سۆر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2022-07-30-13:50:00 - کۆدی بابەت: 9610
سۆر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سۆر کوڕی ئۆدن (بە عەرەبی: ثور، بە ئینگلیزی: Thor)، کە زۆرجار تەنها بە سۆر ناودەبرێت، کەسایەتییەکی خەیاڵی و پاڵەوانێکی مەزنە لەلایەن کۆمیکەکانی مارڤڵەوە بڵاودەکرێتەوە. کەسایەتی ثۆر لەلایەن ستانڵی، جاک کێربی و ڵاری ڵیبەرەوە دروستکراوە و یەکەم دەرکەوتنی دەگەڕێتەوە بۆ ساڵی ١٩٦٢ لە کۆمیکی (Journey into mystery #83). کەسایەتییەکە لە خواوەندێکی ئەفسانەی باکوورییەکانەوە وەرگیراوە لەژێر هەمان ناودا، خواوەندی هەورەگرمەی ئەزگاردیەکان، کە چەکووشە سەرنجڕاکێشەکەی بەناوی میۆلنیر، یارمەتی دەدات بفڕێت و دەستکاری کەشوهەوا بکات، لە پاڵ کۆمەڵە هێزێکی سەروومرۆیی تریش.

لەدایکبوون و ژیانی منداڵی

سۆر کوڕی خوێنیی ئۆدن، ئالفازەری هەموو ئەزگاردییەکانە و دایکیشی جۆردە کە بە گایا ناسراوە، ژنە خواوەندی زەوی بووە و یەکێک بووە لە خواوەندە دێرینەکان. ئۆدن بانگەشەی ئەوەی دەکرد لە هەوڵدایە بۆ باوکایەتیی کردنی کوڕێک کە هێزی ئەزگارد و میدگاردیشی هەبێت (ئەزگاردییەکان بە زەوی دەڵێن میدگارد) بۆیە لەگەڵ جۆرددا خەوت. لە نەرویج ئەشکەوتێکی دروستکرد و لەوێ سۆر لەدایکبوو. ئەو کاتەی تەمەنی چەند مانگێکە لە شیرخواردنی دادەبڕن، ئۆدن دەیهێنێت بۆ ئەزگارد و لەوێ گەورە دەبێت. هاوسەرەکەی ئۆدن، ژنە خواوەند فریگا، لە ساتی گەیشتنی سۆرەوە بۆ ئەزگارد وەکوو کوڕی خۆی مامەڵەی لەگەڵ کردووە و بۆ ماوەی چەند ساڵێک سۆر پێی وابووە ئەو دایکی ڕاستەقینەیەتی. چەند سەدەیەک دوای ئەوە سۆر بۆی دەردەکەوێت کە جۆرد دایکی ڕاستەقینەی بووە.

سوڕی ڕاگنارۆک بووەتە هۆی دروستکردنی ژمارەیەکی زۆر وەشانی جیاوازی چیرۆکی ڕەسەنی سۆر، هەروەها ئەو ڕاستییەشی کە ئەزگارد شوێنی ئەفسانە بووە یارمەتیدەر نەبووە لە کاتی هەوڵدان بۆ شوێنکەوتن و تێگەیشتن لە چیرۆک و شێوازە پەسندکراوە جیاوازەکان. یەکێک لە چیرۆکەکان لە چاوە کوێرەکەی ئۆدنەوەیە کە چیرۆکەکەی بۆ سۆرێک گێڕاوەتەوە سەبارەت بە سۆرێکی تر پێش لەدایکبوونی سۆری ئێستا. ئەم ثۆرەی پێشتریش کوڕی ئۆدن بووە بەڵام قژی سوور بووە نەک ڕەنگی کاڵ بێت وەکوو ئەوەی ئێستا هەیە. لەم چیرۆکەدا وا باسکراوە سۆر لە ڕاگنارۆکدا کە بریتیی بووە لە قیامەت و لەناوچوونی ئەزگاردی پێشتر، توانیویەتی ئەژدیهای میدگارد بکوژێت کە منداڵی ڵۆکی برایەتی و سۆر خۆیشی بە ژەهری ئەژدیهاکە مردووە. ئۆدن خۆیشی کوژراوە، بەڵام ئۆدنێکی نوێ لە شوێنێک دەرکەوتووە کە چەند خواوەندێکی لێ بووە و هەموویان ڕزگاربووی ڕاگنارۆک بوون، و ئەم ئۆدنە تازەیە بووە بە باوکی ئەم وەشانەی ئێستای سۆر. 

سۆری گەنج لەگەڵ ڵۆکیدا گەورە بوو، کە ئۆدن ڵۆکی هەڵگرتبووەوە دوای ئەوەی باوکی لە جەنگدا مردبوو. بەدرێژایی تەمەنی منداڵییان ڵۆکی ئیرەیی بە سۆر دەبرد. ئیرەیییەکەی بوو بە ڕق و لە ئەنجامیشدا بوو بە هەوڵی کوشتن. بەم شێوەیە دوژمنایەتی ڵۆکی بۆ سۆر دەستی پێکرد و بۆ ماوەی چەندین سەدە بەردەوام بوو.

کاتێک سۆر تەمەنی هەشت ساڵان بوو، ئۆدن ناردی بۆ خاکی کورتەباڵاکان، بۆ ئەوەی سێ گەنجینە بۆ فەرمانڕەوای ئەزگارد دروست بکەن. لەناو ئەو سێ گەنجینەدا یەکێکیان چەکووشێک بوو بە ناوی میۆلنیر کە بەهۆی ئەوەی ڵۆکی ئیرەیی دەبرد، لە کاتی دروستکردنەکەیدا کورتەباڵاکانی سەرقاڵ کرد و بووە هۆی ئەوەی دەسکەکەی کورت بێت. ئۆدن چەند جادوویەکی لە چەکووشەکە کرد، یەکێکیان ئەوەبوو هەتاکوو کەسەکە بەتەواوی شایستە نەبێت ناتوانێت چەکوشەکە بەرز بکاتەوە.دواتریش ئۆدن ئەوەی ڕاگەیاند ئەو ڕۆژەی سۆر بوو بە کەسێکی لە خۆبووردە و شایستەی هێزەکە، ئەوکات چەکوشەکە هەڵدەگرێت. بۆ ماوەی چەند ساڵێک سۆر لە هەوڵدا بوو بۆ بەهێزکردنی جەستەی، تا ئەوەندە بەهێز بێت کە بتوانێت چەکوشەکە بەرز بکاتەوە و بەرپرسیار بوو لە چەندین کاری قارەمانانە. لە کۆتاییدا و لەو کاتەی تەمەنی ١٦ ساڵ بوو، ئۆدن لەگەڵ دوو هاوڕێیدا ناردی بۆ ئەرکێک تا فێرببێت تەنها بوون بە خاوەنی دڵێکی پاک پێویستە بۆ بەرزکردنەوەی میۆلنیر.

سۆر بوو بە مەزنترین جەنگاوەری ئەزگارد. پێش ئەوەی ببێتە ٢٠ ساڵ، عاشقی ژنە خواوەندێک بوو بەناوی خاتوو سیف. لە ڕاستیدا کاتێک سیف بوو بە زیندانی هێڵا. سۆر ئامادەبوو ژیانی خۆی بکاتە قوربانی لەپێناو ئازادی سیفدا. ژنە خواوەندی مەرگ بەم قارەمانێتییەی خواوەندی گەنجی هەورەگرمە سەرسامبوو و ڕێگەیدا هەردووکیان بڕۆن و ئازادبن. خۆشەویستی نێوان سۆر و سیف بەدرێژایی کات بەهێز و کاڵ دەبووەوە.

لە سەردەمی مۆدێرندا، ئۆدن بڕیاریدا کاتی ئەوە هاتووە سۆر فێری لەخۆبووردەیی ببێت. ناچاری کرد دەستبەرداری چەکووشەکەی ببێت و لە شێوەی کەسێکی گەنجی پەککەوتەی خوێندکاری پزیشکی بەناوی دۆناڵد بڵەیک، ناردی بۆ سەر زەوی و یادەوەری لێسەندەوە. وەکوو بڵەیک، سۆر فێری بەهای خۆڕاگری و ئارامگرتن بوو بەهۆی مامەڵەکردن لەگەڵ قاچە ناتەواوەکەی، هەر بۆیە یەکەمجار وەکوو قوتابییەکی بواری پزیشکی و دواتریش وەکوو پزیشکێکی سەرکەوتوو گرنگی بە کەسە نەخۆشەکان دەدا و ئاگاداریان دەبوو لە چاکبوونەوە و مردنیاندا. لە دوای بەجێهێشتنی خوێندنی پزیشکی، بڵەیک شوێنی تایبەت بە پزیشکی لە شاری نیویۆرک کردەوە هەر زوو وەکوو نەشتەرکارێکی باش ناوبانگی پەیدا کرد.

دوای ئەوەی سۆر نزیکەی دە ساڵی لە جەستەی بڵەیکدا بەسەربرد، ئۆدن ئەوەی خستە مێشکییەوە کە گەشتێک بەرەو نەرویج بکات. لەوێ ڕووبەڕووی کرۆنانەکان دەبێتەوە و بەرەو ئەشکەوتێک لە دەستییان هەڵدێت، ئەشکەوتەکەش هەمان ئەو دانەیەیە کە تێیدا لەدایکبووە. لە ئەشکەوتەکەدا ئۆدن بە تەلیسم چەکووشەکەی خستبووە سەر شێوەی دار عەسایەک. سۆر بەهۆی بەردێکی گەورەوە لەناو ئەشکەوتەکەدا گیری خواردبوو بۆیە بە تووڕەییەکی زۆرەوە بە دارەکەی کێشای بە بەردەکەدا و گەڕایەوە سەر شێوە خواوەندییە ڕاستەقینەکەی خۆی. وەکوو سۆر لە ئەشکەوتەکە هاتە دەرەوە و کرانۆنەکانی دوورخستەوە.

لە سەرەتادا هیچ یادەوەرییەکی سەبارەت بە ژیانی ڕابردووی وەکوو خواوەندی ئەزگاردییەکان نەبوو، بەڵام لەگەڵ تێپەڕبوونی مانگەکاندا یادەوەرییەکانی بۆ دەگەڕایەوە. لە کۆتاییدا و دوای چەند ساڵێک ئۆدن خۆی بۆی ڕوونکردەوە کە بڵەیک ساختە و درۆیە و هۆکاری ئەو کارەشی بۆ ڕوونکردەوە. سۆر ناسنامەی بڵەیکەکەی هێشتەوە و لەسەر زەوی بەردەوامبوو لە کارە پزیشکییەکانی. بەشێک لە پەیوەستبوونی بەزەوییەوە دەگەڕێتەوە بۆ نائاگایی خۆی کە میراتییەکەی دایکی بریتییە لەم زەوییە، بەشەکەی تریشی بە سادەیی ئەو خۆشەویستییەیە کە بۆ مرۆڤایەتی هەیبوو و هەروەها پێویستی بەوەش بوو ئەزموونی ئەو شتانە بکات کە تەنها مرۆڤە ئاساییەکان دەیزانن. سۆر هەتا ئەمڕۆش کاتەکانی لەنێوان زەوی و ئەزگارددا دابەش دەکات.

بۆ ماوەی چەند ساڵێک سۆر عاشقی مرۆڤێکی ئاسایی بوو بە ناوی جەین فۆستەر کە وەکوو پەرستار کاری بۆ بڵەیک دەکرد. ئۆدن ئەو خۆشەویستییەی بەلاوە پەسەند نەبوو و چەندین داواکاری سۆری ڕەتکردەوە بۆ ئەوەی جەین بکات بە بوونەوەرێکی نەمر. گەشتووەتە ئەو ڕادەیەی ئۆدن ڕێگەی بە ڵۆکی داوە جادوو لە سۆر بکات و ناکۆکی بخاتە نێوان هەردووکیانەوە. تەنانەت ئۆدن خۆیشی گەشتی بۆ سەر زەوی کردووە بۆ کۆتایی پێهێنان بە پەیوەندییەکەیان.

کاتێک سۆر بڕیاریدا ناسنامە نهێنییەکەی وەکوو دۆناڵد بڵەیک بۆ جەین ئاشکرا بکات، ئۆدن بە شێوەیەکی کاتی هێزەکەی لێسەندەوە. لەکۆتاییدا پەیوەندییە خۆشەویستییەکەی نێوان سۆر و فۆستەر خۆی کۆتایی پێهات و سۆر پەیوەندییەکەی لەگەڵ سیفدا نوێ کردووە، هەرچەندە ئەو پەیوەندییە لە ماوەی چەند ساڵی دواییدا کێشەی تێدا بووە.

کەسایەتی

سۆر بۆ ماوەی چەندین هەزار ساڵ ژیاوە و بە چاوەکانی خۆی ڕەگەزی مرۆڤی بینیوە کە گەشە دەکەن و دەگۆڕێن، ئەمە کردوویەتی بە کەسێکی دنیادیدە. هەرچەندە هەندێکجار لە کاتە جددیەکاندا گاڵتەی خۆی دەکات، بەڵام کەسێکی زیرەکە. سۆر ئەوە دەزانێت کە لە کاتی جەنگدا هەمیشە کەسە بەهێزەکە نییە و لە کاتی کارکردن لەگەڵ تیمدا گەر بە هەرەوەزی نەبێت زیانی دەبێت و سوودی نابێت. 

سۆر سەرەڕای ئەوەی کەسێکی ڕۆمانسی نییە بەڵام لە ماوەی ژیانیدا چەندین جار پەیوەندی خۆشەویستی لەگەڵ کەسانی جیاوازدا بەستووە.

هاوڕێ و دوژمنەکانی

دۆست و هاوڕێکانی

  1. ئانجڵا
  2. بڵاک پانثەر
  3. بڵاک ویدۆو
  4. کاپتن ئەمریکا
  5. دێردێڤڵ
  6. هێمداڵ
  7. هەرقل
  8. ئایرنمان
  9. ئۆدن
  10. سیف
  11. ڤاڵکری

دوژمنەکانی

  1. ڵۆکی
  2. گۆڕ
  3. هێڵا
  4. ئەژدیهای میدگارد
  5. ئێریس
  6. سرتۆر
  7. مڵاکێث
  8. ئمۆرا و ڵۆرەڵای
  9. دیسترۆیەر
  10. ئەبزۆربینمان
  11. مانگۆگ
  12. ئینچانترێس

تواناکانی سۆر

سۆر وەکوو کوڕی ئۆدن، ئالفازەری هەموو ئەزگاردییەکان، و کوڕی جۆرد/گایا، یەکێک لە خواوەندە دێرینەکان، خاوەنی کۆمەڵە هێزێکی سەروومرۆیی باوە لەنێو ئەزگاردییەکاندا. بەڵام بەهۆی لەدایکبوونەوە بێ هاوتایەکەیەوە هەندێک لە تواناکانی زیاتر گەشە و پەرەیان سەندووە. گرنگترین هێز و تواناکانی سۆر بریتیین لە:

  1. هێزی سەروومرۆیی: سەرەڕای ئەوەی خواوەندی هەورەگرمەیە، لە هەمان کاتیشدا خواوەندی هێزی ئەزگاردییەکانە.
  2. خێرایی سەروومرۆیی: بە هەڵدانی میۆلنیر دەتوانێت خێرایی ٣٩٢٠١.٤١ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا ببڕێت.
  3. توانای بەرگەگری و خۆڕاگری سەروومرۆیی
  4. توانای بەرپەرچدانەوە و چوستێتی سەروومرۆیی
  5. توانای جڵەوکردن و دەستکاریکردنی وزە و کەشوهەوای هەیە
  6. بەهۆی سیفەتی خواوەندییەوە نەمرە، بە تەمەندا دەچێت بەڵام زۆر بە هێواشی
  7. نەخۆشی، ژەهر، تۆکسین، تیشکدانەوەی ژەهراوی، پلەی گەرمی بەرز و نزم کاری لێ ناکات.
  8. شانەکانی جەستەی سێ هێندەی مرۆڤی ئاسایی چڕ و پڕترە
  9. توانای هەستکردنی سەروومرۆیی هەیە: دەتوانێت شوێنی ئەو تەنانە دیاری بکات کە خێراتر لە خێرایی ڕووناکی گەشت دەکەن و دەشتوانێت گوێی لە هاوارێک بێت کە لە دیوێکی تری هەسارەکەوە دەکرێت
  10. جەستەی توانای چاکبوونەوەی خێرای هەیە
  11. توانای هەناسەدانی بەهێزە: دەتوانێت بە فووکردن گەردەلوول دروست بکات
  12. توانای فڕینی بە بێ چەکووشەکەی هەیە
  13. توانای شەڕکردنی هەیە
  14. زیرەکیی سەرووئاسایی هەیە
  15. هێرشە دەروونی و تەڵەپاثییەکان کاری لێ ناکەن

خاڵی لاواز

  1. هەستکردن بەوەی کە شایستە نییە.
  2. هەندێکجار لە کاتی شەڕدا دەچێتە دۆخی شێتگیری جەنگاوەرەوە، لە جاران بەهێزتر دەبێت بەڵام ژیرێتی خۆی لە دەست دەدات.
  3. خەوی سۆر: دوای بەدەستهێنانی هێزەکەی ئۆدن، لە جاران زۆر زیاتر بەهێزتر بووە، بەڵام گەر لە ماوەیەکی کەمدا هێزی زۆر بەکاربهێنێت دەچێتە دۆخێکەوە پێی دەڵێن خەوی سۆر و وەکوو وایە لە حاڵەتی بێهۆشیدا بێت، ئاگای لێ نییە چی لە چواردەوری دەگوزەرێت.

فیلم و زنجیرە سینەماییەکان

کەسایەتی سۆر تەنها لە بواری کۆمیکدا نەماوەتەوە، بەڵکوو کراوە بە فیلم و زنجیرەی سینەمایی و لە ئێستادا ڕۆڵەکە دراوە بە ئەکتەر (کریس هێمسۆرث) لە جیهانی سینەمایی مارڤڵدا.

دیارترین فیلم و زنجیرەکان

  • Thor 2011
  • The avengers 2012
  • Thor: the dark world 2013
  • Avengers: age of ultron 2015
  • Thor: Ragnarok 2017
  • Avengers: infinity war 2018
  • Avengers: Endgame 2019
  • Thor: love and thunder 2022
  • زنجیرەی What if...? 2021


سەرچاوەکان

136 بینین