کاپتن ئەمریکا

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-06-18-22:42:00 - کۆدی بابەت: 9075
کاپتن ئەمریکا

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

کاپتن ئەمریکا (بە عەرەبی: کابتن أمریکا، بە ئینگلیزی: Captain america) کەسایەتییەکی خەیاڵی و پاڵەوانێکی مەزنە لەلایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی کاپتن ئەمریکا لەلایەن جۆو سایمن و جاک کێربییەوە دروستکراوە و یەکەمین دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ مانگی ئاداری ساڵی ١٩٤١ لە کۆمیکی (Captain america comics #1 ). کاپتن ئەمریکا ناوی ڕاستەقینەی ستیڤن ڕۆجەرسە، سەربازێکی سەرووئاسایی و کەسایەتییەکی نیشتمانپەروەرە کە لە جەنگی جیهانیی دووەمدا جەنگاوە.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

ستیڤ ڕۆجەرس لە ڕێککەوتی چواری تەمووزی ساڵی ١٩٢٠ لە خێزانێکی ئێرلەندی هەژاری کۆچبەر لەدایکبووە، دایکی سارا و باوکی جۆسیف ڕۆجەرسن. ستیڤ وەکوو گەنجێکی بە جەستە لاواز لە نیویۆرکی ئەمریکا گەورەبوو لەوکاتەی وڵاتەکە کەوتبووە ناو بارودۆخێکی ئابووری خراپەوە. زانیاری زۆر نییە سەبارەت بە ژیانی منداڵی ستیڤ جگە لەوەی زانراوە کە کەسێک بووە هەستی بە ئەرکەکانی خۆی کردووە، کەسێکی بەڕێز و سادە بووە. کاتێک منداڵە باوکی کۆچی دوایی دەکات و لە سەرەتای تەمەنی گەنجیدا دایکی بە نەخۆشی هەوکردنی سییەکان کۆچی دوایی دەکات. ستیڤ دەچووە قوتابخانەیەک لە نزیک ناوچەکەی خۆیان. لە نێو هەموو ئەو کەسانەی کە بەها نیشتمانپەروەرییەکانیان لە دڵیدا دەچەسپاند مامۆستای زانستە مەدەنییەکانیان ئێدنا کرۆزلی، دیارترینیان بوو. فێری دەکردن وەکوو ئەمریکیەک بەرپرسیارێتی ئەوان بوو ویلایەتە یەکگرتووەکانی ئەمریکا بپارێزن کە لەهەر وڵاتێکی سەر زەوی زیاتر مافی بەخشیوە بە هاوڵاتییەکانی. بەهۆی ترسان لەو کورتە گرتە ڤیدیۆییانەی نازییەکان کە ئەورووپا تاڵان دەکەن و دڕندەییەکانی ئیمراتۆریەتی ژاپۆن لە چین و کۆریا لە کیشوەری ئاسیا، ڕۆجەرز هەوڵی دا خۆی ناونووس بکات لە سووپادا بەڵام بەهۆی لاوازی جەستەیەوە وەرنەگیرا. کاتێک جەنەڕاڵ چێستەر فڵیپس گوێبیستی هەوڵە بەردەوامەکانی ڕۆجەرز بوو سەبارەت بە سووربوونی لەسەر چوونە ناو سووپاوە، دەرفەتێکی پێشکەشی ڕۆجەرز کرد بۆ بەشداریکردن لە تاقیکردنەوەیەکی بەهێزکردنی زۆر نهێنی بەناوی ئۆپەراسیۆنی لەدایکبوونەوە. ڕۆجەرز ڕازی بوو و بردیان بۆ تاقیگەیەکی نهێنی لە شاری واشنتن، لەوێ بە دکتۆر ئیبراهام ئێرسکن ناسێنرا کە دروستکەری سیڕەمی سوپەر سۆڵجەرەکە بوو. دوای چەند هەفتەیەک لە پشکنین، لە کۆتاییدا ڕۆجەرز سیڕەمەکەی وەرگرت، بەشێکی لە ڕێگەی دەرزی و بەشێکی لە ڕێگەی دەمەوە. لەدوای ئەوە ڕۆجەرز خرایە بەر تیشکی ڤیتا، کە بریتییە لە تیشکدانەوەی کۆمەڵە درێژەشەپۆلێکی نائاسایی وا دیزاین کراوە کاریگەری سیڕەمەکە لەسەر جەستەی کەسەکە خێراتر و جێگیرتر بکات. ستیڤ بە جەستەیەکی کامڵ و بەهێزەوە لەناو سندووقی تیشکی ڤیتاکەوە دێتە دەرەوە. سیخوڕێکی نازی کە چاودێری تاقیکردنەوەکەی دەکرد، چەند خولەکێک دوای دەرکەوتنی ئەنجامەکان دکتۆر ئێرسکن دەکوژێت. دکتۆر ئێرسکن دەمرێت بەبێ ئەوەی هاوکێشەی سوپەر سۆڵجەرەکە بخاتە سەر کاغەز، بەمەش ستیڤ تاکە کەس دەبێت کە سوودمەند دەبێت لە بلیمەتییەکەی دکتۆر ئێرسکن. دوای ئەوە ڕۆجەرز خرایە ژێر مەشقی توند و چڕی جەستەیی و پڕۆگرامی ڕاهێنانی تاکتیک تا فێری جمناستیک، شەڕی دەست بۆ دەست و ستراتیجی سەربازی ببێت. سێ مانگ دوای ئەوە یەکەم ئەرکی پێ سپێردرا. ڕۆجەرز لەسەرەتادا قەڵغانێکی شێوە کۆلارەیی پێ بوو کە لە پۆڵای ئاسایی سەر زەوی دروستکرابوو لەگەڵ چەک و کەرەستەی شەڕ. کڵاوە ڕەسەنەکەی لەشێوەی ڕووپۆشێکدا بوو کە جیا بوو لە جلوبەرگەکەی، ئەمە بووە هۆی کێشە بۆی چونکە جارێکیان خەریکبوو لەسەر دەموچاوی بکەوێتە خوارەوە و ناسنامەکەی ئاشکرا ببێت بۆ پەیامنێری ڕۆژنامەیەک کە کامێرای پێ بوو لەوکاتەدا. بۆیە دیزاینی جلوبەرگەکەیان گۆڕی و ڕووپۆشەکەیان نووساند بە جلەکانییەوە بۆ کەمکردنەوەی مەترسی کەوتنە خوارەوە. دواتر سەرۆک فرانکڵین دێڵەنۆ ڕۆزڤێڵت قەڵغانە شێوە دیسکییەکەی (بازنەیی و قوپاوە لەناوەوە و قۆقزە بۆ دەرەوە)ی پێشکەش کرد کە ئێستا بووە بە  قەڵغانە هەمیشەییە بەناوبانگەکەی. ڕۆجەرز ئەوەی بۆ دەرکەوت کە تایبەتمەندییەکانی قەڵغانەکە لەڕووی قەبارە، شێوە و چڕییەکەی وایانکردووە ببێت بە چەکێکی کاریگەری هێرشبردن، بۆیە وازی لە چەک و کەرەستە لاوەکییەکانی تر هێنا.

کەسایەتی

کاپتن ئەمریکا بە یەکێک لە مەزنترین پاڵەوانەکانی گەردوون دادەنرێت. پیاوێکی سەرڕاست و ئازایە کە هەمیشە باشە لە خەڵکیدا دەبینێت. تەنانەت پێش ئەوەشی ببێت بە پاڵەوان، ستیڤ هەمیشە خۆی تەرخان کردووە بۆ پارێزگاریکردن لە کەسە بێدەسەڵاتەکان و پارێزگاری لە ئازادی و دادپەروەری کردووە. کاپتن ئەمریکا کەسێکی ڕاستگۆ، دڵسۆز و پارێزەری هەمووانە. کەسایەتییەکی هەیە زۆر تێکەڵی خەڵکی نابێت، ژمارەیەکی کەم لە هاوڕێی ڕاستەقینەی هەیە. سەرەڕای ئەوەی کەسێکی قۆز، بەهێز و خاوەن کەسایەتییەکی کاریزمایە، بەڵام شەرم دەکات کاتێک لەگەڵ کەسانێکدایە کە نایان ناسێت. ستیڤ ڕۆجەرز کەسێکە بە پەرۆش و بەخەمەوەیە، بەرگەی خراپەکاری و دیکتاتۆری ناگرێت و ناتوانێت دەستەوەستان بوەستێت و هەر سەیربکات.

هاوڕێ و دوژمنەکانی کاپتن ئەمریکا

دۆست و هاوڕێکانی

١.بەکی باڕنز

٢.سام ویڵسن

٣.نتاشا ڕۆمەناف

٤.تۆنی ستارک

٥.شارن کارتەر

٦.واندا ماکسیمۆف

٧.سۆر (ثۆر)

٨.تچاڵا

٩.سکات ڵانگ

دوژمنەکانی

١.ئەدۆڵف هیتلەر

٢.ڕێد سکەڵ

٣.بێرن زیمۆ

٤.بێرن ۆڵڤگانگ ڤان سترەکەر

٥.مادەم هایدرا

٦.سیکرت ئیمپایەر

٧.کرۆس بۆنس

٨.تاسک ماستەر

٩.بترۆک

١٠.ئارنم زۆڵا

تواناکانی کاپتن ئەمریکا

بە وەرگرتنی سیڕەمی سوپەر سۆڵجەرەکە، هەموو توانا جەستەییەکانی ڕۆجەرز بە شێوەیەکی هەمیشەیی گەشتن بە لووتکە. ڕۆجەرز هێشتا هەر مرۆڤە واتا نەچووەتە سەروو سنووری مرۆییەوە، بەڵام مرۆڤێکی گزۆرە. تواناکانی بریتین لە:

١.توانا فسیۆلۆجییەکانی جەستەی بە شێوەیەکی دەستکرد هاندراوە

٢.گەیشتووەتە لوتکەی توانای مرۆیی

٣.گەیشتووەتە لوتکەی خێرایی مرۆیی

٤.گەیشتووەتە لوتکەی توانای بەرگەگری بۆ هەر جۆرە فشارێک کە مرۆڤی ئاسایی بەرگەی ناگرێت

٥.گەیشتووەتە لوتکەی چالاکی مرۆیی

٦.گەیشتووەتە لوتکەی توانای بەرپەرچدانەوەی مرۆیی

٧.گەیشتووەتە لوتکەی خێرایی توانای چاکبوونەوەی مرۆیی

٨.مێشکی توانای جێبەجێکردن و پڕۆسەکردنی زانیارییەکانی هەیە بە خێرایی و توانای زیاتر لە مێشکی مرۆڤی ئاسایی

٩.توانای هەستی بۆنکردن، بینین، بیستن، تامکردن و دەستلێدانی زیاترە لە مرۆڤی ئاسایی

١٠.بەهۆی گزۆرێتی خانەکانی، درەنگ پیر دەبێت

١١.شارەزایی لە دانانی تاکتیک و ستراتیجی هەیە

١٢.شارەزایی لە شەڕکردنی دەست بۆ دەست هەیە

١٣.شارەزایی لە شەڕکردن بە قەڵغان هەیە

١٤.کەسێکە ویست و ئیرادەی بەهێزە

١٥.نیشانە شکێنێکی شارەزایە

١٦.شارەزایی لە بەکارهێنانی چەک و شمشێردا هەیە

١٧.شارەزایی لە هاککردندا هەیە

١٨.جگە لە زمانی ئینگلیزی، ئیسپانی، ژاپۆنی، ئەڵمانی، ڕووسی، فەڕەنسی و کەمێک ئیتاڵیش دەزانێت

١٩.شارەزای لێخوڕینی ئۆتۆمبێل، ماتۆڕ، بارهەڵگر، فڕۆکە، هەلیکۆپتەر، ژێرئاوگەڕ و هەندێک جۆری شەمەندەفەرە

خاڵە لاوازەکانی

بەو هەموو توانا و هێزەی هەیەتی، خاڵە لاوازەکانی زۆر کەم کردووەتەوە. وەکوو مرۆڤێک فیشەک کاری تێدەکات و زیانی پێ دەگەیەنێت بەڵام توانای چاکبوونەوەی خێرای هەیە و بە زوویی چاکدەبێتەوە. قەڵغانەکەی کە شەڕی پێدەکات هەندێکجار بۆ دوور هەڵی دەدات، ئەگەری هەیە لە ڕێگا لە شتێک گیر ببێت و نەیەتەوە دەستی، کە ئەمە دەبێتە کێشە بۆی لەکاتی شەڕدا، بەڵام شەڕکردن لە گرووپ و دەستەدا کاریگەری ئەم خاڵە لاوازەی کەمکردووەتەوە. یەکێکی تر لە خاڵە لاوازەکانی کاپتن ئەمریکا ئەوەیە خۆی بە کەسێک دەزانێت کە لەکات و سەردەمی خۆیدا نییە. کاپتن ئەمریکا بەشداری جەنگی جیهانیی دووەمی کردووە وەکوو سەربازێکی زۆر بەهێز فڕۆکەیەکی هایدرای خستە ناو جەمسەری باکوورەوە بۆ ڕێگریکردن لە ڕوودانی کارەساتێک، لەدوای ئەوە هیچ شوێنەوارێکی نە فڕۆکەکە نە خۆی نەدۆزرایەوە و بە مردوو لە قەڵەم درا، بەڵام بەهۆی سیڕەمەکەوە توانی بەرگە بگرێت و بە بێهۆشی بمێنێتەوە. دوای ٧٠ ساڵ لەلایەن دەزگای شیڵدەوە دۆزرایەوە. ئەوکات تەمەنی ٩٤ ساڵ بوو بەڵام بە جەستە لە سییەکانی تەمەنیدا بوو، بەهۆی ئەم بازدانەی بەکاتدا زۆر شتی لەدەستچووبوو و ڕووبەڕووی جیهانێکی تازە و پێشکەوتوو دەبێتەوە و بەلایەوە قورسە خۆی بگونجێنێت.

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی کاپتن ئەمریکا تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و چەندین ئەکتەری جیاواز جیاواز ڕۆڵەکەیان وەرگرتووە، دیارترینیان بریتین لە:

١.دیک پرسێڵ

٢.ڕێب براون

٣.مات ساڵینجەر

٤.کریس ئێڤنس

دیارترین فیلم و زنجیرەکان

١.فیلمی Captain america 1944

٢.فیلمی Captain america: the first avenger 2011

٣.فیلمی Captain america: the winter soldier 2014

٤.فیلمی Captain america: civil war 2016

٥.فیلمی The avengers 2011

٦.فیلمی Avengers: age of ultron 2015

٧.فیلمی Avengers: infinity war 2018

٨.فیلمی Avengers: endgame 2019


سەرچاوەکان



312 بینین