یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان

له‌لایه‌ن: محمد سمیع - به‌روار: 2020-06-08-14:07:00 - کۆدی بابەت: 120
یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان

ناوه‌ڕۆك

ناساندنی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان

یەکێتی نیشتمانی کوردستان کورت دەکرێتەوە بۆ ی. ن. ک و لەنێو خەڵکدا بە "یەکێتی" ناو دەبرێت، پارتێکی سیاسی عیلمانی لیبراڵیی باشوری کوردستانە لە ناوەڕاستی حەفتاکانی سەدەی ڕابردوو دامەزراوە  کە نیشینگەی سەرەکی دەکەوێتە شاری سلێمانییەوە. یەکێتیی نیشتمانی کوردستان ئەندامە لە ڕێکخراوی سۆسیالیست ئینتەرناسیۆنالی جیھانیی.

دامەزرانن

جەلال تاڵەبانی کە بە مام جەلال ناسرابوو سکرتێری بووە لە سەرەتای دامەزراندنیەوە تاوەکو مردنی لە ساڵی 2017.

پڕۆگرام

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان کاردەکات بۆ دەستخستنی مافی چارەی خۆنووسین بۆ کوردەکان لە عێراقێکی دیموکراتی یەکپارچەدا و داوای چارەسەری سیاسی دەکات بۆ پرسی نەتەوەی کورد لەسەر بنەماکانی دیموکراسی، مافی مرۆڤ و ھەروەھا داننان بە شوناسی نەتەوەیی و کلتوری کورددا. ی. ن. ک کار بۆ پێشکەوتنی کۆمەڵگەیەکی مەدەنی دەکات بە رێکخراوە مەدەنییەکانەوە لە کوردستانی عێراق. ھەڵبژاردنی ئازاد و کراوە، رێکخراوی کۆمەڵگەی مەدەنی، ئازادی رادەبڕین و رۆژنامەوانی و مافە بنەڕەتییەکانی مرۆڤ بە یەکسانییشەوە لەو بابەتانەن کە ی. ن. ک کاری بۆ دەکات. لەبەرئەوەی خۆی لە ئاراستەی سۆشیال دیموکراتی جیھاندا دەبینێتەوە، ی. ن. ک باوەڕی وایە کە سیاسەتی حکومەت و ھێزی بازاڕ دەبێ یەکبخرێت بۆ گەشەیەکی ھاوتای ئابووری و کۆمەڵگا و خۆشگوزەرانی. ی. ن. ک باوەڕی وایە کوردەکان تاکە قوربانی دەستی ڕژێمی عێراق نەبوون و کار بۆ پاراستنی مافی کەمەنەتەوایەتی و کەمایەتییە ئایینییەکانی تر دەکات لە عێراقدا. لەمبارەیەوە، ی. ن. ک کار لەگەڵ نوێنەری جڤاتی تورکمان و ئاشورییەکاندا دەکات، ھەروەھا نوێنەری رێکخراوەکانی ژنانیش. وەک بەشێک لە حکومەتی ھەرێمی کوردستان، ی. ن. ک رێز لە ھەموو جڤاتە سیاسی و کلتوری و قەومییە جیاوازەکان دەگرێت. ئەم دیدە وای کردووە تورکمان و ئاشورییەکان دامەزراوەی فێرکردن و کلتوری خۆیان ھەبێت، ھەروەھا کەنیسەش گەڕاوەتەوە سلێمانی و شارەکانی تر بۆ ئەوکەسانەی کە مەسیحیین. ی. ن. ک چالاکانە بەشێکە لە ھێزە دیموکراتییەکان لە عێراقدا و کار بۆ ھێنانەدی سیستمێکی حوکمڕانی دیموکراتی دەکات بۆ عێراق. ی. ن. ک داوای دەوڵەتێکی دیموکراتی فیدراڵی بۆ عێراق دەکات کە تێیدا کوردەکان و جڤاتە قەومی و کلتورییەکانی تر بتوانن ئابووری، کلتورو کۆمەڵگەی خۆیان بەرەوپێشبەرن.

ئەرک

یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان بانگەشەی وایە کە کار بۆ مافی چارەی خۆنووسین، مافی مرۆڤ و دیموکراسی دەکات، سەرەڕای ئاشتی و ئارامی بۆ کوردەکانی عێراق.

پێکھاتە و سه‌ركردایه‌تی 

له‌ دوای كۆچی دوای جه‌لال تاڵه‌بانی سكرتێری گشتی یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان له‌ ئێستادا یه‌كێتی نیشتیمانی كوردستان به‌ سیسته‌می هاوسه‌رۆكایه‌تی كاره‌كانی به‌ڕێوه‌ده‌بات و له‌لایه‌ن هه‌ریه‌ك له‌ بافڵ جه‌لال تاڵه‌بانی و لاهور شێخ جه‌نگیه‌وه‌ سه‌ركردایه‌تی ده‌كرێت .

ئۆرگانە رێکخراوەییەکانی ی. ن. ک

مەکتەبی رێکخستن

مەکتەبی ڕێکخستن (پێشی دەگووترێت مەکتەب ڕێکخستن) رێکخراوەکانی ی. ن. ک لە سەرتاسەری ھەرێمەکەدا بەڕێوە دەبات و بەرھەمھێنان و بڵاوکردنەوەی بابەتی پەروەردەیی و زانیاری بەسەر ئەندامەکاندا لە ئەستۆی ئەم مەکتەبەیە. جگە لەمانە، سەرپەرشتی و چاودێری پرۆسەکانی ھەڵبژاردن دەکات لە رێکخراوەکەدا بۆ دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاسا و رێنماییەکان. مەکتەبی رێکخستن دەربارەی ھەل‌و مەرجی ئەندامێتی لە ی. ن. ک و پێشنیارەکان بۆ ھێشتنەوەی ی. ن. ک لەئاستێکدا کە زۆرترین ئەندامی ھەبێت، راپۆرت بۆ مەکتەبی سیاسی و ئەنجومەنی سەرکردایەتی بەرز دەکاتەوە. مەکتەبەکە سەنتەرەکانی راھێنان بەڕێوەدەبات کە تێیدا کادرەکان یەکێتی ھۆشیار دەکرێن و رادەھێنرێن لەرووی یاسایی و فکری و مەیدانی سیاسی و رێکاری چالاکییەکان. ئەم راھێنانە ئەندامەکانی پارتەکە ئامادەدەکات بۆئەوەی چالاکانە بەشداری بکەن لە چالاکییەکانی پارتەکەو پێگە ئیدارییەکان لە پارتەکەدا و یان پێگە ئیدارییەکان لە ناوچەکەدا.

مەکتەبی راگەیاندن

مەکتەبی ڕاگەیاندن سەرپەرشتی و بەڕێوەبردنی راگەیاندنەکانی ی. ن. ک ـی لە ئەستۆیە. ئێستا ی. ن. ک چەند کەناڵێکی ھەیە: تەلەفزیۆنی گەلی کوردستان (لە سلێمانی)، کە کەناڵی سەرەکی تەلەفزیۆنە و چەند کەناڵێکی تری تەلەفزیۆنی ناوخۆیی لە شارو شارۆچکەکاندا لە ناوچەکە، دەنگی گەلی کوردستان، کە رادیۆیەکە پەخشی کوردی و عەرەبیی ھەیە. دەگاتە سەرتاسەری ڕۆژهه‌ڵاتی ناوه‌ڕاست و ئەورووپا. کوردستانی نوێ ، رۆژنامەیەکی رۆژانەیە، ھەفتەنامەی ئەلئیتیحادی عەرەبی و (زی مۆنیتەر)، چاپکراوێکی رۆژانەی کوردی و عەرەبییە، کە چاودێری ئاژانسە جیھانییەکان دەکات دەربارەی ئەو بابەتانەی تایبەتن بە کوردو عێراقەوە.

مەکتەبی رێکخراوە دیموکراتییەکان

مەکتبەی ڕێکخراوە دیموکراتییەکان وەک ھاوکارێکی رێکخراوە پیشەیی و کلتورییەکان کاردەکات نمونە وەک کۆمەڵەی خوێندکارانی کوردستان، یەکێتیی ژنانی کوردستان و کۆمەڵەی نووسەران.

مەکتەبی ئیدارەو دارایی

مەکتەبی ئیدارە و دارایی گشتی کاروباری دارایی و ستافی کارگێڕی رێکخراوەکە بەڕێوەدەبەن. ئەنجومەنی سەرکردایەتی لە رێگەی کۆمیسیۆنێکی وردبینییەوە چاودێری چالاکییەکانی ئەم مەکتەبە دەکات.

مەکتەبی مافی مرۆڤ

مەکتەبی مافی مرۆڤ بەمەبەستی چاودێریی ھەلومەرجی مافەکانی مرۆڤ لە کوردستانی عێراقدا بنیاد نرا، بە تایبەت بۆ لەبەرچاوگرتنی ھەڵسوکەوتی ئەندامانی ی. ن. ک و سەرکردایەتییەکەی. ئەم مەکتەبە وەکو ھاوکارێکی رێکخراوە ناوخۆییەکانی مافی مرۆڤ کاردەکات و بە شێوەیەکی بەرفراوان ھەڵمەتی ھۆشیارکردنەوە دەربارەی بنەماکانی مافی مرۆڤ، رۆڵی یاسا و دیموکراسی ئەنجامدەدات. ھەروەھا بۆ دڵنیابوون لە پابەندیی ی. ن. ک بۆ جاڕنامەی جیھانی مافی مرۆڤ. ئەم مەکتەبە راستەوخۆ راپۆرتەکانی بۆ سکرتێری گشتی ی. ن. ک بەرز دەکاتەوە.

مەکتەبی کۆمەڵایەتی

مەکتەبی کۆمەڵایەتی بە ھەماھەنگی لەگەڵ دەسەڵاتی ناوچەکە، ئەم مەکتەبە کارئاسانی بۆ چارەسەری کێشە کۆمەڵایەتییەکان دەکات، بەتایبەت لەو بابەتانەدا کە پەیوەستە بە زەوی و زار و کێشەی عەشایرییەوە.

مەکتەبی شەھیدان

ئەرکی سەرپەرشتیکردنی کاروباری پەیوەند بە شەھیدان و دابینکردنی مافەکانی شەھیدانە، بەپێی ئەو یاسا و ڕێسایانەی کە لە داموو دەزگاکانی ی. ن. ک و حکومەتدا دیاری کراوە. ھەروەھا بەرنامە بۆ ڕاگرتنی سەروەری و یادی شەھیدان و تۆمارکردنی میژووی خەباتیان دا دەڕێژێت و پلانی جێبەجێکردنیان دادەنێت. ئەم مەکتەبە بەشێکی تایبەت دەکاتەوە بۆ سەرپەرشتیکردنی کاروبار و پێداویستییەکانی نەوەکانی شەھیدان، کە لەلایەن نەوەکانی شەھیدان خۆیانەوە سەرپەرشتی دەکرێت.

دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان

دەزگای خزمەتی پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان پێکدێت لە ٥–٧ ئەندام دەزگا. ئەرکی دەزگاکە بریتییە لە پێشکەشکردنی خزمەت و ڕێزلێنانی پێویست و شایستە بە پێشمەرگە و ڕێکخستنی دێرین و زیندانە سیاسییەکان. ھاوکات کار بۆ بە دواداچوونی داخوازییەکانیان لە مەڕ دابینکردن و جێبەجێکردنی مافەکانیان بەپێی یاسا و ڕێنماییەکان وڕەچاوکردنی یەکسانی، دەکات. کاردەکات بۆ داکۆکیکردن لە سەروەری و بەرھەمی خەبات و تێکۆشانیان. پێشمەرگە و تێکۆشەرە دێرینەکان، بە حوکمی خەباتیان لە ھەر دەزگایەکدا بن، لە کاتی پێشێلکردنی مافە یاساییەکانیان، مافی خۆیانە لە ڕێگەی ئەم دەزگایەوە بەرگری لە خۆیان بکەن.

مەکتەبی پەیوەندییە گشتیەکان

مەکتەبی پەیوەندییە گشتییەکان پێکدێت لە (٩) ئەندام مەکتەب. مەکتەبی پەیوەندییەکان ئەرکی ڕێکخستن و پەرە پێدانی پەیوەندی ی. ن. ک ـە لەگەڵ لایەنە سیاسییەکانی ھەرێمی کوردستان و عێراق و ولاتانی دەرەوە دەگرێتە ئەستۆ. مەکتەبەکە لە چەند بەشێک پێک دێت و ھەر بەشێک ئەندام مەکتەبێک سەرپەرشتی دەکات.

دەزگای چاودێریی دارایی

دەزگای چاودێری دارایی پێکدێت لە ٧ ئەندام دەزگا بە لێپرسراوەکەیەوە کە خەڵکی پسپۆڕن لەو بوارەدا. چاودێری چۆنیەتی داھات و خەرج دەکات لە گشت ئۆرگان و مەکتەب و دەزگاکان ی.ن.ک. پەیوەندی ڕاستەوخۆی بە سکرتێری گشتی ی. ن. ک ـەوە دەبێت. ڕاپۆرتی وەرزیی و ساڵانە پێشکەش بە سکرتێری گشتی دەکات.

مەکتەبی چاودێریی و بەدواداچوون

مەکتەبی چاودێری و بەدواداچوون پێکدێت لە ٧ ئەندام مەکتەب. ئەرکی چاودێری کردنی ڕەوشی کاروباری ئۆرگانەکان و بە دواداچونی ئیشوکارەکانیان دەگرێتە ئەستۆ. لە کەمو کوڕی ئۆرگانەکان دەکۆڵێتەوە و ڕاپۆرت لەو بارەیەوە ئامادە دەکات و بۆ کۆمیتەی سەرکردایەتی بەرز دەکاتەوە.

ئەکادیمیای ھۆشیاری و پێگەیاندنی کادیرا

پێکھاتە و ئەرکەکانی ئەکادیمیای ھۆشیاری و پێگەیاندنی کادیران: ئەم ئەکادیمیایە بە پێی پێویست پێکدێت لە چەند کادریرێکی شارەزاو پسپۆڕ. کردنەوەی خول لە بواری جیا جیادا بۆ کادیرانی ی. ن. ک لە ناوەوە و دەرەوەی وڵات. ھەروەھا ڕێکخستنی ئەرشیف و دۆکیومێنت کردنی مێژووی ی. ن. ک و دەرکردنی گۆڤارێکی فیکری. بایەخدان بە توێژینەوە و بیر و ڕۆشنبیریی ھاوچەرخ و سازکردنی کۆڕ و کۆنفرانس. ئامادە کردنی لێکۆڵینەوەی ناو بە ناو دەربارەی رووداوەکانی ناوچەکە، جیھان و ئاڕاستەکانی ڕای گشتی خۆماڵی کە تایبەتە بە ئەندامانی کۆمیتەی سەرکردایەتی و ئۆرگانەکان.

دەزگای ھەڵبژاردن

دەزگای ھەڵبژاردن پێکدێت لە ٥–٧ ئەندام و ئامادەکاریی و سەرپەرشتی ھەڵبژاردنەکان بە ھەموو قۆناغەکانیەوە دەکات، کە بریتین لە ئامادەکردنی لیستی دەنگدەران و پاڵێوراوان، ڕاگەیاندنی پرەنسیب و ڕێساکانی ھەڵمەتەکانی ھەڵبژاردن، ڕێکخستنی پرۆسەی دەنگدان، جیاکردنەوەی دەنگەکان، وردبوونەوەی لە تانە و سکاڵاکان و ڕاگەیاندنی ئەنجامەکانی ھەڵبژاردن. دەزگای ھەڵبژاردن، سەرپەرشتی ھەموو ئەو ھەڵبژاردنانە دەکات کە لە دەستووری عێراق و یاساکانی ھەڵبژاردنی پەرلەمانی عێراق و پەرلەمانی کوردستاندا ئاماژەیان بۆ کراوە، لەگەلا ھەموو ھەڵبژاردنەکانی ناو خۆی ی. ن. ک و ڕێکخراوە دیموکراتییەکان بە ھەموو قۆناغەکانیەوە. دەزگای ھەڵبژاردن، لە پەیڕەوی کاری خۆیدا ئەو بەش و ئەرکانە دیاری دەکات کە لە کۆمسیۆنی ھەڵبژاردندا لە کۆنگرەدا پەسەند کراوە.


1/6/1975 لە وڵاتی سوریا دامەزراوە لە یەکگرتنی چەندباڵێک کە دیارترینیان شۆڕشگێڕان بەسەرپەرشتی جەلال تاڵەبانی و کۆمەڵەی ڕەنجدەرانی کوردستان بەسەرپەرشتی نەوشیروان مستەفا بوو. 

ئه‌زموونی ڕامیاری

جەلال تاڵەبانی کە پێشتر سەرکردەی یەکێتی قوتابیانی کوردستانی پارتی دیموکراتی کوردستان  بووە سکرتێری گشتی یەکێتی نیشتیمانی کوردستان بوولە کاتی دامەزراندنییەوە لە 1975 تاوەکو کۆچی دوایی لە 2017.


ئەندامانی ئەنجومەنی سەرکرایەتی کە 32 کەسن سکرتێری گشتی و 11 ئەندامی مەکتەبی سیاسی ھەڵدەبژێرن.


لەساڵی 2009 بزوتنەوەی گۆڕان بەسەرۆکایەتی نەوشیروان مستەفا و چوار ئەندام مەکتەب سیاسی لێی جیابوەوە و 25 کورسی لە پەرلەمانی کوردستان بەدەستهێنا و لەسنوری ناوچەی سلێمانی و گەرمیان و هەڵەبجە و ڕاپەڕین کە پێشتر بەزۆنی سەوز دەناسرا بنکەی جەماوەری خۆی قایم کرد و ناوچەکەش لەوبەروارەوە بە زۆنی سەوز و نیلی کەئاماژەیە بۆ ڕەنگی بزوتنەوەی گۆڕان ناسرا.


لەدوای مردنی مام جەلال تائێستا کەس سکرتێری گشتی نییە و کۆسرەت ڕەسوڵ و بەرهەم ئەحمەد ساڵح وەک جێگری سکرتێر کارەکان ڕایی دەکەن.


سەرباری ئاڕاستەی کارکردنی جیاواز و شەڕی ناوخۆ لە دوای ڕاپەڕینی 1991 ەوە لەگەڵ پارتی دیموکراتی کوردستان کە یەکەمین پارتی باشوری کوردستانە پێکەوە هەرێمی کوردستان بەڕێوەدەبەن.


لە ئێستادا خاوەنی سەرۆک کۆماری عێراق و 18کورسی پەرلەمانی عێراق و 21 کورسی لە پەرلەمانی کوردستانە.


سەرچاوەکان

450 بینین