ئەلموئمین ـ دڵنیاکەرەوە

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-05-18-23:16:00 - کۆدی بابەت: 12932
ئەلموئمین ـ دڵنیاکەرەوە

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و واتای ناوەکەی

ئەلموئمین یان ئەلموئمن (بە عەرەبی: المؤْمن یان المؤمن، بە ئینگلیزی: Al-Mu'min یان Al Mumin) ناوێکە لە ناوەکانی خوای گەورە و واتای دڵنیاکەرەوەی باوەڕدار و بەندەکانی لە سزا و بەڵێنەکانی خوا و بەڕاست دانەری بەڵێنەکانی بۆ بەندەکانی. لە ڕووی زمانەوانییەوە وشەی موئمین یان ئەلموئمین لە زمانی عەرەبیدا واتای پەسەندکراوی و دڵنیایی و باوەڕداری دەبەخشێت.

یەکێک لە تایبەتمەندی و سیفەتەکانی خوای گەورە بریتییە لەوەی کە زاتێکی دڵنیاکەرەوەیە، لە سوننەت و لە قورئانی پیرۆز بەندە و دروستکراوەکانی ئاگادارکردووەتەوە و دڵنیای کردوونەتەوە لە بەجێگەیاندنی بەڵێن و پەیمانەکانی، بەندە و باوەڕدارانی دڵنیاکردووەتەوە کە لە ڕۆژی دوایی خوای گەورە بەڵێنەکەی دەباتەسەر و بە بەهەشتی بەرینیان شاد دەکات، لەهەمان کاتدا بێباوەڕانی ئاگادارکردووەتەوە لەوەی کە لە ڕۆژی دواییدا بەڵێنی سزادانیان بەجێدەگەیەنێت.

هاتنی ناوی ئەلموئمین لە قورئاندا

لە قورئانی پیرۆزدا یەک جار خوای گەورە ناوی ئەلموئمینی وەکوو وەسف بۆ زاتی خۆی بەکارهێناوە کە لە سوورەتی (الحشر) لە ئایەتی ٢٣ دەفەرموێت: (هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِى لَآ إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْمَلِكُ ٱلْقُدُّوسُ ٱلسَّلَـٰمُ ٱلْمُؤْمِنُ ٱلْمُهَيْمِنُ ٱلْعَزِيزُ ٱلْجَبَّارُ ٱلْمُتَكَبِّرُ  سُبْحَـٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ)، واتا خوا ئه‌و زاته‌یه‌ که‌ جگه‌ له‌و خوایه‌کی تر نییه‌ و پاشای هه‌موو بوونه‌وه‌رانه‌، پاك و بێگه‌رد و پوخته‌ و ئاشتیخوازە، ئاسایشبه‌خش و په‌ناگای ئیماندارانه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌ و چاودێری دروستکراوه‌کانیه‌تی، باڵاده‌سته‌ و خاوه‌نی خێری بێسنووره‌، گه‌وره‌یه‌ و خۆی به‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت، پاکی و بێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌یه‌ له‌وه‌ی تینه‌گه‌یشتوان هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن.

هاتنی ناوی ئەلموئمین لە سوننەتدا

عەبدوڵڵای کوڕی عومەر لە پێغەمبەر گێڕایەتیەوە کە فەرموویەتی: (إن الله تبارك وتعالى إذا كان يوم القيامة جمع السماوات السبع والأرضين السبع في قبضة، ثم يقول عز وجل: أنا الله، أنا الرحمن، أنا الملك، أنا القدوس، أنا السلام، أنا المؤمن، أنا المهيمن)، واتا خوای گەورە لە ڕۆژی دواییدا زەوی و ئاسمانەکان دەکاتە مشتێک و کۆیدەکاتەوە و دەفەرموێت، من هەرخودی خۆم زاتی اللە و بە بەزەیی و خاوەن دەسەڵات و پاک و بێگەرد و دڵنیاکەرەوە و ئاشتیخواز و چاودێر و پارێزەری هەموو شتێكم.


سەرچاوەکان



2840 بینین