هەڵک

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-25-22:53:00 - کۆدی بابەت: 12987
هەڵک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

هەڵک (بە عەرەبی: هولک، بە ئینگلیزی: Hulk) کەسایەتییەکی خەیاڵی و پاڵەوانێکی بەهێزە لە لایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی هەڵک لەلایەن ستان ڵی و جاک کێربییەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٢ لە کۆمیکی The incredible hulk. ناوی ڕاستەقینەی هەڵک ڕۆبەرت بروس بانەرە کە فیزیازانێکی بیردۆزییە و بەهۆی ڕووداوێکەوە دەگۆڕێت بە بوونەوەرێکی ڕەنگ سەوزی زەبەلاح.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

ڕۆبەرت بروس بانەر کوڕی دکتۆر براین بانەر و ڕبێکایە. باوکی فیزیازانێک بووە کە لە بواری ئەتۆمدا کاری کردووە. بەهۆی ئەو خۆشەویستییەی ڕبێکا بۆ بروس هەیبوو، باوکی ئیرەیی پێ دەبرد و ڕقی لێی بوو. بڕاین لەو باوەڕەدا بوو بەهۆی کارکردنی لەگەڵ ماددە تیشکدەرەکان، وایان کردووە ببێتە خاوەنی کوڕێکی گۆڕاو. ئەم هۆکارانە بوونە هۆی ئەوەی باوکی لەڕووی جەستەیییەوە ئازاری کوڕەکەی بدات. یەکێک لەو کەسانەی یارمەتی بروسی دەدا بەرگەی توندوتیژیییەکەی باوکی بگرێت، جێنیفەر واڵتەرزی ئامۆزای بو کە هاوینان لەگەڵیدا بە خوێندنەوەی کتێب کاتیان بەسەردەبرد.

ئەوکاتەی براینی باوکی ڕبێکای دایکی کوشت، ژیانی بروس گۆڕا و باوکی خرایە نەخۆشخانەی دەروونی. لەدوای ئەوە بروس لە لایەن سوزن بانەری پورییەوە بەخێوکرا کە تێدەگەیشت لە تووڕەیی و ئازارەکانی تەمەنی منداڵی بروس. سوزن بەوپەڕی خۆشەویستی و گرنگیپێدانەوە بروسی وەکوو منداڵی خۆی بەخێوکرد. بروس وەکوو منداڵێکی گۆشەگیر و خاوەن بەهرە و زیرەکییەکی بێ وێنە گەورەبوو. بەهۆی لێدان و سووکایەتییەکانی باوکییەوە تووشی تێکچوونی کەسایەتی جیاکەرەوە یان فرە ناسنامە بوو و بۆ ماوەی چەند ساڵێک ئەم حاڵەتەی بەبێ دەستنیشانکردن مایەوە.

یەکەمین نیشانەی کێشەی دەروونی کە لە بروسدا دەرکەت بەهۆی ئەشکەنجەکانی تەمەنی منداڵییەوە، ئەو کاتە دەرکەوت کە بروس دەستی کرد بە قسەکردن لەگەڵ هاوڕێیەکی خەیاڵیدا بەناوی هەڵک، وەکوو ڕێگایەک بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ تەنهایی، مردنی دایکی و ئەشکەنجە و ئازارەکانی تەمەنی منداڵی. سوزنی پووری نیگەران بوو و بردییە لای چەند کەسێکی شارەزا و ئەوانیش دڵنیایان کردەوە کە ئەوە تەنها میکانیزمی خۆگونجاندنە و لە کۆتاییدا ئەو هاوڕێ خەیاڵییە نامێنێت. بەڵام بەداخەوە بۆ ماوەی چەندین ساڵ هۆڵک وەکوو هاوڕێی خەیاڵی بروس مایەوە.

بروس لە عەمبارێکی چۆڵکراودا بە نهێنی کاری لەسەر تەقینەوە دەکرد و هەڵک پێشنیاری بۆ کرد کە قوتابخانەکەی بتەقێننەوە بۆ ڕزگاربوون لە بێزاری و خەمەکانیان. بروس پەشیمان بووەوە و ڕەتی کردەوە کە قوتابخانەکە بتەقێنێتەوە، بەڵام هەڵک ئەمەی بە دڵ نەبوو. لەماوەی چەند شەوی داویدا، بەبێ ئەوەی بروس پێی بزانێت و لە کاتی خەوتنیدا هەڵک جڵەوی جەستەی دەگرتە دەست. هەڵک بۆمبێکی لە قوتابخانەکەدا چاند بۆ ئەوەی بەیانی بیتەقێنێتەوە. کاتێک بروس پێی زانی چی ڕوویداوە بە خێرایی چوو بۆ قوتابخانەکە تا هەوڵبدات بۆمبەکە پووچەڵ بکاتەوە بەڵام بۆی دەرکەوت کەس گوێ بۆ ئاگادارکردنەوەکانی ناگرێت. بروس توانی خۆی بگەیەنێتە ژێرزەمینەکە و لە کاتی خۆیدا بۆمبەکە پوچەڵ بکاتەوە. لە لایەن هەندێک لە هاوڕێ قوتابییەکانییەوە ئاشکرا دەکرێت کە چی کردووە و دەست دەکەن بە تێهەڵدانی. بەڕێوەبەری قوتابخانەکە دەوامی قوتابخانەکە ڕادەگرێت و بروس لە ژوورێکدا بەند دەکات. دوای ئەوەی بروس لە نەخۆشخانە دەردەکرێت، پووری دەیباتە دەرەوەی شار تا نەچێتە زیندان. پووری لە لایەن ثادیەس ئی. "ثەندەربۆڵت" ڕۆسەوە، کە نوێنەرێکی سەربازییە ئاگادارکراوەتەوە کە بۆمبەکە کارێکی زیرەکانە بووە، بەڵام بە باشی دروست نەکرابوو. سەرەڕای ئەوە کارەکە سەرنجی هێزی سەربازی بەلای خۆیدا ڕاکێشاوە و دەیانەوێت خەرجی خوێندنەکەی بگرنە ئەستۆ بەو هیوایەی ببێتە دیزاینەرێکی باشی چەک کە بتوانێت کار بۆ هێزی سەربازی بکات.

لە دوای تەواوکردنی خوێندن لە قوتابخانەی ئامادەیی ساینس، بروس خوێندنی فیزیانی ئەتۆمی لە زانکۆی دێزەرت لە نیو مەکسیکۆ تەواو کرد. وەکوو قوتابییەکی گەنج بۆ یەکەمجار چاوی بە قوتابییەکی تری بلیمەت کەوت بەناوی تۆنی ستارک. دواتر بوون بە هاوڕێی نزیک و بوونە ئەندامی کۆمەڵەی تۆڵەسێنەکان.

بروس لە زانکۆی کاڵتێک بڕوانامەی دکتۆرای لە بواری فیزیای ئەتۆمی بەدەستهێنا. پاشان بۆ کارکردن چووە بنکەی توێژینەوەی ئەتۆمی لە بەڕێوەبەرایەتی بەرگریی ویلایەتە یەکگرتووەکان لە بنکەی دێزەرت لە مەکسیکۆی نوێ. لەوێ بانەر چاوی کەوت بە جەنەڕاڵ ثەندەربۆڵت و بێتی ڕۆزی کچی، کە لەدواییدا بوون بە خۆشەویستی یەکتر. بانەر دیزاینی بۆمبی گامای کرد و هەر خۆشی سەرپەرشتی بنیادنانەکەی بوو، کە بریتییە لە چەکێکی ئەتۆمی و تیشکێکی زۆری گاما دەردەپەڕێنێت.

لە دوای ١٥ ساڵ لە هێشتنەوە لە نەخۆشخانەی دەروونی، دکتۆرەکان گەشتنە ئەو بروایەی کە بڕاین ئامادەیە بگەڕێتەوە ناو کۆمەڵگە. سەرەڕای ئەوەی بە دڵی نەبوو، بەڵام بروس ڕێگەی دا باوکی بە شێوەیەکی کاتی لەگەڵیدا بژی. لەو ماوەیەدا، بڕاین دەستی کرد بەوەی ڕەفتاری نامۆ بکات، دەبووە هۆی ئەوەی گرژی دروست بکات لە نێوان خۆی و کوڕەکەیدا. پاش ئەوەی بڕاین تووڕە دەبێت لە کوڕەکەی و هۆکاری شێتبوونەکەی دەخاتە ئەستۆی ئەو، بروس بەجێی دەهێڵێت و دەچێت بۆ سەردانی گۆڕی دایکی بەبۆنەی یادی مردنەکەیەوە. بڕاین دوای دەکەوێت و دەست دەکات بە بێزارکردنی بروس بە دڕندە و گۆراو بانگی دەکات. ڕووبەڕووبوونەوەکە بەخێرایی دەبێتە دەستەویەخە و بڕاین بروس دەخات بە زەویدا. ئەو کاتەی لەسەر زەوییە بروس بە پێیەکانی پاڵ بە باوکییەوە دەنێت، باوکی دەکەوێت و سەری بەر کێلی گۆرەکەی ڕبێکا دەکەوێت و دەمرێت. بۆ خۆگونجاندن لەگەڵ کوشتنی باوکی، بروس یادەوەرییەکانی ئەو کاتەی باوکی لەگەڵیدا دەژی و مردنەکەیشی کەپت دەکات. وا بڕوا بە خۆی دەهێنێت کە هەردووکیان لەسەر گۆڕەکەی ڕبێکا کردوویانە بە شەڕ، بڕاین لێی داوە و دواتر بەجێی هێشتووە و دواتر لە لایەن کۆمەڵە دزێکەوە کوژراوە.

بانەر لە یەکەمین تاقیکردنەوەی زەمینی بۆمبی گامادا، لە کۆگای ئامێرەکاندا لە شوێنی تاقیکردنەوەکە ئامادەبوو. کاتێک بینی کە کەسێکی مەدەنی هاتووەتە ناو شوێنی تاقیکردنەوەکەوە کە چوونە ناوەوە بۆی قەدەغە بوو، بە هاوپیشەکەی ئیگۆر ستارکسی وت کە ژماردنەکە بۆ کاتی تەقینەوەکە دوابخات لە کاتێکدا ئەو هەوڵ دەدات کەسە مەدەنییەکە بگەیەنێتە ناوچەی سەلامەت. ستارسکی کە بریکارێکی نهێنی سۆڤییەت بوو، هیچی نەکرد. لەو بروایەدا بوو کە بانەر لە تەقینەوەکەدا دەمرێت و پڕۆژەکە دەوەستێنێت. بانەر گەیشتە هاوڵاتییە مەدەنییەکە و فریا کەوت کە پاڵی بنێت بەرەو ناوچە سەلامەتەکە. بەڵام پێش ئەوەی خۆی بگاتە ناوچەی سەلامەت بۆمبە گاماکە تەقییەوە و شەپۆلی بەهێزی تیشكدانەوە بەر جەستەی کەوت. بانەر بە تەنۆلەکی تیشکدەرەوەی بارگە بەرز بۆمباران دەکرێت. بروس مرد، بەڵام بۆمبە گاماکە بەربەستێکی مێتافیزیکی دروستکرد کە پێی دەوترێت دەروازەی سەوز، زەوی بەستەوە بە نزمترین چینی فرەگەردوون. دەروازە سەوزەکە بروسی گەڕاندەوە بۆ ژیان، بەڵام ماوەی نێوان مردن و زیندووکردنەوەکەی ئەوەندە کورت بوو کە مردنەکەی هەستی پێ نەکرا. بۆمبی گاماکە جەستەی بروسی گۆڕی، بووە هۆی ئەوەی جەستەی جارجار بگۆڕێتە سەر شێوەی دڕندەیەکی زۆر بەهێز کە ڕەنگی پێستی خۆڵەمێشی بوو و دواتر جەنەڕاڵ ڕۆز ناوی نا "هەڵک".

لە سەرەتاوە بانەر لە کاتی ڕۆژئاوابوونەوە دەبوو بە هەڵک و لە گزنگدا دەبووەوە بە مرۆڤ. لەدواییدا جەستەی بانەر گۆڕا و گۆڕانەکانی بۆ هەڵک بە دەردانی ئەدریناڵین کاری تێدەکرا. کاتێک تووڕە دەبوو یان دەهەژا کاتەکەی شەو بووایە یان ڕۆژ دەبوو بە هەڵک.

تێبینی: لە بنەڕەتدا وا بڕیار بوو ڕەنگی هەڵک خۆڵەمێشی بێت بەڵام بەهۆی کێشەی مرەکەبەوە ڕەنگەکەی بوو بە سەوز.

کەسایەتی

بروس بانەر کەسێکی گۆشەگیر، بلیمەت و کەسێکی شارەزای بواری زانستە. کەسێکی ژیرە و بەلای ئەوەوە زانست و بیرکردنەوە بوونەتە تاکە ڕێگا تا بتوانێت لە ڕێگەیەوە جڵەوی جیهان بکات. سەبارەت بە هەڵکیش، ئەو کەسایەتییەکی تەواو نییە. لە ڕێگەی چیرۆکەکەیەوە دەزانین کە هەمیشە ویستوویەتی جڵەوی شتەکان بکات. هەڵک بەرجەستەکردنی تووڕەیی بانەرە کە دەری نەبڕیوە و لە خۆیدا هێشتوویەتەوە. کەسایەتی هەڵک بەتەنها بە کەسایەتییەکی زۆر زۆر زۆر تووڕە وەسپ دەکرێت.

هاوڕێ و دوژمنەکانی

دۆست و هاوڕێکانی:

دوژمنەکانی:

  • ڕاڤج
  • پیسمیڵ
  • لۆرد ئارماگیدۆن
  • ئەبزۆربین مان
  • یو-فۆس
  • ڕێد هەڵك
  • سانۆس
  • گەڵاکتەس
  • ثەندەربۆڵت
  • ئەبۆمینەیشن
  • زە لیدەر
  • وۆڵڤرین

تواناکانی هاڵك

جگە لە زیرەکییەکەی بروس بانەر، بەرکەوتنی بە تەنۆلکە تیشکدەرەکان چەند توانایەکی بێهاوتایان پێبەخشیوە، گرنگترینیان بریتیین لە:

  • توانای گۆڕینی جەستە
  • هێزی جەستەیی بێسنوور
  • توانای بازدان
  • توانای بەرگەگرتن
  • جڵەوی توانای دووبارە دروستبوونەوەی جەستەی دەکات وەکوو چاکبوونەوەی برینداری
  • توانای بەرگەگری نەخۆشی هەیە
  • درەنگ پیربوون
  • خێرایی زۆر
  • توانای هەناسەدان لەژێر ئاودا
  • بەرگەگری تەڵەپاثی
  • زیرەکییەکی بێوێنەی هەیە

خاڵی لاواز

  • هەندێکجار پێویستە بگەڕێتەوە سەر شێوەی مرۆڤ تا بتوانێت وزەی گاماکەی پڕ بکاتەوە
  • تیشکدانەوەی گەردوونی
  • هەڵمژینی گاز
  • چەکی ڤایبرۆنییەم و ئەدامانتیۆم دەتوانن برینداری بکەن
  • ڕێگەگرتن لە دەردانی ئەدریناڵین
  • ماددە ژەهراوییەکان
  • جادوو

فیلم و زنجیرە سینەمایییەکان

کەسایەتی هەڵک تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەند ئەکتەرێکی جیاواز رۆڵەکەیان وەرگرتووە، کە بریتیین لە:

  • بیڵ بیکسبی
  • ئێریک بانا
  • ئێدوارد نۆرتن
  • مارک ڕەفەڵۆو

دیارترین فیلم و زنجیرەکان:

  • فیلمی The incredible hulk 2008
  • فیلمی The avengers 2012
  • فیلمی Iron man 3 2012
  • فیلمی Avengers: Age of ultron 2015
  • فیلمی Thor: Ragnarok 2017
  • فیلمی Avengers: infinity war 2018
  • فیلمی Avengers: Endgame 2019
  • فیلمی Shang-chi and the legend of ten rings 2021 
  • زنجیرەی The incredible hulk 1977-1982
  • زنجیرەی The incredible hulk 1996-1998
  •  زنجیرەی She-hulk: Attorney at law 2022


سەرچاوەکان



2404 بینین