چۆن ببم بە کەسێکی خۆڕاگر 

له‌لایه‌ن: - ڤێنوار زاهیر ڤێنوار زاهیر - به‌روار: 2022-09-03-20:56:00 - کۆدی بابەت: 10135
چۆن ببم بە کەسێکی خۆڕاگر 

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

چۆن ببمە کەسێکی خۆڕاگر (بە ئینگلیزی: How to become more patient، بە عەرەبی: كيف تصبح أكثر صبراً)، کەسانی خۆڕاگر لە توانایاندایە بەسەر بارودۆخە سەختەکانی ژیانیاندا زاڵبن و بەهێمنی بمێننەوە. بۆ چەند خولەکێک بیربکەوە، هەموو کەسێک دەیەوێت بەبێ چاوەڕێکردن بگات بەو شتەی دەیەوێت. بۆ نموونە کاتێک سیستمێکی خۆراکی تەندروست جێبەجێ دەکەیت و دەتەوێت کێشی لەشت دابەزێنیت، هەندێک کەس دەیانەوێت یەکسەر ئەنجامەکەی ببینن لە کاتێکدا ئەمە کارێکی مەحاڵە. خۆڕاگری بەهرەیەکە هەموو کەس دەتوانێت لە خۆیدا بنیاتی بنێت و گرنگی بە بەهێزکردنی بدات. دەروونناسێک دەڵێت خۆڕاگری وەک سەماکردن وایە، هەندێک کەس بە شێوەیەکی سروشتی ئەم تایبەتمەندییەی تێدایە، بەڵام هەموو کەسێک دەتوانێت ڕاهێنانی لەسەر بکات و خۆی لەم لایەنەوە بەرەوپێشببات. لەوانەیە یەکێک بیت لەو کەسانەی دەتەوێت لە ژیاندا خۆڕاگرتر بیت و بتەوێت ئەم تایبەتمەندییە بەرەوپێش ببەیت. ئەگەر دەتەوێت پەرە بەم لایەنەی خۆت بدەیت ئەوا کارێکی هێندە ئاسان نییە، پێویستە ئەو شتانەی ناڕەحەتت دەکەن ئەنجامیان بدەیت. خۆڕاگری بەشێکی گرنگی ژیانە، لەوانەیە کلیلێکی سەرکەوتنی ژیان بێت. خۆڕاگری ژیان ئاسانتر دەکات، لەبەرئەوەی هەستە نەرێنییەکانی وەک فشار و تووڕەیی لادەبات. 

ڕێگاکانی بوون بە کەسێکی خۆڕاگر 

١. فێربە ببیت بە کەسێکی گوێگر

یەکێک لە ڕێگاکانی بوون بە کەسێکی خۆڕاگر ئەوەیە لایەنی گوێگرتنت بۆ کەسانی تر بەرەوپێش ببەیت. ئەمە یەکێکە لە هەرە ڕێگا باشەکان بۆ زیادکردنی توانای خۆڕاگریت لەگەڵ کەسانی دەوروبەردا بە تایبەتی لەگەڵ منداڵاندا و لە شوێنی کارکردنتدا. لەوانەیە زۆرجار کەسێک قسەی بۆت کردبێت، نەت زانیبێت دەڵێت چی لەبەرئەوەی ئامانجت ئەوە بووە زوو لە قسەکانی تەواو بێت و دەست بە قسەکانی خۆت بکەیت، تەنانەت لەم کاتەدا دەکرێت لایەنی بەرامبەریش بێزار بێت و هەست بە بێبایەخی بکات. لەجیاتی ئەوە هەوڵبدە بەڕاستی گوێ بۆ قسەکانی کەسی بەرامبەر بگریت، گوێ مەدە بەوەی بابەتەکە چەند لات ناخۆشە و لات پەسەند نییە، هەوڵبدە لە قسەکانی کەسی بەرامبەر تێبگەیت. کاتێک کەسەکە لە قسەکانی تەواو دەبێت، بە شێوەیەک وەڵامی بدەوە کەسی بەرامبەر هەست بەوە بکات گوێت بۆ گرتووە و قسەکانی بەهەدەر نەچووە. 

٢. ئەو شتانە قبووڵ بکە کە ناتوانیت بیانگۆڕیت

یەکێک لە تایبەتمەندییەکانی کەسانی خۆڕاگر ئەوەیە ئەو شتانەیان قبووڵ کردووە کە لە کۆنتڕۆڵی ئەواندا نییە. دەتوانیت ئەم ڕێگایە بۆ هەموو بارودۆخێک بەکاربهێنیت، بە تایبەتی لەو شتە بچووکانەی لە دەوروبەرت ڕوودەدەن. هەندێکجار بێئارامی لە ئەنجامی ئەوەوە ڕوودەدات، دەتەوێت ڕاستەوخۆ گۆڕانکاری لەو شتەی دەتەوێت بیکەیت. بەڵام بە ڕاهێنانکردنی بەردەوام لەسەر ئەوەی قبووڵی ئەو شتانە بکەیت کە ناتوانیت بیانگۆڕیت دەتوانیت کۆنتڕۆڵی هەستەکانت بکەیت و خۆڕاگرتر بیت. 

٣. هێمنبەرەوە

هەموو کەس لە ژیانیدا دووچاری سەختی دەبێتەوە، بۆ نموونە ئەگەر دایک یان باوک بیت، لەوانەیە کۆمەڵێک ئەرکی خێزانەکەت بەسەردا کەوتبێت. بەڵام پێویستە لەم بارودۆخانەدا هێور ببیتەوە و بە شێوەیەکی ئەرێنی لە ڕووداوەکانی دەوروبەر بڕوانیت، بەم شێوەیە خۆڕاگرتر دەبیت. لێکۆڵینەوەیەکی ساڵی ٢٠٠٣ دەریخستووە، ئەو کەسانەی بێئارام بوون واتە کەسانی خۆڕاگر نەبوون و تەمەنیان لە نێوانە ١٨ بۆ ٣٠ ساڵدا بووە، ئەگەری تووشبوونیان بە بەرزە پەستانی خوێن زیاتر بووە. لەم حاڵەتانەدا لەش بۆ ئەوەی بۆ بارودۆخی فشارەکە ئامادەبێت هەڵدەستێت بە دەردانی هۆرمۆنی فشار، لە ئەنجامدا کێشی کەسەکە، پەستانی خوێن و ئاستی شەکرەی زیاد دەکات. لەم جۆرە حاڵەتانەدا، هەوڵبدە ئارام ببیتەوە و وا خۆت نیشان بەیت بارودۆخەکە کاری تێنەکردوویت و کەسێکی خۆڕاگریت. لێکۆڵینەوەکان دەریانخستووە، ئەگەر وا خۆت نیشان بەیت و وەک کەسێکی خۆڕاگر ڕەفتار بکەیت، ئەوا لە ڕاستیدا ئەمە وات لێ دەکات بەڕاستی هەست بە خۆڕاگری بکەیت. هەوڵبدە قسەکانت و چالاکییەکانت کەم بکەیتەوە و هەناسەیەکی قووڵ هەڵمژیت، ئەمەش وات لێدەکات زیاتر خۆڕاگر بیت.  

٤. ئەو شتانە بدۆزەرەوە کە وات لێ دەکەن توانای خۆڕاگریت لەدەست بدەیت

هەموو جارێک ناتوانیت لە تووشبوون بەم حاڵەتە خۆت لابدەیت، لەجیاتی ئەوە هەوڵبدە ڕێگری لەو شتانە بکەیت کە دەبێتە هۆی لەدەستدانی توانای خۆڕاگریت. دوای دیاریکردنیان بیان نووسەرەوە بۆ ئەوەی لەبەر چاوەکانتدا بن و بزانیت ئەو شتانە چین وات لێ دەکەن بێئارام بیت. بۆ نموونە ئەگەر کەسێک لەو کاتەی بۆت دابین کردووە بۆ یەکتر بینین دوا بکەوێت، لەوانەیە خۆڕاگری خۆت لەدەست بدەیت، کەوایە هەوڵی دۆزینەوەیان بدە و بزانە چ شتێک کار لە هەستەکانت دەکات.

٥. چەند کارێکی جیاواز لە هەمان کاتدا ئەنجام مەدە

لەوانەیە ئەنجامدانی چەند ئەرکێکی جیاواز لە هەمان کاتدا، زۆر کاتت بۆ بگەڕێنێتەوە و یارمەتیت بدات لە گەیشتن بە خەونەکانت. بەڵام لەڕاستیدا بەکارهێنانی ئەم جۆرە تەکنیکە، وا دەکات بە شێوەیەکی یەکسان سەرنجت لەسەر ئەرکەکان نەبێت، لەوانەیە لە ئەنجامدا لە چەند دانەیەکیاندا سەرکەوتوو نەبیت. ئەنجامدانی چەند ئەرکێک پێکەوە وا دەکات پەلەپەل لە کردنیان بکەیت، بەم شێوەیە کاریگەری لەسەرت دەبێت و تۆش پێشبینی ئەوە دەکەیت کەسانی تر واتە ئەوانەی لەگەڵتن وەک تۆ خێرابن و پەلەپەل بکەن. ئەمەش وا دەکات خۆڕاگر نەبیت و هەستێکی نەرێنیت بۆ دروست دەکات. 

٦. بخوێنەوە 

هەوڵبدە ڕۆژانە ئەگەر بۆ ماوەیەکی کەمیش بێت بخوێنیتەوە، جا کتێب بێت یان هەر شتێکی تر. ئەنجامدانی ئەم ڕێگایە هەستە نەرێنیەکانت لەسەر لادەبات و وا دەکات زیاتر هەست بە خۆڕاگری بکەیت. 

٧. واز لە ئەنجامدانی ئەو شتانە بێنە کە گرنگ نین 

یەکێک لە ڕێگاکانی لابردن و دوورکەوتنەوە لە فشار بریتییە لە وازهێنان لەو شتانەی گرنگ نین واتە پێویست ناکات کاتیان بۆ تەرخان بکەیت. چەند خولەکێک لە کاتی خۆت تەرخان بکە و چاو بە ئەرکەکانی ڕۆژەکەتدا بخشێنە، سەیری خشتەی ڕۆژەکەت بکە لەو کاتەی لە خەو هەڵدەستیت تاکوو ئەو کاتەی دەخەویت. ئەو شتانە لە خشتەکەت بسڕەوە کە دەزانیت ئەنجامدانیان گرنگ نییە و تەنها کاتت لێ دەگرێت. کاتی ئەوەیە ئەو شتانە لە ژیانت دووربخەیتەوە کە تووشی فشارت دەکەنەوە و وات لێ دەکەن کەسێکی خۆڕانەگر و بێئارام بیت. 

٨. وابکە چاوەڕێ بکەیت

یەکێک لە باشترین ڕاهێنانەکانی خۆڕاگری بریتییە لەوەی وابکەیت لە خۆت بۆ شتەکان چاوەڕێ بکەیت. لێکۆڵینەوەیەک بڵاوکراوەتەوە و دەریخستووە، چاوەڕێکردنی شتەکانی دەوروبەر وا دەکات دڵخۆشبیت. بە شتە بچووکەکان دەست پێ بکە، بۆ نموونە چەند خولەکێکی زیاتر بۆستە بۆ ئەوەی قاوەکەت بخۆیتەوە، دواتر هەنگاوی گەورەتر بنێ و ئەم یاسایە بۆ شتەکانی تری ژیانت جێبەجێ بکە. ئەمە وا دەکات زیاتر خۆڕاگر بیت و ڕاهێنانێکی زۆر باشە بۆ بەرەوپێشچوونی ئەو تایبەتمەندییەت.


سەرچاوەکان



1800 بینین