فشاری دەروونی دوای کارەسات لە منداڵاندا

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-24-14:45:00 - کۆدی بابەت: 13278
فشاری دەروونی دوای کارەسات لە منداڵاندا

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

فشاری دەروونی دوای کارەسات لە منداڵاندا بە ئینگلیزی (Post traumatic stress disorder in children)، بە عەرەبی (اضطراب ما بعد الصدمة عند الأطفال)، فشاری دەروونی دوای کارەسات حاڵەتێکی لاوازکەرە کە دوای ڕووداوێک دێت کە بۆ کەسەکە ترسێنەرە، چ لە ڕووی جەستەییەوە یان لە ڕووی هەڵچوونییەوە، دەبێتە هۆکاری ئەوەی ئەو کەسەی ڕووداوەکەی ئەزموون کردووە بیرکردنەوە و یادەوەری ترسناکی هەبێت یان گەڕانەوە بۆ ڕابردوو بۆ کاتی ناخۆشییەکە. هەندێک جار کاریگەری ڕووداوە زەبر بەخشەکان دوادەکەوێت بۆ ماوەی شەش مانگ یاخود زیاتر، بەڵام کاتێک فشاری دەروونییەکە دوای ڕووداوەکە ڕوودەدات بە گشتی حاڵەتەکە دوای سێ مانگ بەرەو پێش دەچێت. هەندێک لەو کەسانەی کە تووشی فشاری دەروونی دوای کارەسات بوون کاریگەری درێژخایەنیان هەیە و زۆرجار هەست بە بێهێزی هەمیشەی و هەڵچوون دەکەن. 
لە منداڵاندا بە زۆری دەبێتە هۆی شڵەژانی هەمیشەیی. 

کێ تووشی فشاری دەروونی دوای کارەسات دەبێت؟ 

نزیکەی لە %٤ی منداڵانی خوار تەمەن ١٨ ساڵ لە تەمەنیاندا تووشی جۆرێک لە زەبر و زەنگ دەبن کە دەبێتەوە هۆی تێکچوونی فشاری دەروونی دوای زەبر. بەپێی ئاماری پەیمانگای نیشتیمانی تەندروستی دەروونی، لەو منداڵ و هەرزەکارانەی کە تووشی زەبر و زەنگ بوون، نزیکەی لە %٧ی کچان و لە %٢ی کوڕان تووشی فشاری دەروونی دوای کارەسات بوون. 

هۆکاری فشاری دەروونی دوای کارەسات لە منداڵاندا چییە؟

ڕووداوێکی زەبر بەخش کە دەبێتە هۆی فشاری دەروونی دوای کارەسات لەوانەیە یەکێک لەمانە بێت: 

  • شتێک کە بەسەر منداڵەکەدا هاتووە.
  • شتێک کە بەسەر کەسێکی نزیک لە منداڵەکەوە هاتووە.
  • شتێک کە منداڵەکە بینویەتی. 

منداڵ یان هەرزەکارێک لەوانەیە تووشی فشاری دەروونی دوای کارەسات ببێت لە دوای یەکێک لەم ڕووداوانە

  • ڕووداوی خراپ، وەک وێرانبوونی ئۆتۆمبێل یان شەمەندەفەر. 
  • کارەساتی سروشتی، وەک لافاو یان بوومەلەرزە. 
  • کارەساتی دروستکراوی مرۆڤ وەک: بۆردوومان. 
  • هێرشی کەسی توندوتیژ، وەکو: تاڵانکردن، دەستدرێژیکردن، ئەشکەنجەدان، یان ڕفاندن.
  • دەستدرێژی سێکسی.
  • ئازاردانی سۆزداری یان قسەی ناشرین. 
  • پشتگوێخستن. 

نیشانەکانی فشاری دەروونی دوای کارەسات چین؟ 

منداڵان و هەرزەکارانی تووشبوو بە فشاری دەروونی دوای کارەسات تووشی ناڕەحەتییەکی زۆری هەڵچوونی و دەروونی و جەستەیی دەبن، کاتێک ڕووبەڕووی ئەو دۆخانە دەبنەوە کە ڕووداوە زەبر بەخشەکەیان بیردەخاتەوە. هەندێکیان لە ڕۆژدا چەندین جار زەبر و زەنگەکە لە شێوەی بیرەوەری تێکدەردا بێتەوە یادیان و هەروەها هەریەکێک یان هەموو ئەمانەی خوارەوە ئەزموون بکەن: 

١. تێکچوونی خەو
٢. خەمۆکی
٣. هەستکردن بە لەرزین
٤. بە ئاسانی تووشی شۆک بوون و ڕاچەڵەکین
٥. لەدەستدانی ئارەزووی ئەو شتانەی کە پێشتر چێژیان لێ وەرگرتووە، هەستکردن بە بێهێزی
٦. کێشە لە میهرەبانی و دڵنەرمی
٧. تووڕەبوون، شەڕانگێزی، توندوتیژی
٨. لە دەستدانی پەیوەندی لەگەڵ ڕاستیدا
٩. خەمی مردن لە تەمەنێکی بچوکد
١٠. نیشانەی جەستەییەکان (وەک سەرئێشە یان ئازاری گەدە).

ئایا هەمیشە زەبر و زەنگ دەبێتە هۆی فشاری دەروونی دوای کارەسات؟ 

نەخێر، تێپەڕین بە زەبر و زەنگدا هەمیشەی نابێتە فشاری دەروونی، زۆربەی ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی کە بە زەبرێکدا تێپەڕدەبن تووشی فشاری دەروونی دوای کارەسات نابن. بەڵام زۆربەیان هەست بە کاریگەرییەکانی زەبر و زەنگ دەکەن، ئاساییە کاردانەوە هەبێت بەرامبەر بە ڕووداوێکی قووڵی فشاری، زۆربەیان هەستی ناڕەحەتی و بیرکردنەوە لە زەبر و نیشانەکانی تری ناڕەحەتییان دەبێت، ئەمەش ڕەنگە بۆ ماوەیەکی کورت بخایەنێت، هەندێکجار چەند ڕۆژێک یان هەفتەیەک، بە ئاسوودەیی و گوێگرتن و پشتگیری، زۆربەیان دەتوانن ڕێگایەک بدۆزنەوە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئەو شتانەی بەسەریان هاتووە. فشاری دەروونی دوای کارەسات کاتێک گەشە دەکات کە زەبرێک زاڵ ببێت بەسەر توانای منداڵەکە بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی، منداڵان و هەرزەکانی تووشبوو بە فشاری دەروونی دوای کارەسات پێویستیان بە یارمەتی زیاترە بۆ ئەوەی لە پڕۆسەی مامەڵەکردن تێپەڕببن. 

جیاوازی نێوان فشاری دەروونی دوای کارەسات لە منداڵان و لە گەورەکاندا. فشاری دەروونی دوای کارەسات لە گەورەکاندا بەهەمان شێوەی منداڵان ڕوودەدات، هۆکار و نیشانەکانی وەکو یەکن، بەڵام گەورەکان زیاتر لە منداڵان دەتوانن باسی هەست و ئەزموونەکانیان بکەن. هەروەها ئەو منداڵانەی کە تووشی فشاری دەروونی دوای کارەسات بوون، ئەگەری کاردانەوەی جەستەییان زیاترە بەرامبەر بە ترس یان دڵەڕاوکێ بە بەراورد بە گەورەکان. ئەمەش لەبەری ئەوەیە کە منداڵان بە قورسی تێدەگەن کە ئەو ڕووداوە زەبربەخشە دووبارە نابێتەوە. چارەسەری نەخۆشی فشاری دەروونی دوای کارەسات. 

١. تەمەنی منداڵەکە و تەندروستی گشتی و مێژووی پزیشکی. 
٢. ئاستی نیشانەکانی منداڵەکە.
٣. خۆڕاگری منداڵ بۆ دەرمان یان چارەسەری تایبەت.
٤. ئەو شتانەی چاوەڕوان دەکرێت بۆ ڕەوتی نەخۆشییەکە. 
چارەسەری فشاری دەروونی دوای کارەسات لە منداڵاندا بە زۆری بەندە بە سروشتی ڕووداوە زەبر بەخشەکە و کاتی ڕووداوەکە و چەند منداڵەکە بەرکەوتووە، هەندێک لە منداڵان بە زەحمەت لە ڕووداوێکی زەبربەخش چاک دەبنەوە تەنانەت بە یارمەتیدان و پشتیوانی خێزان و هاوێیان. بژاردەکانی چارەسەرکردنی فشاری دەروونی دوای کارەسات لە منداڵاندا بریتیە لە: 

  • چارەسەری مەعریفی ــ ڕەفتاری: ئەمە ستراتیجییەکی ڕەفتارییە کە یارمەتیدەرە بۆ گۆڕینی بیرکردنەوە  نەرێنییەکان. 
  • چارەسەری یاریکردن: ئەم جۆرە چارەسەرە یارمەتیدەرە بۆ چارەسەرکردنی ئەو منداڵە بچوکانەی کە ناتوانن ڕاستەوخۆ مامەڵە لەگەڵ زەبر و زەنگدا بکەن. 
  • دەرمان: لەوانەیە پزیشک هەندێک دەرمان بۆ چارەسەرکردنی نیشانە توندەکانی دڵەڕاوکێ و خەمۆکی بنوسێت، کاتێک ئەم نیشانانە نەماون، دەرمانەکان وەستاون و منداڵەکە دەچێتە چارەسەرکردن تاوەکو چاکبوونەوەی تەواوەتی.چارەسەر چۆن یارمەتیدەرە؟ 

چارەسەری زەبر ڕێگەیەک دەدات بە منداڵ بۆ ئەوەی بە سەلامەتی هەستەکانیان بەیەکەوە باس بکەن، چیرۆکەکانیان بگێڕنەوە و پشتگیری وەربگرن. لە چارەسەرکردندا منداڵان فێری کارامەییەکانی ڕووبەڕووبوونەوە و هێورکردنەوە دەبن بۆ ئەوەی یارمەتیان بدات مامەڵە لەگەڵ ئەو دڵەڕاوکێیەدا بکەن کە هەستی پێدەکەن دوای زەبرێک، ئەمەش قسەکردن لەسەر ئەو شتانە ئاسانتر دەکات کە بەسەریاندا هاتووە. 

لە ڕێگەی چارەسەرکردنەوە منداڵان فێردەبن هەندێک لە بیرکردنەوەکانیان سەبارەت بە زەبر و زەنگەکە ڕێک بخەن، فێردەبن واز لە هەر تاوانباربوونێک یان شەرمێک بهێنن سەبارەت بەو شتەی بەسەریان هاتووە، هێواش فێر دەبن ڕووبەڕووی ئەو شتانە ببنەوە کە پێشووتر خۆیان لێ دووردەخستەوە. چارەسەر یارمەتی منداڵ دەدات بۆ بەدستهێنانی بوێری و متمانە بەخۆبوون، منداڵان خاڵە بەهێزەکانیان بەکاردەهێنن بۆ مامەڵەکردن. خۆپاراستن لە نەخۆشی فشاری دەروونی دوای کارەسات. 

ڕێوشوێنی خۆپارێزی بۆ کەمکردنەوەی ڕوودان یان کەمکردنەوەی ئەگەری ئەزموونە زەبربەخشەکان لە منداڵاندا 

  • منداڵان فێری ئەوە بکرێن کە ئاساییە بڵێیت نەخێر بە کەسێک کە هەوڵدەدات دەست لە جەستەی بدات یان وای لێبکات هەست بە ناڕەحەتی بکات. 
  • پێشکەشکردنی پشتگیری یان ڕاوێژکاری گونجاو بۆ ئەو منداڵ و هەرزەکارانەی کە ڕووداوێکی زەبربەخشیان بەسەر هاتووە. 
  • هاندان و بڵاوکردنەوەی پڕۆگرامەکانی خۆپارستن لە ناو کۆمەڵگا یان سیستەمی قوتابخانە ناوخۆییەکان.


سەرچاوەکان



21 بینین