ئادابەکانی بانگهێشتکردنی میوان

له‌لایه‌ن: - سومەیە بێستون سومەیە بێستون - به‌روار: 2024-05-24-13:38:00 - کۆدی بابەت: 12965
ئادابەکانی بانگهێشتکردنی میوان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

ئادابەکانی بانگهێشتکردنی میوان (بە عەرەبی: آداب دعوة الضيوف، بە ئینگلیزی: The etiquette of inviting guests)، هەموو ئاهەنگێک یان بۆنەیەک کە ڕێک دەخرێت پێوستی بە بانگهێشتکردن هەیە ئەویش لەلایەن خاوەن بۆنەکەوە بۆ میوانەکانی، ئایا پلانت هەیە بۆ هەر جۆرە بۆنەیەک کە پێویستی بە ناردنی بانگهێشتنامە هەبێت؟ هیچ جیاوازی نییە ئەگەر بۆنەکەت هەرچییەک بێت جا چ ئاهەنگێکی ئێوارەی فەرمی بێت کە پێویستە خەڵک بە باشترین شیواز بانگهێشت بکەیت و پێش کاتی ئێوارە خوانەکە ئاگاداریان بکەیتەوە، ئاهەنگی لەدایکبوونی منداڵەکەت لە ناو ماڵ یان دەرەوەی ماڵەکەت، یاخود ئاهەنگی هاوسەرگیریت، ئاهەنگێکی بچووک لەگەڵ نزیکترین هاوڕێکانت، یاخود ئاهەنگی لەدایک بوونی خۆت یان ناونانی منداڵەکەت. بۆ بانگهێشکردنی میوانەکانت بۆ هەر بۆنە و ئاهەنگێک پێویستە چەند ڕێنمایییەکی سادە جێبەجێ بکەیت.

کۆمەڵێک زانیاری سەرەتایی بۆ هەموو بانگهێشتنامەکان

هەندێک شت هەیە کە پێویستە هەموو بانگهێشتنامەکان لەخۆ بگرێت. دەتەوێت میوانەکانت ئامانجی چالاکییەکە بزانن (ئەگەر هەبێت)، کاتەکە (دەستپێکردن و کۆتایی)، شوێنەکە، ڕێنماییە تایبەتەکان (بۆ نموونە دەربارەی جلوبەرگ). هەروەها پێویستە داوای RSVP لە میوانەکانت بکەیت بۆ ئەوەی باشتر بتوانیت پلان دابنێیت. چەند خاڵێک هەیە کە پێویستە لە بانگهێشتنامەکەتدا بیخەیتە ڕوو:

  • ئاسایییە میوانەکەت کەسێکی تر بهێنێت یان نا.
  • ڕێنمایی تایبەت بە بۆنەکە.
  • ئەگەر ئاهەنگی منداڵان بێت، دەتەوێت دایک و باوکەکان لەگەڵیاندا بەشدار بن یان دەتەوێت تەنها منداڵەکان بەشداری بکەن.
  • جۆری ئەو خواردنەی کە پێشکەش دەکرێت بۆ ئەوەی میوانەکان ئاگاردار بن و هۆشیار بن لە ئەگەری هەستیاری.
  • داوای زانیاری هەستیاری یان هەستیاری خۆراک بکە.

بانگهێشتنامەی بۆنەیەکی فەرمی 

بۆ بۆنەیەکی فەرمی دەبێت بانگهێشتنامەکە لەگەڵ شێوازی بۆنەکە بگونجێت. دەبێت لە ناو بانگهێشتنامەکەدا ئاماژە بەوە بکەیت کە بۆنەکە فەرمییە یان نا بۆ ئەوەی ئەو میوانانەی کە بانگهێشتکراون ستایلی جل و بەرگیان بەپێی بۆنەکە هەڵبژێرن، هەروەها دەبێت ئاماژە بەوە بکرێت کە منداڵ دەتوانێت بەشداری بکات یان نا، کاتی دەست پێکردنی بۆنەکە، بە نزیکەیی کاتی تەواو بوونی بۆنەکە.

بانگهێشتنامەی بۆنە ئاساییەکان

لەکاتی بانگهێشتکردنی کەسێک بۆ کۆبوونەوەیەکی ئاسایی لەوانەیە زۆر پێویست بە بانگهێشتنامە نەکات بە شێوازی کارت تەنها پەیوەندییەکی تەلەفونی بەس بێت بۆ ئاگادار کردنەوە و بانگهێشتکردنی میوانەکانت. لەم بانگهێشتنامەدا تەنها پێویست بە دیاریکردنی کاتی هاتن و بەروار و ڕۆژی دیاریکرا هەیە لە هەندێک کاتیشدا پێویستە ناوی ئەو کەسانە بڵێیت کە میواندارییان دەکەیت.

پێوست ناکات چی لە بانگهێشتنامەکەدا هەبێت

پێویست ناکات جگە لەوەی لە یەکێک لەو بانگهێشتنامانەی سەرەوەدا هاتووە هیچ شتێکی تر بخەیتە ناو بانگهێشتنامەکەت. بەڵام ئەگەر ناتەوێت دیاری وەربگریت ئەوا دەتوانیت لێدوانێکی سادە بەکاربهێنیت وەک "تکایە دیاری نییە"، یان "لەبری دیاری، تکایە بەخشین بکە بۆ نەخۆشانی نەخۆشخانەی هیوا". 

پێش ناردنی بانگهێشتنامەکە چێک (دڵنیایی) بکەرەوە

لیستی میوانەکانت بپشکنە پێویستە دڵنیا بیت لەوەی کە بانگهێشتنامەی پێویستت هەیە و چەند شتێکی زیادە. ئاخر ڕەنگە کەسێک لە لیستی ئەسڵی تۆدا نەبێت و نەتوانێت بەشداری بکات، ئەمەش شوێنێکت پێدەدات بۆ کەسێکی تر کە حەز دەکەیت بانگهێشتی بکەیت. هەروەها چێکی تەواوی نووسینی ناو بانگهێشتنامەکەت بکەرەوە، ئەگەر بانگهێشتنامەی چاپکراوی پیشەیی بەکاربهێنیت یان خۆت بە دەست دەینووسیت، دڵنیابە پێش ئەوەی بیخەیتە ناو پۆستەوە یان بە دەست بیگەیەنیت بۆ ڕاستکردنەوەیان بیانخوێنەرەوە. ئەوەش کەمێک ئاسانترە لەوەی کە پەیوەندی بە هەموو کەسێکەوە بکەیت بۆ ڕاستکردنەوەی بەروار، کات، یان ناونیشانێک دوای ئەوەی پۆستیان بۆ دەکرێت.

کاتێک بانگهێشتنامەیەکت پێدەگات پێویستە چی بکەیت

لەبیرت بێت کە هەموو کەسێک ئەتەکێتی دروستی ناردنی بانگهێشتنامە نازانێت، بۆیە زۆر دڵتەنگ مەبە ئەگەر بانگهێشتنامەیەکت پێگەیشت کە ئەم ڕێنماییانە جێبەجێ نەکات. ئەگەر لە هەر شتێک لە کارتەکەدا ڕوون نەبوویت، پەیوەندی بەو کەسەوە بکە کە ناردویەتی و ڕوونی بکەرەوە کە پێویستە چی بزانیت. ئەگەر ڕووداوەکە شتێکە کە تۆ پێی ئاشنا نیت، تکایە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ پرسیار بکە، بۆ نموونە ئەگەر هەرگیز نەچوویتە ئەو هۆتێلە یان ئەو هۆڵەی کە بۆی بانگهێشتکراوی، لەوانەیە بپرسیت ئایا هیچ مەرجێکی تایبەت یان نەریتێک هەیە کە پێویستە پەیڕەوی لێبکەیت. هەڵوێستێکی ئەرێنی بپارێزە کاتێک RSVP دەنێری بۆ قبوڵکردن یان ڕەتکردنەوەی بانگهێشتنامەکە. هەروەها زۆر هەوڵبدە کە کات بگونجێنیت و بچیت چونکە سەرەنجام تۆ کەسێکی ئازیزی خاوەن بۆنەکەیت و بە بانگهێشتنامەیەک ئاگادار کراویتەتەوە و بەدەم بانگهێشتنامەکەوە بچۆ.


سەرچاوەکان



3225 بینین