هەوکردنی میزڵدان

له‌لایه‌ن: - فیردەوس جەزا جاف فیردەوس جەزا جاف - به‌روار: 2024-04-27-16:09:00 - کۆدی بابەت: 12703
هەوکردنی میزڵدان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هەوکردنی میزڵدان (بە ئینگلیزی: Cystitis، بە عەرەبی: التهاب المثانة) بریتییە لە حاڵەتێکی تەندروستی کە تێیدا میزڵدان دووچاری هەوکردن دەبێتەوە بەهۆی چەند هۆکارێکەوە، هه‌رچه‌نده‌ زۆربه‌ى كات مه‌ترسيدار نييه‌، له‌گه‌ڵ ئه‌وه‌شدا نه‌خۆش نائارام ده‌بێت، به‌ڵام پشتگوێخستنى چاره‌سه‌ركردنى زيانى گه‌وره‌ به‌ گورچيله‌کان ده‌گه‌يه‌نێت. لە زۆربەی بارەکاندا هۆکاری ئەم هەوکردنە دەگەڕێتەوە بۆهەوکردنی ڕێڕەوی میز، هەوکردنی ڕێڕەوی میزیش کاتێک ڕوودەدات کە بەکتریاکان دەچنە ناو میزەڕۆ و میزڵدان و دەست بە زیاد بوون دەکەن. ئەم جۆرە هەوکردنە دەکرێت کاریگەری هەبێت لەسەر هەر تاکێک بەڵام زیاتر خانمان تووشی ئەم حاڵەتە دەبن.

نیشانەکانی هەوکردنی میزڵدان

  • هەستکردن بە ئازار و سووتانەوە لە کاتی میزکردندا
  • زۆر ئارەزووکردنی میزکردن لەدوای بەتاڵبوونی میزڵدان
  • میز بەشێوەی هەوری، بۆنێکی تیژ و ڕەنگێکی تۆخ دەردەکەوێت
  • سوکە تا لەباری بوونی هەوکردنی ڕێڕەوی میزیش
  • بوونی خوێن لە میزدا
  • بوونی ئازار لەکاتی جووتبووندا
  • هەستکردن بە پەستان یان پڕبوونی میزڵدان
  • کۆڵنج و گرژبوونی سک یان پشت
  • بەگشتی هەست بە خراپی، ئازار، نەخۆشی و هیلاکی دەکرێت

ئەگەر هەوکردنی میزڵدان تەشەنە بسەنێت بۆ گورچیلەکان ئەوکات نەخۆشییەکە دەبێتە بابەتێکی تەندروستی مەترسیدار ئەوکات لەگەڵ ئەو نیشانانەی سەرەوەدا ئەم نیشانانەی هەوکردنی گورچیلەش ڕەنگە دەربکەوێت:

هەروەها دوونیشانەی دیکەش هەن ئەوانیش: بوونی خوێن لەناو میزدا یان تا لێهاتنن، ئەم دووانە نیشانەی هەوکردنی میزڵدان نین بە دیاریکراوی بەڵام ڕەنگە لەگەڵ نیشانەکانی هەوکردنی  گورچیلەدا ڕووبدەن و دەربکەون.

هۆکارەکانی هەوکردنی میزڵدان

زۆربەی بارەکانی ئەم هەوکردنە بە هۆی ئەو بەکتریا بێزیانانەی دەژین لەسەر ریخۆڵە و پێست ڕوودەدات کاتێک دەچنە ناو میزڵدان لە ڕێگەی میزەڕۆوە. هەمیشە ڕوون نییە ئەمە چۆن ڕوودەدات، بەڵام جۆری هەوکردنەکە بەندە لەسەر هۆکاری تووشبوونەکە هۆکارە شیاوەکانی هەوکردنی میزڵدان بریتیە لە :

  • هەوکردنی ڕێڕەوی میزەڕۆ (UTI)
  • وەرگرتنی هەندێک دەرمانی دیاریکراو.
  • بەردەوام بەکارهێنانی کاثیتێر (بۆریەکە دەخرێتە ناو بۆشایی ئەندامێکەوە وەک میزەڵدان).
  • بەرهەمە پاکەرەوە هەراسانکەرەکان

جۆرەکانی هەوکردنی میزڵدان

هەوکردنی میزڵدان دەکرێت کورتخایەن بێت یان نێوانی بێت. هەوکردنی کورتخایەنی میزڵدان acute cystitis بارێکە لەناکاو ڕوودەدات. هەوکردنی میزڵدانی نێوانی بارێکی درێژخایەنی هەوکردنی میزڵدانە کە تێیدا چەند چینێک شانەی میزڵدان دووچاری هەوکردن دەبنەوە هەردوو جۆرەکە مەودایەکی دیاریکراوی هۆکاری توشبوونیان هەیە ئەمانەی کە دادێن جۆرەکانی هەوکردنی میزڵدانن:

هەوکردنی میزڵدان بە بەکتریاکان

هەوکردنی میزڵدانی بە بەکتریاکان  کاتێک ڕوودەدات کە بەکتریا دەچێتە ناو میزەڕۆ یان میزڵدانەوە و دەبێتە هۆی هەوکردنی. دەکرێت هەمان شت ڕووبدات کاتێک گەشەکردنی بەکتریا بێزیانەکانی ناو لەش هاوسەنگیان تێکبچێت، ئەوکات بارەکە تەشەنە دەسێنێت و دەبێتە هۆی هەوکردنی میزڵدان، گرنگە بەزووی چارەسەری ئەم هەوکردنە بکرێت ئەگەر نا ڕەنگە پەرە بسەنێت بۆ گورچیلەکان، ئەوکات دەبێتە بابەتێکی تەندروستی مەترسی دار.

هەوکردنی میزڵدان بە دەرمانەکان

هەندێک دەرمانی دیاریکراو وا لە میزڵدان دەکەن توشی هەوکردن ببێت، کاتێک دەرمانێک وەردەگریت بە لەشتدا تێدەپەڕێت و لەکۆتایدا لەڕێگەی ڕێڕەوی میزەوە دەکرێتە دەرەوەی لەش، هەندێک دەرمان کاتێک لەش جێدێڵێت دەبنە مایەی هەراسانی بۆ میزڵدان بۆ نموونە دەرمانە کیمیاییەکانی وەک ifosfamide و cyclophosphamide دەکرێت ببنە هۆی هەوکردنی میزڵدان.

هەوکردنی میزڵدان بە تیشکەکان

چارەسەری تیشکاوی بەکاردێت بۆ لەناوبردنی خانە شێرپەنجەییەکان و پوکاندنەوەی لووەکان، بەڵام دەکرێت زیان بە خانە و شانە سروشتی و تەندروستکانیش بگەیەنێت و تێکیان بشکێنێت. چارەسەری تیشکاوی لەناوچەی حەوزدا دەکرێت ببێتە هۆی هەوکردنی میزڵدان.

هەوکردنی میزڵدان بە هۆی پێکهاتە نامۆکانەوە

بەکارهێنانی بەردەوامی کاثێتەر (ئەو بۆریەیی کە دەنێرێتە ناوەوەی میزڵدان بۆ ئاسانکردنی بەتاڵبوونەوەی میزڵدان لە میز) مەترسی تووشبوون بە بەکتریا و تێکشکانی شانەکانی ڕێڕەوی میزەڕۆ زیاد دەکات. هەریەک لە تووشبوون بە بەکتریا وتێکشانی شانەکان دەکرێت ببنە هۆی هەکردن.

هەندێک کات هەوکردنی میزڵدان وەک نیشانەی حاڵەتە تەندروستییەکانی دیکە ڕوودەدات وەک:

  • شەکرە
  • بەردی گورچیلە
  • ئایدز
  • گەورەبوونی ڕژێنی پڕۆستات
  • زیان گەیشتن بە دڕکە پەتک

چارەسەری هەوکردنی میزڵدان

چارەسەری ئەم جۆرە هەوکردنە دەکرێت لە ڕێگەی دەرمان، نەشتەرکاری و چاودێری ماڵەوە بکرێت. دەرمانە دژە زیندەییەکان ڕێگایەکی باون بۆ چارە کردنی هەوکردنی میزڵدان بە بەکتریا. هەوکردنی میزڵدانی درێژخایەنیش دەکرێت بە دەرمان چارەسەر بکرێت، بەڵام ئەو دەرمانانەی بۆ هەوکردنی میزڵدانی درێژخایەن بەکاردێت بەندە لەسەر هۆکاری توش بوونەکە.

ڕێگری کردن لە هەوکردنی میزڵدان

شەربەتی توتڕک یان حەبەکەی پێکهاتەی (proanthocyanin) لەخۆ دەگرێت کەزۆرجار پێشنیار دەکرێت بەکاربهێنرێت لەلایەن هەندێک لە ئافرەتانەوە وەک یارمەتیەک بۆ کەمکردنەوەی مەترسی دووبارە توشبوونەوە بە هەوکردنی میزڵدان. بەڵام توێژینەوە لەبابەتی بەکارهێنانی ئەم چارەسەرە دژوارە، کەمێک لە توێژینەوەکان سودێکی کەمی ئەم چارەسەرەیان نیشانداوە و زۆرێک لە توێژینەوەکان هیچ سودێکی گرنگیان تیادا بەدینەکردووە، وەک چارەسەری ماڵەوە، دووربکەوە لە بەکارهێنانی شەربەتی توتڕک ئەگەر دەرمانی وارفارین (warfarin) بەکاردێنیت بۆ کەمکردنەوەی بڕی خوێنبەربوون، چونکە دەکرێت کارلێکی چاوەڕوانکراو لەنێوان شەربەتی توتڕک و وارفارینەکەدا ڕووبدات، کە دەکرێت ببێتە هۆی خوێنبەربوون. لەگەڵ ئەوەشدا دکتۆرەکان هەندێک جار پێشنیاری ئەم ڕێگایانەی خوارەوە بۆ نەخۆشەکان دەکەن ،لەکاتی دوباربوونەوەی هەوکردنەکەدا:

  • خواردنەوەی بڕێکی زۆر لە شلەمەنی بەتایبەتی ئاو
  • زۆر میزکردن
  • سڕین و پاکردنەوە لەکاتی پیسایکردندا بۆ ڕێگری لەبڵاوبوونەوەی بەکتریا لە کۆمەوە بۆ مێیە کۆئەندامی زاوزێ
  • پاککردنەوەی پێستی دەوروبەری مێیە کۆئەندامی زاوزێ و کۆم لەکاتی خۆشۆردندا
  • بەتاڵکردنەوەی میزڵدان ڕاستەوخۆ پاش جوتبوون


سەرچاوەکان



1795 بینین