ناوهڕۆك
ناردنی پێغەمبەر (د.خ) بۆ لادێ
لەو سەردەمەدا وا باو بووە منداڵ دەنێردرایە لادێ تا زمانی پاراو بێت و لە ئاو و هەوایەكی خۆش و پاكدا گەورە بێت شارەزایی بار و دۆخی ژیانی لادێ ببێت تا دواتر بتوانێت كەسێكی لێهاتوو بێت.
پێغەمبەر كە لە لای باپیرەی و لەگەڵ دایكی ژیانی بەسەر دەبرد، لە لایەن باپیرەیەوە نیردرا بۆ لادێ تا لەوێ گەورە ببێت، ئەمەش لەو كاتەدا بوو كە هێشتا پێغەمبەر شیری دەخوارد و زۆر منداڵ بوو.
عبدالمطلب پێغەمبەری دایە دەست خێزانێكی هەژاری نێو لادێ كە ناوی ئەو ژنە حەلیمە بوو.
حەلیمە واتای چیە؟
بە واتای نەرم و نیان و هێدی و خاوەن سۆز دێت ئەمەش بۆ ئەوەی ڕەفتاری پێغەمبەر(د.خ) لە دواتردا بەو جۆرە بێت، حەلیمە لەگەڵ میردەكەی و منداڵەكانیدا چوون بە لای مەككەدا، ئەوان گوێ درێژێكی بێ توانا و خاو و خلیچكیان هەبوو و لە هاو ڕێگاكانیان دواكەوتبوون، بەڵام نەیاندەزانی ئەو دواكەوتنە هۆكاری بەختەوەر بوونیانە و خوای گەورە یارمەتیان دەدات، ئەوان كاتێك پێغەمبەریان برد بۆ لای خۆیان گوێ درێژەكەیان بە هێز و بە پەلە بوو، كەوتنە پێش هاوڕێكانیان، هاوڕێكانیشیان بە سەرسوڕمانەوە سەیریان دەكردن.
چ سوودێك وەردەگرین لەم ڕووداوەدا؟
لەم ڕووداوەدا فێری ئەوە دەبین كە هەندێ شت هەیە لای ئێمە باش و خۆش نیە، بەڵام لای خوای گەورە باشە و سوودی هەیە بۆ ئێمە، چونكە حەلیمە و مێرد و منداڵەكانی حەزیان نەدەكرد دوا بكەون، كەچی خوای گەورە بە هۆی ئەو دواكەوتنەوە پێغەمبەری دانە دەست كە بە پەلە خوای گەورە ژیانی خۆش كردن و وای كرد لە هەژاری ڕزگاریان ببێت.
هەروەك فێری ئەوە دەبین كە هەرگیز بێ هیوا نەبین لە خوای گەورە، چونكە خوای گەورە هەمیشە ئاگای لە ئێمەیە تەنانەت كاتێك ئێمە دەخەوین و ئاگامان لە خۆمان نیە، خوای گەورە ناخەوێت و ئاگای لە ئێمەیە.
بەڵێ!.. حەلیمە پێغەمبەری بردەوە لەگەڵ خۆیدا بۆ لادێ، لەوێ ئەركی شیرپێدان و گەورەكردن و پەروەردەكردنی پێغەمبەری گرتە ئەستۆی خۆی، كاتێك بینی بەهۆی پێغەمبەرەوە لە هەژاری ڕزگاریان بووە و مانگاكانیان شیریان زیاتر بووە و گوێ درێژەكەیان بەهێز بووە و خۆراكیان زۆر بووە حەزی دەكرد زیاتر گرنگی بە پێغەمبەر بدات بۆیە دەیویست شیری هەردوو مەمكی بدات بە پێغەمبەر، بەڵام پێغەمبەر تەنها بەشەكەی خۆی دەخوارد و دوای ئەوە هیچی نەدەخوارد.
چ وانەیەك فێر دەبین لەم ڕەفتاری پێغەمبەردا؟
فێر دەبین تەنها بەشی خۆمان بخۆین و بەشی زیاتر نەخۆین، چونكە خەڵكی تریش وەك ئێمە مرۆڤن و گوناهە بەشەكەیان بخۆین.
ئەگەریش گەورەكانمان ویستیان بەشی برا و خوشك و هاوڕێكانمان بدەن بە ئێمە، نابێت ئێمە لەم كارە قبووڵ بكەین و دەبێت لە بەشی خۆمان زیاتر نەبەین.
ڕووداوێكی گرنگ
ڕۆژێكیان پێغەمبەر لەگەڵ منداڵەكانی حەلیمەدا كە برای شیری پێغەمبەر بوون چوون بۆ دەرەوە بۆ لەوەڕاندنی ئاژەڵەكان، لەوێ كەوتنە گاڵتە و یاری كردن لە ناكاو دوو كەسی گەورەی جلوبەرگ سپی كە قاپێكی زێڕینیان پێ بوو هاتن و پێغەمبەریان گرت و سنگیان هەڵدڕی، منداڵەكان تەواو ترسان و ڕەنگیان گۆڕا و بە پەلە ڕایان كردەوە بۆ ماڵ و هەواڵیان دا بە دایكیان، كە دوو پیاو پێغەمبەریان كوشت و حەلیمەش بە پەلە ڕای كردە دەرێ و چوو بۆ لای پێغەمبەر سەیر دەكات پێغەمبەر چاك بووەتەوە، بەڵام ترساوە و ڕەنگی زەرد بووە و بێ تاقەت دیارە، بۆیە حەلیمە زانی ئەو ڕووداوە ڕاستە، حەلیمە ترساو بڕیاریدا پێغەمبەر بباتەوە بۆ لای باپیرەی و دایكی لە ترسی ئەوەی شتێكی بەسەر نەیەت. بەمە پێغەمبەر لە ژیانی لادێ و گوندەوە چوویەوە بۆ ژیانی قەرەباڵغی و شار و لە برا شیریەكانی دووركەوتەوە.
ئەو دوو كەسە كێ بوون سنگی پێغەمبەریان هەڵدڕی؟ ئەی بۆچی وایان كرد؟
ئەو دوو كەسە دوو فریشتەی میهرەبانی خوای گەورە بوون، ئەوان هاتن تا چی پیسی و خراپە هەیە لە دڵی پێغەمبەردا لایبەن و لە جیاتیدا چاكەیان دانا و دڵی پێغەمبەریان لە قاپێكی زێڕیندا شۆرد.
لەمەوە بۆمان دەردەكەوێت كە:
1- فریشتەكان ئێمەیان خۆش دەوێت و چاكەی ئێمەیان دەوێت نەوەك خراپە.
2- ئەبێت هەوڵ بدەین خراپەكانی ناو دڵمان بگۆڕین بۆ چاكە، ئەویش بەوە دەبێت كە لە جیاتی قسەی خراپ قسەی چاك بڵێین و لە جیاتی كاری خراپ كاری چاك بكەین.