هونەری ئەبستراکت چییە؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-21-18:47:00 - کۆدی بابەت: 13229
هونەری ئەبستراکت چییە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

هونەری ئەبستراکت چییە؟ (بە عەرەبی: ما هو الفن التجريدي؟، بە ئینگلیزی: ?what is abstract artهونەری ئەبستراکت، هونەرێکە نوێنەرایەتی وێناکردنی ورد و ڕاستی بینراو ناکات، لە بری ئەوە لە ڕێگەی هێڵ، شێوە، ڕەنگ، فۆرم و نیشانەکانی ئاماژەوە مەبەستەکان دەگەیەنێت. هونەرمەندانی ئەبستراکت بۆ دروستکردنی کارەکانیان چەندین تەکنیک بەکاردەهێنن، ئامرازە باوەکان لەگەڵ بیرۆکەی ئەزموونی زیاتر تێکەڵ دەکەن.

دەتوانیت سەرنجی پێکهاتە جیاوازەکانی وەک شێوە و ڕەنگ و فۆڕم بدەیت کە چۆن کاریگەرییان  لەسەرت دەبێت. تابلۆیەکی وردی ئاڵۆز و جەنجاڵ کاریگەریەکی جیاوازتری دەبێت بە بەراورد بە تابلۆیەکی ئارام و سادە. جاکسۆن پۆلۆک هونەری ئەبستراکتی بەم شێوەیە وەسف کردووە کە "پیشاندەری هەست و وزەیە". باسی لەوە کرد کە چۆن فۆڕمی هونەر بەشێک لە ڕۆح ئازاد دەکات کە پێشتر دەنگی نەبووە. چیتر چاوەڕوان نەدەکرا هونەرمەندان شتەکانی دوروبەریان بەو شێوەیە بکێشن کە دەیبینن. بەڵکو هونەری ئەبستراکت مۆڵەتی دروستکردنی هونەری پێدان بە گرنگیدان بە غەریزە یان نائاگا.

کەی هونەری ئەبستراکت سەریهەڵدا؟

سەرچاوەی سەرهەڵدانی هونەری ئەبستراکت بوو بە جێگای مشتومڕ. بەگشتی واسیلی کاندینسکی وەک پێشەنگی هونەری ئەبستراکت دەناسرێتەوە. هەر وەک دەڵێت: “پێشتر یەک نیگارکێش بە شێوازی ئەبستراکت وێنەی نەدەکێشا”. یەکەم تابلۆی ئەبستراکت کە هونەری ئەبستراکتی پێشانی خەڵکیدا،  تابلۆی (Komposition V) بوو، لە ساڵی ١٩١١ دروستکرا.

بەڵام پێدەچێت نیگارکێشێکی سویدی کە کەمتر ناسراوە بە ناوی هیلما ئەف کلینت پێش کاندینسکی کەوتبێت و یەکەم وێنەی ئەبستراکتی لە ستۆکهۆڵم لە ساڵی ١٩٠٦ دروستکرد (پێنج ساڵ پێش کاندینسکی). لە سەردەمی خۆیاندا پێشەنگ بوون، هەروەها ئەبستراکتەکانی بایۆمۆرفیک و شێوە ئەندازەییەکانی لە خۆ دەگرت.

لە کاتێکدا کە کاندینسکی لە ژیانیدا وەک نیگارکێشێکی سەرکەوتوو ناوبانگی دەرکردبوو، لەلایەکی ترەوە ڕەتکردنەوەی کارەکانی ئەف کلینت وایکرد کە کارەکانی تا ماوەیەکی زۆر بە نەناسراوی بمێننەوە. تابلۆکانی تا ڕادەیەکی زۆر بە شاراوەیی دەهێشتەوە و پێشانگای کەمی هەبوو؛ پێی وابوو کە جیهان ئامادە نییە بۆ بینینی. ئەو کچە بەڵێنی لە کەسوکارەکانی وەرگرتبوو هەتا ٢٠ ساڵ دوای مردنی نابێت پەردە لەسەر تابلۆکانی لاببرێت، واتە کارەکانی تا ساڵی ١٩٨٦ بە شاراوەیی مانەوە.

هونەری ئەبستراکت چۆن پەرەی سەندووە؟

دوای سەرهەڵدانی هونەرەکە لە سەرەتای ساڵانی ١٩٠٠دا، هونەری ئەبستراکت پەرەی سەند، لەگەڵ تاقیکردنەوەی بەهرەی هونەرمەندە جیاوازەکان لەسەر شێوازەکە. شێوە ئەندازەییەکانی پیت مۆندریان ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا وەکوو یەکێک لە پێشەنگەکانی هونەری ئەبستراکتی سەدەی بیستەم. جاکسۆن پۆلۆک بەناوبانگ بوو بە ڕشتنی بۆیاخ لەسەر کانڤاسێکی ئاسۆیی، هەروەها لە هەموو گۆشەیەکەوە سەیری کارەکانی دەکرد و ڕەنگی دەکردن. سای تومبلی دووبارە هونەری ئۆتۆماتیکی سوریالیستی بەکارهێنایەوە – ئەقڵی ئاگای خۆی سەرکوت کرد و ڕێگەی بە ئەقڵی نائاگا دا کە کاریگەری خۆی پیشان بدات – بۆ ئەوەی بتوانێت هەست و سۆزی خۆی دەربخات.

هونەری ئەبستراکت  بەردەوام لە پەرەسەندندایە، وێنەکانی لی ئێلیس ڕووبەر و قووڵی بەکاردەهێنن بۆ وێناکردنی گێژاوی ناوەوە؛ بەرهەمە ڕەنگاو ڕەنگەکانی باربارا کروپ بە بوێرانە یاری بە فۆرم دەکەن؛ نیک مالۆن پەیوەندییەک لە نێوان ئەبستراکت و ڕیالیزم دروست دەکات، هانی چاو دەدات بۆ گەشتکردن بە نێو شوێنەواری هێما، وشە و پێکهاتەکاندا.

ئێکسپرێشنیزمی ئەبستراکت چییە؟

ئێکسپرێشنیزمی ئەبستراکت بزووتنەوەیەکە بە شەپۆلی دووەمی هونەری ئەبستراکت دادەنرێت، کە لە چلەکانی سەدەی بیستەیەمدا گەیشتووەتە ناوەندی شاری نیویۆرک. کاریگەرییەکی زۆری سوریالیزمی لەسەر بوو، ئەمە یەکەم بزووتنەوەی هونەری ئەمریکی بوو کە کاریگەری نێودەوڵەتی بەدەستهێنا، بانگەشەی هونەرمەندەکانی وەک جاکسۆن پۆلۆک، مارک ڕۆتکۆ و ویلم دی کونینگ دەکرد. ئەو شێوازە بە خێرایی ناوبانگێکی زۆری بەدەستهێنا کە پڕ لە وزە و وردی بوو. نیگارکێش جەی میوزر دەربارە ئێکسپرێشنیزمی ئەبستراکت دەڵێت: "زۆر باشترە ڕۆحی شکۆمەندی دەریا بکێشیت وەک لەوەی هەموو شەپۆلە بچووکەکانی ڕەنگ بکەیت."

ماتیۆ دیبڵ یەکێکە لەو هونەرمەندانەی سەردەمی هاوچەرخ کە داڕێژەری هونەری ئەبستراکتی ئێکسپرێشنیزمە. دوای ئەوەی دەیان ساڵ لە بواری بیناسازیدا کاری کرد، وەک هونەرمەندێک هەستێکی پتەوی فۆڕم و پێکهاتە دەهێنێتە ناو پیشە نوێیەکەیەوە. تابلۆی دەچ لە شێوەی سوپایەکی ڕەش و خۆڵەمێشی دەردەکەوێت کە بە بەهێزی بەسەر کانڤاسەکەدا سەما دەکەن. تابلۆکە بە شێوەی خێرا و یاخی دەردەکەوێت، وەک ئەوەی شێوەکان ئازاد بکرێن و لە قاڵبێکی خنکێنەر ڕزگاریان بووبێت. لەلایەکی ترەوە ڕابید شکسپیر فۆڕم و بێ فۆڕم تێکەڵ دەکات، کە جەنجاڵی و شپرزەیی لە تابلۆکانیدا بەدی دەکرێت بەڵام بە هێڵی ڕوون هێور دەکرێنەوە.

ئەبستراکت فۆتۆگرافی چییە؟

کاتێک کە فۆتۆگرافەرەکان جوانکاری و تەکنیکەکانی هونەری ئەبستراکت وەردەگرن و دووبارەی دەکەنەوە پێی دەوترێت ئەبستراکت فۆتۆگرافی. ئەم فۆتۆگرافەرانە تێکەڵەیەک لە شتەکانی ڕۆژانە و دیمەنەکان و تەکنیکی فۆتۆگرافی بەکاردەهێنن بۆ دروستکردنی وێنەیەک کە لەگەڵ جۆرەکانی تری هونەری ئەبستراکتدا بگونجێت.

فۆتۆگرافەرانی وەک باربارا کرەین کە لە ساڵی ٢٠١٩ کۆچی دوایی کردووە، لە نزیکەوە ڕەسمەکانی گرتووە و زیادەڕەوی لە بەکارهێنانی سێبەردا کردووە بۆ دروستکردنی دیمەنێکی ناوازە کە بە هۆی باڵەخانە کۆنەکانەوە دیمەنی شارەکە شێوێندرابوو. هەروەها بینا بەرزەکان و بلۆکی شوقەکان گۆڕدراون بۆ وێنەی ئەبستراکتی ئەندازەیی کۆنتراستی بەرز. هەروەها لە ساڵی ٢٠٠٢دا باربارا کرەین وتی: "هەرچەندە لەسەر ئەزموونی ڕابردوو بنیات دەنێم، بەڵام هەوڵدەدەم خووەکانی پێشووی بینین و بیرکردنەوەم بنبڕ بکەم، بەردەوام بەدوای ئەو شتانەدا دەگەڕێم کە لە ڕووی بینراوەوە تازەن بۆ من، لە هەمان کاتدا هەمیشە هیوادارم کە تێکەڵبوونی فۆڕم و ناوەڕۆک ڕووبدات."


سەرچاوەکان



25 بینین