دواکەوتنی زمان و قسەکردن

له‌لایه‌ن: - چیا طیب چیا طیب - به‌روار: 2024-09-14-15:04:00 - کۆدی بابەت: 14629
دواکەوتنی زمان و قسەکردن

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

دواکەوتنی زمان و قسەکردن (بە عەرەبی: تأخر في الكلام واللغة، بە ئینگلیزی: Speech and Language Delayهەموو منداڵێک بە خێرایی و شێوازی خۆی گەشە دەکات. بەڵام ئەگەر منداڵەکەت وەک زۆربەی منداڵانی هاوتەمەنی خۆی قسەی نەکرد، لەوانەیە بەهۆی دواکەوتنی زمان و قسەکردنەوە بێت.

دواکەوتنی زمان و قسەکردن چییە؟

دواکەوتنی زمان و قسەکردن کاتێک ڕوودەدات کە قسەکردن و زمانی منداڵەکە وەکوو ئەوەی پێشبینی کراوە گەشەسەندن بەخۆیەوە نابینێت. کە ئەمە کێشەیەکی بڵاوە و لە سەدا ١٠ـی منداڵان بەر لە گەیشتن بە تەمەنی قوتابخانە توشی دەبن.

نیشانەکانی دواکەوتنی زمان و قسەکردن

لەوانەیە منداڵەکەت کێشەی دواکەوتنی زمان و قسەکردنی هەبێت ئەگەر نەتوانێت ئەم شتانە بکات:

  • نەتوانێت لە ماوەی ١٢ بۆ ١٥ مانگیدا وشەی سادە و بنەڕەتی وەک دایک یاخود باوک بڵێت، تەنانەت ئەگەر بە شێوەیەکی ڕوونییش نەبێت.
  • لە ماوەی ١٨ مانگیدا، لە وشە سەرەتاییەکانی وەک نەخێر یاخود بوەستە تێنەگات. 
  • لە تەمەنی ٣ ساڵیدا، نەتوانێت ڕستەی کورت درووست بکات و بەکاریان بهێنێت. 
  • لە تەمەنی ٤ بۆ ٥ ساڵیدا، نەتوانێت بارودۆخێک و چیرۆکێکی سادە بگێڕێتەوە.  

هۆکاری دواکەوتنی زمان و قسەکردن چییە؟

باوترین هۆکارەکان بریتین لە:

  • لەدەستدانی بیستن
  • گەشەی هێواش
  • لاوازی هزری

ناڕێکی دیکەی گەشە یاخود بۆماوەیی کە دەتوانن کاریگەرییان لەسەر قسەکردن و زمان هەبێت بریتین لە:

  • نەبوونی کارلێکی کۆمەڵایەتی ( کاتێک منداڵ بە ڕادەی پێویست قسە لەگەڵ کەسانی چواردەور ناکات و تێکەڵ نابێت لەگەڵیان.)
  • دوانە بوون (کە ڕەنگە هەندێک جار کاریگەری لەسەر پەرەسەندنی زمان هەبێت بەهۆی جیاوازی دابەشبوونەوە.)
  • ئۆتیزم (تێکچوونێکی گەشەیە کە کاریگەری لەسەر پەیوەندی و کارلێکی کۆمەڵایەتی دەبێت.)
  • منداڵی بێدەنگ (کاتێک منداڵ لە هەندێک بارودۆخ و شوێندا قسە ناکات.)
  • ئیفلیجی مێشک (تێکچوونێکی جوڵەیە کە لە ئەنجامی تێکچوونی مێشکەوە دروست دەبێت و کاریگەری لەسەر قسەکردن و توانای جوڵە هەیە.)

گەورەبوون لە ژینگەیەکی دوو زمانەدا دەتوانێت کاریگەری لەسەر زمان و گەشەی قسەکردنی منداڵ هەبێت. مێشکی منداڵ دەبێت زیاتر کار بکات بۆ لێکدانەوە و بەکارهێنانی ٢ زمان. لە ئەنجامدا ڕەنگە ئەم منداڵانە کاتێکی زیاتریان بوێت تا دەست بکەن بە بەکارهێنانی یەکێک یاخود هەردوو زمانەکە کە فێری دەبن. ئاساییە منداڵێکی دوو زمانە بۆ ماوەیەک تەنها یەک زمان بەکاربهێنێت.

دواکەوتنی زمان و قسەکردن چۆن دەستنیشان دەکرێت؟

پزیشک دەتوانێت یارمەتیت بدات لە دیاریکردنی هەر دواکەوتنێکی زمان و قسەکردن لە منداڵەکەتدا. ئەوان پرسیار دەکەن دەربارەی ئەوەی کە تێبینیت کردووە و هەڵسەنگاندن بۆ قسەکردن و گەشەی مێشکی منداڵەکەت دەکەن. لەوانەیە پزیشک پێشنیار بکات و بتنێرێت بۆ لای پزیشکی پسپۆڕی دیکە بۆ یارمەتیدان لە دیاریکردنی هۆکارەکانی پشت گرفتی قسەکردنی منداڵەکەت. بۆ نموونە، ئەگەر پزیشکەکە گومانی هەبێت کە منداڵەکەت کێشەی بیستنی هەیە، لەوانەیە بتنێرێت بۆ لای پزیشکی بیستن بۆ ئەنجامدانی پشکینینی بیستن بۆ منداڵەکەت. کە پسپۆڕێکی مۆڵەت پێدراو و شارەزایە لە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردنی کێشەکانی بیستن.

ئایا دەتوانرێت ڕێگری لە دواکەوتنی زمان و قسەکردن بکرێت یاخود خۆی لێ بەدوور بگیرێت؟

بەگوێرەی هۆکاری دواکەوتنی زمان و قسەکردنی منداڵەکەت، لەوانەیە نەتوانیت ڕێگری لێبکەیت یاخود خۆی لێ بەدوور بگریت. 

چارەسەری دواکەوتنی زمان و قسەکردن

لەوانەیە منداڵەکەت پێویستی بە چارەسەر نەبێت، چونکە هەندێک لە منداڵان تەنها کاتێکی زیاتریان دەوێت تا دەست بە قسەکردن بکەن. بەڵام ئەگەر چارەسەرکردن پێویست بێت، جۆری ئەو چارەسەرە پەیوەستە بە هۆکاری پشت دواکەوتنی قسەکردنی منداڵەکەتەوە. پزیشک هۆکاری کێشەکە دیاری دەکات و سەبارەت بە بژاردەکانی چارەسەر قسەت لەگەڵ دەکات. لەوانەیە پزیشکەکە بتنێرێت بۆ لای پزیشکی نەخۆشیەکانی زمان و قسەکردن، کە دەتوانێت ڕێنماییت بکات لەسەر ڕێگاکانی یارمەتیدانی منداڵەکەت بۆ باشترکردنی زمان و قسەکردنی و هەروەها دەتوانێت یارمەتیت بدات لە فێرکردنی کارامەییەکانی وەک گوێگرتن یاخود خوێندنەوەی لێو. 

هەروەها ئاشناکردنی کۆرپە و منداڵانی بچووک بە زمانی ئاماژە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت لە گەشەی زمانیان. بە پێچەوانەی هەڵە باوەکان و ئەوەی هەندێک بیری لێدەکەنەوە، بەکارهێنانی زمانی ئاماژە لەگەڵ کۆرپە و منداڵی بچووک، ڕێگری لە گەشەی زمانیان ناکات.

لەوانەیە پزیشک پێشنیاری ئەوەت بۆ بکات کە سەردانی پزیشکی پسپۆڕی دیکە بکەیت، وەک دەروونناس (پسپۆڕی کێشەکانی ڕەفتار)، چارەسەرکەری پیشەیی (بۆ یارمەتیدان لە چالاکییەکانی ڕۆژانە)، یاخود توێژەری کۆمەڵایەتی (کە دەتوانێت یارمەتیت بدات لە بابەتە خێزانییەکان).

سەرەڕای ئەوەش، لەوانەیە  پێشنیاری بەرنامەکانی تایبەت بە یارمەتی گەشەی منداڵ لە قۆناغە سەرەتاییەکاندا بکات کە لە ناوچەکەتدا بەردەستن، زۆرێک لەم بەرنامانە لە ڕێگەی ناوچەی خوێندنگەکانەوە پێشکەش دەکرێن لەو ناوچەیەی کە دایک و باوکی منداڵەکان تێیدا نیشتەجێن.

مامەڵەکردن لەگەڵ دواکەوتنی زمان و قسەکردن

ئەگەر قسەکردنی منداڵەکەت بەهۆی لەدەستدانی بیستنەوە بوو، ئامێری بیستن یاخود چاندنی لولپێچی گوێ لەوانەیە یارمەتی بدات گوێبیستی قسە بێت. لەوانەیە دەستڕاگەیشتنی بە دەنگ و قسەکردن، ببێتە هۆی پەرەپێدانی زمانی و لە کۆتاییدا بگاتە ئاستی ئەو هاوتەمەنانەی کە توانایی بیستنیان هەبووە.

ئەگەر منداڵەکەت گوێی لە قسە بێت و لێی تێبگات، دەتوانیت هانی بدەیت بۆ قسەکردن بە بەشداریکردن لە گفتوگۆی زۆر لەو شتانەی کە لە دەوروبەری بوونی هەیە. باسی کردارەکانت بکە لە کاتی چالاکییەکانی ڕۆژانەدا و بە بەردەوامی لەگەڵیدا گفتوگۆ بکە. کاتێک قسە دەکات دان بە قسەکانیدا بنێ تا بزانێت کە تێگەیشتووی. هەمیشەش وەڵامێکی ئەرێنی بدەوە بۆ بەهێزکردنی گەشە و پەرەپێدانی زمان و قسەکردنی.

دواکەوتنی زمان و قسەکردن لەوانەیە بۆ دایک و باوک و منداڵانیش قورس و بێزارکەر بێت. ئەو منداڵانەی کە ناتوانن بیر و هەستەکانیان بە ووشە دەرببڕن، ئەگەری زیاترە لە ڕێگەی ڕەفتار وهەڵسوکەوتەوە دەریببڕن. لەوانەیە بە ئاسانی تووڕە ببن یاخود ڕەفتاری چاوەڕواننەکراو نائاسایی نیشان بدەن بۆ ئەوەی سەرنجت ڕابکێشن. لەبیرت بێت منداڵەکەت دەیەوێت قسەت لەگەڵدا بکات. هەوڵبدە کتێبی بۆ بخوێنیتەوە و ئەوەندەی دەتوانیت قسەی لەگەڵدا بکەیت. هانی بدە قسە بکات، کاتێکیش هەوڵ دەدات قسە بکات، ستایشی هەوڵەکانی بکە و دەستخۆشی لێ بکە.

ئەو پرسیارانەی کە پێویستە لەگەڵ پزیشکەکەتدا بیهێنیتە ئاراوە

  • بۆچی منداڵەکەم هێشتا دەستی بە قسەکردن نەکردووە؟
  • ئایا پێویستە زیاتر لەگەڵ منداڵەکەم بدوێم تا یارمەتی بدەم لە چۆنییەتی قسەکردن؟
  • ئایا ئاساییە منداڵەکەم لەم قۆناغەدا قسە نەکات؟
  • وادیارە منداڵەکەم کێشەی هەیە لە تێگەیشتن لەوەی کە دەیڵێم. ئایا دەکرێت ئەمە نیشانەی لەدەستدانی بیستن بێت؟
  • ئایا منداڵەکەم کێشەی گەشەی هەیە؟
  • چی بکەم بۆ ئەوەی یارمەتی منداڵەکەم بدەم باشتر قسە بکات و تێبگات؟
  • ئایا هیچ سەرچاوە و بابەت هەیە کە بتوانم بیخوێنمەوە سەبارەت بە دواکەوتنی زمان و قسەکردنی منداڵ؟
  • ئایا منداڵەکەم دەتوانێت بچێتە قوتابخانە سەرەڕای ئەم ئاستەنگانە؟
  • ئایا هیچ بەرنامەیەکی تایبەت بە یارمەتی گەشەی منداڵ بوونی هەیە؟ ئایا دەکرێت سوودبەخش بێت؟


سەرچاوەکان



36 بینین