جیاوازی نێوان یارییە جیهان کراوەکان و داخراوەکان

له‌لایه‌ن: - مەزن ڕێبوار مەزن ڕێبوار - به‌روار: 2024-05-02-21:55:00 - کۆدی بابەت: 12749
جیاوازی نێوان یارییە جیهان کراوەکان و داخراوەکان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

جیاوازی نێوان یارییە جیهان کراوەکان و داخراوەکان (بە عەرەبی؛ ما فرق بین ٲلعاب العالم مفتوح و مغلق، بە ئینگلیزی؛ the differences between open world and linear games) یارییە ڤیدیۆییەکان لە ڕووی جیهانی یارییەکانەوە دەکرێن بە دوو بەش ئەوانیش: یاری جیهان کراوە و یاری جیهان داخراو. کە جیاوازییەکی زۆر هەیە لە نێوانیاندا. 

گرنگترین جیاوازییەکانی نێوانیان

لە ڕووی ناوەڕۆک 

یارییە ڤیدیۆییە جیهان کراوەکان بەوە ناسراون کە خاوەنی جیهانێکی فراوانن و یاریزانەکان دەتوانن بە ئازادی تێیدا بگەڕێن بێ ئەوەی بەربەستیان بۆ دروست ببێت و هەر شوێنێکیش دەتوانیت زیاتر لە جارێک سەردان بکەیتەوە. کاتێکیش چیرۆکی سەرەکیت تەواو کرد دەتوانیت بەردەوام بیت لە یاریکردن بێ ئەوەی یارییەکە لە سەرەتاوە دەست پێبکەیتەوە. 

بەڵام یارییە جیهان داخراوەکان بەوە جیادەکرێنەوە جیهانەکەیان سنووردارە یاخود داخراوە، یاریزان ئاڕاستە دەکەن لە جێگەیەکەوە بچێتە جێگەیەکی تر بە شێوەیەکی ناچاری، تەنها لە هەندێک یاریدا نەبێت کە نیمچە کراوەیە وەک یارییەکانی The last of us کە گەرچی ناتوانیت لە دوای تەواو کردنی یارییەکە بەردەوام بیت بەڵام یارییەکە ئازادیت پێ دەدات کە بگەڕێیت بە نێو جیهانەکەدا لە میانەی چیرۆکەکەدا بەڵام بەشێوەیەکی گشتی ئاڕاستە دەکرێیت نەوەک بە ویستی خۆت بچیت بۆ ئەو شوێنە. واتا یارییەکە دەڵێت بڕۆ بۆ خاڵی A ئینجا دەتوانیت بچیتە ئەو شوێنە. بەڵام لە یارییە جیهان کراوەکاندا ئاڕاستە ناکرێیت لەوەی بچیتە هەر جێگەیەک لە دەرەوەی ئەرکەکاندا هەر شوێنێکی نێو جیهانەکەت بوێت دەتوانیت بۆی بڕۆیت. 

لە ڕووی چیرۆک 

چیرۆک لە یارییە جیهان کراوەکاندا قووڵ و فراوانە. دەکرێت زنجیرەیەک چیرۆک لە یەک یاریدا کۆبکرێتەوە، نموونە یارییەکی وەک GTA 5 یاخود Red dead redemption بەشی یەکەم و دووەم خۆیان لە یەک چیرۆکدا نابینن. بەڵکو ژمارەیەک چیرۆک هەیە. ڕوونتر، لە یارییەکی وەک Red dead redemption 2 دڵسۆزی و بە ئەمەک بوون خاڵی بەهێزی چیرۆکەکەیە کە کارەکتەری سەرەکی ئارسەر مۆرگن دەیەوێت بیسەلمێنێت چەندە دڵسۆز و بە ئەمەکە. لە هەمان کاتدا ڕووبەڕووی چەند تەوەرێکی تر دەبێتەوە وەک خۆشبەختی یاخود بەختەوەری و مردن و خیانەت و هاوڕێی دڵسۆز و کاتی تەنگانە. هەموو ئەم تەوەرانە لە یارییەکەدا دەبنە چیرۆک لە پاڵ چیرۆکی سەرەکیدا کە بریتییە لە هەڵاتن لە یاسا و گەڕان بۆ ژیانێکی پڕ لە بەختەوەری لە ڕێگەی بەدەست هێنانی پارە و سامانێکی زۆر. 

بەڵام یارییە جیهان داخراوەکان بواری ئەوەیان تێدانییە زۆر قووڵ بنەوە لە چیرۆک، هەندێک یاری لە جیهان داخراوەکان بە هۆی کارەکتەر ناسراون نەوەک بەهۆی چیرۆک نموونە یارییەکانی Resident Evil زیاتر بە کارەکتەرەکانی ناسراوە وەک لە چیرۆک. یارییەکی تری وەکو GOD OF WAR کە بناغەی یارییەکە میسۆلۆجیاکانی گریک و نۆڕسە زیاتر بەهۆی کارەکتەر بەناوبانگ بووە وەک لە چیرۆک لە دوای بڵاوبوونەوەی نوێترین بەشی بەناوی Ragnarök گومانی ئەوە دەکرێت لە بەشەکانی داهاتوو کارەکتەری سەرەکی "کراتۆس" نەمێنێت و کوڕەکەی "ئاتریەس" دەبێتە جێگرەوەی. چیرۆک لە یارییە جیهان داخراوەکان زۆر قووڵ بوونەوەی تێدانییە، بەڵکو ئەوەی گرنگە لە سەرەتای یارییەکە تا کۆتایی یارییەکە دیمەنی سینەماتیکە کەوەک فیلمێک نیشان بدرێت. 

لە ڕووی ماوەی چیرۆک 

یارییە جیهان کراوەکان بە کەمی هەیە چیرۆکیان کورت بێت لە زۆرینەی یارییەکان بۆی تەواوی چیرۆکی سەرەکی تەواوبکەیت زیاتر لە ٢٠ کاتژمێرت دەوێت جگە لە ئەرکە لاوەکییەکان و ئەرکە تایبەتەکان. هەندێک یاری هەیە پێویستی بە نزیکەی ٤٠-٥٠ کاتژمێر هەیە تا چیرۆکە سەرەکییەکە تەواو بکەیت. بەڵام یارییە جیهان داخراوەکان بە شێوەیەکی گشتی کاتیان کەمە هەندێک یاری بە ڕۆژێک دەتوانی تەواوی بکەیت وەک یارییەکانی Resident evil 2 و Resident evil 3 ی ڕیمەیک کە ماوەیەکەیان کەمترە لە ١٠ کاتژمێر. 

لە ڕووی شێوازی ئەرکەکان 

لە یارییە جیهان کراوەکاندا بە شێوەیەکی گشتی یاریزان ئەرکەکانی بۆ دیاریکراوە لەسەر نەخشە کە دەتوانێت بچێت بۆیان و جگە لە ئەرکە سەرەکییەکان ئەرکی لاوەکیش هەیە کە بە ڕەنگێکی جیا دەستنیشان کراوە. یاریزان حەزی لە کام ئەرک بێت لە پێشدا دەتوانێت ئەوەیان تەواو بکات ئینجا بچێت بۆ ئەرکێی تر یان لە دوای تەواو کردنی ئەرکێک دەتوانێت بۆخۆی بە جیهانەکەدا بسوڕێتەوە و شتی تر بکات، بۆ نموونە لە یارییەکانی Red dead redemption دەتوانیت چالاکی جۆراوجۆر بکەیت وەک (ماڵی کردنی ئەسپ، قومار، دەستگیرکردنی داواکراوەکان یاخود لە یاسا دەرچووەکان، یارمەتیدانی خەڵکی نەناسراو لەسەر شەقامەکان، ڕاوکردنی ئاژەڵ و باڵندە و ماسی، چاڵنجی جیاواز وەک لە ماوەی کەمتر لە ١٠ خولەک لە شارێکەوە بچی بۆ شارێکی تر بە ئەسپ، چەندین چالاکی تر).

بەڵام شێوازی ئەرک لە یارییە جیهان داخراوەکان بە زنجیرەییە نەوەک بژاردەی یاریزانان کە کامەی بوێت بۆی بچێت. بەڵکو بەشێوەی زنجیرەیی یارییەکە دایڕشتووە دەبێت بیکەیت نموونە لە یارییە تەقەکەرەکانی وەک Call of Duty زۆرجار لە دیالۆگەکان پلان دادەڕێژن بۆ تەواو کردنی ئەرکەکە، بەڵام تۆ وەک یاریزان ناتوانی هەڵیبژێریت سەرەتا کام ئەرک دەکەیت بەڵکو یارییەکە هەڵبژادنی بۆ کردوویت. 

لە ڕووی ئاستی ئەرکەکان یاخود یارییەکە 

یارییە جیهان کراوەکان هەڵبژاردنی ئاستی نییە بەشێوەیەکی گشتی بەڵکو لە ئەرکێکەوە بۆ ئەرکێکی تر ئاستەکان دەگۆڕێن. نموونە یارییەکانی Assassin´s creed تا دەگاتە بەشی Origns هەڵبژاردنی ئاستی نییە بەڵکو لە ئەرکەکاندا ئاست دیاری دەکرێت، ئەرکەکانی سەرەتا ئاسانن تا زیاتر ئەرک تەواو کەیت شێوازەکەی دەگۆڕێت بۆ هەڵسەنگاندنی زیرەکی مێشکی یاریزانن کە شێوازی دزەکردن یاخود Stealth لە خۆدەگرێت کۆمەڵێک ئامانجت لە هەر ئەرکێک بۆ دیاریدەکرێت کە بۆی ئەرکەکە ١٠٠٪ بە دروستی تەواو بکەیت پێویستە ئەو ئامانجانە تەواو بکەیت. 

بەڵام یاری جیهان داخراو بە شێوەیەکی گشتی لە دەستپێکدا پێت دەڵێت دەتەوێ ئاسان یان مامناوەند یان قورس بێت هەر کامێکیان هەڵبژێریت ئەوا تەواوی ئەرکەکان بەو جۆرە دەبن و ناگۆڕێن. ئەمەش میتۆدێکە بۆ ئەوانەی یاریزانی خێران که دەیانەوێت خێرا یارییەکە تەواو بکەن و بچنە سەر یارییەکی تر یاخود ئەوانەی دەیانەوێت ١٠٠٪ یارییەکە تەواو بکەن و بە وردی یاری بکەن یان ئەوانەی دەیانەوێت چێژ ببینن لە یارییەکە بە شێوەیەکی ئاسایی و مامناوەند.


سەرچاوەکان



46 بینین