دە ڕێگای ئاسان بۆ پاراستنی تەندروستی چاوەکان

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-05-16-15:54:00 - کۆدی بابەت: 12921
دە ڕێگای ئاسان بۆ پاراستنی تەندروستی چاوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

دە ڕێگای ئاسان بۆ پاراستنی تەندروستی چاوەکان (بە ئینگلیزی; Ten easy ways to keep your eyes healthy، بە عەرەبی; ١٠ طرق سهلة للحفاظ على صحة عينيك) سەردانیکردنی پزیشکی چاو بە شێوەیەکی بەردەوام بۆ پشکنینی چاو گرنگە بۆ پاراستنی تەندروستی گشتی چاوەکان، بەتایبەتی ئەگەر پێشتر کێشەی بینینت هەبێت یان لە مەترسییەکی زۆردابیت بۆیان. چونکە لەدەستدانی بینین دەتوانێت شێوازی ژیانت بشێوێنێت و مەترسی خەمۆکی و شەکرە و کێشە تەندروستییەکانی تر زیاد بکات. لەگەڵ ئەوەشدا دەکرێت ئەنجامدانی ڕاهێنانی ڕۆژانەی سادە یارمەتیدەر بێت تەندروستی چاو باشتر بکات و مەترسی توشبوون بە کێشەی چاوەکان لە داهاتوودا کەم بکاتەوە.

سادەترین ڕێگان

بەکارهێنانی چاویلکەی خۆر 

بەرکەوتنی چاوەکان بە تیشکی سەروو وەنەوشەیی لەوانەیە زیان بگەیەنێت بە چاوەکان بە تێپەڕبوونی کات. بەکارهێنانی چاویلکەی خۆر دەتوانێت ڕێگری لە ڕووناکی زیانبەخشی سەروو وەنەوشەیی بکات، کە مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی چاو کەم دەکاتەوە وەک ئاوی سپی، سووتانەوەی چاوەکان بە خۆر، شێرپەنجەی چاو و گەشەکردنی دەوروبەری چاو. هاوێنەی پۆلێنکراو لەگەڵ دووکەڵ یان هاوێنەی خۆڵەمێشی باشترین چاویلکە بۆ پاراستن چاو لە تیشکی خۆر پێشکەش دەکەن و وادەکەن تیشکێکی کەمتری زیانبەخش بگاتە چاوەکان.

پشوو وەرگرتن کاتی سەیرکردنی شاشە

بەرکەوتن بە ماوەیەکی درێژخایەن بۆ شاشەکان دەتوانێت ببێتە هۆی وشکبوونی چاو، لەگەڵ ئەوەش دەکرێت هۆکاری ئازار لە مل و شان، تێکچوونی بینین، سەرئێشە و فشاری دیجیتاڵی چاو، یان نەخۆشی بینینی کۆمپیوتەر بێت. پشوو وەرگرتن لە بەرکەوتنی شاشە دەتوانێت یارمەتیدەربێت لە کەمکردنەوەی مەترسییەکانی، هەروەها گۆڕینی ڕەنگی شاشەش یارمەتیدەر دەبێت بۆ پاراستنی چاوەکان. کۆمەڵەی بینایی پێوانی ئەمریکی پێشنیاری بەکارهێنانی یاسای ٢٠-٢٠-٢٠ دەکات بۆ ڕێگریکردن لە CVS (نەخۆشی بینینی کۆمپیوتەر). یاساکە بریتییە لەوەی هەر ٢٠ خولەک جارێک سەیری شتێک بکەیت کە بەلایەنی کەمەوە ٢٠ مەتر دوور بێت بۆ ماوەی ٢٠ چرکە.

وەرگرتنی پشوو کاتی خوێندنەوە

شاشە تاکە هۆکار نییە بۆ ئەوەی چاوەکانت ماندوو ببن. کاتێک کتێبێک دەخوێنیتەوە، لەوانەیە بۆ ماوەیەکی زۆر لە نزیکەوە بیهێڵیتەوە. هەردوو چالاکییەکە دەتوانن ببنە هۆی نزیکبوونەوە، یان کورتبینی، کە ئەمە حاڵەتێکە تێیدا تەنە دوورەکان ناڕوون دەبینرێن لە کاتێکدا شتە نزیکەکان ڕوونن. هەروەک چۆن پێویستە یاسای ٢٠-٢٠-٢٠ بەکاربهێنیت بۆ وەرگرتنی پشوو کاتی بەکارهێنانی شاشە، پێویستە ئەم یاسایە بەکاربهێنیت بۆ پشوو وەرگرتن کاتی خوێندنەوەی کتێب. ئەگەر دەزانیت کاتی خوێندنەوە خۆت لەبیردەکەیت بەڕاددەیەک کاتت بیرنامێنێ ئاوا ئاگادارکەرەوەیەک دابنێ کە ئاگادارت بکاتەوە بۆ ئەوەی ٢٠ خولەک پشووەکەت لەدەست نەدەیت.

جوڵاندنی جەستە 

وەرزشکردنی بەردەوام دەتوانێت سوودی تەندروستی چاو دابین بکات، وەک بەهێزکردنی بۆرییەکانی خوێنی تەندروست و کەمکردنەوەی مەترسی تووشبوون بە گلۆکۆما (ئاوی ڕەش) و نەخۆشی شەکرە. CDC پێشنیاری ئەوە دەکات کە هەموو هەفتەیەک بەلایەنی کەمەوە ١٥٠ خولەک چالاکی هەوایی مامناوەند ئەنجام بدرێت، لەگەڵ دوو ڕۆژ ڕاهێنانی هێز بۆ ماسولکەکان. هەروەها دەتوانرێت ڕاهێنانی چاو بکرێت بۆ کەمکردنەوەی گرژی و فشاری چاو لە کاتی دانیشتن لەسەر مێز.

چوونە دەرەوە 

منداڵان و گەورەکان پێویستە لە ڕۆژدا بەردەوام ماوەیەک بچنە دەرەوە، تەنانەت ئەگەر وەرزشە پێشنیارکراوەکان لە ماڵەوە ئەنجام بدرێت. توێژینەوەکان دەریدەخەن کە ئەو منداڵانەی لە دەرەوە کات بەسەر دەبەن مەترسی تووشبوونیان بە نزیکبینی و گرفتەکانی چاو لە تەمەنی پێگەشتنیان کەمترە هەروەها ئەمە بۆ گەورەکانیش ڕاستە. یاریکردن لەگەڵ منداڵەکان لە یاریگای ناوخۆیی، پیاسەکردن بەناو دارستانەکەدا یان تەنانەت یاریکردن لە باخچەی پشتەوەی ماڵ دەتوانێت یارمەتی هەموو خێزانەکە بدات تەندروست و چالاک بمێننەوە. بێگومان لە کاتی چوونە بەر خۆر دەبێت چاویلکە بەکاربهێنرێت.

نەکێشانی جگەرە 

جگەرە کێشان زیان بە تەندروستی مرۆڤ دەگەیەنێت هەروەها دەتوانێت مەترسی تووشبوون بە نەخۆشییەکانی چاو زیاد بکات وەک ئاوی سپی یان کەمبوونەوەی پەڵە پەڵە بوونی پەیوەندیدار بە تەمەن، بەپێی بەڕێوەبەرایەتی خۆراک و دەرمان. جگەرەکێشان دوو یان سێ ئەوەندە ئەگەری تووشبوونیان بە ئاوی سپی هەیە و چوار هێندە مەترسی تووشبوونیان بە نەخۆشی AMD زیاترە. لێکۆڵینەوەکانی داهاتوو لەوانەیە ئەوە دیاری بکەن کە ئایا جگەرە کێشان دەتوانێت ببێتە هۆی ئاوی ڕەش، نەخۆشی چاوی گرەیڤس، نەخۆشی چاوی سایرۆید و هاندانی دەستپێکردنی نەخۆشی چاوی پەیوەند بە شەکرە یان زیاتر پەرەسەندنی. بۆ ئەوانەی جگەرە کێشن لە پێناو باشترکردنی تەندروستی چاوەکان و تەندروستی گشتی، پلانێکی وازهێنان لە جگەرە کێشان دروست بکەن و جێ بەجێی بکەن.

خواردنی هاوسەنگ

دەکرێت بەو خۆراکانەی ڕۆژانە دەخورێت یارمەتی باشتربوونی تەندروستی چاوەکان بدرێت. بۆ نموونە خواردنی ئەو خۆراکانەی دەوڵەمەندن بە ڤیتامین A، C و E، beta-carotene، ترشی چەوری ئۆمیگا-3، لوتین، زیاکسانتین و زینک دەتوانێت یارمەتی گەشەی خانەیی بدات، هەوکردنی شانەکانی چاو کەم بکاتەوە و ڕادیکاڵە ئازادەکان سنووردار بکات کە دەتوانن زیان بە چاوەکان بگەیەنن. بۆ بەدەستهێنانی خۆراکی گونجاو بۆ چاوەکان، دەتوانیت خواردنی هاوسەنگ دابینبکەیت بە گرتنەخۆی هەندێک لەم خۆراکانە لە ژەمە خۆراکی ئاسایی ڕۆژانەدا، کە لەلایەن AAO پێشنیارکراوە:

  • ڤیتامین A و بێتا-کارۆتین کە لە قەیسی، گێزەر، کاڵەکە زەردە، پەتاتەی شیرین، بیبەری سوور، پەنیری ڕیکۆتا و مانگۆ دەدۆزرێتەوە.
  • ڤیتامین C لە ترێ، پرتەقاڵ، لیمۆ، قۆخ، شاتوو و لالەنگی بوونی هەیە
  • ڤیتامین  E لە ئەڤۆکادۆ، بادەم، بستە، کەرە، گەنم و تۆوی گوڵە بەڕۆژە دەدۆزرێتەوە.
  • ئۆمیگا ٣: ماسی هالیبوت، ماسی سەردین، ماسی سالمۆن و تۆنا
  • زینک لە پاقلە، گۆشتی سووری چەوری لاواز، گوێچکە ماسی و گۆشتی پەلەوەرەکاندا هەیە.

دوورکەوتنەوە لە خورانی چاوەکان

ئەگەر خوراندنی چاوەکان بووبێت بە خوی کەسەکە، ئەمە دەتوانێت ببێتە هۆی زیان گەیاندن بە چاو یان هەوکردنی چاو. وشکبوونی چاو و فشاری چاو لەوانەیە ببنە هۆکاری خورانی چاوەکان، و لەم حاڵەتەدا هەندێک کەسیش لەوانەیە بەزۆری یان بە توندی بیخورێنن. کە ئەمە لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی چاوەکان وەک تێکچوونی بینین و کەمبوونەوەی بینین، سەر ئێشە، هەستیاربوون بە رووناکی و هەوکردن چاو. هۆکارێکی دیکە بۆ دوورکەوتنەوە لە خوراندن و دەستدان لە چاوەکان ئەوەیە کە بەکتریا و ڤایرۆسی سەر پەنجە و دەستەکان دەتوانن بچنە چاوەوە و ببنە هۆی دروستبوونی هەوکردن بۆ پێڵووی چاو. لەجیاتی خوراندنی چاوەکان، بەکارهێنانی دڵۆپی چاو واتا قەترەی چاو یان خوێواو بۆ پاککردنەوەی چاوەکان یارمەتیدەرە و هەروەها پێویستە چاوەکان بە شێداری بهێڵدرێنەوە. 

شۆرینی دەستەکان

پێویستە هەمیشە دەستەکان بشۆرێت پێش ئەوەی دەست لە دەموچاو یان چاوەکان بدرێت یاخود پێش ئەوەی هاوێنەی بەرکەوتن بەکاربهێنرێت. نزیکەی ٤٥ ملیۆن ئەمریکی هاوێنەی بەرکەوتنیان لەچاودەکەن و نزیکەی یەک لە سێ کەسیان تووشی ئاڵۆزی دەبن، لە هەر پێنج کەسێکدا کە تووشی هەوکردن بوون بەهۆی هاوێنەی بەرکەوتنەوە لە یەک کەسیان هەوکردنەکە دەبێتە هۆی زیان گەیاندن بە بیلبیلەی چاو. هیچ شتێک نییە دڵنیات بکاتەوە کە ئەو شتەی دەستی لێدەدەیت پاکە یان بە میکرۆبەوەیە، باشترین شت شۆرینی دەستەکان و دڵنیابوونەوەیە لە خاوێنی دەستەکان.

پاککردنەوەی میکیاژ

دوای ڕۆژێکی درێژ، دوایین شت کە لەوانەیە بیری لێبکەیتەوە ئەوەیە کە ماکیاژی چاوەکانت لاببەیت پێش ئەوەی بخەویت، بەڵام باشترە ئەوە بزانیت ئەنجامدانی ئەم کارە سوود بە تەندروستی چاو دەگەیەنێت و دەتوانێت مەترسی هەوکردنی پێڵووی چاو یان هەوکردنی چاو کەم بکاتەوە، هەربۆیە زیاتر گرنگی پێبدە. هەروەها پێویستە بەرهەمی باشی میکیاژ بەکاربهێنیت کە ئەمە دەتوانێت پێست و چاوەکانت ڕزگار بکات لە زیانی بەرهەمە خرپەکان. بەکارنەهێنانی میکیاژی چاو بۆ ناوەوەی چاو و هەروەها هاوبەشی نەکردنی لەگەڵ کەسی تردا، چونکە چاو یەکێکە لە ناسکترین ئەندامەکانی جەستە.  ئەگەر فڵچە یان ئیسفەنج بەکاردەهێنیت بۆ بەکارهێنانی ماکیاژی چاو، بە بەردەوامی بیشۆ و پاکوخاوێن ڕایگرە.


سەرچاوەکان



4691 بینین