پشکنینی چاندنی کەڕوو

له‌لایه‌ن: - شارا نەوزاد شارا نەوزاد - به‌روار: 2024-01-20-14:17:00 - کۆدی بابەت: 11877
پشکنینی چاندنی کەڕوو

ناوه‌ڕۆك

ناساندن

پشکنینی چاندنی کەڕوو (بە ئینگلیزی: Fungal culture test، بە عەرەبی: اختبار الثقافة الفطرية) جۆرێکی پشکنینی هەوکردنەکانە کە یارمەتی دەستنیشانکردنی هەوکردنی کەڕوویی دەدات. هەوکردنی کەڕوو کاتێک ڕوودەدات کە تووشی کەڕوو بووبیت.

کەڕوو چییە؟

کەڕووەکان ئەو شتانەن کە لە ڕووەک و ئاژەڵ جیادەکرێنەوە. ئەوان بە بڵاوبوونەوە یان دەردانی سپۆرەکان دەگوێزرێنەوە بۆ ناو هەوا یان ژینگە. زۆرێک لە کەڕووەکان بە شێوەیەکی سروشتی لە لەشماندا دەژین (دەم، ڕێڕەوی هەرس، پێست) بەڵام دەتوانن لە ژێر هەلومەرجی دیاریکراودا گەشە بکەن.

زاناکان دەڵێن لە جیهاندا ملیۆنان کەڕوو هەیە، بەڵام تەنها ژمارەیەکی کەمیان دەبنە هۆی نەخۆشی لە خەڵکدا. ئەمە بەشێک لە ترشەهەویر (Yeast) و مۆڵد (Mold) دەگرێتەوە.

نشینگەی کەڕووەکان بریتین لە:

  • دەرەوە لە هەوا و خاک و ڕووەکەکان.
  • لەسەر ڕووی زەوی و لە هەوادا.
  • لەسەر پێست و لەش.

بە شێوەیەکی ئاسایی، ئەگەر تەندروست بیت، کەڕوو نەخۆشت ناکات و توانای خستنەوەی نەخۆشی زۆر لاوازە. لەگەڵ ئەوەشدا چەند جۆرە کەڕوویەک هەن کە دەتوانن کاریگەری لەسەر تەندروستی دروستبکەن.

بەشێکی زۆر لە هەوکردنەکانی کەڕوو کاریگەری لەسەر دەرەوەی جەستە دروستدەکەن هەربۆیە پێیان دەوترێت هەوکردنی ڕووکەشی کەڕوو، لەوانە پێست، ناوچەی زاوزێ و نینۆکەکان. بەزۆری ئەم هەوکردنە کەڕووانە جدی نین، بەڵام لەوانەیە ببنە هۆی خوران، برین و بارودۆخی نائاسوودەیی تر. نموونەی هەوکردنە ڕووکەشییەکانی کەڕوو بریتین لە:

  • پێی وەرزشوان
  • هەوکردنی زێی ئافرەت بە ییست (yeast)
  • خووریشکی جۆک (Jock itch)
  • کەڕووی شێوە کرمی بازنەیی (Ringworm) کە دەبێتە هۆی هەوکردنی شێوەی بازنەیی لەسەر پێست کە لە کرمێکی لوولپێچ دەچێت.

دەکرێت هەوکردنی کەڕوو کاریگەری لەسەر شانەکانی ناو جەستە دروستبکات. بۆنموونە دەکرێت کەڕوو لەناو سییەکان و خوێن و ئەندامەکانی تردا گەشە بکات، لەوانە مێشک.

هەموو کەسێک دەتوانێت تووشی هەوکردنی کەڕووی شانەیی یاخود بڵاوەبوو ببێت، بەڵام لە کەسانی تەندروستدا کەمتر باوە. لە کەسانی تەندروستدا، هەوکردنەکە بە هێواشی دەست پێدەکات و بە شێوەیەکی ئاسایی بۆ ئەندامەکانی تر بڵاو نابێتەوە.

گەورەترین هەوکردنی کەڕوو لەو کەسانەدا ڕوودەدات کە نەخۆشییەکی پزیشکییان هەیە کە وایکردووە کۆئەندامی بەرگری لاواز بێت یان ئەو کەسانەی کە پێویستیان بە چارەسەرە و ئەمەش کاریگەری لەسەر کۆئەندامی بەرگری هەبووبێت. ئەم نەخۆشییە خێراتر بڵاودەبێتەوە و کاریگەری لەسەر زیاتر لە بەشێکی لەش دەبێت.

نموونەی هەوکردنە کەڕووەییەکان بریتین لە:

  • ئەسپەرجیلۆس (Aspergillosis)
  • هێستۆپلاسمۆس (Histoplasmosis)
  • هەوکردنی سییەکان (Pneumocystis pneumonia)
  • سپۆرۆتریکس شینکی Sporothrix schenckii پێشی دەوترێت "نەخۆشی باخەوانی گوڵ"، کەڕووێکە کە لە خاک و ڕووەکدا دەژی و دەچێتە ناو پێست لە ڕێگەی بڕینی بچووکەوە. لەوانەیە کاریگەری لەسەر پێست، سییەکان، جومگەکان و کۆئەندامی دەمار هەبێت.

هەردوو هەوکردنی ڕووکەشی کەڕوو و هەوکردنی بڵاوەبووی کەڕوو دەتوانرێت بە پشکنینی چاندنی کەڕوو دەستنیشان بکرێن.

پشکنینەکە بۆ چی بەکاردێت؟

  • دەستنیشانکردنی هەوکردنە کەڕووییەکان.
  • دیاریکردنی چارەسەری گونجاو بۆ هەوکردنی کەڕوویی.
  • چاودێریکردنی دۆخی چارەسەری هەوکردنە کەڕووییەکان.

پشکنینی چاندنی کەڕوو بەکاردێت بۆ ئەوەی بزانیت ئایا هەوکردنی کەڕووت هەیە یاخود نا. هەروەها ئەم پشکنینە دەتوانێت یارمەتیدەر بێت بۆ دیاریکردنی جۆری ئەو کەڕووەی (دەکرێت زیاتر لە کەڕوویەکیش بێت) کە هۆی هەوکردنەکەیە. هەروەها پشکنینەکە بەکاردێت بۆ یارمەتیدان لە ڕێنماییکردنی چارەسەر و بۆ ئەوەی بزانرێت ئایا چارەسەرەکە کاردەکات.

چی کاتێک پێویست بە پشکنینەکە دەکات؟

دابینکەری چاودێری تەندروستی لەوانەیە داوای پشکنینی چاندنی کەڕوو بکات ئەگەر نیشانەکانی هەوکردنی کەڕووت هەبێت. نیشانەکان بەپێی جۆری هەوکردنەکە دەگۆڕێن. نیشانەکانی هەوکردنی کەڕووی ڕووکەشی بریتین لە:

  • ڕەشبوونی پێست، یان سووربوونەوەی پێست
  • درزبردنی پێست یان قڵیشی پێست
  • خورانی پێست
  • وەرینی قژ
  • پەڵەی سپی لەناو دەم (نیشانەکانی هەوکردنی کەڕووی دەم کە پێی دەوترێت thrush)
  • ئەو نینۆکانەی کە ڕەنگیان گۆڕاوە (بۆ ڕەنگی زەرد، قاوەیی یان سپی)
  • ئەستووربوون یان نەرمبوون و ناسکبوونی نینۆک

نیشانەکانی تووشبوون بە کەڕووی شانەیی یاخود هەوکردنی سەختتری کەڕوویی بریتین لە:

چی ڕوودەدات لە کاتی پشکنینەکەدا؟

کەڕوو دەتوانێت بەشە جیاوازەکانی لەش تووش بکات. بۆ ئەنجامدانی پشکنینی چاندنی کەڕوو، پێویستە نموونەی خانەکان یان شلەیەک لە بەشی جەستەوە دابین بکرێت کە لەوانەیە کەڕووەکەی تیادا گەشە کردبێت. باوترین جۆرەکانی پشکنینی چاندنی کەڕوو بریتین لە:

  • لابردنی پێست یان نینۆک (scraping)

کە بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنی پێست یان نینۆک.

چۆنیەتی ئەنجامدانی:

دابینکەری تەندروستی ئامرازێکی تایبەت بەکاردەهێنێت بۆ وەرگرتنی نموونەیەکی بچووک لە پێست یان نینۆکەکان. لە هەندێک حاڵەتدا، لەوانەیە پێویستی بە وەرگرتنی نموونەی شانەیی پێست هەبێت.

  • پشکنینی سواب (Swab test)

پاشان چاندنی نموونەکە، بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنی کەڕوو لەناو دەم یان لەناو زێ. هەروەها دەتوانرێت بەکاربهێنرێت بۆ دەستنیشانکردنی هەندێک نەخۆشی پێست.

چۆنیەتی  ئەنجامدانی:

دابینکەری تەندروستی سوابێکی تایبەت بەکاردەهێنێت بۆ کۆکردنەوەی شانە یان شلە لە دەم یان زێ، یانیش لە ئازاری پێستێکی کراوەوە.

  • چاندنی خوێن

بۆ دۆزینەوەی کەڕوو لە خوێندا ئەنجاندەدرێت. زۆرجار چاندنی خوێن بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی نەخۆشییەکانی کەڕوو.

چۆنیەتی ئەنجامدانی:

پسپۆڕێکی تەندروستی پشکنینی چآندنی خوێن ئەنجام دەدات زۆربەی جار لە خوێنهێنەرێکەوە خوێن وەردەگرێت کە لە قۆڵدا هەیە.

  • پشکنینی میز

پاشان چاندنی نموونەکە، بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنێکی مەترسیدارتر و هەندێک جار بۆ یارمەتیدان لە دەستنیشانکردنی هەوکردنی ییست.

چۆنیەتی ئەنجامدانی:

 نموونەیەکی میزەکە کۆدەکرێتەوە لە دەڤرێکی تایبەت، بەوجۆرەی دابینکەری تەندروستی ڕێنمایی دەکات.

  • چاندنی بەڵغەم

بەڵغەم لینجێکی ئەستوورە کە لە سییەکانەوە دەردەکرێت. بەڵغەم نموونەیەکی جیاوازە لە لیک یان پیسایی، چاندنی نموونەکە، بەکاردێت بۆ دەستنیشانکردنی هەوکردنی کەڕوو لە سییەکاندا.

چۆنیەتی ئەنجامدانی:

لەوانەیە داوات لێبکرێت کە بکۆکیتە ناو دەڤرێکی تایبەت کە دابینکەری تەندروستی ڕێنمایی تەواوی لەسەر دەدات. دوای کۆکردنەوەی نموونەکە، دەنێردرێت بۆ تاقیگە بۆ شیکردنەوە و ئەنجامدانی پشکنین لەسەری. لەوانەیە یەکسەر ئەنجامەکان بەدەست نەهێنرێت. ئەمە لەبەر ئەوەیە کە نموونەکە بە گشتی پێویستی بە کات هەیە بۆ گەشەکردن بۆ ئەوەی پشکنینی پێویستی بۆ بکرێت. زۆربەی جۆرەکانی کەڕوو لە ماوەی ڕۆژێک یان دوو ڕۆژدا گەشە دەکەن و جۆرەکانی تر لەوانەیە چەند هەفتەیەک بخایەنێت.

ئایا پێویستە چی شتێک بکەم بۆ ئەوەی خۆم ئامادە بکەم بۆ پشکنینەکە؟

پێویستت بە هیچ ئامادەکارییەکی تایبەت نییە بۆ پشکنین بۆ هەوکردنی کەڕوو.

ئایا هیچ مەترسییەک هەیە لەسەر پشکنینەکە؟

مەترسییەکی زۆر کەم هەیە بۆ ئەنجامدانی پشکنینی چاندنی کەڕوو. ئەگەر نموونەیەک لە پێست وەربگیرێت، لەوانەیە کەمێک خوێن ڕۆشتن یان ئازار هەبێت لە شوێنەکەی. ئەگەر پشکنینی خوێن بکرێت، لەوانەیە ئازارێکی کەم هەبێت یان برین هەبێت لەو شوێنەی کە دەرزیەکەی تێدا دانراوە بۆ کۆکردنەوەی خوێنەکە، بەڵام زۆربەی نیشانەکان بە خێرایی تێدەپەڕن و نامێنن.

ئەنجامەکان مانایان چییە؟

ئەگەر کەڕوو لە نموونەکەدا دۆزرایەوە، ئەوە مانای ئەوەیە کە هەوکردنی کەڕوو هەیە. هەندێک جار چاندنی کەڕوو دەتوانێت جۆری دیاریکراوی کەڕووەکە دیاری بکات کە بووەتە هۆی هەوکردنەکە. بەڵام لەوانەیە دابینکەری تەندروستی پێویستی بە داواکردنی پشکنینی تر هەبێت بۆ دەستنیشانکردنی جۆری کەڕووکە.

هەروەها هەندێک جار پشکنینی زیاتر پێویستە بۆ یارمەتیدان لە دۆزینەوەی دەرمانی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی هەوکردنە کەڕووییەکە.

ئەم پشکنینانە پێیان دەوترێت "هەستیاری". کە تیایدا پشکنین دەکەن بۆ ئەوەی بزانن ئایا کام دەرمان کەڕووەکە دەکوژێت یان ڕێگری دەکات لە گەشەکردن. ئەگەر پرسیارت هەیە دەربارەی ئەنجامەکان، قسە لەگەڵ دابینکەری تەندروستی بکە و زانیاری و ڕێنمایی تەواویان لەسەر کۆبکەوە.

ئایا هیچ شتێکی دیکە هەیە کە پێویستە بیزانم دەربارەی پشکنینی چاندنی کەڕوو؟

ئەگەر چارەسەرت بۆ دەکرێت بەهۆی هەوکردنی کەڕووەوە، دڵنیابە لەوەی کە هەموو دەرمانەکان بەو شێوەیە وەربگریت کە نوسراوە، تەنانەت ئەگەر هەست بە باشتربوون بکەیت هێشتا واز لە بەکارهێنانی دەرمانەکان مەهێنە. زۆرێک لە هەوکردنەکانی کەڕوو لە ماوەی چەند ڕۆژێک بۆ هەفتەیەکدا بەتەواوی چاکدەبنەوە، بەڵام هەندێک لە هەوکردنەکان پێویستیان بە چەند مانگێک یان تەنانەت ساڵێکیش هەیە بۆ چاکبوونەوە.


سەرچاوەکان



560 بینین