ئەو پشکنینانەی بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو پێویستن

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-30-21:23:00 - کۆدی بابەت: 13073
ئەو پشکنینانەی بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو پێویستن

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ئەو پشکنینانەی بۆ منداڵی تازە لەدایکبوو پێویستن (بە ئینگلیزی: The tests that need for newborn، بە عەرەبی: فحوصات اللازمة لٲطفال حديثي الولادة) بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو لە تەمەنی یەک بۆ دوو ڕۆژیدا پێویستە چەند پشکنینێک ئەنجام بدرێن. ئەم پشکنینانە بۆ دڵنیابوون لە بارودۆخی تەندروستی منداڵەکە ئەنجام دەدرێن. دەکرێت منداڵان لە کاتی لەدایکبوونەوە کێشەی تەندروستییان هەبێت، بەڵام هیچ نیشانەیەک دەربارەی ئەم بارودۆخە تیایاندا دەرنەکەوێت. زۆربەی کێشە تەندروستییەکان ئەگەر لە سەرەتادا بدۆزرێنەوە ئەوا دەتوانرێت چارەسەر بکرێن و چارەسەرکردنیشیان ئاسانتر دەبێت. بەم جۆرەش لە دروستبوونی کێشەی تر ڕێگر دەبێت. بەزۆری ئەم پشکنینانە لە ڕۆژی یەکەم یان دووەمی لەدایکبوون پێش بەجێهێشتنی نەخۆشخانە بۆ منداڵەکان ئەنجام دەدرێت.

پشکنینەکان

بریتین لە:

  • پشکنینی فیزیایی، بریتییە لە چەند پشکنینێک بۆ چۆنییەتی لێدانی دڵ، هەناسەدان، توانای ماسولکەکان، کاردانەوە و ڕەنگی پێستی منداڵەکە ئەنجام دەدرێت. ئەنجامی ئەم پشکنینە بەشێوەی پلە پلە واتە بەشێوەی خاڵ لە یەک تاکوو دە دیاری دەکرێت. ژمارە حەوت، هەشت و نۆ لە ئەنجامی پشکنینەکەدا ئاساییە واتە باری تەندروستی منداڵەکە لە باشیدایە.
  • نەخۆشیی بۆماوەیی دڵ.

ئەم نەخۆشییە کاریگەری  لە یەک لە ١٠٠ منداڵدا دەردەکەوێت، دەکرێت ببێتە هۆی مردن و کێشەی تەندروستی ئەگەر چارەسەر نەکرێت. بەڵام بە دەستنیشانکردن و چارەسەرکردن لە کاتی پێویستدا دەکرێت نەخۆشییەکە چارەسەر بکرێت.

  • پشکنینی بیستن

لە ئەمریکا نزیکەی دوو بۆ چوار منداڵ لە هەر ١٠٠٠ منداڵێکی تازە لەدایکبوو، کێشەی بیستنیان هەیە. ئەمەش لە توانای قسەکردن و فێربووندا دەبێتە کێشە، هەر لەبەر ئەمە لە ئەمریکا بۆ هەر منداڵێکی تازە لەدایکبوو پشکنینی توانای بیستن ئەنجام دەدرێت.

جگە لە پشکنینی فیزیایی کە لە سەرەوەدا ئاماژەی پێ کراوە، لەماوەی مانەوەی منداڵەکە لە نەخۆشخانە لەلایەن پزیشک یان پەرستارەکانەوە ئەم پشکنینانە ئەنجام دەدرێت:

  • کێشی منداڵەکە و درێژی باڵای هەروەها پێوانەی سەری.
  • ژماردنی پەنجەکانی دەست و قاچ و تێببینیکردن ئەگەر هەر بەشێکی جەستەی منداڵەکە شێوەیەکی نائاسایی هەبێت.
  • پشکنینی ئەندامەکانی ناوەوە وەک گورچیلە، جگەر و سپڵ لە ڕێگەی دەستلێدان لەم ئەندامانەی منداڵەکە ئەنجام دەدرێت.
  • کاردانەوەی منداڵەکە
  • دیاریکردنی یەکەم میزکردن و پیسایی منداڵەکە بۆ دڵنیابوون لە نەبوونی کێشەی تەندروستی.
  • هەندێک کات ڤیتامین K و یەکەم ژەمی کوتاوی ڤایرۆسی جگەر جۆری B بە منداڵ دەدرێت، پێش ئەوەی نەخۆشخانە بەجێ بهێڵێت.

هەندێک لە منداڵان کاتێک لەدایک دەبن ڕێژەی ڤیتامین K لە لەشیاندا کەمە، بەهۆی ئەمەش شەش کاتژمێر دوای لەدایکبوون ڤیتامین K یان پێدەدرێت تاکوو ڕێگری لە دروستبوونی کێشەی خوێن مەیین بکات.

  • پشکنینی زەردوویی یان تێکڕایی بیلیڕوبینی سیڕەم

ئەم پشکنینە لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا بۆ منداڵانی تازە لەدایکبوو ئەنجام دەدرێت. بەرزبوونەوەی ڕێژەیی بیلیڕوبین لە خوێندا، دەبێتە هۆی زەردوویی و زەردبوونی پێست. لە ڕێگەی وەرگرتنی خوێن لە منداڵەکە ئەم پشکنینە ئەنجام دەدرێت.

ئەگەر لە بارودۆخێکدا منداڵەکە لە نەخۆشخانە لەدایک نەبوو، پێویستە ئەگەر گونجا لە ماڵەوە ئەم پشکنینانە تەواو بکرێت یان منداڵەکە ببرێتە نەخۆشخانە و پشکنینەکانی بۆ ئەنجام بدرێت. پێویستە پێش تەمەنی یەک مانگی ئەم پشکنینانە ئەنجام بدرێن.   


سەرچاوەکان



286 بینین