ئەلموتەکەبیر ـ خۆبەگەورەزان

له‌لایه‌ن: - ئیسرا بورهان ئیسرا بورهان - به‌روار: 2024-06-23-20:47:00 - کۆدی بابەت: 13261
ئەلموتەکەبیر ـ خۆبەگەورەزان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن و واتاکەی

ئەلموتەکەبیر یان ئەلموتەکەبر (بە عەرەبی: المتكبر، بە ئینگلیزی: Al-Mutakabbir) یەکێکە لە ناوەکانی خوای گەورە کە واتای خۆبەگەورەزان یان خۆبەگەورەگر یان زۆر گەورە دەبەخشێت، بەو واتایەی خوای گەورە زاتێکی خۆبەگەورەزان و خۆبەگەورەگرە لە بەرانبەر هەموو ناتەواوی و ناکامڵی و کەموکوڕییەکان.

سیفەتی کیبر یان خۆبەگەورەزانی و خۆبەگەورە نواندن لە مرۆڤدا سیفەتێکی نەرێنی و خراپ و ناپەسەندە و بە تاوان دادەنرێت، چونکە خۆبەگەورەزانی تایبەتمەندییەکی ڕەهایە بۆ خوای گەورە و تایبەتمەندییەکانی شانازی، کامڵی تەواو، شکۆمەندیش لەخۆدەگرێت. سیفەتی خۆبەگورەزانی ڕەها تایبەتمەندکراوە بە خوای مەزن بۆ ئەوەی بیری دروستکرەوەکان و بوونەوەرەکانی بهێنێتەوە کە کەس لە کەسی تر گەورەتر نییە و هیچ کەسێک لە کەسێکی تر باشتر نییە، گەورەیی و شکۆمەندی ڕەها تایبەتن بەخوای مەزن.

گەورەیی و خۆبەگەورەزانی خوا لە بەرژەوەندی بەندەکانێتی چونکە ئەم تایبەتمەندییە تەنها بۆ خودایە و هەموو بەندەیەکی خوا لەوە دڵنیایە کە زاتێکی گەورە پاڵپشتێتی و لە زۆرداری و ستەمەکان ناترسێت و دڵنیایە لەوەی کە مافی لەلایەن خواوە دەستەبەر دەبێت.

هاتنی ناوی ئەلموتەکەبیر لە قورئانی پیرۆزدا

ناوی ئەلموتەکەبیر وەکوو تایبەتمەند و وەسف بۆ زاتی خوای گەورە یەک جار لە قورئانی پیرۆز هاتووە کە لە سوورەتی (الحشر) لە ئایەتی ٢٣ خوای گەورە دەفەرموێت: (هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِى لَآ إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْمَلِكُ ٱلْقُدُّوسُ ٱلسَّلَـٰمُ ٱلْمُؤْمِنُ ٱلْمُهَيْمِنُ ٱلْعَزِيزُ ٱلْجَبَّارُ ٱلْمُتَكَبِّرُ سُبْحَـٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ)، واتا خوا ئه‌و زاته‌یه‌ که‌ جگه‌ له‌و خوایه‌کی تر نییه‌ و پاشای هه‌موو بوونه‌وه‌رانه‌، پاك و بێگه‌رد و پوخته‌ و ئاشتیخوازە، ئاسایشبه‌خش و په‌ناگای ئیماندارانه‌، ده‌سه‌ڵاتداره‌ و چاودێری دروستکراوه‌کانیه‌تی، باڵاده‌سته‌ و خاوه‌نی خێری بێسنووره‌، گه‌وره‌یه‌ و خۆی به‌ گه‌وره‌ ده‌زانێت، پاکی و بێگه‌ردی بۆ ئه‌و خوایه‌یه‌ له‌وه‌ی تینه‌گه‌یشتوان هاوه‌ڵی بۆ بڕیار ده‌ده‌ن.

هاتنی ناوی ئەلموتەکەبیر لە فەرموودەدا

پێغەمبەر دەفەرموێت (يمجد الرب نفسه أنا الجبار ، أنا المتكبر، أنا الملك، أنا العزيز، أنا الكريم) واتا لە ڕۆژی دوایی دوای لەناوچوونی دونیا و زەوی و ئاسمانەکان، خوای گەورە دەفەرموێت من خاوەن دەسەڵاتی ناچارکەرم، من خۆبەگەورەزانم، من زاڵ و دەسەڵاتدارم، من زۆر سەخی و بەخشندە و دەستكراوە و دەستڕۆشتو و دەستواڵام.


سەرچاوەکان



42 بینین