ڕێگاکانی داوای لێبووردن

له‌لایه‌ن: - سۆزیار یاسین سۆزیار یاسین - به‌روار: 2024-07-19-16:59:00 - کۆدی بابەت: 13580
ڕێگاکانی داوای لێبووردن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ڕێگاکانی داوای لێبووردن (بە عەرەبی: طرق اعتذار، بە ئینگلیزی: Ways to apologize) چۆنیەتی داوای لێبووردن دەتوانێت کلیلی بەدەستهێنانی لێبووردنی ڕاستەقینە و بەردەوام بوونی پەیوەندییەکەت بێت بە شێوەیەکی ئەرێنی، داوای لێبووردن گرنگە لە هەموو بارودۆخێک و کێشەیەکدا بەڵام لەوەش گرنگتر شێواز و ئەتەکێتی داوای لێبووردنەکەتە.

گرنگترین ڕێگاکانی داوای لێبووردن

ھەنگاوی یەکەم: گوێگرتن

داوای لێبووردن دەبێت لە شێوەی ئاخاوتندابێت نەک تەنھا قسەکردنێکی یەکلایەنە، ئەو کەسەشی سووکایەتی پێکراوە بۆ ئەوەی بتوانێت بەسەر ئەم کێشەیەیدا زاڵبێت، دەبێت بتوانێت گوزارشت لە ھەستەکانی بکات کە بۆی دروستبووە لەلایەن ئەو کەسەی ھەڵەی بەرامبەر کردووە، لە ھەمان کاتدا پێوستە ھەوڵبدات جوان گوێبگرێت و ھاوسۆزی خۆی دەرببڕێت بۆ ئەو کەسەی دەیەوێت داوای لێبووردنی لێبکات.

ھەنگاوی دووەم: داننان بە ھەڵەدا

گرنگترین ھەنگاو کە کەسێک ئەنجامی بدات لە کاتی داوای لێبووردن لە کەسێکی تر بریتییە لەوەی دان بە ھەڵەکەیدا بنێت، واتە ئەو کەسەی ھەڵەکەی کردوو دەبێت درک بەو ئازارە بکات کە بۆ کەسی بەرامبەری دروست کردووە و ڕوونیشی بکاتەوە کە چۆن کردار و قسەکانی کاری کردۆتە سەر بەرامبەرەکەی چونکە بە تەنھا وتنی داوای لێبووردن بە بێ ڕوونکردنەوە کاریگەرییەکی کەمتری دەبێت لەسەر کەسی گوێگر.

ھەنگاوی سێیەم: ئامادەیی نیشان بدە بۆ گۆڕانکاری

دەبێت کەسەکە پلانێک دیاری بکات بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ دۆخێکی هاوشێوەی ئەو دۆخەی ئێستا کە بەسەریدا ھاتووە تا بتوانێت لە داھاتوودا ھەمان ھەڵە دووبارەنەکاتەوە، پێویستە بە ڕێگەیەکی جیاواز مامەڵە بکات تا کەمتر کەسی بەرامبەری ئازار بدات، بەمەش دەیسەلمێنێت کە دەتوانێت خۆی بگۆڕێت لە پێناو ئەو کەسەدا، بۆ نموونە دەتوانێت بڵێت  "حەزناکات جارێکی تر ئەو کارە دووبارە ببێتەوە و چەنێکیش پێی ناخۆشە کە بەرامبەرەکەی دڵتەنگ بووە".

ھەنگاوی چوارەم: دووربکەوەرەوە لە لۆمەکردن 

یەکێک لە قورسترین ھەنگاوەکانی داوای لێبووردن بریتییە لەخۆبەدوورگرتن لە لۆمەکردن و تاوانبارکردنی کەسی بەرامبەر، چونکە زۆربەی خەڵک پەنادەبەنە دەستنیشانکردنی ئەو خاڵانەی بووەتە ھۆی تووڕەبونیان لە کەسی بەرامبەر و ھانیداون بە شێوازێکی ھەڵە مامەڵەیان لەگەڵ بکەن، ھەر بۆیە ئەگەر کەسێک بە کەسێکی تر بڵێ کە ڕەفتارەکانی ئەو بووەتە ھۆی ئەوەی مامەڵەی ھەڵەی لەگەڵدا بکات، دەرخەری ئەو ڕاستەیەیە کە ئەو کەسە بەرپرسیارێتی ھەڵەکانی خۆی لە ئەستۆناگرێت،  بە لۆمەکردنی کەسی بەرامبەر ئەبێتە ھۆی ئەوەی داوای لێبووردنەکەی قبووڵ نەکرێت.


سەرچاوەکان



297 بینین