بێهۆشی

له‌لایه‌ن: - شنیار کەمال شنیار کەمال - به‌روار: 2022-06-24-22:07:00 - کۆدی بابەت: 9154
بێهۆشی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەهۆشنەهاتنەوە یان بێهۆشی (بە ئینگلیزی: Coma، بە عەرەبی: غیبوبة) حاڵەتی لەدەستدانی هۆشە بۆ ماوەیەکی درێژخایەن، کەسی بێهۆش ناتوانێت وەڵامدانەوەی بۆ ژینگەی چواردەوری هەبێت و کارتێکراو بێت، ئەمەش بەهۆی شکستهێنانی فرمانی سیستمی تۆڕی چالاککردن لە مێشک کە بەرپرسن لە بەهۆشهاتنەوە و سەرنج و وەڵامدانەوە، هەرچەندە کەسەکە ناتوانێت بەهۆش بێتەوە بەڵام بە زیندوو هەژمار دەکرێت لەبەرئەوەی مێشکیان نەمردووە و هەناسە دەدەن، کەسی بێهۆش بە خەوتوو هەژمار ناکرێت، لەبەرئەوەی مێشکی کەسی بێهۆش لە کەسی خەوتوو زۆر جیاوازە، کەسی خەوتوو دەتوانێت بەخەبەربێتەوە بە پێچەوانەشەوە کەسی بێهۆش ئەو توانایەی نییە.

هۆکارەکان

ئەم هۆکارانە زیان بە مێشک دەگەیەنن و لە توانایاندایە باری بێهۆشی دروست بکەن:
 • زیانگەشتن بە پێکهاتەی مێشک
 • ژەهری دەرەکی
 • کێشە مێتابۆلیکی و خۆراکییەکان
 • نەخۆشی ناوەندە کۆئەندامی دەمار
 • کێشە لە پلەی گەرمی جەستە (بەرزبوونەوە و نزمبوونەوەی پلەی گەرمی جەستە) 
 • گەشکە
 • زەبر 
 ئەم نەخۆشییانە بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ کار لە تۆڕی چالاککردنی مێشک دەکەن و تێکی دەدەن.

نیشانەکان

بەگشتی ئەم نیشانانە دەگرێتەوە:
 • داخرانی چاو
 • وەڵامنەدانەوەی بیلبییلەی چاو بۆ ڕووناکی
 • دابەزینی پەرچەکرداری سیستمی مێشک
 • ناڕێکی لە هەناسەدان
 • لەدەستدانی توانای کۆکین و قووتدان 
 • وەڵامنەدانەوە بۆ بوونی ئازار

ماوەی بێهۆشی

زۆربەی کات بێهۆشی تەنیا چەند هەفتەیەک دەخایەنێت، لەدوای بەهۆشهاتنەوە توانای جەستەیی و دەروونییان کە لە کاتی بێهۆشییدا لەدەستیان دابوو بەتەواوی بۆ دەگەڕێتەوە، بەڵام هەندێک لە نەخۆشەکان پێویستیان بە چارەسەری هەمەجۆر هەیە بۆ گەڕانەوەی تواناکانیان، هەندێکی تریشیان بۆ هەمیشە توانای هەندێک لە چالاکییەکانی جەستەیان لەدەست دەدەن. 

پشکنین و دیاریکردنی بێهۆشی

لەبەر ئەوەی نەخۆش بێهۆشە و توانای دەربڕینی شێوازی نەخۆشییان نییە، پزیشک سەرەتا پشکنینی جەستەیی بۆ نەخۆشەکە ئەنجام دەدات بەپێی شێوازی هەناسەدان و بوونی شینبوونەوە لەسەر پێست و قەبارەی گلێنەی چاو.
دواتر خوێنی نەخۆشەکە وەردەگیرێت و دەنێردرێت بۆ تاقیگە بۆ ئەوەی ئەم پشکنینانەی بۆ ئەنجام بدرێت:
 1. پشکنینی گشتی پێکهاتەکانی خوێن
 2. ئایۆنەکان
 3. شەکری خوێن
 4. پشکنینی فرمانی ڕژێنی پەریزاد
 5. پشکنینی فرمانی جگەر
 6. پشکنینی فرمانی گورچیلە
 7. پشکنینی ژەهراویبوون بە یەکئۆکسیدی کاربۆن
 8. بەرزی ڕێژەی کحوول و دەرمان لە خوێن 
هەروەها شلەی نێو دڕکە پەتک وەردەگیرێت و پشکنینی بۆ دەکرێت بۆ دڵنیابوونەوە لە بوونی هەر هەوکردنێک لە کۆئەندامی دەمار، گرتنی تیشک و سیتی سکان (CT Scan) و شەپۆلی لەرەلەری موگناتیزی (MRI) بۆ مێشک بۆ دیاریکردنی وردەکارییەکانی ناو مێشک وەک (لوو، خوێنبەربوونی ناو مێشک، جەڵتەی مێشک و هتد...).

کەسانی بێهۆش پێویستە لە کوێ گرنگییان پێبدرێت؟

ئەو کەسانەی دووچاری بێهۆشی هاتوون پێویستییان بە چاودێری بەردەوام هەیە و هۆکارێکن بۆ بڵاوبوونەوەی هەوکردن و میکرۆب، لەبەرئەوەش پێویستە لە ژووری چاودێری چڕ لە نەخۆشخانە دابنرێن.

کەسی بێهۆش چۆن خواردنی پێ دەدرێت؟

بەهۆی لەدەستدانی توانای قووتدان ناڕێکی هەناسەدان نەخۆش لە ڕێگەی دەمەوە خواردنی پێ نادرێت بەڵکوو لە ڕێگەی بۆرییەکی پلاستیکی کە دەکرێتە خوێنهێنەری کەسەکەوە یان بۆری خۆراک کە ڕاستەوخۆ لەناو گەدەی کەسەکەدایە شلەمەنی و خۆراکەماددە پێویستییەکانی پێدەدرێت.

کەسانی بێهۆش چۆن پاشەڕۆ لە جەستەییان دەکەنە دەرەوە؟

پاشەڕۆ فڕێدان لە ڕێگەی دانانی قەستەرە بۆ ناو میزڵدان و دانانی قەستەرە بۆ ڕێکەی کەسی بێهۆش ئەنجام دەدرێت. 

چارەسەرەکان

پزیشک سەرەتا یارمەتی نەخۆشەکە دەدات بەردەوام بێت لە هەناسەدان و سوڕی خوێن، چارەسەرکردن بەپێی هۆکاری تووشبوون بە بێهۆشی دەکرێت، ئەگەر مێشکی نەخۆشەکە دووچاری هەڵئاوسان بوو و پەستانی خستبووە سەر مێشک پێویست بە نەشتەرکاری دەکات، چارەسەری هەوکردنی مێشک لە ڕێگەی پێدانی دژەزیندەییەکان بۆ ناو خوێنهێنەری کەسەکە ئەنجام دەدرێت، ئەگەر هۆکاری بێهۆشی خواردنی بڕێکی زۆری دەرمان بێت بەهۆی دەرمانەوە چارەسەری وەردەگیرێت، گەشکە و نەخۆشیی جگەر و گورچیلە هەر یەکێکیان هۆکارێکن و چارەسەری تایبەت بە خۆیان هەیە، سەرەڕای ئەم چارەسەرانە ئەو نەخۆشانەی دووچاری زیانی گەورەی مێشک هاتوون لەوانەیە بۆ هەمیشە هۆشیان لەدەست بدەن و  هەرگیز بەخەبەر نەیەنەوە. 


سەرچاوەکان



1301 بینین