سوودەکانی مەلەکردن بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - لەنیا بەختیار لەنیا بەختیار - به‌روار: 2024-05-07-16:29:00 - کۆدی بابەت: 12505
سوودەکانی مەلەکردن بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

سوودەکانی مەلەکردن بۆ منداڵان (بە ئینگلیزی: Benefits of swimming for children، بە عەرەبی: فوائد السباحة للأطفال)، فێربوونی مەلەکردن دەتوانێت چەندین دەرفەتی باش بۆ منداڵەکەت دابین بکات. ئەو وانانەی منداڵان لە ماوەی مەلەکردندا فێری دەبن، دەتوانن سوودیان لە تەواوی ژیانیاندا هەبێت. هەروەها ئەو وانانە دەتوانن ژیانی پارێزراوتر بکەن. سەلامەتی بەرپرسیارێتی گەورەی خێزانەکانە. بەڵام ئەو منداڵانەی لە تەمەنێکی بچووکتردا فێری مەلەکردن دەبن، دەتوانن خۆشی زیاتر لە مەلەکردن ببینن.

چەند سوودێکی مەلەکردن بۆ منداڵان

  • سوودی بۆ ئەو منداڵانە هەیە کە نەخۆشیی ڕەبۆیان هەیە

لە ڕێگەی هەناسەوەرگرتن و هەناسەدانەوە یارمەتی باشترکردنی توانای هەناسەدان دەدات. لە ژینگەیەکی شێداردا ئەنجام دەدرێت، ئەمەش بۆ ئەو منداڵانەی نەخۆشیی ڕەبۆیان هەیە سوودی دەبێت.  

  • گەشەکردنی ماسولکەکان

مەلەکردن یارمەتی ماسولکەکانی منداڵان دەدات بەشێوەیەکی تەندروستانە گەشە بکەن. مەلەکردن لەچاو وەرزشەکانی تردا کەمتر ئەگەری زیانگەیاندن وەک برینداربوونی دەست و قاچەکانی بە منداڵان هەیە. هەروەها دەتوانن کاتێکی زیاتر ڕاهێنان لەناو ئاو بەبەراورد بە ڕاهێنان لە وشکانیدا ئەنجام بدەن.

  • سوودی تەندروستی بۆ دڵ هەیە

مەلەکردن سوودی بۆ تەندروستی دڵ هەیە. دەبێتە هۆی بەهێزبوونی دڵ، دڵ دەتوانێت بەشێوەیەکی باشتر خوێن بۆ بەشەکانی تری جەستە بنێرێت. توێژینەوەکان دەریان خستووە مەلەکردن چەند ڕۆژێک لە هەفتەیەکدا کاریگەری لە سەر فرمانی لوولەکانی خوێن هەیە و دەبێتە هۆی دابەزینی پەستانی خوێن.

  • حەزێکی زیاتر بۆ مەلەکردن لە تەمەنێکی بچووکدا

یەکێک لە گرنگترین سوودەکانی مەلەکردن بۆ منداڵان ئەوەیە، کە لەتەمەنێکی بچووکدا فێری وەرزشکردن دەبن. ئەم دڵخۆشییە لەگەڵ وەرزشکردندا بۆ تەمەنی گەورەیش بەردەوام دەبێت.

  • خەوێکی باشتر

زۆرجار دایک و باوکان لە کاتی خەوتنی منداڵەکانیان نیگەران دەبن، بەهۆی ئەوەی لەکاتی پێویستدا ناخەون. بەڵام لە کاتی مەلەکردندا هەموو بەشەکانی جەستە دەجوڵێت، بەهۆی ئەمەش لەش وزەیەکی زۆر بەکاردەهێنێت ئەمەش یارمەتی منداڵەکان دەدات کە لە کاتێکی زووتردا بخەون.

  • یارمەتی تەندروستی مێشک دەدات

مەلەکردن یارمەتی مێشک دەدات کە پشوو بدات و ئارام ببێتەوە. مانەوە لە ئاودا بەشێوەیەکی سروشتی جەستە هێمن دەکاتەوە. ڕاهێنانکردن لە ئاودا یارمەتی دەردانی ماددەی کیمییای سوودبەخشی وەک (ئیندۆرفین Endorphin) دەدات. هەروەها مەلەکردن دەبێتە هۆی کەمکردنەوەی فشاری دەروونی.

  • باوەڕبەخۆبوون زیاد دەکات

باوەڕبەخۆبوون تایبەتمەندییەکە لە خوێندنگە، لە کاتی وەرزشکردن و تەواوی ژیانیاندا یارمەتیدەری منداڵەکان دەبێت. مەلەکردن یارمەتی منداڵان دەدات متمانەبەخۆبوون بەدەست بهێنن، چونکە دەتوانن هەست بە پێشکەوتن لە وەرزشدا بکەن. ڕەنگە لە سەرەتادا لە بارەی فێربوون و وانەکانەوە نیگەران بن، بەڵام بەزووی فێری ئەزموونی مەلەکردن دەبن. یارمەتی منداڵان دەدات بەسەر ترسەکانیاندا زاڵ ببن، ئامانج دابنێنن و لەڕێگەی کارکردن و هەوڵدانی زۆرەوە بە ئامانجەکانیان بگەن.

  • پێشکەوتنی توانای هزری

ڕەنگە لە کاتی تۆمارکردنی منداڵەکەت لە وانەکانی مەلەکردن، بیرت لەوە نەکردبێتەوە کە کاریگەری لەسەر توانای ئەکادیمی منداڵەکەت هەبێت، بەڵام بەشێوەیەکی گشتی مەلەکردن سوودێکی باشی لە بەرەوپێشچوونی لایەنی ئەکادیمی منداڵەکاندا هەیە. یارمەتییان دەدات باشتر بیربکەنەوە و توانای فێربوونیان زیاد ببێت. توێژینەوەکان دەریان خستتووە ئەو منداڵانەی لە تەمەنێکی بچووکەوە مەلەدەکەن توانای مێشکیان لە جێبەجێکردنی ڕێنماییەکان و چارەسەرکردنی کێشەکاندا بە ڕادەیەکی زۆر لە پێش ئەو منداڵانەوەیە کە مەلە ناکەن.

  • باشترکردنی توانای هاوسەنگی

سوودە تەندروستییەکانی مەلەکردن بۆ منداڵان زۆرن، یارمەتی زیادکردنی هێز و توانای جووڵەیان دەدات. ئەمانە توانای جەستەین کە یارمەتی منداڵە بچووکەکەت دەدات لەدەرەوەی ئاو بەسەلامەتی بمێنێتەوە، هەروەها تواناکانی لە وەرزشەکانی تریشدا بەرەوپێش بچێت.

  • پەیوەندی کۆمەڵایەتی

منداڵەکان لە کاتی وانە خوێندندا بەرکەوتنیان لەگەڵ منداڵانی تردا دەبێت. بەم جۆرە شارەزایی پەیدا دەکەن کە چۆن بتوانن بەشداری گرووپێک بکەن و پێکەوە کارەکانیان ئەنجام بدەن. 


سەرچاوەکان



111 بینین