە لەوانەش، ساڵانە نزیکەی 1,209.3 مللیمەتر باران تا ڕادەیەک بە یەکسانی بەسەر ناوچە جیاوازەکانی شارەکەدا دەبارێت.
لەڕووی دیمۆگرافییەوە
دانیشتووان
لە ساڵی 2010، ژمارەی دانیشتووانی شاری دۆڤەر 36,047 کەس بوو و لە ساڵی 2020ـدا ژمارەی دانیشتووانەکەی بۆ 39,403 کەس بەرزبوویەوە. پێکهاتەی ڕەگەزییەکانی شارەکە لە ساڵی 2010ـدا بەم شێوەیەی خوارەوە بوو:
- سپی پێست: 48.3%
- ئەمریکی ئەفریقی: 42.2%
- ئەمریکی ڕەسەن: 0.5%
- ئاسیایی: 2.7%
- دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن: 0.1%
- ڕەگەزەکانی تر: 2.1%
- ئەوانەی دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو: 4.1%
- هیسپانی یان لاتینی لە هەر ڕەگەزێکدا: 6.6%
لە سەرژمێری ساڵی 2000ـدا، ژمارەی دانیشتووانی دۆڤەر 32,135 کەس بوو، لەو ژمارەیەش و 12,340 خێزان و 7,502 خانەوادە لە شارەکەدا نیشتەجێ بوون. چڕی دانیشتووانەکەشی 554.1 دانیشتوو بوو لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. هەروەها 13,195 یەکەی نیشتەجێبوون لە شارەکەدا هەبوون و بە تێکڕای چڕی 227.5 یەکە لە هەر کیلۆمەتر چوارگۆشەیەکدا. سەرەڕای ئەوەش، پێکهاتەی ڕەگەزییەکانی شارەکە بەم شێوەیە بوو، 54.9%ـی دانیشتووان سپی پێست، 37.2%ـی دانیشتووان ئەمریکی ئەفریقی، 0.5% ئەمریکی ڕەسەن، 3.2% ئاسیایی، 0.1% دوورگەنشینەکانی زەریای هێمن، 1.6% ڕەگەزەکانی تر و 2.6%ـی دانیشتووان دوو ڕەگەز یان زیاتریان هەبوو. لەگەڵ ئەوەشدا، 4.1%ـی دانیشتووانی شارەکە هیسپانی یان لاتینی بوون لە هەر ڕەگەزێکدا.
لەو 12,340 خێزانەش 30.0%ـیان منداڵی خوار تەمەنی 18 ساڵییان هەبوو و لەگەڵیان دەژیان، 40.4%ـیان هاوسەر بوون و پێکەوە دەژیان، 16.7%ـیان ژن خاوەن ماڵ بوو و هاوسەریان نەبوو و 39.2%ـیان خێزان نەبوون. تێکڕای قەبارەی خێزانەکان 2.35 و تێکڕای قەبارەی خانەوادەکان 2.98 بوو.
تەمەن
تەمەنی 23.5%ـی دانیشتووانی شاری دۆڤەر لە خوار 18 ساڵی، تەمەنی 15.7%ـی دانیشتووان لە 18 بۆ 24 ساڵی، تەمەنی 27.9%ـی دانیشتووان لە 25 بۆ 44 ساڵی، تەمەنی 19.5%ـی دانیشتووان لە 45 بۆ 64 ساڵی و تەمەنی 13.3%ـی دانیشتووانی شارەکە 65 ساڵ یان سەروو 65 ساڵ بوو. هەروەها تەمەنی مامناوەندی دانیشتووان 33 ساڵ بوو و لە بەرانبەر هەر 100 مێیەکدا 88.9 نێر هەبوون.
ئایین
33.6%ـی دانیشتووانی شاری دۆڤەر ئایینیان هەیە، ئایینە پەیڕەوکراوەکانی دانیشتووانی شارەکە و ڕێژەیان بەپێی ژمارەی دانیشتووان بەم شێوەیەیە:
- باپتیست: 1.6%
- ئەسقەف: 0.7%
- کاسۆلیک: 10.7%
- لۆسەری: 0.9%
- میتۆدیست: 9.1%
- پێنتاکۆستال (سەر بە گرووپێکی ئایینی مەسیحی کە باوەڕیان بە هێزی گیانی پیرۆز هەیە بۆ چارەسەرکردنی نەخۆشییەکان): 2.1%
- ئەندامانی کڵێسای پریسبەتێری (لقێکە لە کڵێسای پرۆتستانتی): 0.7%
- ئەندامانی کڵسای عیسا مەسیح: 1.3%
- ئایینە مەسیحییەکانی تر: 6.1%
- ئایینی جوولەکه: 0.1%
- ئایینێکی ڕۆژهەڵاتی: 0.1%
- ئایینی ئیسلام: 0.2%
داهات
داهاتی مامناوەندی هەر خێزانێک لەم شارەکەدا 38,669 دۆلار و داهاتی مامناوەندی هەر خانەوادەیەک 48,338 دۆلار بوو. هەروەها داهاتی ناوەندی نێرەکان 34,824 دۆلار بوو لە بەرانبەردا داهاتی ناوەندی مێیەکان 26,061 دۆلار بوو و داهاتی تاکەکانی شارەکە 19,445 دۆلار بوو. نزیکەی 11.5%ـی خانەوادەکان و 13.8%ـی دانیشتووانی دۆڤەر لە ژێر هێڵی هەژاریدا بوون، لەنێویاندا 19.6%ـیان لەخوار 18 ساڵ و 10.4%ـیان 65 ساڵ یان سەرووتر بوون.
گەشتیاری
دۆڤەر خاوەنی مێژوویەکی سەرنجڕاکێشە و بە یەکێک لە کۆنترین شوێنە گەشتیارییەکانی ئەمریکا دادەنرێت، هەندێک لە شوێنە گەشتیارییەکانی شارەکە بریتین لە:
١- مۆزەخانەی هێزی ئاسمانی
٢- گازینۆی دۆڤەر داونز
٣- ڕێی پێشبڕکێی ئۆتۆمبێلی ئینتەرناشناڵی دۆڤەر
٤- مۆزەخانەی جۆنسۆن ڤیکترۆلا
٥- کێڵگەی جۆن دیکینسۆن
٦- خانووی کۆنی ویلایەت
٧- هۆڵی یاسادانان (بینای پایتەختی ویلایەت)
٨- گوند و مۆزەخانەی کشتوکاڵی دێلاوێر
٩- یەکەم پارکی میراتی ویلایەت
١٠- سەنتەری سەردانیکەرانی ویلایەتی دێلاوێر