چۆن لە هونەری ئەبستراکت تێبگەین؟

له‌لایه‌ن: - فاتیمە عومەر فاتیمە عومەر - به‌روار: 2024-06-19-18:34:00 - کۆدی بابەت: 13197
چۆن لە هونەری ئەبستراکت تێبگەین؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چۆن لە هونەری ئەبستراکت تێبگەین؟ (بە عەرەبی؛ كيف نفهم الفن التجريدي؟، بە ئینگلیزی: ?How to understand abstract artتێگەیشتن لە هونەری ئەبستراکت ئاسانە تەنها پێویستی بە ئەقڵێکی کراوە و خەیاڵێکی فراوانە. هەروەها کراوەیە بۆ لێکدانەوە و ئەوەش یەکێکە لە سیفەتە جوانەکانی ئەم هونەرە. ئەبستراکت تەنها بۆ مەبەستێکی دیاریکراو بەکارناهێنرێت. بەڵکو پێویستە ئەقڵێکی کراوە و پرسیارکەرت هەبێت؛ دەبێت بچیتە ناو تابلۆکە و بزانیت بەرەو کوێ دەتبات. هونەری ئەبستراکت ئازادیت پێدەبەخشێت کە بەدوای کارە هونەرییەکەدا بگەڕێیت و خۆت واتا بۆ تابلۆکە دابنێیت. ئەمەش وا دەکات ئەزموونی بینەر لە کارێکی هونەریدا دەوڵەمەندتر ببێت.

خەڵکی چۆن لە هونەری ئەبستراکت تێگەشتوون؟

هەموو کەسێک ناتوانێت بە شێوەیەکی سروشتی لە هونەری ئەبستراکت تێبگات. ئەو جۆرە هونەرەیە کە وا لە هەندێک کەس دەکات بە سەرسورمانەوە بڵێن "منداڵە پێنج ساڵانەکەم دەتوانێت ئەوە بکات!". ئەوەی خەڵک هەستی پێناکەن ئەوەیە کە باشترین هونەرمەندەکانی ئەبستراکت توانای وێنەکێشانی ورد و نایابی پێکهاتەکانیان هەیە و تێگەیشتنێکی قووڵیان لە کارکردنی ڕەنگەکان هەیە. زۆربەی هونەرمەندەکانی ئەبستراکت توانای کێشانی گوڵێکی ڕێک و تەواویان هەیە، بەڵام ئەوە ناکەن. هونەرمەندەکان ئەوەیان بەلاوە پەسەندە کە داهێنەریی خۆیان لە دروستکردنی ئەزموونێکی بینراو و ئازاد دەربخەن.

هەروەها هونەری ئەبستراکت هەندێ جار دەبێتە هۆی نیگەرانی خەڵکی، چونکە تەنها بە سەیرکردنێک نازانن هونەرەکە دەربارەی چییە. یان لەبەر ئەوەی وا گریمانە دەکەن کە لە هیچ ناچێت، کەواتە تابلۆکە دەربارەی هیچ شتێک نییە. لەبەر ئەوەی هونەری ئەبستراکت شتگەلێکی ناسراوی تێدا نییە، بۆیە هیچ شتێک نییە دەستی پێ بگرێت و پشتی پێببەسترێت بۆ تێگەشتن لە واتای تابلۆکە. ئەمەش دەبێتە هۆی سەرلێشێواندن و نیگەرانی، بەتایبەت بۆ ئەو کەسانەی کە ڕانەهاتوون بە دانانی واتایەکی تایبەت بۆ ئەو شتەی کە لە پێش خۆیاندا دەیبینن.

هونەری ئەبستراکت دەربارەی چییە؟

هونەری ئەبستراکت لەبارەی هیچ شتێکی دیاریکراو نییە. لە بنەڕەتدا پەیوەندی بە فۆڕم، ڕەنگ، هێڵ، نەخش، پێکهاتە و پرۆسەوە هەیە. ئەمانە سیفەتە فەرمیەکانی کاری هونەرین، باس لەوە دەکەن کە هونەر چۆنە و چۆن دروست دەبێت. هونەری ئەبستراکت گەڕانێکە بۆ ئەم سیفەتە فەرمییانە، واتای هونەرەکە لە چۆنیەتی بەکارهێنانی ئەم سیفەتانەیە بۆ دروستکردنی پێکهاتەیەکی بینراو (هەناوی، مێشک، سۆزداری…چەندانی تر)ەوە وەرگیراوە.

پابلۆ بیکاسۆ چی دەڵێت دەربارەی تێگەشتن لە هونەری ئەبستراکت؟

پابلۆ پیکاسۆ دەڵێت: “هەموو کەسێک دەیەوێت لە هونەر تێبگات. کەواتا بۆچی هەوڵ نادەین لە دەنگی باڵندە تێبگەین؟“

پیکاسۆ دەڵێت: “ناتوانرێت تەنها بە وشە بە شێوەیەکی گونجاو هونەر ڕوون بکرێتەوە، چونکە کاریگەری لەسەر مرۆڤەکان کەسییە و قسە لەگەڵ بەشە نازارەکییەکانی بوونمان دەکات. بۆیە هونەر ئەزموونێکە، دەبێت واز لە دەڕبرینی هونەرەکە بهێنیت بە شێوەی وشە، لێگەرێ با کارە هونەریەکان بتبەنە شوێنێک... تەنانەت بەرزت بکەنەوە بۆ کایە باڵاکان”.

چۆن دەست دەکەیت بە تێگەیشتن لە هونەری ئەبستراکت؟

دەبێت لەگەڵ بەشێکی جیاوازی خۆتدا 'لە هونەری ئەبستراکت تێبگەیت، بەشێک کە ڕەنگە بە شێوەیەکی ئاسایی بەکاری نەهێنیت یان پێی ئاشنا نەبیت. لە بنەڕەتدا دەبێت: قبوڵ بکە کە ئەوە هەر ئەوەیە کە هەیە. هەوڵ مەدە واتایەکی ورد و تەواو بۆ وێنەیەک دیاری بکەیت. سەیری هونەری ئەبستراکت بکە بە هەمان شێوەی ئەوەی کە گوێ لە سیمفۆنیایەک دەگریت. کاتێک گوێ لە مۆسیقا دەگریت، هەوڵ نادەیت دەست بە نۆتەکانەوە بگرێت - ڕێگەیان پێدەدەیت نقومت بکەن. ڕێگە بدە با چاوەکانت بەسەر تابلۆکەدا بگەڕێن بەو شێوەیەی کە نۆتەکانی سەمفۆنیایەک بە ناو ڕۆحتدا نقوم دەبن. با چاوەکانت یاری بە تابلۆکە بکەن، بە گۆشەکاندا بخلیسکن، بەدوای پێچ و پەناکاندا بگەڕێن و لە ڕووی تابلۆکەدا نوقم بن و دەربچن. با چاوەکانت بە دەوری تابلۆکەدا سەما بکەن.

لەبری ئەوەی هەوڵبدەیت بزانیت تابلۆکە لە چی دەچێ، تەنها ڕێگە بە خۆت بدە بچیتە ناو تابلۆکەوە. بزانە چ هەست و سۆزێک یان یادەوەرییەک پیشان دەدات. لێگەڕێ با چاوەکانت ئارام بن و بە دەوری تابلۆکەدا بگەڕێن. سەرنجی ڕەنگەکان، فۆڕمەکان، کەرەستەکان، ڕووکارەکان و چۆنیەتی کارلێککردنیان لەگەڵ یەکتردا بدە. کاتی خۆت وەرگرە، ڕێگە بدە با تابلۆکە قسەت بۆ بکات.

باشترین ڕێگا بۆ تێگەشتن لە ئەبستراکت

باشتر وایە هونەری ئەبستراکت لە نزیکەوە ببینیت بۆ ئەوەی بە تەواوی لە کاریگەرییەکان  تێبگەیت. ئەمەش یارمەتیدەرێکی بێئەندازە دەبێت لە تێگەیشتن لە هونەری ئەبستراکت. ناتوانیت کاریگەری تەواوی پارچە هونەرێک لە وێنەیەکی بچووکەوە لە کتێبێکدا یان وێنەیەکی پێکسڵکراو بەشێوەی سەرهێڵ ببینیت. بەڵام ئەگەر لە نزیکەوە بیبینیت دەتوانیت پێکهاتە، قەبارە، بەرکەوتەی فڵچەی بۆیاخ، درەوشاوەیی یان ماتی ڕووکارەکە بە باشی ببینیت. دەتوانیت لە هەموو سوچێکی ژوورەکەوە هەست بە هێز و کاریگەری تابلۆکە بکەیت.

دەتوانێت لە هەمان ئەو شوێنە بوەستی کە ڕۆژێک وێنەکێشەکە لێی وەستاوە، هەوڵبدەیت لە بیڕۆکەکانی وێنەکێشەکە لە هەر بەرکەتنێکی فڵچەکە بە ڕووکارەکەدا تێبگەیت و هەستیان پێبکەیت. تێگەیشتن لە هونەری ئەبستراکت پێویستی بە تێڕوانینێکی قووڵ هەیە بۆ ئەوەی خۆت واتای پشت کارەکە بدۆزیتەوە. تێگەشتن لێی وەک ستیل لایف، پۆرترەیت، یان فۆڕمێکی تری هونەری  ئاسان نییە، چونکە کراوەیە بۆ لێکدانەوە جیاوازە لە هونەرەکانی تر.


سەرچاوەکان



90 بینین