ناوهڕۆك
ناساندن
پشکنینی چاندنی خوێن (بە ئینگلیزی: Blood culture test، بە عەرەبی: اختبار زرع الدم) یارمەتی پزیشک دەدات بۆ ئەوەی بزانێت کە ئایا چی جۆرێک لە هەوکردن هەیە لە خوێندا و دەتوانێت کاریگەری لەسەر تەواوی جەستە هەبێت. پزیشکەکان هەوکردنی خوێن بە نەخۆشییەکی سیستەماتیکی (توانای بڵاوبوونەوە بە هەموو لەشدا) ناودەبەن. پشکنینەکە نموونەیەک لە خوێن وەردەگرێت و تیایدا بۆ بەکتریا یان کەڕوو دەگەڕێت کە لەوانەیە بووبنە هۆی هەوکردنەکە.
بۆچی پێویست بە ئەنجامدانی دەکات؟
ئەگەر پزیشک داوای ئەم پشکنینە بکات، ئەوە لەبەر ئەوەیە کە پێی وایە لەوانەیە نەخۆشییەکی سیستەماتیکیت هەبێت و دەیانەوێت هەندێک جۆری میکرۆب لە خوێندا بپشکنن کە ئەمە یارمەتیدەریان دەبێت تا بە باشترین شێوە دەستنیشانکردنی بۆ بکرێت و پاشان چارەسەری بکەن.
پزیشک لەوانەیە داوای پشکنین بکات ئەگەر نیشانەکانی هەوکردنی خوێنت هەبێت کە ئەم نیشانانە بریتین لە:
- تا یان سەرمابوون
- ماندووبوون
- میزکردن کەمتر لە ئاسایی
- هێڵنجدان
- سەرلێشێواوی
- خێراتر لێدانی دڵ یان هەناسەدان
ئەگەر هەوکردنەکە توندتر بێت، لەوانەیە:
- تووشبوون بە هەوکردنی ناوچە جیاوازەکانی جەستە
- دروستبوونی تۆپەڵی خوێن لە بۆرییە بچووکەکانی خوێن
- دابەزینی پەستانی خوێن
لەکاتی پشکنینەکە چی ڕوودەدات؟
پەرستارێک یان پزیشکێکی تاقیگەیی (تەکنیکاری پزیشکی کە خوێن وەردەگرێت) پێست پاک دەکاتەوە و دەرزیەکی تەنک دەخاتە ناو خوێنهێنەر بۆ ڕاکێشانی خوێن. پرۆسەکە دووبارە دەکرێتەوە بە بەکارهێنانی خوێنهێنەرێکی تر بۆ بەدەستهێنانی وردترین ئەنجام. واتا تەنها جارێک نا بەڵکو چەند جارێک پرۆسەی چاندن ئەنجامدەدرێت. پاشانیش دوای دەرکەوتنی ئەنجامی سەرەتایی بۆ بوونی میکرۆب دووبارە چاندن دەکرێتەوە بۆ دیاری کردنی جۆری میکرۆبەکە.
لە تاقیگەدا، نموونەی خوێن تێکەڵ دەکرێت لەگەڵ ماددەیەکی تایبەت کە پێی دەوترێت میدیا کە لە ناو دەڤرێکدایە. یارمەتی بەکتریا یان کەڕوو دەدات تا گەشە بکەن بێگومان ئەگەر لە خوێنەکەدا هەبن. پاشان دەڤرەکە دەخرێتە ناو ئامێری (ئینکیوبەیتەر) لە پلەپەیەکی گەرمی دیاریکراو بۆ ماوەی ٢٤ سەعات دادەنرێت. بۆ هەر چاندنێک هەمان شت دووبارە دەکرێتەوە.
ئەنجامەکان
دەتوانیت لە ماوەی ٢٤ کاتژمێردا ئەنجامی پشکنینەکانی خوێن بەدەست بهێنیتەوە. بە ئەنجامی ئەرێنی بۆ بوونی بەکتریا یاخود ئەنجامی نەرێنی کە بوونی بەکتریا ڕەتدەکاتەوە. بەڵام لەوانەیە پێویست بکات ٤٨ بۆ ٧٢ کاتژمێر چاوەڕێ بکەیت بۆ ئەوەی بزانیت چی جۆرە کەڕوو یان بەکتریایەک بووەتە هۆی هەوکردنەکە. چونکە ئەمەیان پرۆسەیەکی درێژخایەن و وردترە هەروەها لەوانەیە پێویست بە پشکنینی تر بکات.
ئەنجامەکان مانایان چییە؟
پزیشک لەوانەیە باسی ئەنجامی ئەرێنی و نەرێنی بکات. ئەگەر ئەنجامێکی ئەرێنی هەبێت لە پشکنینی چاندنی خوێن، ئەوە مانای ئەوەیە کە بەکتریا یان کەڕوو لە خوێندا هەیە (واتا گەشەی میکرۆب و وردە زیندەوەرەکان لەسەر خوێنەکە دەرکەوتووە). ئەگەریش ئەنجامەکە نەرێنی بێت واتە هیچ نیشانەیەکی تووشبوونی خوێن بە وردە زیندەوەرەکانی وەک بەکتریا و کەڕوو نەدۆزراوەتەوە لەسەر خوێنەکە.
ئەگەر دوو جار یان زیاتر ئەنجامی پشکنینی چاندنی خوێن بە ئەرێنی بگەڕێنەوە بۆ هەمان جۆری بەکتریا یان کەڕوو، ئەوا ئەگەری ئەوە هەیە کە ئەمە ئەو جۆرە بەکتریایە یان کەڕووە بێت کە بووەتە هۆی هەوکردنەکە. هەوکردنی خوێن یەکێکە لە جۆرە هەوکردنەکان کە زۆر مەترسیدارە و دەبێت دەستبەجێ بە دەرمانە چارەسەر بکرێت.
چی دەبێت ئەگەر ئەنجامەکان ئەرێنی و نەرێنی بن؟
ئەگەر یەکێک لە ئەنجانەکانی چاندنی خوێن بە ئەرێنی بگەڕێتەوە و ئەوی دیکە کە دووەم جار ئەنجامدراوە نەرێنی بێت، ئەوە هێشتا لەوانەیە مانای ئەوە بێت کە کەسەکە هەوکردنی هەیە. بەڵام لەوانەیە مانای ئەوە بێت کە یەکێک لە نموونەکانی خوێن پیس بووە بە بەکتریای دیکەی دەرەوە. پزیشک لەوانەیە داوای پشکنینی زیاتر بکات یان پێویستی بە زانیاری زیاتر بێت پێش ئەوەی دەستنیشانی بکات.
ئەگەر دووبارە پشکنینت بۆ بکرێت و هەردوو ئەنجامی پشکنینی چاندنی خوێن نەرێنی بێت، لەوانەیە نەخۆشی خوێنت نەبێت بەهۆی بەکتریا یان کەڕووەوە. بەڵام ئەگەر نیشانەکان بەردەوام بن، لەوانەیە پێویست بە پشکنینی زیاتر بکات.
ئەگەر ئەنجامەکان نەرێنی بوون، بۆچی نیشانەکان هەن؟
چەند هۆکارێک هەن هەندێک جۆری بەکتریا و کەڕوو زەحمەتە لە چاندنا گەشە بکەن، بۆیە لەوانەیە پێویست بە جۆرێکی تایبەتی چاندن بکات.ا هەروەها ئەم چاندنانە ناتوانن ڤایرۆسەکان بدۆزنەوە. بۆیە ئەگەر هەوکردنی ڤایرۆسی هەبێت، ئەوکات پێویست بە پشکنینی تر.