لۆکی

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-25-21:22:00 - کۆدی بابەت: 12986
لۆکی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

لۆکی (بە عەرەبی: لوكي، بە ئینگلیزی: Loki) کەسایەتییەکی خەیاڵی و خراپەکارێکی بەهێز و دژەپاڵەوانێکە لە لایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی ڵۆکی لە لایەن ستان ڵی، لاری لیبەر و جاک کێربییەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٢ لە کۆمیکی Journey into mystery #85. کەسایەتییەکە لە خواوەندێکی ئەفسانەی باکوورییەکانەوە وەرگیراوە لەژێر هەمان ناودا، خواوەندی خراپەکاری ئەزگاردییەکان، کوڕی هەڵگیراوەی ئۆدن و برای هەڵگیراوەی پاڵەوان سۆرە.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

ڵۆکی لە یوتنهایم لەدایکبووە. کوڕی پاشای زەبەلاحی بەستەڵەک ڵاوفی بوو هەندێکجاریش بە ڵۆکیی کوڕی ڵاوفی بانگ دەکرێت (ڵۆکی ڵاوفیسەن). لە ڕووی جەستەوە منداڵێکی بچووک و لاواز بوو و شیاوی ئەوە نەبوو ببێت بە زەبەلاحی بەستەڵەک، هەربۆیە باوکی لە پەرستگایەکدا بەجێی هێشت تا بمرێت. لە ساڵی ٩٦٥ی زایینی، ماوەیەکی زۆر تێنەپەڕیبوو بەسەر جەنگی نێوان زەبەلاحەکان و ئەزگاردییەکان، ڵۆکی لە لایەن پاشا ئۆدنەوە دۆزرایەوە.

ئۆدن ڵۆکی هەڵگرتەوە و جادووی بەکارهێنا تا شێوەی بگۆڕێت و لە هاوڵاتییەکی ئەزگاردی بچێت و لەگەڵ کوڕە ڕاستەقینەکەی سۆر و فریگای هاوسەریدا، بەخێوی کرد. لەگەڵ گەورەبوونیدا، ڵۆکی هەمیشە وا هەستی دەکرد کە لەژێر سێبەری سۆردا دەژی و ئیرەیی بەو ڕاستییە دەبرد کە سۆر دەبوو بە پاشا.

ئۆدن جارێک سەبارەت بە داهاتووی تەختەکەی قسەی لەگەڵ دوو کوڕەکەی کرد، هەوڵیدا ئەوەیان فێربکات لە کاتێکدا دەکەونە کێشەوە لەگەڵ دوژمنەکانیان ئاشتییان لە لا گرنگتربێت وەک لە جەنگ. کاتێک سۆر و ڵۆکی دانیان بەوەدانا کە هەردووکیان ئامادەن ببن بە پاشا، ئۆدن ئاماژەی بەوەدا کە تەنها یەکێکیان دەتوانن تەختەکە بگرنە دەست. بەڵام کاتێک کە تامەزرۆیی سۆر زیادتر دەبوو بۆ شەڕکردن لەگەڵ زەبەلاحەکانی بەستەڵەک و هەر دڕندەیەکی تر لە نۆ شانشینەکەدا، ئیرەیی ڵۆکی لە دژی سۆر و تامەزرۆیی بۆ ئەوەی ئۆدن قەدری بزانێت لە بەرامبەر ئەوەی شایستەیە، هەموو ئەمانە وردە وردە کەسایەتی ڵۆکییان گۆڕی بەرەو خراپتر. بە هێواشی دەبوو بە کەسێکی بەرزویست، بەبێ ئەوەی گوێ بە دەرئەنجامی کارەکانی بدات هەموو کارێکی دەکرد تا ببێتە کەسێکی بەهێز و مەزن و قازانجی بۆ خۆی هەبێت.

لەکاتێکدا ئۆدن زۆربەی کاتەکانی لەگەڵ سۆردا بەسەردەبرد، ڵۆکی لە فریگا نزیک بووەوە و سەیری دەکرد کاتێک جادووی دەکرد و سەرسام بوو بەوەی ئاگر لە دەستەکانییەوە دەردەچوو. فریگا پێی وت کە ڕۆژێک دێت ئەویش دەتوانێت جادوو بکات، دڵنیای کردەوە کە دەتوانێت هەرچییەکی ویست ئەنجامی بدات. فریگا لەو باوەڕەدا بوو کە ڵۆکی بەهۆی دەستکەوتەکانی ئۆدن و سۆرەوە هەست بە کەمی دەکات، بۆیە بڕیاریدا هەموو شتێک لەبارەی جادووەوە فێری ڵۆکی بکات، لە کۆتاییدا ڵۆکی بوو بە کەسێکی شارەزا لە بواری جادووی ئەزگاردی، توانای دروستکردنی چەک و دروستکردنی هاوشێوەی وەهمیی بۆ خۆی.

ئۆدن سۆر و ڵۆکی برد بۆ سەردانی زەوی، لەوێ ئەزگاردییەکان زمان و کولتوورەکەیان فێری نەرویجییەکان دەکرد و تواناکانیان نمایش دەکرد. ئەمە وای لە خەڵکەکە کرد وا باوەڕ بکەن کە ئەزگاردییەکان خواوەندن. نازناوی "خواوەندی هەورەگرمە"یان بە سۆر بەخشی و بەهۆی فێڵ و جادووە وەهمییەکانی ڵۆکیشەوە نازناوی "خواوەندی خراپەکاری"یان پێبەخشی و بەو شێوەیە لەناو پەرتووک و چیرۆکەکانی مرۆڤەکاندا بۆ ماوەی چەندین سەدەی داهاتوو وێنا دەکرێت.

کەسایەتی

ڵۆکی خواوەندی خراپەکارییە، درۆزنێکی لێهاتوو و فێڵبازە. کەسێکی سەرنجڕاکێش، زیرەک، خاوەن بەهرەیە و ڕەفتارەکانی چاوەڕواننەکراون. هەندێکجار ڕەفتارەکانی خراپەکارانەیە و زۆرجاریش لەپێناو بەدەستهێنانی ئامانجەکانی خۆیدا خیانەتی لە کەسە ئازیزەکانی کردووە، بەڵام لە کۆتاییشدا سەلماندوویەتی کە کەسێکە خاوەنی دڵێکی باشە. خۆشەویستییەکەی بۆ سۆر و ویستی بۆ ئازادبوون لە رابردووە تاوانکارییەکەی هاندەری کردەوەکانین. هەموو ئەمانە لەگەڵ بەرزویستییەکەی واتای ئەوەیە کە هەرگیز خۆی بەدەستەوە نادات.

لەبەرئەوەی لە منداڵییەوە پێی وتراوە وەکوو شازادەیەکی ئەزگارد لەدایکبووە و بەربژێرە بۆ بوون بە پاشا، ڵۆکی وا بیری کردووەتەوە کە "ئامانجێکی مەزن" لە چارەنووسی نووسراوە. کاتێک بۆی دەردەکەوێت کە ئەم هەڵگیراوەیە و ڕاستی سەبارەت بە ڕەچەڵەکی ڕاستەقینەی لێ شاردراوەتەوە، هەموو بیرکردنەوە و خەیاڵەکانی لەناودەچن. بەهۆی ئەمەوە دەکەوێتە دۆخێکەوە، وا بیر دەکاتەوە کە پێویستە پیشانی خێزانەکەی بدات کە کوڕێکی شایستەیە بۆ تەختی پاشایەتی وەکوو سۆری برای، لە کاتێکدا هەمیشە ئیرەیی پێ بردووە و پێی وابووە کە ئۆدین سۆری زیاتر خۆشویستووە. ویستی بۆ حوکمڕانی و ڕەفتارە فێڵاوییەکانی ڕێگایەکە بۆ ئەوەی لاوازییەکەی بشارێتەوە. لە ڕاستیدا ڵۆکی نایەوێت و چێژ لە ئازاردانی کەسانی تر نابینێت، بە تایبەتی ئەندامانی خێزانەکەی، بەڵام لەبەرئەوە ئەو کارانە دەکات چونکە وا هەست دەکات پێویستی بەوەیە ساوێرێک دروستبکات تا پیشانی بدات ئەوە جڵەوی شتەکانی لەژێر دەستدایە. بە هەمان شێوە، کارە فێڵاوییەکانی لەو ویستەوە سەریان هەڵداوە کە حەزی لە سەرنجە. لەبەرئەوەی خاوەنی کەسایەتییەکی خۆخوازە، ڵۆکی حەزی لە پیا‌‌هەڵدانە و حەزدەکات لە ناوەندی ڕووداوەکاندا بێت. لەبەر ئەم هۆکارە، بەبەردەوامی حەزی لە پێشکەشکردنی وتەی دوورودرێژە، حەزی لەوەیە زیرەکی خۆی دەربخات و لە ژیانێکی شاهانەدا بژی و کەسانی تر خزمەتی بکەن. بەڵام لە کۆتاییشدا پێویستی بۆ ئەم سەرنجە دەگەڕێتەوە بۆئەوەی دەترسێت لەوەی بە تەنها بمێنیتەوە.

هاوڕێ و دوژمنەکانی

دۆست و هاوڕێکانی:

  • ئەبزۆربین مان
  • ئاڵیگەیتەر ڵۆکی
  • کاپتن یونیڤێرس
  • دۆرماموو
  • دکتۆر دووم
  • فریگا
  • مس مارڤڵ
  • ئۆدن
  • ڤێنەم
  • سۆر

دوژمنەکانی:

تواناکانی ڵۆکی

  • توانای سەروومرۆیی
  • فاکتەری توانای چاکبوونەوە
  • توانای جادووگەری
  • دەتوانێت بە مێشکی کاربکاتە سەر جووڵەی شت وکەسانی چواردەوری
  • توانای دروستکردنی وەهم و خەیاڵی هەیە کە دەتوانێت بە ڕووبەری شارێکی گەورە خەڵک بخەڵەتێنێت
  • توانای هەیە بەناو ڕەهەندەکاندا تەلەپۆرت بکات
  • توانای شێوەگۆڕین
  • کەسێکی بلیمەتە
  • دەتوانێت بە چەندین زمان و شێوەزاری جیاواز و بێگانە قسە بکات

خاڵی لاواز

  • توانا جادوویییەکانی سنووردارە
  • بەرزویستییەکەی (تموحەکەی) گەورەترین خاڵی لاوازییەتی

فیلم و زنجیرە سینەمایییەکان

کەسایەتی لۆکی تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و لە ئێستادا ڕۆڵەکە دراوە بە ئەکتەر تۆم هیدڵستن لە جیهانی سینەمایی مارڤڵدا.

دیارترین فیلم و زنجیرەکان:

  • فیلمی Thor 2011
  • فیلمی The avengers 2012
  • فیلمی Thor: the dark world 2013
  • فیلمی Thor: Ragnarok 2017
  • فیلمی Avenger: infinity war 2018
  • فیلمی Avengers: Endgame 2019
  • زنجیرەی what if…? 2021
  • زنجیرەی Loki 2021


سەرچاوەکان



2454 بینین