کێشی کۆرپە لە مانگی سێیەمدا چەندە؟

له‌لایه‌ن: - ئیمان ئەحمەد ئیمان ئەحمەد - به‌روار: 2024-06-27-17:46:00 - کۆدی بابەت: 13354
کێشی کۆرپە لە مانگی سێیەمدا چەندە؟

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

کێشی کۆرپەلە لە مانگی سێیدا چەندە، (بە عەرەبی: كم وزن الطفل في الشهر الثالث، بە ئینگلیزی: How much does a baby weigh in the third month)، زۆر گۆڕانکاری لە منداڵدا لە مانگی سێیەمی ژیانیدا ڕوودەدات، وەک گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی و جووڵەیی و تەندروستی هەروەها زیاتردەست دەکات بە کارلێککردن لەگەڵ کەسانی دەوروبەری.

تێکڕای کێشی منداڵان لەم تەمەنەدا بەم شێوەیە دەبێت

کوڕان: تێکڕای کێشی کوڕانی تەمەن ٣ مانگ ٦.٤ کیلۆگرامە، تێکڕای کێشی کچان لە تەمەنی ٣ مانگیدا ٥.٨ کیلۆگرامە، بەڵام ڕەنگە کێشی منداڵەکەت کەمتر بێت لەم کێشە مامناوەندە و ئەمەش لە زۆربەی حاڵەتەکاندا بە ئاسایی دادەنرێت، ڕێژەی گەشەکردن لە منداڵێکەوە بۆ منداڵێکی دیکە جیاواز دەبێت، چونکە منداڵان بەزۆری مانگانە نزیکەی ١٤١.٧-١٩٨.٥ گرام زیاد دەکەن.

ئەگەر کێشی منداڵەکەم دوور بوو لە مەودای ئاسایی چی بکەم؟

سەرەتا پێویستە سەردانی پزیشک بکەیت بۆ ئەوەی دڵنیا بیت لەوەی کە بەڕاستی کێشەیەک لە ڕێژەی گەشەی منداڵەکەتدا هەیە لەوانەیە کێشی منداڵەکەت کەمتر بێت یان کەمێک زیاتر بێت لەکێشی مامناوەند، کە بە ئاسایی دادەنرێت، بەڵام ئەگەر بەڕاستی کێشەیەک هەبێت، وەک جیاوازییەکی گەورە لە نێوان ڕێژەی زیادبوونی کێشی بە بەراورد بە باڵای، یان ئەگەر لە ڕاستیدا بەدەست کێشەی زیادە کێش یان کەم کێشەوە دەناڵێنێت، پزیشکەکە ڕێکاری پێویست دەگرێتەبەر سەبارەت بەوە. دەتوانیت لە ڕێگای خۆراک پێدانی دروستەوە یارمەتی باشترکردنی کێشی بدەیت، چونکە خۆراکی منداڵ لە مانگی سێیەمدا زۆر بەندە بەشیرپێدان یان خۆراک پێدانی دەستکرد، بۆیە پێشنیار دەکرێتئەمانەی خوارەوە پەیڕەو بکەیت:

١. لە حاڵەتی زیادبوونی کێش:

پێویستە خۆت بەدوور بگرێت لە پێدانی بڕێکی زۆر لە شیرپێدانی منداڵ بە گرنگیدان بەو نیشانانەی کە ئاماژەن بۆ ئەوەی منداڵەکە تێر بووە، هەروەها بەدوای ڕێگایەکدا بگەڕێیت بۆ هێورکردنەوەی منداڵەکە جگە لە خواردنی منداڵەکە، لە هەمان کاتدا دڵنیابە لەوەی کەبەجێی بهێڵیت بۆ ئەوەی لە ڕۆژدا بجووڵێت.

٢. لە حاڵەتی کەمی کێشدا:

گرنگە لەم حاڵەتەدا بڕێکی پێویست شیر  بدرێت بە منداڵ هەندێکجار لەوانەیە منداڵەکە بە مەمە شیرەکەی ڕازی ببێت و داوای شیر نەکات، لێرەشدا دەبێت گرنگی بە خۆراک پێدانی بدەیت.

٣.لایەنەکانی تری گەشەی کۆرپە لە مانگی سێیەمدا چین؟

گەشەی منداڵ لە مانگی سێیەمدا، جگە لە زیادبوونی کێشی، ئەمانەی خوارەوە لەخۆدەگرێت:

  • مەعریفە و گەشەسەندنی کۆمەڵایەتی: منداڵ زیاتر ئاگاداری ئەو شتانە دەبێت کە لە دەوروبەری دەگوزەرێت، هەروەها دەست دەکات بە گەڕان بەدوای کەسێکدا کە یاری پێ بکات و دەستی بگرێت، هەروەها ئارەزووی مانەوە لەگەڵ کەسانی دیکەدا پەرەپێدەدات، واتا زیاتر کۆمەڵایەتی دەبێت، ئەگەر ئەویش بگری خۆی بە تەنیا دەبینێتەوە، بەڵام زۆری پێناچێت ئەگەر کەسێک ببینێت، بە تایبەت دایکی، زەردەخەنە دەکات و دەنگی پێکەنینەکانی لە سەرەوە دەست پێدەکات.
  • جووڵه‌‌: منداڵ لەوانەیە ماسوولکە بچووکەکانی بەکاربهێنێت بۆ گرتنی شتەکان و هەوڵی دانانی بیانخاتە ناو دەمیەوە، بەڵام لەوانەیە کێشەی هەماهەنگی جووڵەی دەستەکانی هەبێت، لەکاتی پاڵکەوتن لەسەرسکی لەوانەیە بتوانێت سەری بەرز بکاتەوە، لەوانەیە بتوانێت قاچەکانی لێبدات کاتێک لەسەر پشت پاڵکەوتووە.
  • نووستن: خەوی منداڵان لە مانگی سێیەمدا باشتر دەبێت، هەروەها ژمارەی ئەوکاتژمێرانەی کە لە شەودا دەخەون زیاد دەکات و ڕەنگە هەندێکیان بتوانن بە درێژایی شەو بخەون.


سەرچاوەکان



11 بینین