هۆکاری شکستهێنانی کۆمپانیای هواوی

له‌لایه‌ن: - ئەحمەد سەڵاح ئەحمەد سەڵاح - به‌روار: 2024-07-28-23:15:00 - کۆدی بابەت: 13811
هۆکاری شکستهێنانی کۆمپانیای هواوی

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا و بڕیاری قەدەغەکردنی هواوی لە ئەمریکا 

قەیرانی هواوی و ئەمریکا ئەگەڕێتەوە بۆ ١٥ـی ئایاری ساڵی ٢٠١٩ دوای ئەوەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەوکاتەی ئەمریکا بە بڕیارێك بە ناونیشانی “پاراستنی ئاسایشی ئەمریکا” مامەڵەکردنی لەگەڵ کۆمپانیا چینییەکان قەدەغەکرد. بڕیارەکەی دۆناڵد ترەمپ سەرۆکی ئەمریکا لەسەر بنەمای یاسای ئابووری فریاگوزاری نێودەوڵەتی (IEEPA)ـیە، کە یاسایەکی فیدراڵییە و یاساکە دەسەڵات دەدات بە سەرۆك دەسەڵات بدات بە وەزیری بازرگانی بۆ پێداچوونەوە بە هەر گرێبەستێك کە ئەو کۆمپانیایانەی تێدابێت کە بە مەترسیدار دادەنرێت، لەنێویاندا هواوی هەیە زاڵە بەسەر کەرتی پەیوەندییەکان لە جیهاندا و پێیان وایە لەڕووی سیخوڕییەوە مەترسی لەسەر ئەمریکا دروست دەکات.

لە ساڵی ٢٠١٢ لیژنەیەکی کۆنگرێس هۆشداری دا لە مامەڵەی حکوومەت لەگەڵ هواوی و کارکردنی لەگەڵیدا ناونا بە "مەترسی ئەمنی" هواوی گەورەترین دابینکەری ئامێرەکانی پەیوەندی بوو لە جیهاندا و دووەم گەورەترین کۆمپانیای مۆبایلە زیرەکەکان بوو، بەڵام ئەمریکا پێی وابوو هواوی لەلایەن حکوومەتی چینەوە بۆ سیخووڕیکردن بەکاردەهێنرێت، سەرباری ئەوەی هواوی چەندین جار ئەو تۆمەتانەی ڕەتکردەوە، بەڵام بەپێی چەندین ڕاپۆرت سەلمێنراوە لە هەندێک مۆبایلی هواویدا لاوازی و کەلێنی تیایە بەڵام تا ئێستا نەسەلمێنراوە کۆمپانیاکە یان حکوومەتی چین ئەو لاوازییانەی بۆ مەبەستی سیخووڕی بەکارهێنابێت.

لە مانگی کانوونی دووەمی ٢٠١٩ مێنگ وانژۆ بەڕێوەبەری دارایی کۆمپانیای هواوی لە کەنەدا لەسەر داوای ئەمریکا بە تۆمەتی گواستنەوە و فڕۆشتنی زانیاری نهێنی بۆ وڵاتی ئێران دەستگیرکرا، وەزارەتی دادی ئەمریکا ٢٣ تۆمەتی فەرمی لە دژی هواوی بڵاوکردەوە لەوانە تۆمەتی ساختەکاری و دزینی نهێنییەکانی تەکنەلۆژی لە کۆمپانیا ئەمریکییەکان، دوای دانیشتنی سێ ڕۆژ دەسەڵاتدارانی کەنەدا بە کەفالەتی دە ملیۆن دۆلاری کەنەدی ئازادیان کرد دادگاش مەرجی ئەوەی دا شوێنی نیشتەجێبوونی وانژۆ دیاری کراوبێ و ملوانکەیەك لەبەربکات تاکو شوێنەکەی دیاری بکەن و کەسەکە لەژێرچاودێری بێت.

کاریگەری بڕیاری قەدەغەکردنەکەی ئەمریکا

کاریگەری ڕاستەوخۆی بڕیارەکەی سەرۆکی ئەمریکا لەسەر هواوی و ژمارەیەک کۆمپانیای چینی ئەوەیە لە بڕیارەکەدا هاتووە ناتوانن کۆمپانیا ئەمریکییەکان مامەڵە لەگەڵ هواوی بکەن دیارترینیان کۆمپانیای گۆگڵە مامەڵەی لەگەڵ هواوی قەدەغەکرا، بۆیە خزمەتگوزارییەکانی گۆگڵ ئێستا بەردەست نیین بۆ هواوی تەنها کۆدی سیستمی ئەندرۆید بۆی بەردەستە چونکە ئەوەی ئۆپن سۆرسە و ڕێگەیپێدراوە کۆدەکە بەکاربهێنێت.

هەروەها ئەمریکا داوای لە کۆمپانیاکانی ئوسترالیا کرد بە تەواوی هاوکاری و مامەڵەکردن لەگەڵ هواوی ڕابگرن لە کاتێکدا نیوزلەندا و ژاپۆن و بەریتانیا پەیوەندیان لەگەڵ هواوی نیمچە قەدەغەیە نەکو قەدەغەی گشتی وەکو، ڕێگریکردن لە بەکارهێنانی مۆبایلەکانی هواوی لەناو دامودەزگا فەرمییەکان کاتێک زانیاری هەستیاریان تیایە.

هەڵوێستی حکوومەتی چین و کۆمپانیای هواوی

لێدوانەکانی هواوی جۆراوجۆر بوون و سروشتێکی هێورکەرەوە و نەرمی دیبلۆماسییان بەخۆوە بینی، بەو پێیەی سەرۆکی کۆمپانیاکە ڕێن شینگ ڕایگەیاند ئەمریکا کۆمپانیاکەیان بە کەم سەیر دەکات، لە ڕاپۆرتێکی نیویۆرک تایمزدا لە بەرواری هەشتی حوزەیرانی ٢٠١٩ بڵاوکراوەتەوە حکوومەتی چین لەگەڵ کۆمپانیا گەورەکانی تەکنەلۆژیا کۆبووەتەوە لەوانە مایکرۆسۆفت و دێڵی ئەمریکا و سامسۆنگی کۆریای باشوور بۆ ئەوەی ئاگاداریان بکاتەوە ئەگەر پشتگیری بڕیارەکەی ئەمریکا بکەن فڕۆشتی بەرهەمەکانی ئەو کۆمپانیایانە لە چین قەدەغە دەکرێت.

لە کۆبوونەوەکی تردا سێ دەزگای حکوومی لە لوتکەی پێکهاتەی سەرکردایەتی چینەوە بەشداربوون لە کۆبوونەوەکەدا بۆ پشتگیریکردنی ئەو کۆمپانیایانەی قەدەغەکردنەکە دەیانگرێتەوە، هەروەها هۆشدارییان دا هەنگاوی ئیدارەی ترەمپ بۆ جیاکردنەوەی کۆمپانیا چینییەکان لە تەکنەلۆژیای ئەمریکی بڕیارێکی سیاسییە، هەروەها دەسەڵاتدارانی چین ئاماژەیان بەوە کردووە کۆمپانیاکان پێویستە فشار بەکاربهێنن بۆ وەڵامدانەوەی هەنگاوەکانی حکوومەتی ئەمریکا.


سەرچاوەکان



105 بینین