ناوهڕۆك
ناساندن و واتاکەی
ئەلجەبار (بە عەرەبی: الجبار، بە ئینگلیزی: Al Jabbar) یەکێکە لە ناوەکانی خوای گەورە کە واتای زەبربەدەست و دەسەڵاتێکی ناچارکەر دەبەخشێت، ئەم تایبەتمەندییەی خوای گەوره وەکوو دڵنەواییە بۆ بەندەکانی، کە بە دەسەڵات و زەبری خۆی بەندە لاواز و هەژار و نەدار و نەخۆش و ستەمکارەکانی بەسەردەکاتەوە و بەهێزیان دەکات، واتا خوای گەورە دەسەڵاتێکی ڕەها و ناچارکەری بەسەر هەموو بەندە و بوونەوەر و دروستکراوەکانی گەردوون هەیە. ئەم تایبەتمەندییە بۆ مرۆڤ تایبەتمەندییەکی نەرێنییە، واتا بوونی ئەم سیفەتە لە مرۆڤدا ناپەسەندە چونکە لە مرۆڤدا واتای ستەمکاری و خۆبەگەورەزانی و زۆرداری دەبەخشێت. وشەی ئەلجەبار لە زمانی عەرەبیدا (صيغة المبالغة)ـەیە کە لە وشەی (جابر) وەرگیراوە و جابریش بە (جبر) وەسف کراوە کە لە کاری (جَبَرَ) یان (يُجبر) وەرگیراوە، کە واتای چاککردن یان باشکردنی شتێک بە زۆر یان بە ناچارکردن دەبەخشێت.
واتای ناوی ئەلجەبار لە چەند خاڵێکدا
زانایانی ئیسلامی لە چەند خاڵێکدا واتای ناوی ئەلجەباریان ڕوون کردووەتەوە لەڕووی واتایی و زمانەوانییەوە، هاوکات وەکوو سیفەتێک یان تایبەتمەندییەکی ڕەها بۆ زاتی خوای گەورە واتای ناوەکە لە چەند خاڵێک ڕوونکراوەتەوە کە بریتین لە:
یەکەم: واتای ئەلجەبار وەکوو تایبەتمەندییەکی خوای گەورە بریتییە لە دڵنەوایی یان چاککردن و بەرەوئاڕاستەکردن و باشترکردنی شتەکان، بۆ نموونە خوای گەورە دڵنەوایی دڵ و دەروونی بەندەی هەژار و ستەملێکراوی دەکات بەوەی کە مافی خۆی وەردەگرێت لە دونیا بێت یان لە ڕۆژی دوایی، واتا بەندەکانی خوای گەورە کاتێک ستەم یان زۆردارییەکیان بەرانبەر بکرێت یان تووشی ناخۆشییەک ببن دەتوانن پەنا بۆ پاڕانەوە بۆ ئەم ناوە بەرن.
دووەم: ناو و سیفەتی ئەلجەبار واتای هێز یاخود زاڵبوون یان زاتێکی ناچارکەری ڕەها دەبەخشێت، چونکە خوای گەورە دەسەڵات و هێزی بەسەر هەموو دروستکراو و بوونەوەر و بەندەکانی فراوان و بێ کۆتایە، بۆیە دەسەڵاتێکی زاڵیشی بەسەر دروستکراوەکانی هەیە.
سێیەم: ناو و سیفەتی ئەلجەبار واتای گەورەیی ڕەها و بەرز و باڵاییەکی بێهاوتا دەبەخشێت، کە ئەم تایبەتمەندییانە لە واتای ناوی ئەلجەبارە و سیفەتێکی ڕەهان بۆ زاتی خوای گەورە.
هاتنی ناوی ئەلجەبار لە قورئانی پیرۆزدا
١- ناوی ئەلجەبار وەکوو تایبەتمەند و وەسف بۆ زاتی خوای گەورە یەک جار لە قورئانی پیرۆز هاتووە کە لە سوورەتی (الحشر) لە ئایەتی ٢٣ خوای گەورە دەفەرموێت: (هُوَ ٱللَّهُ ٱلَّذِى لَآ إِلَـٰهَ إِلَّا هُوَ ٱلْمَلِكُ ٱلْقُدُّوسُ ٱلسَّلَـٰمُ ٱلْمُؤْمِنُ ٱلْمُهَيْمِنُ ٱلْعَزِيزُ ٱلْجَبَّارُ ٱلْمُتَكَبِّرُ سُبْحَـٰنَ ٱللَّهِ عَمَّا يُشْرِكُونَ)، واتا خوا ئهو زاتهیه که جگه لهو خوایهکی تر نییه و پاشای ههموو بوونهوهرانه، پاك و بێگهرد و پوخته و ئاشتیخوازە، ئاسایشبهخش و پهناگای ئیماندارانه، دهسهڵاتداره و چاودێری دروستکراوهکانیهتی، باڵادهسته و خاوهنی خێری بێسنووره، گهورهیه و خۆی به گهوره دهزانێت، پاکی و بێگهردی بۆ ئهو خوایهیه لهوهی تینهگهیشتوان هاوهڵی بۆ بڕیار دهدهن.
٢- لە دە ئایەتی تردا وشەی جەبار لە قورئانی پیرۆزدا هاتووە، بەڵام وەکوو تایبەتمەندییەکی نەرێنی بۆ مرۆڤ هاتووە کە واتای زۆرداری، ستەمکاری، خۆبەزلزانی بۆ مرۆڤ دەبەخشێت نموونەی چەند ئایەتێک:
- لە سوورەتی (ق) ئایەتی ٤٥ خوای گەوره بە پێغەمبەر ﷺ دەفەرموێت: (نَّحْنُ أَعْلَمُ بِمَا يَقُولُونَ ۖ وَمَآ أَنتَ عَلَيْهِم بِجَبَّارٍ ۖ فَذَكِّرْ بِٱلْقُرْءَانِ مَن يَخَافُ وَعِيدِ)، واتا بێگومان ئێمه ئاگادارین بهوهی که دهیڵێن تۆ (ئەی موحەمەد) دهسهڵاتت بهسهریاندا نییە و زۆردارنیت بەسەریانەوە، کهوایه تۆ بهم قورئانه ئامۆژگاری ئهو کهسه بکه که له ههڕەشهی من دهترسێت.
- لە سورورەتی (المائدة) ئایەتی ٢٢ هاتووە کاتێک نەوەی بەنی ئیسرائیل ڕەتیان کردەوە بچنە خاکی پیرۆز بە بیانووی ئەوەی گەلی دەسەڵاتدار و زۆرداری لێیە و بە پێغەمبەر مووسایان وت (قَالُوا۟ يَـٰمُوسَىٰٓ إِنَّ فِيهَا قَوْمًا جَبَّارِينَ)، واتا وتیان ئهی مووسا بهڕاستی گهلێکی زۆردار و ستهمکار لهو شارهدا هەیە.
- لە سوورەتی (هود) ئایەتی ٥٩ خوای گەورە لە وەسفکردن قەومی عاد دەفەرموێت: (وَتِلْكَ عَادٌ ۖ جَحَدُوا۟ بِـَٔايَـٰتِ رَبِّهِمْ وَعَصَوْا۟ رُسُلَهُۥ وَٱتَّبَعُوٓا۟ أَمْرَ كُلِّ جَبَّارٍ عَنِيدٍ)، واتا بهڵێ ئهوه هۆزی عاد بوو، بێ باوهڕ بوون و ئیمانیان نههێنا به فهرمانهکانی پهروهردگاریان، لاشیاندا له بهرنامهی پێغهمبهرانی خوا و شوێن فهرمانی ههموو زۆردار و سهرسهخت و خوانهناسێك کهوتن.
هاتنی ناوی ئەلجەبار لە فەرموودەدا
وەکوو تایبەتمەندی بۆ خوای گەورە لە یەک فەرموودەدا ناوی ئەلجەبار هاتووە و پێغەمبەر ﷺ فەرموویەتی (يَأْخُذُ الْجَبَّارُ سَمَاوَاتِهِ وَأَرْضَهُ بِيَدِهِ، وَقَبَضَ بِيَدِهِ، فَجَعَلَ يَقْبِضُهَا وَيَبْسُطُهَا، ثُمَّ يَقُولُ: أَنَا الْجَبَّارُ، أَيْنَ الْجَبَّارُونَ؟ أَيْنَ الْمُتَكَبِّرُونَ)، واتا خوای خاوەن دەسەڵاتی ناچارکەر و زەبربەدەست لە ڕۆژی دوایی ئاسمانەکان و زەوییەکەی دەگرێت و بڵاویان دەکاتەوە دەفەرموێت من خاوەن دەسەڵاتێکی بەزەبر و ناچارکەرم، کوان و لەکوێن ئەوانەی کە خۆیان بە دەسڵاتدارێکی زاڵ دادەنا؟ کوان و لەکوێن ئەوانەی خۆیان بە گەورە دادەنا.