چارەسەری هەوکردنی پێڵوی چاو بۆ منداڵان

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-04-24-15:48:00 - کۆدی بابەت: 12665
چارەسەری هەوکردنی پێڵوی چاو بۆ منداڵان

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

چارەسەری هەوکردنی پێڵوی چاو بۆ منداڵان (بە عەرەبی: علاج رمد العین للأطفال یان العین الوردیة، بە ئینگلیزی: Conjunctivitis treatment in children یان Pink eye). هەوکردنی پێڵوی چاوی بەکتریا یان ڤایرۆسی، بە نەخۆشییەکی توشکەر دادەنرێت؛ واتە بەهۆی وردبینە زیندەوەری نەخۆشخەرەوە تووشی کەسێک دەبێت. بەو پێیەی هەوکردنەکە بە چەند شێوازێک دەگوازرێتەوە، وەک: دەست لێدانی چاوی تووشبوو و دواتر دەست لێدان لە چاوەکەی تر، هەروەها هاوبەشیکردنی خاولی، بالیف و جلوبەرگێک بەر دەموچاو کەوتبێت؛ لەگەڵ کەرەستەی جوانکاری لەگەڵ کەسێکی تری تووشبوو.

سنووردارکردنی بڵاوبوونەوەی هەوکردن

 دەتوانرێت بڵاوبوونەوەی هەوکردن بەم ڕێگایانەی خوارەوە کەم بکرێتەوە:

  • هاندانی منداڵ بۆ ئەوەی دەستەکانی بە باشی بشوات، دوای دەست لێدان لە چاوی تووشبوو.
  • ڕێگری بکە لەوەی منداڵەکە دەست لە چاوی بدات یان بیخورێنێت.
  • بالیفەکان، ڕووپۆشی دەموچاو و خاولییەکان زوو زوو بشۆ، لەگەڵ کەسانی تردا هاوبەشییان پێ مەکە.
  • دوای بەکارهێنانی دڵۆپە (قەترە) و مەڵهەم بۆ کەسی تووشبوو بە باشی دەستەکانت بشۆ.
  • دڵنیابە لە پاککردنەوەی چاویلکەکان بە باشی.
  • منداڵێکی تووشبوو بە هەوکردنی پێڵوی چاو مەنێرە بۆ ماڵەکانی چاودێری و دایەنگەکان.
  • دوور بکەوەرەوە لە مەلەکردن لە مەلەوانگە گشتییەکان.

پاککردنەوەی چاو

پێشنیار دەکرێت ڕێکاری پاککردنەوەی چاو ئەنجام بدرێت بۆ کەمکردنەوەی خورانی چاو و ئاوسانی چاو. ئەمەش دەتوانرێت بە بەکارهێنانی قوماشێکی لۆکە کە لە ئاوی شلەتێندا تەڕ کراوە ئەنجام بدرێت، لەگەڵ ئەوەی کەسە تووشبووەکە چاوی بە یەک ئاڕاستە لە ناوەوەی چاو بۆ دەرەوەی چاو بسڕێت. پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە دەبێت پارچە قوماشی جیاواز بۆ هەر چاوێک بەکاربهێنرێت بۆ ئەوەی هەوکردنەکە لە چاوێکەوە بۆ چاوێکی تر نەگوازرێتەوە .

هۆکارەکانی سەردانکردنی دکتۆر

پێویستە ئاماژە بەوە بکرێت کە ئەگەر لە ماوەی دوو ڕۆژدا لە دوای تووشبوون باری ئەو منداڵەی هەوکردنی پێڵوی چاوی هەیە باشتر نەبوو، ئەوا دەبێت ڕاوێژ بە دکتۆر بکرێت، چونکە دکتۆر پشکنین بۆ منداڵەکە دەکات، حاڵەتەکە دەستنیشان دەکات و چارەسەری پێویستی پێ دەدات. هەروەها پێویستە ئاماژە بەوەش بکرێت کە دەبێت هەردوو چاوەکە چارەسەر بکرێت، تەنانەت ئەگەر تووشبوونەکەش تەنها لە چاوێکدا بێت. هەروەها پێویستە تووشبووەکە بۆ ماوەی دوو ڕۆژ دوای نەمانی نیشانەکانیش لە چارەسەرەکە بەردەوام بێت. لەگەڵ ئەوەشدا ئەگەر منداڵەکە بە دەست هەر یەکێک لەم نیشانانەوە بناڵێنێت دەبێت ڕاستەوخۆ ڕاوێژ بە دکتۆر بکەیت:

  • ئازاری زۆر.
  • کێشەی بینین.
  • زیادبوونی ئاوسان و سووربوونەوەی پێڵوی چاو و دەوروبەری چاو.
  • دەرکەوتنی نیشانەکانی نەخۆشییەکە بە گشتی و بەرزبوونەوەی پلەی گەرمیی جەستە.
  • دەرکەوتنی جار جارەی پەڵەی سپی لەسەر کۆرنیەی چاو.

چارەسەری هەوکردنی پێڵوی چاو بۆ منداڵان

ئەو چارەسەرەی کە دکتۆر هەڵیدەبژێرێت پشت بە چەند هۆکارێک دەبەستێت، ئەمانەی خوارەوە کۆمەڵێک لەو هۆکارانەن:

  • تەمەنی منداڵی تووشبوو.
  • مێژووی تەندروستیی منداڵەکە.
  • توندی ئەو نەخۆشییەی کە منداڵەکە تووشی بووە و ماوەی تووشبوونەکەی.
  • توانای منداڵ بۆ وەرگرتن و مامەڵەکردن لەگەڵ دەرمانەکان، یان هەندێک ڕێکار و چارەسەر و ویستی دایک و باوک.
  • هۆکاری هەوکردنی پێڵوی چاو (بەکتریا یان ڤایرۆس).

هەوکردنی پێڵوی چاوی ڤایرۆسی

لە هەندێک حاڵەتدا ئەم جۆرە هەوکردنەی پێڵوی چاو پێویستی بە هیچ چارەسەرێک نییە. لەوانەیە هەوکردنەکە خۆی لە ماوەی هەفتەیەک لە دوای تووشبوونەکە نەمێنێت. لەم حاڵەتەدا دکتۆرەکە داوا لە نەخۆشەکە دەکات چاو و دەوروبەری چاوەکان پاک ڕابگرێت، ئەویش بە شۆردنی بە ئاوی گەرم و بە هێواشی؛ لەگەڵ لێکردنەوەی دەردراوە وشکبووەوەکان. بەڵام ئەگەر لە ماوەی دوو هەفتەی تووشبووندا دۆخی منداڵەکە باشتر نەبوو، ئەوە پێویستە دکتۆر بیبینێت و دەرمانی گونجاوی بۆ بنووسێت. لەوانەیە دکتۆر دڵۆپە (قەترەی) چاو بنووسێت کە دژەزیندەیی تێدایە بۆ ڕێگرتن لە تووشبوون بە هەوکردنی لاوەکی. لە هەندێک دۆخی تردا، دکتۆر لەوانەیە دڵۆپەی چاو و دەرمانی زاریش پێکەوە بنووسێت (دەرمانی زاری: دەرمانێک لە ڕێگەی دەمەوە وەربگیرێت).

هەوکردنی پێڵوی چاوی بەکتریایی

ئەگەر هەوکردنی پێڵوی چاو بەهۆی تووشبوونی بەکتریایییەوە بوو، ئەوا دکتۆر مەڵهەم یان قەترەی چاو دەنووسێت کە دژەزیندەیی تێدایە بۆ ماوەیەکی مەزەندەکراو کە بە نزیکەیی حەوت ڕۆژە. هەروەها دەبێت کەسەکە پابەند بێت بە بەکارهێنانی دەرمانەکان بۆ ئەو ماوەیەی دکتۆرەکە دیاری کردووە تەنانەت ئەگەر نیشانەکانیش دیار نەمێنن؛ ئەمەش بۆ ڕێگریکردنە لە سەرهەڵدانەوەی تووشبوونەکە. شایەنی باسە کە نابێت قەترەی کۆن یان مەڵهەم بەکاربهێنرێت، چونکە لەوانەیە ئەم دەرمانانە خاوێن (تعقیم) نەبن، ئەمەش حاڵەتەکە خراپتر دەکات. ئەمەی خوارەوە ڕوونکردنەوەیەکە بۆ چۆنیەتی بەکارهێنانی قەترەی چاو و مەڵهەم بۆ منداڵان:

دڵۆپەی چاو: باشتر وایە داوا لە منداڵەکە بکرێت لەسەر پشت پاڵبکەوێت یان سەری بۆ دواوە پاڵبخات و چاوەکانی دابخات، پاشان دڵۆپێک دەرمان لە گۆشەی ناوەوەی چاودا دابنێ، بۆ ئەوەی کاتێک منداڵەکە چاوەکانی کردەوە، دەرمانەکە ڕاستەوخۆ بچێتە ناو چاوەکانییەوە.

مەڵهەمی چاو: بەکارهێنانی مەڵهەم ئاسانترە لە بەکارهێنانی قەترە. دەتوانیت بە نەرمی پێڵوی خوارەوەی چاو ڕابکێشیت، پاشان مەڵهەمەکە بە درێژایی پێڵوی چاو دابنێ. کاتێک منداڵەکە چاوی دەتروکێنێت، دەرمانەکە دەچێتە ناو چاوەکانییەوە.

هەوکردنی پێڵوی چاوی هەستیاری

ئەگەر هەوکردنی پێڵوی چاوەکە بەهۆی کاردانەوەی هەستیارییەوە بێت، ئەوا دکتۆر دەرمانی دڵۆپەی چاو بۆ تووشبووەکە دەنووسێت کە دژەهیستامینی تێدایە. سەرەڕای ئەمەش، ئەگەر منداڵەکە نیشانەی هەستیاری لە بەشەکانی تری جەستەیدا هەبێت، لەوانەیە دکتۆرەکە دەرمانی دژەهیستامینی زاری یان دەرمانی تری هەستیاری بۆ منداڵەکە بنووسێت.


سەرچاوەکان



399 بینین