ڕووداوی ژێردەریایی تایتن (٢٠٢٣)

له‌لایه‌ن: - کەنار ئەبووبەکر کەنار ئەبووبەکر - به‌روار: 2024-05-02-21:20:00 - کۆدی بابەت: 12746
ڕووداوی ژێردەریایی تایتن (٢٠٢٣)

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ڕووداوی ژێردەریایی تیتان، ژێردەریایی تایتان، تەقینەوەی ژێردەریایی تایتن (بە ئینگلیزی: Titan submersible implosion، بە عەرەبی: حادثة الغاطسة تيتان) لە ١٨ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣، کەشتی ژێرئاوی تایتن لە کە لەلایەن کۆمپانیای گەشتیاری ئۆوشن گەیت بەڕێوەدەبرا، چووە قوڵایی زەریای ئەتڵەسی باکوورەوە، کە نزیکەی ٧٤٠ کیلۆمەتر لە کەنارەکانی نیوفاونلاند لە کەنەدا دوورە و تەقییەوە. ژێردەریاییەکە پێنج کەسی تێدابوو، کە بۆ بینینی کەشتییە ژێرئاوکەوتووەکەی تایتانیک گەشتیان کرد.

پاش گەڕانێک کە نزیکەی ٨٠ کاتژمێری خایەند، ژێردەریاییەک کە لە دوورەوە کاردەکات، لە جەمسەری باکووری کەنەدا جێگیرکرابوو، پاشماوەی ژێردەریایی تایتانی دۆزییەوە کە ٥٠٠ مەتر لە پاشماوەی کەشتی تایتانیک دوور بوو، ناوچەی گەڕانەکە بەهۆی سۆناری (دەنگ دۆز: دەزگایەکە شەپۆلە دەنگییەکان بۆ دۆزینەوەی شوێنی شتەکانی ئاو بەکاردەهێنێت.) هێزی دەریایی ئەمریکا لەرەیەکی دەنگی دۆزرایەوە کە لەگەڵ تەقینەوەکەدا یەکدەگرێتەوە لە دەوروبەری ئەو کاتەی پەیوەندی لەگەڵ ژێردەریاییەکە وەستا. ئەمەش ئەوە دەردەخات کە ژێردەریاییەکە لەکاتی دابەزینی بەرەو تایتانیک تەقیوەتەوە، لە ئەنجامدا هەر پێنج سەرنشینەکەی ناو ژێردەریاییەکە لە یەک کاتدا مردوون.

زانیاری گشتی

بەروار   ١٨ـی حوزەیرانی ساڵی ٢٠٢٣
شوێن     زەریای ئەتڵەسی باکوور، شوێنی پاشماوەی کەشتی تایتانیک
جۆر      ڕووداوی دەریایی
سەرنشینان           شەهزاد داود، سلێمان داود، هامیش هاردینگ، ستۆکتۆن ڕەش و پاوڵ هێنری نارجیۆلێت
هۆکار     پەستان
دەرەنجام  تەقینەوە

ژێردەریایی تایتن

تایتن ژێردەریاییەکی پێنج کەسی بوو، کە لەلایەن کۆمپانیای ئۆوشن گەیت کاری پێ دەکرا. درێژییەکەی ٦،٧ مەتر بوو هەروەها بەرزییەکەی ٢،٥ مەتر بوو، کێشی ١٠،٤٣٢ کیلۆگرام بوو، لە ڕیشاڵی کاربۆنی و تیتانیۆم دروستکرابوو. هاوکات خێراییەکەی ٥،٦ کیلۆمەتر لە کاتژمێرێکدا بوو. کارپێکردنی تایتن بە کۆنتڕۆڵی هاوشێوەی یارییە ڤیدیۆییەکان بوو، بە پێی ئۆوشن گەیت کەشتییەکە سیستمی چاودێریکردنی تێدابوو بۆ چاودێریکردنی بەردەوامی بەهێزی ناوپۆشی ژێردەریاییەکە، هاوکات کەشتییەکە دەیتوانی بۆ ماوەی ٩٦ کاتژمێر پشتگیری ژیانی پێنج کەس بکات.

تایتن حەوت سیستمی پاراستنی هەبوو کە مەبەست لێی گەڕاندنەوەی ژێردەریاییەکە بوو بۆ سەر ڕووی زەوی لە ئەگەری دۆخی فریاگوزاریدا، لەوانە پارسەنگەکان (ڕاگیرە) دەتوانرێن بخرێنە خوارەوە، هەبوونی باڵۆنێک و پاڵپێوەنەرێک. هەندێک سیستمی پاراستنەکە بە شێوەیەک دیزاین کرابوون کە تەنانەت ئەگەر سەرنشینانی ژێردەریاییەکە بێهۆش بوون کار بکەن.

کۆمپانیای ئۆوشن گەیت

کۆمپانیای ئۆشنگەیت کە کۆمپانیایەکی تایبەتی ئەمریکییە، بنکەکەی لە ئێڤێرت لە ویلایەتی واشنتنە و لە ساڵی ٢٠٠٩ لەلایەن ستۆکتۆن ڕەش و گیلەرمۆ سۆنلاین دامەزراوە.  ژێردەریایی بۆ گەشتیاری، پیشەسازی، لێکۆڵینەوە و گەڕان دابین دەکات. گەشتیارانیان بۆ سەردانی چەندین شوێن بردووە لەوانە کەشتییەکانی ئەندریا دۆریا و تایتانیک. کۆمپانیاکە ژێردەریایییەکی بە ناوی ئەنتیپۆدس کڕی و دواتر دوو ژێردەریایی تایبەت بە خۆی دروستکرد کە بریتین لە سایکلۆپس یەک و تایتان کە بە سایکلۆپس دوو ناسرابوو.

لە ساڵی ٢٠٢١ کۆمپانیای ئۆوشن گەیت دەستیکرد وەرگرتنی پارە لە گەشتیاران بۆ سەردانی کەشتی ژێرئاوکەوتووی تایتانیک. لە ساڵی ٢٠٢٢ـەوە نرخی سەنشینی گەشتێکی ئۆوشن گەیت بۆ سەردانی کەشتی تایتانیک ٢٥٠ هەزار دۆلاری ئەمریکی بووە بۆ هەر کەسێک. لە ١٨ـی حوزەیران لە کاتی گەشتەکەیان بۆ تایتانیک هەر پێنج سەرنشینەکە گیانیان لەدەستدا, کە ستۆکتۆن ڕەشی دامەزرێنەری ئۆوشن گەیشتیشی تێدابوو.

ڕووداوەکە

لە ١٦ـی حوزەیران، ئامادەکاری بۆ گەشتەکە کرا، لە ١٧ـی حوزەیران گەیشتنە شوێنی ژێردەریاییەکە، لە ١٨ـی حوزەیران کاتژمێر ٩ و نیوی سەر لە بەیانی بە کاتی نیوفاونلاند دەستیان بە گەشتەکەیان کرد، بۆ ماوەی یەک کاتژمێر و نیو لە کاتی دابەزینیان تایتان هەر ١٥ خولەک جارێک پەیوەندییان هەبووە، بەڵام دوا پەیوەندی کاتژمێر ١١ و ١٥ خولەکی سەر لە بەیانی وەستا. کاتژمێر حەوت و ١٠ خولەکی سەر لە ئێوارە پاسەوانانی کەناراوەکانی ئەمریکا لە ژێردەریاییە ونبووەکە ئاگادار کرانەوە. 

تایتان ٩٦ کاتژمێر ئۆکسجینی بۆ پێنج سەرنشینەکە دابین دەکرد لە کاتێکدا ئەگەر ژێردەریاییەکە وەکوو خۆی مابێت، لە بەیانی ٢٢ـی حوزەیران کاتەکەی بەسەردەچوو. لە ١٨ بۆ ٢٢ـی حوزەیران هەوڵ بۆ گەڕان ڕزگارکردنیان بە چڕی درا، لە ٢٢ـی حوزەیران کەرتی باکووری ڕۆژهەڵاتی پاسەوانی کەناراوەکانی ئەمریکا ڕایانگەیاند پاشماوەی تایتن لە نزیک کەشتی تایتانیک دۆزراوەتەوە، دواتر پشتڕاست کرایەوە کە بەشێکە لە ژێردەریاییەکە و ٥٠٠ مەتر لە تایتانیکەوە دوورە.

سەرنشینانی ژێردەریاییەکە

  • شەهزادە داود: بازرگانێکی پاکستانیی بەریتانی و وەبەرهێنەر و خێرخواز بوو، تەمەنی ٤٨ ساڵ بوو.
  • سلێمان داود: کوڕی شەهزادە داود بوو، تەمەنی ١٩ ساڵ و خوێندکاری زانکۆ بوو.
  • هامیش هاردینگ: بازرگان، فڕۆکەوان و گەشتیارێکی بۆشایی ئاسمانی بەریتانی بوو، تەمەنی ٥٨ ساڵ بوو.
  • ستۆکتۆن ڕەش: دەریاوانی ژێردەریایی ئەمریکی، ئەندازیار و بازرگان بوو، تەمەنی ٦١ ساڵ بوو، بەڕێوەبەری جێبەجێکار و هاوبەشی دامەزرێنەری کۆمپانیای ئۆوشن گەیت بوو.
  • پاوڵ هێنری نارجیۆلێت: فەرماندەی پێشووی هێزی دەریایی فەڕەنسا، مەلەوان، دەریاوانی ژێردەریایی و پسپۆری دەریایی فەڕەنسی بوو، تەمەنی ٧٧ ساڵ بوو.

ئۆوشن گەیت پاش ڕووداوەکە

دوای نزیکەی سێ هەفتە لە تەقینەوەی ژێردەریاییەکەی تایتان و گیان لەدەستدانی سەرنشینان، ئۆشنگەیت هەموو کارەکانی گەڕان و بازرگانی ڕاگرت. ڕێکخراوەکە لە ماڵپەڕەکەی خۆیدا بڵاویکردەوە، چیتر تاکەکان نانێرێتە خوارەوە بۆ پاشماوەی کەشتی تایتانیک، یان یان هەر شوێن و کەشتییەکی تر.


سەرچاوەکان



60 بینین