ناوهڕۆك
ناساندن
کەسانی دڵناسک (بە عەرەبی: اشخاص حساسين، بە ئینگلیزی: sensitive people)، کەسانی دڵناسک ئەو کەسانەن کە هەستیارن بەرانبەر هەموو شتێک و دەکرێت بە بچووکترین شت بێتاقەت بن. بۆ چارەسەرکردنیشی کەمێک ئارامی و هەندێک ڕێکار و ڕاهێنان پێویستە.
هۆکاری دڵناسکی چییە؟
- بوونی دایک و باوکێک کە هەموو شتێکیان بە قسەی دایک و باوک کردووە و هەموو شتێکیان بۆ دابین کردووە.
- یاخود زۆر سنووردارکردن لەلایەن دایک و باوکەوە.
- فشار و خەمۆکی.
- ئەزموونی ناخۆش بەبەردەوامی.
- هەستکردن بە کەمی و نەبوونی متمانە بەخۆبوون.
کەسانی دڵناسک چۆنن؟
- ئەگەر پێبکەنی وادەزانێت گاڵتە بەو دەکەیت.
- ئەگەر بێدەنگ بیت، وادەزانێت خۆت بە شت دەزانیت.
- ئەگەر گاڵتەی لەگەڵ بکەیت، وادەزانێت پێی ڕادەبوێریت.
- ئەگەر بە قسەی نەکەیت، وادەزانێت حسابی بۆ ناکەیت.
- ئەگەر شتێکی فێر بکەیت، هەست دەکات سوکایەتی پێدەکەیت.
ئەمانە نیشانەی ئەو کەسانەن کە دەکرێت زۆر دڵناسک و هەستیار بن.
چۆن مامەڵە لەگەڵ ئەم کەسانە بکەین؟
- کەمتر ڕەخنەی لێ بگرن، کەسانی دڵناسک بەرگەی ڕەخنەی زۆر ناگرن، بۆیە گرنگی بە بابەتە لاوەکییان مەدەن و تەنیا بۆ بابەتی گرنگ ئاگاداری بکەنەوە، با ڕەخنەکەش بەشێوەیەکی ئارام و میهرەبانانە بێت.
- هێڵە سوورەکانی بزانن، تا دەتوانن دوور بن لەو شتانەی بێتاقەتی دەکات.
- خۆشەویستی نیشان بدەن، کەسانی دڵناسک پێویستیان بە خۆشەویستی زیاترە.
- بە ئارامییەوە گوێ لە قسەکانی بگرن، ئەگەر وانەبێت توڕەبوونی زیاتر دەبێت، هەوڵبدەن هەڵە تێگەیشتن کەم بکەنەوە و ویستە گونجاوەکانی جێبەجێ بکەن، ئەگەر نەکرا ویستەکەی جێبەجێ بکرێت، بە هۆکارەوە قایلی بکەن.
چۆن یارمەتی بدەین چاک ببێت؟
- دەبێت تێی بگەیەنن نابێت وا بیر بکاتەوە کە کێشەیەکی هەیە، تەنیا ئەو نییە کە دووچاری ئەم بابەتە بووە، بەڵکوو هەمووان دەکرێت ئەزموونی بکەین، بەڵام گرنگ ئەوەیە لەم حاڵەتەدا نەمێنینەوە.
- متمانەی پێ بدەن و هانی بدەن متمانەی بە خۆی بێت، چونکە متمانە بەخۆبوون بە بەشێک لە سەرکەوتنی دادەنرێت. بۆ نموونە بارودۆخێک دروست بکەن تاکوو تێیدا باوەڕ بە خۆی بکات، تواناکانی تێیدا دەرکەوێت و بیانناسێت.
- ڕەنگە هۆکاری دڵناسکییەکەی بەرانبەر کەسەکان ئەوە بێت کە تێڕوانینێکی نەرێنی لەسەریان هەبێت، پێی وابێت کە هەمووان دژی ئەون و خۆشیان ناوێت، هەوڵ بدەن تێڕوانینی لەسەر کەسەکان بگۆڕن، بەجۆرێک کە باوەڕ بکات هەمووان خۆشیان دەوێت.
- هەوڵ بدەن دووری بخەنەوە لەوەی بڕیار لەسەر کەسانی تر بدات، ڕەفتار و کاری ئەوانی تر لە دژی خۆی لێک نەداتەوە.
- خۆی لە کەسانی تر جیانەکاتەوە و هەوڵ بدات زیاتر تێکەڵ ببێت.
- واقع بین بێت، واتا ڕاستی قبوڵ بکات دەربارەی کەسەکان و ڕووداوەکان.
- دوورکەوتنەوە لە بیرکردنەوەی نەرێنی.
- دوورکەوتنەوە لە تەنیایی و بێکاری.
سەرچاوەکان
507 بینین