دایزلالیا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-05-02-20:49:00 - کۆدی بابەت: 12744
دایزلالیا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دایزلالیا (بە ئینگلیزی: Daysalalya, بە عەرەبیدیزالالیامنداڵانی جیهان بە چەندین جۆری کێشەی قسەکردن و گرفتی زمانەوانی و کۆمەڵێک کێشەی ترەوە دەناڵێنن، بەبوونی کەموکوڕی و گرفت لە دەمارەکان یان ماسولکەکان وەیان هەر گرفتێکی ترەوەبێت. دایزالالیاش جۆرێکە لە جۆرەکانی گرفتەکانی قسەکردن لە منداڵاندا.

ناتەواویی لە ئاخاوتن

ناتەواویی ئاخاوتن بریتییە لە  بوونی گرفت لە دەنگی قسەکردن یان چۆنێتی دەربڕینی وشەکان، بۆنموونە لەبری ئەوەی بڵێ (ش) دەڵێت (س)، یان لەوانەیە دەنگەکان بسڕێتەوە یان گۆڕانکاریەکی تەواو لە وشەکەدا بکات بە هەڵە.

دایزلالیا چییە؟

وشەی دایزلالیا وشەیەکی یۆنانیە, (Dys) بە واتای زەحمەتی و (lalein) واتە قسەکردن واتا (زەحمەتی قسەکردن)، کە کەسەکە تێیدا زەحمەتی هەیە لە دەربڕینی  دەنگێکی دیاریکراو یان کۆمەڵە دەنگێک بە شێوەیەکی گونجاو. ئەم حاڵەتە دەتوانرێت دەستنیشان بکرێت کاتێک منداڵەکە هەندێک پیت بەجێ دەهێڵێت و دەرینابڕێت و بێدەنگ دەبێت یان دەنگی هەندێکیان درێژ دەکاتەوە، یان هەمیشە هەمان دەنگ بە دەنگێکی هاوشێوە دەگۆڕێت، ئەمەش شێواوی لە قسەکردندا دروست دەکات، واتە زۆرجار منداڵ پەنا بۆ دەربڕینی دەنگێکی نزیک دەبات بەڵام ئەوە ئەو دەنگە نییە کە لەگەڵ گفتوگۆکەدا بگونجێت لە کۆتایدا منداڵەکە ئەو دەنگە وەک پشتگیری بەکار دەهێنێت. هەروەها بەکارهێنانی ئەم وشەیە بەردەوامە لە ژیانی ڕۆژانەدا بۆ مەبەستی ئەو کێشە (فۆنێتیکیانەی) کە هەندێک منداڵ هەیانە.

جۆرەکانی دایزلالیا

فسیۆلۆژی یان پەرەسەندن 

لێرەدا منداڵەکە لاسایی ئەو وشانە ناکاتەوە کە دەیانبیستێت، هەرچەندە گەشەکردنی بە شێوەیەکی ڕێک و پێک و گونجاوە،  گەشە بەهۆی پێگەیشتنی دیاریکراوی مێشکە، ئەمە لە دەوروبەری تەمەنی ٤ ساڵی ڕوودەدات بە دووبارەبوونەوەی فۆنێتیکی هەڵە دادەنرێت .

ئەندامی

جۆری کارای ئەو بەشەیە کە جومگە پەیوەستە بە ئەندامەکانی دەوروبەر کە کۆنترۆڵی قسەکردن دەکەن، لێرەدا منداڵەکە گۆڕانکاری بەردەوامی هەیە، کە ئەوانیش جێهێشتن یان شێواندنی ئەو دەنگەیە کە چاوەڕێی وتنی دەکرێت.

دەنگ دروستکەر

وەک لە ناوەکەیدا دەردەکەوێت، ئەم دایزلالیایە لە ئەنجامی لاوازی بیستن دەردەکەوێت.

کارایی

هۆکارەکەی پەیوەندی بە گەشەکردنی پڕۆسە مەعریفیەکانەوەیە.

تێکەڵاو

لێرەدە هەمو جۆرەکانی دایزلالیا یان دەرکەوتنی زۆربەی جۆرەکانە لە یەک کاتدا.

بەپێی دەربڕین

بەپێی کێشە تایبەتەکانی دەربڕین یان وتنی ئەلف و بێ، بەم شێوەیە دابەش

دەکرێت :

  • بێتاسیزم: وتنی (ب)
  • دێلتاسیزم: وتنی (د)
  • گاماسیزم: وتنی(گ)
  • کاپاسیزم : وتنی(ک)
  • میستاسیزم: وتنی(م)
  • ڕۆناسیزم: وتنی(ڕ)
  • سیگماسیزم: وتنی(س)

هۆکارەکانی دایزلالیا

منداڵان لە تەمەنی دوای هەشت مانگییەوە دەنگ دەردەكەن، لە دوای تەمەنی دوانزە مانگییەوە وشە دەڵێن، لە هەندێك لە منداڵانیشدا ئەم پرۆسەیە دوا دەكەوێت، تا تەمەنێكی گەورەتر هیچ وشەیەك ناڵێن.

هۆكاری بۆ ماوەیی

ئەگەر منداڵەكە هیچ كێشەی نەبێ و ژیری و زیرەكی تەواوبێت لەوانەیە دایك و باوكی یان كەسێكی تری بەم جۆرە بێت، مەترسی نییە.

كێشەی بیستن

پێویستە چاودێری بكرێ و چارەسەری بكرێ.

هۆكاری دەوروبەر و ژینگەیی

ئەو منداڵانەی لەدایكیان دوورن لەقسەکردن دوادەكەون، خراپی هەڵسوكەوت و توند و تیژی دایك و باوك دەبێتە هۆی دواكەوتنی قسەکردن.

دووانە

ئەو منداڵانەی دووانەن هەندێ جار بەبێ ئەوەی هۆكاری دیاریکراوی هەبێت قسەكردنیان دوا دەكەوێت.

كێشەی ژیری و لاوازی عەقڵی

زۆرجار پەیوەندی بەهێز هەیە لەنیوان ژیریی و دواكەوتنی قسەکردن بۆیە پێویستە بەزووترین كات هۆكارەكەی دیاری بكرێت.

گرفتی تەندروستی

بوونی گرفت لەهەندێک لە ئەندامەكانی لەش و كێشەی نەخۆشی و كەمی هەندێک ماددەی پێویستی لەش.

وەستانی کاتیی قسەكردن

لەوانەیە منداڵەکە بۆ ماوەیەک بە بێ هیچ كێشەیەك لە قسەكردن بوەستێ و دوایی دەست پێدەكاتەوە.

منداڵی یەكەم

زۆرجار هەیە منداڵی یەکەم بە بەراورد بە منداڵەكانی تری دوای خۆی زووتر دەست بەقسەكردن و ئاخاوتن دەكات.

نیشانە لاوەکییەکانی دایزلالیا

نیشانە لاوەکیەکانی ئەم حاڵەتە بریتین لەم چەند نیشانە سەرەکیە:

  • تووڕەبوون
  • فرەجووڵەیی
  • گرفتی کەمی سەرنج بە تایبەتی ئەو مناڵانەی کە شاشە زۆر بەکاردەهێنن.
  • گرفتی کۆمەڵایەتی

تایبەتمەندییەکانی دایزلالیا

  • ئەم ناتەواوییە بە زۆری لە سەرەتای تەمەنی منداڵیدا بڵاوە
  • گرفت لە جیاوازی نەکردنی نێوان پیتەکان.
  • گۆڕینی شوێنی پیتەکان.
  • ناتەواوی یان کەم و کورتی لە ئاخاوتندا.

سەرجەم ئەم تایبەتمەندییانە جیاوازە لە تەمەنێکەوە بۆ تەمەنێکی تر، لە کەسێکەوە بۆ کەسێکی تر.

دەستنیشانکردنی دایزلالیا

لەمیانەی دەستنیشانکردنی دایزالالیا پێویستە ڕەچاوی ئەم خاڵانەی خوارەوە بکەین:

١-بۆ هەڵسەنگاندنی دۆخی منداڵەکە: پێویستە پسپۆڕی بەشی زمان-ئاخاوتن چاو بە نیشانەکانی منداڵەکە و مێژووی پزیشکیەکەیدا بخشێنێتەوە، هەڵدەستێت بەتاقیکردنەوە و هەڵسەنگاندنی ئەو ماسوولکانەی کە بەکاریەن بۆ قسەکردن و پشکنینی تەواو بۆ  منداڵەکە دەکات کە ئایە چۆن دەنگ و وشەکان و دەستەواژەکانی ئاخاوتن بەرهەم دەهێنێت و دەریان دەبڕێت.

٢-تاقیکردنەوەی  بیستن: پێویستە منداڵەکە ببرێت لای پسپۆڕی بیستن بۆئەوەی بزانرێت کە ئایا هیچ کێشەیەکی لە هەستەوەری بیستنیدا هەیە کەبووبێتەهۆی گرفتی قسەکردن لای منداڵەکە.

٣-پێویستە دڵنیابینەوە کە منداڵەکە هیچکام لەم کێشانەی خوارەوەی نەبێت:

  • زمان لکاوی 
  • لێوی کەروێشکی
  • بوونی کون لە مەڵاژوویا
  • بوونی کێشە لە دەنگە ژێیەکانی

٤-پسپۆڕی زمان و قسەکردن تێبینی ئەوە دەکات کە منداڵەکە چۆن لێو و زمانی دەجوڵێنێت لە چالاکیەکانی وەک فووکردن و پێکەنین و ماچکردن.

هەڵسەنگاندنی ئاخاوتن ئەوەیە کە تۆ چاودێری توانای منداڵەکەت دەکەیت بۆ دروستکردنی دەنگ و دەربڕینی وشەکان و داڕشتنی ڕستەکان لەکاتی یاریکردن یان چالاکیەکانی تر.

لەوانەیە پسپۆڕەکە لە کاتی ئەرکەکانی قسەکردندا، بەردەوامی و جووڵەی ماسولکەکانی قسەکردنی منداڵەکەت هەڵبسەنگێنێت. بۆ هەڵسەنگاندنی گونجانی جووڵەی منداڵەکەت لەکاتی قسەکردندا، لەوانەیە پسپۆرەکە داوای لێبکات بڕگەکانی وەک "با-تا-کا" یان وشەی وەک "ئاو - دەست" دووبارە بکەنەوە.

ئەگەر منداڵەکە بتوانێت ڕستەدروست بکات، ئەوە ڕاهێنەر چاودێری ئاواز و ڕیتمی قسەکانی منداڵەکەت دەکات، وەک چۆن چاودێری فشار و فشار خستنە سەر بڕگە و وشەکان دەکات. پسپۆڕی زمان-ئاخاوتن دەتوانێت یارمەتی منداڵەکە بدات کە وردتر بێت لە وتنی وشەیەک، بە هێواشی دەنگدان یان نیشانەدان بە دەست لێدان لە دەموچاوی.

ئەو ڕاهێنانەی کە بۆ گرفتی قسەکردن بەکاردەهێنرێت لە ماڵەوە

لەبەرئەوەی کرداری قسەکردن زۆر گرنگە، لەوانەیە پسپۆڕێکی  ئاخاوتنی منداڵەکەت هانت بدات بۆ بەشداریکردن لە ڕاهێنانی قسەکردنی منداڵەکەت لە ماڵەوە. لەوانەیە کەسی پسپۆر یان ڕاهێنەر ئەو  وشە و دەستەواژانەت پێبڵێت کە بۆ ڕاهێنان لەگەڵ منداڵەکەتدا لە ماڵەوە کە لە کاتی دانیشتنێکی چارەسەری قسەکردندا فێری بووە. هەر دانیشتنێکی ڕاهێنان لە ماڵەوە دەتوانێ کورت بێت، وەک پێنج خولەک، دەتوانیت لە ڕۆژێکدا دوو جار لەگەڵ منداڵەکەت ڕاهێنان بکەیت.

هەروەها  پێویستە منداڵ لە بارودۆخەکانی ژیانی ڕاستەقینەدا ئەو وشەو دەستەواژانەی کە فێریان بووە بەکاریان بهێنێ و پراکتیزەیان بکات مەبەست لە  پراکتیزەکردنی ئەوانەی کە فێری بووە ئەوەیە کە شتەکانی بە شێوەی کرداری بۆ بهێنێت بۆ نموونە گرفتی لە وشەی (لەفەیا) هەیە ،لەفەکە دەهێنیتە بەردەمی و پێی دەڵێیتەوە و دواتر خۆی پراکتیزەی دەکات دەتوانیت وەکو پاداشتێک بۆ دەربرینی وشەکە وەکو خۆی لەفەکەی بدەیتێ. پێویستە ئەو دەستەواژانەی فێر بکەین کە لەژیانی ڕۆژانەیدا پێویستی پێیانە تاوەکو پڕۆسەی فێربوون ئەنجامێکی باشتری هەبێت.

بۆ نموونە، داوا لە منداڵەکە بکە کە بڵێت ”ئاو دەخۆم" بۆئەوەی هەرکات کە تینووی بوو ڕاستەوخۆ بڵێت ئاو دەخۆم. پراکتیزەکردنی وشەکان یان دەستەواژەکان لە بارودۆخەکانی ژیانی ڕاستەقینەدا وا دەکات کە منداڵەکە بە شێوەیەکی ئۆتۆماتیکی ئەو وشانە بڵاو بکاتەوە کە ڕاهێنانتی کردووە لەسەریان.

شێوازی پەیوەندی جێگرەوە

ئەگەر منداڵەکە ناڕێکی توندی قسەکردنی هەبێت و نەتوانێت بە شێوەیەکی کاریگەر پەیوەندی بکات، شێوازی پەیوەندی جێگرەوە دەتوانێت زۆر یارمەتیدەر بێت واتە بەکارهێنانی وێنەو زمانی ئاماژە بەڵام ئەمانە بۆ منداڵێکن کە حاڵەتەکەی توند یاخود زۆر توندبێت کە نەتوانێت فێری قسەکردن ببێت.

شێوازی جێگرەوەی پەیوەندی:

بریتییە لە زمانی نیشانە یان ئاماژە سروشتیەکان، وەک ئاماژەکردن یان خۆ پیشاندان بۆ خواردن یان خواردنەوە. بۆ نموونە، منداڵەکە لەوانەیە نیشانەکان بەکاربهێنێت بۆ دەربڕینی ئارەزووی بۆ کێک. ئامێرە ئەلکترۆنییەکان، وەک تابلێت ئەلکترۆنیەکان، هەندێ جار بۆ پەیوەندی کردن بەسوودن.

هەندێک جار زۆر گرنگە بۆ بەکارهێنانی شێوازی پەیوەندی جێگرەوە زوو. بەکارهێنانی ئەم شێوازانە دەتوانێت یارمەتی منداڵەکەت بدات کە کەمتر تووڕە ببێت کاتێک هەوڵ دەدەیت پەیوەندی بکەیت. هەروەها لەوانەیە یارمەتی منداڵەکەت بدات بۆ گەشەدان بە شارەزایی زمان، وەک وشەکان و توانای پێکەوە بەستنی  وشەکان بۆ دروستکردنی ڕستە.

هەروەها زۆربەی ئەو منداڵانەی کە نەخۆشی منداڵانیان هەیە، گەشەکردنی زمانیان دواکەوتووە و لەوانەیە پێویستیان بە چارەسەر هەبێت بۆ زاڵبوون بەسەر گرفتەکانی زماندا. ئەگەر منداڵەکە گرفتێکی تری جەستەیی هەبوو وەک کەمی بینین و بیستن یاخود گرفتی ماسوولکەکانی قسەکردن ئەوا واباشترە سەرەتا چارەسەری ئەو گرفتانەی بۆبکرێت پاشان ئیش لەسەر باشتربوونی تواناکانی قسەکردنی بکرێت.

چارەسەرکردنی دایزلالیا

  • ڕاهێنانەکان بۆ بەهێزکردن ماسولکەکانی زمان
  • ڕاهێنانەکان بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی هەناسەدان
  • ڕاهێنانەکان بۆ بەهێزکردنی لێوەکان
  • ڕاهێنانەکان بۆ بەهێزکردنی کۆئەندامی دەنگی (قوڕگ و دەنگەژێیەکان)
  • ڕاهێنانەکان بۆ بەهێزکردنی مڵاشووی نەرم و زمانە بچکۆلە و گەروو
  • ڕاهێنانی قوتدان

ڕۆڵی خێزان لە چارەسەرکردنی دایزلالیا

پێویستە خێزان چیبکات لەمیانەی وەرگرتنی چارەسەرەکاندا؟

١-تۆ و خێزانەکەت دەتوانن لە ماڵەوە لەگەڵ منداڵەکەتدان کار بکەن بۆ باشترکردنی کارامەیی زمان و قسەکردنیان. ڕاهێنانەکان لە ماڵەوە ئەنجام دەدرێت، هەروەها دانیشتنەکانی چارەسەری قسەکردنی منداڵەکەت، دەتوانێت یارمەتی پێشکەوتنی منداڵەکەت بدات.

٢-دڵنیابە  کە هانی منداڵەکەت بدەیت و پشتگیری بکەیت کاتێک ڕاهێنان بە قسەکردن و کارامەیی زمان دەکەن. ئەو پشتگیریەی کە تۆ بە منداڵەکەتی دەدەیت دەتوانێت یارمەتیان بدات کە هەست بە باشتر بوون و باشتر بوون بکەن.

٣-ئەگەر منداڵەکەت بەشدارە لە چارەسەری جەستەیی یان پیشەیی، جگە لە چارەسەری ئاخاوتن، لە کاتی جیاوازدا جۆری جۆراوجۆری چارەسەرلە  خشتەیەکدا  بنوسە بۆ ئەوەی منداڵەکەت هەست بە ماندووبوون نەکات لە چارەسەرەکە.


سەرچاوەکان



297 بینین