قازی دەبێت چۆن بێت؟

له‌لایه‌ن: - محەمەد ڕزگار - به‌روار: 2021-04-23-14:15:00 - کۆدی بابەت: 4787
قازی دەبێت چۆن بێت؟

ناوه‌ڕۆك

بڕاندنەوەی کێشەی نێوان خەڵک و شایەتیدان

(قازی: ئەو کەسەیە: کێشەی نێوان دوو کەس، یان زیاتر ئەبڕێنێتەوە و بڕیار دەرئەکات بە گوێرەی شەریعەتی ئیسلام. خوای گەورە فەرموویەتی: (وَأَنِ احْكُم بَيْنَهُم بِمَا أَنزَلَ اللَّه) داد لە نێوان خەڵکدا بکە و بڕیار بدە بە گوێرەی ئەو یاسایەی خوا ناردوویەتی. واتە: (قورئان) و (حەدیس).

هەبوونی (قازی) (فرض الکفایة)ـیە، وە ئەبێ (قازی) دەسەڵاتێکی وەها بدرێتێ کە بتوانێ ماف بۆ خاوەن ماف وەربگرێ و تاوانبار سزا بدا، کەوابوو: ئەگەر شوێنێک (قازی) لێنەبوو، واجبە دانیشتووانی ئەو شوێنە بۆ خۆیان پیاوێکی زانا و دادپەروەر بکەنە (قازی) و بڕیارەکانی جێبەجێ بکەن (عن جابر -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: کیف تقدس أمة لا یؤخذ من شدیدهم لضعیفهم) رواه ابن حبان، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی:  گەلێکی وەها چۆن پاک ئەبێتەوە کە مافی بێ هێزەکەیان لە بەهێزەکەیان وەرنەگیرێ.

مەرجەكانی قازی

دروست نییە: ببێتە (قازی) تەنها ئەو کەسە نەبێ کە پانزە سیفەت تێیدا کۆ ببێتەوە :

یەکەم: موسوڵمان بێ، خوای گەورە فەرموویەتی: (وَلَنْ يَجْعَل اللَّه لِلْكَافِرِينَ عَلَى الْمُؤْمِنِينَ سَبِيلًا) وای گەورە هیچ ڕێگایەکی نەداوە کافرەکان فەرمان بەسەر موسوڵماناندا بکەن. بەڵام ئیمامی (حنفی) فەرموویەتی: دروستە کافر بکرێتە (قازی) بۆ کافرەکان.

دووەم: بلۆغی بووبێ و منداڵ نەبێ.

سێیەم: عەقڵی هەبێ.

چوارەم: ئازاد بێ.

پێنجەم: پیاو بێ ئافرەت نەبێ.

شەشەم: دادپەروەر بێ، کەوابوو: دروست نییە (فاسق) ببێتە (قازی)، چونکە گومان لێکراوە.

حەوتەم: لە بڕیارەکانی قورئانی پیرۆزدا شارەزا بێ. وە لە بڕیارەکانی حەدیسی پێغەمبەر ﷺ شارەزا بێ، واتە: بزانێ کامە ئایەت و کامە حەدیس بڕیارەکانی گشتییە و کامەیان تایبەتییە، کامەیان بێکار بووە و کامەیان بەکارە، ئایا کامە حەدیس بەهێزە و کامەیان بێهێزە.

هەشتەم: بزانێ زانایانی ئیسلام لەسەر کامە بڕیار یەکدەنگن و هەروەها لە کامە بڕیاردا جیاوازن.

نۆیەم: ڕێگەی (إجتهاد)، واتە: ڕێگای وەرگرتنی بڕیارەکانی خوا و پێغەمبەر ﷺ لە قورئان و حەدیس بزانێ، ئەو ڕێگایە بە زانینی (أصول الفقه) ئەدۆزرێتەوە.

دەیەم: بە گوێرەی پێویست ڕێزمانی عەرەبی بزانێ: وەک (نحو، صرف، بلاغة)، وە ئەبێ واتەی عەرەبیش تێبگا.

یانزەیەم: مانای قورئانی پیرۆز بزانێ بە گوێرەی پێویست.

دوانزەیەم: بیسەر بی و کەڕ نەبی.

سێنزەیەم: بینەر بێ و کوێر نەبێ.

چواردەیەم: نووسەر بێ، واتە: بزانێ بنووسێ.

پانزەیەم: هۆشیار و چاپوک بێ، نەوەک فێڵی لێبکرێ.

ئەگەر (قازی) ئەو مەرجانەی لێهاتنە جێ، با بە (إجتهاد)ـی خۆی بڕیارەکانی شەرعی لە قورئان و حەدیس وەربگرێ و داد لەنێوان خەڵکدا بکا، بەڵام هەرکەسێک نەگەیشتبووە پلەی (إجتهاد) -جا (قازی) بێ، یان کەسێکی تر- واجبە بە گوێرەی یەکێک لەم چوار (مذهب)ـە ڕەفتار بکا: (حنفي، مالكي، شافعي، حنبلي)، چونکە زانایانی ئەو چوار مەزهەبە بە پوختی بڕیارەکانی شەرعیان لە قورئان و حەدیس هەڵێنجاوە و لە ناو کتێبەکانی خۆیاندا تۆماریان کردووە، خوای گەورە فەرموویەتی: (فَاسْأَلُوا أَهْلَ الذِّكْرِ إِن كُنتُمْ لَا تَعْلَمُونَ) ئێوە پرسیار لە زانایانی قورئان بکەن، ئەگەر نازانن.

کەوابوو: دروست نییە هەر کەسێک قورئانی خوێند و چەند حەدیسێک شارەزا بوو، بچێتە مەیدانی فەتوا و بڕیارێکی شەرعی دەربکا، تا لە یەکێک لەو چوار مەزهەبە زانست وەرئەگرێ.

-جگە لەو چوارانە- مەزهەبی تریش هەنە، بەڵام زانایانی ئیسلام بە تێکڕایی هەر لەو چوار مەزهەبە دڵنیاییان دەربڕیوە، چونکە جێگای باوەڕن و، بۆ ئەوەی پەرتەوازەیی ڕوونەدا، ئەوەش بە کارێکی باش دائەندرێ، چونکە (عبدالله بن مسعود) -خوا لێی ڕازی بێ- فەرموویەتی: (مارآه المؤمنون حسنا فهو عند الله حسن) رواه الإمام مالك، هەر شتێک زانایانی ئایینی ئیسلام بە باشی بزانن، لەلای خودا بە باش دائەندرێ.

سوننەتە (قازی) لە ناوەندی شار دابنیشێ لە شوێنێکی وەها کە دیار بێ و گشت کەس پێی بزانێ، نابێ (قازی) دەرگەوانێکی وا دابنێ کە خەڵکی قەدەغە بکا لە هاتوچۆکردنی لای قازی (عن معاذ -رضي الله عنه-: عن النبی ﷺ: من ولي من أمور المسلمین شیئا فاحتجب عن أولی الضعف والحاجة احتجب الله تعالی عنه یوم القیامة) رواه الإمام أحمد، پێغەمبەر ﷺ فەرمووی: هەرکەسێک کارێکی موسوڵمانانی کەوتە دەست، ئەویش خۆی ئەشاردەوە لە بێ هێز و خاوەن مافان، خوای گەورە لە ڕۆژی قیامەت خۆی لێ ئەشارێتەوە.

بەڵام دانانی پاسەوان و دەرگەوانێکی وەها کە خەڵکی ڕێک بخەن و بانگیان بکەن، سوننەتە، و نابێ (قازی) بۆ دادکردن لەناو مزگەوت دابنیشێ.

ئەبێ (قازی) یەکسانی بکا لە نێوان داواکار و داوالێکراودا لە سێ شتدا

یەکەم: لە دانیشگادا، واتە: هەردووکیان وەک یەک دابنیشێنێ، نەک یەک دابنیشێ و ئەوی تر بە پێوە بێ، یان یەکێک لە تەنیشت خۆی بێ و ئەوی تر لەسەر زەوی.

دووەم: لە گفتوگۆدا، واتە: گوێ لە هەردووکیان بگرێ وەکو یەک.

سێیەم: وەکو یەک تەماشایان بکا.

هەروەها ئەبێ بە یەکەوە بچنە ژوورەوە و، سەلام لە هەردووکیان وەربگرێتەوە و تووڕەیی و ڕووخۆشی لەگەڵ هەردووکیان بە یەک ئەندازە بێ.

حەرامە (قازی) دیاری وەربگرێ لەو کەسانەی کاریان پێی هەیە، جا دیارییەکە ئەوە بی کە بڕیار بە ناهەق بدا، یان بڕیار بە هەق نەدا، یان بۆ ئەوە نەبێ، بەڵام پێش ببێتە (قازی) دیاری بۆ نەئەهێنا (عن أبی هریرة -رضي الله عنه-: لعن النبی ﷺ الراشي والمرتشي) رواه أصحاب السنن، پێغەمبەر ﷺ لەعنەتی لە بەرتیلخۆر و لە بەرتیلدەر کردووە. جا ئاگادار بە: میوانداری و کار بۆ کردن وەک بەرتیل حەرامە.

ئەبێ (قازی) خۆی بپارێزێ لە بڕیار دەرکردن لە دە کاتدا

  • لە کاتی توڕەیی
  • لە کاتی برسیەتی
  • لە کاتی تینووەتی
  • لە کاتی دەمارهەڵسان بۆ جیماعکردن
  • لە کاتی دڵتەنگی
  • وە لە کاتی دڵخۆشی لە ئەندازە بەدەر
  • لە کاتی نەخۆشی
  • لە کاتی ڕاگرتنی میز و پیسایی
  • لە کاتی بۆرژان
  • لە کاتی گەرما و سەرمای بەهێز
  • هەروەها لە کاتی ماندووبوون و لە کاتی ترسان

واتە: لەو هەموو کاتانەدا هیچ بڕیارێک نەدا.


سەرچاوەکان



599 بینین