ژەهر

له‌لایه‌ن: - سروشت ناجی - به‌روار: 2022-01-19-14:14:00 - کۆدی بابەت: 3132
ژەهر

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

لە زانستی بایۆلۆجیدا ژەهرەکان (بە ئینگلیزی: poison) ماددەیەکن کە کاتێک مرۆڤێک بە بڕێکی دیاری کراو بەرکەوتەی لەگەڵیاندا دەبێت، دەتوانن ببن بە هۆکاری مردن یان زیانگەیاندن و تێکدانی ئەندامە سەرەکییەکان و شانەکان و خانەکانی لەشی مرۆڤ، هەروەها کاردەکەنە سەر دی ئێن ئەی (DNA) بە کارلێککردن لەگەڵ پێکهاتە گەردییەکەیدا، لە بواری دەرمانسازیدا زۆرجار ژەهر جیا دەکرێتەوە لە تۆکسین (بە ئینگلیزی: toxin) و ڤێنەم (بە ئینگلیزی: venom)، تۆکسین جۆرێکی ژەهرە کە لەلایەن زیندەوەری سروشتییەوە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام ڤێنەم جۆرێکی تۆکسینە کە لە رێگای گازگرتن یان پێودانەوە وەردەگیرێت.

بەکارهێنان

ژەهرەکان پێکهاتەیەکن کە بەهۆی توانای ژەهراویکردنەکەیان، هەندێک جاریش بەهۆی تایبەتمەندی کیمیایی وەک توانای کارلێککردنی کیماییەوە دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت، ژەهرەکان بە شێوەیەکی فراوان لە پیشەسازی و کشتوکاڵدا وەک ماددەی توێنەر و تێکەڵکەر بەکاردێن، نموونەی ئەو ژەهرانەش بریتین لە ئۆکسیدی کاربۆن و میسانۆڵ و سیانیدی سۆدیۆم، بەکارهێنانی ژەهر لە کەرەستەی ناوماڵدا دەگمەنە جگە لە ئەمۆنیا و ئیسانۆڵ، نموونەیەکی دیکە لە بەکارهێنانی ژەهر بریتییە لە بەکارهێنانی ژەهری فاسجین لە دروستکردنی چەکی کیمیاییدا و دروستکردنی چەند جۆرێکی پلاستیک، بۆ مەبەستی بەرهەمهێنانی پلاستیک ساڵانە ملیۆنان تەن لەو ژەهرە بەرهەم دەهێنرێت، بەڵام چونکە توانای کارلێککردنی بەرزە دەتوانێت لەگەڵ پڕۆتینی شانەکانی مرۆڤدا کارلێک بکات بۆیە زۆر ژهراوییە.

پۆلێنکردن

ژەهرەکان سروشتی هەمەجۆریان هەیە و بەپێی ڕەچەڵەک، پێکهاتەی فیزیایی، سروشتی کیمیایی، چالاکی کیمیایی، شوێنی مەبەست و بەکارهێنان دابەش دەکرێن.

پۆلێنکردن بەپێی ڕەچەڵەک

لەم پۆلێنەدا بەپێی ڕەچەڵەکی مایکرۆسکۆبی، ڕووەکی، ئاژەڵی یان دەستکرد ژەهرەکان دابەش دەکرێن:

  1. ژەهرە مایکرۆسکۆبییەکان: ئەو ژەهرانەن کە لەلایەن زیندەوەرە مایکرۆسکۆبییەکانی وەک بەکتریا و کەڕووەوە بەرهەم دەهێنرێن، بۆ نموونە تۆکسینی بۆتولینەس (بە ئینگلیزی: Botulinus toxin) کە لەلایەن جۆرێکی بەکتریاوە بەرهەم دەهێنرێت بە ناوی بەکتریای بۆتولینەمی کلۆستریدیۆم (بە ئینگلیزی: bacterium Clostridium botulinum)، ئەم ژەهرە توانای هەیە ببێتە هۆی لاوازی و ئیفلیجی کاتێک لە خواردنی لە ناترشی قتونراو یان هەر خواردنێک کە کەڕووی تێدابێت.
  2. تۆکسینی ڕووەکی: نموونە بۆ تۆکسینی ڕووەکی بریتییە لە هەنگوورە تاڵەی شێوەتفتی هایۆسیامین (بە ئینگلیزی: belladonna alkaloid hyoscyamine) کە لە ڕووەکی هەنگوورە تاڵەدا بوونی هەیە.
  3. ژەهری ئاژەڵی: کە پێشی دەوترێت ڤێنەم ئاساییانە لە ڕێگەی گازگرتن و پێوەدان لە ڕێگەی گیانەوەران و زیندەوەری ئاوی ژەهراوییەوە دەگوازرێتەوە، نموونەی ئەم گیانەوەرانەش بریتییە لە ماری ژەهراوی، دووپشکەکان، جاڵجاڵۆکە، مێروو هەروەها نموونەی زیندەوەری ئاوی وەک ماری دەریایی، بووکی دەریا و قەڵغانەماسی پێوەدەر.
  4. ژەهرە دەستکردەکان: بەرپرسن لە زۆربەی ژەهراوی بوونەکان، دەستکرد بەو ژەهرانە دەوترێت کە بە شێوەی کیمیایی لەلایەن کیمیاگەرەکانەوە بەرهەم هێنراوە، وەک دەرمان و مێرووکوژەکان، ئەم ماددە کمیاییانە لە سەرچاوەی سروشتی وەک کانزا و توێنەرەکانی پێترۆڵەوە پوختەکراون، نموونە بۆ ژەهری دەستکرد بریتییە لە مێرووکوژ، خاوێنکەرەوەی ناوماڵ، ئارایشت، دەرمانی پزیشکی.

پۆلێنکردن بەپێی پێکهاتەی فیزیایی

پێکهاتەی فیزیایی ماددەیەکی کیمیایی (شل، ڕەق، گاز، هەڵم یان تەنۆلکەی لە هەوادا هەڵواسراو) کاردەکاتە سەر سەر بەرکەوتە و توانای مژینی ئەو ماددەیە:

  • دۆخی ڕەقی: ماددەکان لە دۆخی ڕەقیدا ناتوانرێت بە ئاسانی لەلایەن خوێنەوە هەڵمژرێن، بۆیە دەبێت لە ناوەندێکی شلدا بتونرێنەوە، لەبەر ئەم هۆیەش کاتێک دەخورێن دەبێت لە ناوەندی ئاویی بەشی ناوەوەی کۆئەندامی هەرسدا بتوێنەوە، هەروەها کاتێک هەڵدەمژرێن دەبێت لە ناوەندی ئاویی کۆئەندامی هەناسەدا بتوێنەوە، ماددە ڕەقەکان بە خێرایی جیاواز لە شلەکاندا دەتوێنەوە، بۆ نموونە دەنکەکانی قوڕقوشم بە بەراورد بە دەنکەکانی گۆگردیدی قوڕقوشم بە شێوەیەکی کرداری کەمتر ژەهراوین کاتێک دەخورێن، چونکە توخمی قوڕقوشم نەتواوەیە لە ئاودا، لە کاتێکدا گۆگردیدی قوڕقوشم کەمێک تواوەیە و دەکرێت لەلایەن لەشەوە بمژرێت، هەروەها دەنکی هەمان توخمی کیمیایی بەڵام بە قەبارەی جیاواز کاردەکاتە سەر توانای ژەهراویکردنی ئەو توخمە چونکە خێرایی توانەوە بەپێی قەبارەی دەنکەکان دەگۆڕێت، بۆ نموونە سیانەئۆکسدی زەڕنیخ ئەگەر دەنکەکانی ورد بێت زیاتر ژەهراوییە بە بەراورد بە هەمان بارستایی بەڵام دەنکەکانی گەورە بێت، چونکە دەنکۆڵە بچووکەکان خێراتر دەتوانن بتوێنەوە.
  • دۆخی شلی: ژەهر لە دۆخی شلیدا دەتوانرێت قوتدان یان هەڵمژینەوە یان لە رێگای پێستەوە.
  • دۆخی گازی: ئەو ژەهرانەی گازن لە پلەی گەرمی ژووردا (وەک: ئۆکسیدی کاربۆن) بە شێوەیەکی سەرەکی لە ڕێگای هەڵمژینەوەی دەچنە لەشەوە.
  • هەڵم: ئەو ماددانەشی کە هەڵمیین بریتیین لە دۆخی گازی ماددەیەک کە لە پلەی گەرمی ژووردا لە دۆخی شلدایە (وەک: بەنزین)، چونکە شلە ئەندامییەکان زیاتر بەهەوادا دەچن بە بەراورد بە شلە نائەندامییەکان، هەڵمژینی هەڵمی ماددە نائەندامییەکان زیاتر باوە.
  • تەنۆلکەی لە هەوادا هەڵواسراو: بریتییە لە تەنۆلکەی ڕەق یان شل کە ئەوەندە بچووکن دەتوانن بۆ چەند خولەکێک لە هەوادا بمێننەوە، تۆز نموونەیە بۆ تەنۆلکەی هەڵواسراو لە هەوادا، ژەهراوی بوون بە تەنۆلکەی هەڵواسراو لە هەوادا کاتێک ڕوودەدات کە لەسەر پێست بنیشێت یان هەڵبمژرێت، ژەهراوی بوون لە ڕێگای هەڵمژینەوە بەهێزترە بە بەراورد بە پێست، نموونە بە ئەم جۆرە ژەهرە بریتییە لە ئازبێستۆس ( بە ئینگلیزی: asbestos) کە دەبێتە هۆی تووشبوون بە جۆرێکی دەگمەنی شێرپەنجەی سییەکان، هەندێک ماددەی شل جگە لەوەی کە تەنۆلکەکانیان دەتوانن ببنە تەنۆلکەی هەڵواسراو توانای بەهەواداچوونیشیان بەرزە (وەک بەنزین). ئەو ژەهرە شلانەی کە بە شێوەیەکی مامناوەند هەڵمیین دەتوانن بە هەردوو شێوەی هەڵم و تەنۆلکەی هەڵواسراوبن لە هەوادا، ئەو ژەهرە شلانەشی کە توانای هەڵمیینیان کەمە تەنها بە شێوەی تەنۆلکەی هەڵواسراون لە هەوادا.

پۆلێنکردن بەپێی سروشتی کیمیایی

ژەهرەکان لە ڕووی کیمیاییەوە دەتوانن پۆلێن بکرێن بە پێی ئەوەی کە کانزان یان ناکانزان، ئەندامین یان نائەندامین، ترشن یان تفتن.

  • ئەو ژەهرانەی کە کانزایین بە بەراورد بەو ژەهرانەی ناکانزان زۆربەی جار بەهێواشی لەلایەن لەشەوە لەناو دەبرێن و لە لەشدا کۆمەڵە دەبن بۆ ماوەیەکی زۆر، لەبەر ئەم هۆیەش ژەهرە کانزاییەکان زیاتر دەبنە هۆی ژەهراوی بوون لە کاتی بەرکەوتنی درێژخایەندا.
  • ماددە ئەندامییەکان زیاتر لە ماددە نائەندامییەکان تواوەن لە لپیدەکاندا لەبەر ئەم هۆیەش بە ئاسانی دەتوانن بە دیواری ئەو خانانەدا تێپەڕببن کە دەوڵەمەندن بە لپیدەکان، لە ئەنجامدا ماددە کیمیاییە ئەندامییەکان بە شێوەیەکی فراوانتر دەمژرێن لەلایەن لەشەوە.
  • پۆلێنکردن بەپێی ترشی و تفتی بەسوودە چونکە لە کاتێکدا کە ترش و تفت سووتێنەرن بۆ چاوەکان و کۆئەندامی هەرس، بەڵام تفتەکان بە شێوەیەکی گشتی قووڵتر دەچنە ناو شانەکانی لەش و دەبنە هۆی زیانگەیاندنی زیاتر بە شانەکان.

پۆلێنکردن بەپێی چالاکی کیمیایی

ماددە کیمیاییەکانی هۆگری ئەلیکترۆن (واتە حەزی زیاترە بۆ ئەلیکترۆن) هێرش دەبەن بۆ لایە هۆگرە ناوکییەکانی (واتە حەزی زیاترە بۆ ناوکی گەردیلە) خانەکان، نموونەش بۆ ئەم خانەیە بریتییە لە دی ئێن ئەی (DNA) کە تووشی بازدان، شێرپەنجە یان ناڕێکی دەبێت.
هەروەها ژەهرەکان بەپێی توانای لاساییکردنەوەی پێکهاتەی گەردە گرنگەکانی خانەکان پۆلێندەکرێن، لە کارلێکی کیمیاییدا دەگۆڕێن بۆ گەردی خانەکان و کردارە گرنگەکانی خانە تێک دەدەن، ژەهری مێتۆتریکزەیت (بە ئینگلیزی: Methotrexate) پێکهێنانی DNA و RNA تێکدەدات.

پوختە

ژەهرەکان ماددەیەکن کە دەتوانن ببن بە هۆکاری مردن یان زیانگەیاندن و تێکدانی ئەندامە سەرەکییەکان و شانەکان و خانەکانی لەشی مرۆڤ.
ژەهرەکان سروشتی هەمەجۆریان هەیە و بەپێی ڕەچەڵەک، پێکهاتەی فیزیایی، سروشتی کیمیایی، چالاکی کیمیایی، شوێنی مەبەست و بەکارهێنان دابەش دەکرێن.
هەروەها بەهۆی توانای ژەهراویکردنەکەیان، هەندێک جاریش بەهۆی تایبەتمەندی کیمیایی وەک توانای کارلێککردنی کیماییەوە دەتوانرێت سوودیان لێوەربگیرێت، بەشێوەیەکی فراوان لە پیشەسازی و کشتوکاڵدا وەک ماددەی توێنەر و تێکەڵکەر بەکاردێن.


سەرچاوەکان



2388 بینین