بۆیەی ئەکریلیک

له‌لایه‌ن: - شانیا سەردار شانیا سەردار - به‌روار: 2024-05-02-21:00:00 - کۆدی بابەت: 12745
بۆیەی ئەکریلیک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بۆیەی ئەکریلیک (بە ئینگلیزی: Acrylic Paint، بە عەرەبی: ألوان الاكريلك) جۆرێکی بۆیەیە کە بەکارهێنانی ئاسانە و وشکبوونەوەی خێرایە، کە لە ماددەی ڕەنگیی تێکەڵ بە گیراوەی ئەکریلیکی پۆڵیمەر و ماددەی پلاستیکیی و ڕۆنی سیلیکۆن و ماددەی دژە کەف و جێگیرکەر یان سابوونی کانزایی پێکهاتووە. زۆربەی جۆرەکانی بۆیەی ئەکریلیک لەسەر بنەمای ئاون و ئاویان تێدایە، بەڵام کاتێک وشک دەبنەوە بەرگریان بۆ ئاو دەبێت و دەبن بە دژەئاو. بۆ ئەوەی بۆیەکە کاڵ بکەینەوە یاخود خەست بمانەوێت، ڕێژەی جیاوازی ئاو بەکاردەهێنین. بە پشت بەستن بەوەی کە تابلۆکە چەند بە ئاو تێکەڵ دەکرێت، یان بە جێلی ئەکریلیک دەگۆڕدرێت، تابلۆی ئەکریلیکی دەکرێت وەک تابلۆیەکی بۆیەی ئاویی، یان تابلۆیەکی ڕۆنیی دەربکەوێت، بەڵام چەند تایبەتمەندییەکی تایبەتی خۆی هەیە کە لە بۆیەکانی تردا بەدەست نایەت.

بەهۆی هەمەجۆرییەکەی و هەروەها کە بە خێرایی وشک دەبێتەوە، بووەتە تابلۆیەکی بەناوبانگ و ئەمڕۆ بە شێوەیەکی بەربڵاو لەلایەن هونەرمەندانەوە بەکاردێت. هەندێک لە هونەرمەندە بەناوبانگەکانی بۆیەی ئەکریلیک: (ئاندی وارهۆل، دەیڤد هۆکنی، تیمۆسی مولیگان، کینیس نۆلاند، هێلین فرانکنسالێر، ڕۆبەرت مەزەروێڵ، ناسانیل کۆفی، مارک ڕۆسکۆ، بریجێت ڕایڵی و ڕۆی لیکتنستاین).

مێژوو

بۆیەی ئەکریلیک داهێنانێکی سەدەی بیستەمە، هونەرمەندانی سەردەمی شۆڕشی پیشەسازی بەدوای ماددەیەکدا دەگەڕان کە وشکبوونەوەی خێراتر بێت. بۆیەی ئەکریلیک یەکێکە لەو شۆڕشانەی کە مێژووی هونەری مۆدێرنی دیاری کردووە. ئۆتۆ ڕۆهم ماددەی ئەکریلیکی داهێنا، کە دواتر ئەو ماددەیە کرا بە بۆیەی ئەکریلیک. لە سەرەتای ساڵی ١٩٣٤، یەکەم ماددەی ئەکریلیک کە بۆ بەکارهێنان ببێت لەلایەن کۆمپانیای کیمیایی ئەڵمانی BASF پەرەپێدرا و دواتر لەلایەن کۆمپانیای Rohm and Haas زیاتر ناسێنرا. ئەم ڕەنگە دەستکردە بۆ یەکەم جار لە ساڵانی چلەکاندا بەکارهێنرا، کە هەندێک لە تایبەتمەندییەکانی بۆیەی ڕۆنیی و  ئاویی تێکەڵ کردبوو. لە نێوان ساڵانی ١٩٤٦ بۆ ١٩٤٩، لیۆنارد بۆکۆر و سام گۆڵدن سەر بە کۆمپانیای magna paint گیراوەیەکی بۆیەی ئەکریلیکیان داهێنا. دواتر ئەکریلیکی بنەما ئاویی وەک بۆیەی  ناوماڵی لاتەکس دەفرۆشرا، پاشان هونەرمەندانیش دەستیان کرد بە بەکارهێنانی لە تابلۆکانیاندا. دیێگۆ ڕیڤێرا، دەیڤد ئەلفارۆ سیکێرۆس و جۆزێ کلیمێنت ئۆرۆزکۆ پێشەنگەکانی بەکارهێنانی بۆیەی ئەکریلیکن. بەگوێرەی ڕۆژنامەی تایمز، لە بەریتانیا لانسلۆت ڕیبێرۆ پێشەنگ بوو لە بەکارهێنانی ڕەنگی ئەکریلیک، لە ساڵانی شەستەکانی سەدەی ڕابردوودا کە بۆیەی ڕۆنیی کاتێکی زۆری پێویست بوو بۆ وشککردنەوەی، هەروەها نەبوونی ڕووناکی و درەوشانەوە لە توانای ڕەنگەکانیدا، بووەتە هۆی ئەوەی بۆیەی ئەکریلیک بەکاربهێنێت.

پێکهاتەکانی بۆیەی ئەکریلیک

سێ پێکهاتەی سەرەکی هەیە کە ڕەنگی ئەکریلیک دروست دەکەن، کە ئەوانیش ڕەنگ، کەتیرە(لکێنەر)ی ئەکریلیک و ئاون.

ڕەنگ: ئەو پێکهاتەیەیە کە ڕەنگەکە زیاد دەکات بۆ وێنەکە و زۆرجار لە سەرچاوە سروشتییەکانەوەن، بەڵام ڕەنگی دەستکردیش هەیە. ئەم تەنۆلکە بچووکەی ڕەنگەکان لە ناو بۆیەکەدا هەیە و بەتەنها ناتوانین بەکاریبهێنین، چونکە هیچ تایبەتمەندییەکی هاوشێوەی ئەو ڕوویەیان نییە کە بۆی بەکاردێت، بۆیە پێویستت بە پێکهاتەی تر هەیە بۆ بەکارهێنانی ڕەنگ لەسەر ڕوویەک.

کەتیرە (لکێنەر)ی ئەکریلیک: لەبەر ئەوەی ڕەنگەکان بە تەنها لەسەر ڕووەکە ناچەسپێن، پێویستت بە شتێکە کە دڵنیا بێت لەوەی کە ڕەنگەکە لەسەر ڕووی کانڤاسەکە دەمێنێتەوە. کاتێک ئاوەکە بەهەڵم دەبێت، پۆلیمەر و کەتیرەی ئەکریلیکەکە چینێک دروست دەکات کە بە کاغەز یان ڕووەکەیەوە دەبەسترێتەوە.

ئاو: ڕەنگی ئەکریلیک لەسەر بنەمای ئاوە و ئاوەکە وەک ئەو ئۆتۆمبێلە کار دەکات کە هەموو پێکهاتەکانی تری ڕەنگی ئەکریلیک تێیدا هەڵگیراوە. ئەمە ئەو شێوەیە دروست دەکات کە بە گیراوەی پۆڵیمەر ناسراوە. کاتێک بۆیەکە دەدرێت لە ڕوویەک، ئاوەکە بەهەڵم دەبێت و توێژاڵێکی پۆلیمەر لەگەڵ ڕەنگەکە بەجێدەهێڵێت.

پێکهاتە لاوەکییەکان: هەندێک پێکهاتەی ترمان هەیە کە دەکرێنە گیراوەکەوە بۆ ئەوەی تایبەتمەندی تری پێببەخشن، کە ئەوانیش؛ بەفەڕ کە یارمەتیدەرە بۆ هێشتنەوەی ئاستی گونجاوی pH و یارمەتی جێگیرکردنی ڕەنگەکە دەدات و ڕۆڵی هەیە لە زۆر مانەوەیدا، پێکهاتە دەستپێکەرەکان کە پرۆسەی پۆلیمەریزم دەست پێدەکەن و لە کاتی پرۆسەی وشکبوونەوە توێژاڵی پۆڵیمەر پێکدەهێنن، ئەو ماددە پارێزەرانەی کە یارمەتیدەرن بۆ ڕێگریکردن لە گەشەکردنی میکرۆب، ماددە جێگیرکەر و خەستکەرەوەکان.

کەرەستەکانی

بۆیەی ئەکریلیک: یەکێک لە کەرەستە سەرەکییەکان بریتییە لە بۆیە ئەکریلیکەکە، کە ئەویش جۆری بۆیەی هونەرمەند و قوتابی هەیە، هەمیشە بۆیەی هونەرمەند کوالێتی باشترە بەڵام گرانترە، چونکە ماددەی بۆیەکەی زیاترە لە ماددەی کەتیرە و هیچ پێکهاتەیەیەکی زیایەی پڕکەرەوەی تێدا نییە. لەکاتی کڕین و هەڵبژاردنی بۆیەکە ڕەچاوی کوالێتی، ڕەنگ، مانەوە، خەستی، کاتی وشکبوونەوە و براندەکان بدە. هەروەها دەتوانیت بە خواستی خۆت بە تیوب یان بە سەتڵ بیکڕیت.

فڵچە: چەندین جۆری فڵچە هەیە کە زۆربەیان بۆ بەکارهێنانی لە بۆیەی ئەکریلیکدا گونجاون. قەبارە و شێوازی فڵچەکە بەپێی جۆری کارەکە و قەبارەی کانڤاسەکە دیاری دەکرێت. بەڵام لەرووی جۆری مووەکە لەنێوان مووی سرووشتی و دەستکرد، فڵچەی مووی دەستکرد باشترە و هەرزانترە، چونکە فڵچەی سرووشتی زۆر نەرمن و لەگەڵ پێکهاتەکانی بۆیەکە ناگونجێن و زووتر تێکدەچن بەهۆی ئەوەی نابێ زۆر لە ئاودا بهێڵدرێنەوە و پاککردنەوەیان ئاسان نییە.

ڕووی وێنەکێشان: بەناوبانگترین ڕوو بۆ وێنەکێشان لەگەڵ ئەکریلیک کانڤاسە، کە بە چەندین قەبارە بەردەستە. جێگرەوەیەکی تر پانێڵی دارە، کە پانێڵی هونەریی کوالێتی بەرز بەرهەم هێنرا و زیاتر بەناوبانگ بوو. هەروەها دەتوانیت لەسەر کاغەزێکی زۆر ئەستوور وێنە بکێشیت، بەڵام بۆ ئەوەی نەچەمێتەوە، پێویستە بەلایەنی کەمەوە ٣٠٠ پاوەند کاغەز بێت.

پالێت: لەکاتی هەڵبژاردنی پالێتی ئەکریلیک دوو تایبەتمەندی سەرەکی هەن، ئەوانیش ئەوەیە کە ڕەنگەکە لەسەر پالێتەکە زوو وشک نەبێتەوە، هەروەها پاککردنەوەی ئاسان بێت، بۆیە پالێتی تەختە گونجاو نییە بۆ ئەکریلیک. باشترین ڕووی پالێت بۆ ئەکریلیک بریتین لە؛ شوشەی سەلامەتی، پلێکسی گلاس، پلاستیک، مێلامینی سپی یان کاغەزێکی تایبەت. هەروەها پالێتی پلاستیکی تایبەتیش هەن کە ڕەنگەکە بە شێداری دەهێڵنەوە.

کەرەستەکانی تر: خاولی کاغەزیی یان پەڕۆی پاک، قەڵەم بۆ سکێچکێشان، لانی کەم دوو کوپ ئاوی پاک، سابوون، ڤارنیش (لەدوای وێنەکێشان بەکاردێت، بۆ نوێ مانەوەی تابلۆکە)، جێسۆ (پێش دەستپێکردن بەکاردێت)، ستاندی کانڤاس، بەروانکە، چەقۆی پالێت و ئامرازەکانی تری وەک ئیسفەنج.

لایەنە باشەکانی

  • یەکێک لەو تایبەتمەندییانەی ئەکریلیک جیادەکاتەوە ئەوەیە کە لەسەر هەر روویەک بمانەوێت وەک: کاغەز، تەختە، بەرد، پلاستیک، کانڤاس یان چەندین ڕووی تر دەتوانین بیکێشین. 
  • تەنها پێویستت بە چەند کەرەستەیەکە بۆ وێنەکێشان: فڵچە، بۆیەکە، ئاو و ڕوویەک بۆ وێنەکێشان لەسەری.
  • تابلۆی ئەکریلیک بە ڕووناکی و تیشکی خۆر تێکناچێت و بە تێپەڕبوونی کات ڕەنگی ناگۆڕێت و وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
  • ئەکریلیک بۆنێکی کەمی هەیە و بە گشتی بۆنەکەی ژەهراوی نییە.
  • بە چەندین شێواز بەکاردێت، دەتوانیت بە خەستی بەکاری بهێنیت ئەگەر ویستت ڕەنگەکان تۆخ دەربچن، هەروەها ئەگەر ویستت شەفاف بن و لە بۆیەی ئاویی بچێت دەتوانیت لەگەڵ ئاو تێکەڵی بکەیت.
  • فڵچە و پالێت دەتوانرێن بە ئاسانی پاکبکرێنەوە تەنها بە بەکارهێنانی ئاو، بەو مەرجەی کە لە کاتێکدا کە ڕەنگەکە هێشتا تەڕە ڕاستەوخۆ لەدوای ئیشەکەت پاکیان بکەیتەوە.
  • ئەگەر بمانەوێت چینێکی تریش بۆیە بکەین بەسەر بۆیەکەدا پێویست ناکا زۆر بوەستیت بۆ وشکبوونەوەی تابلۆکە، چونکە  بە خێرایی وشک دەبێتەوە. هەرچەندە ئەکریلیکە مۆدێرنەکان کاتی وشککردنەوەی درێژتریان هەیە.
  •  دوای وشکبوونەوەی توانای بەرگریکردن لە ئاویی دەبێت، کە بەمەش تابلۆکە بە ئاو تێکناچێت.
  • چەندین بەرهەم و ڕەنگی زیندوو و نەرم پێشکەش دەکات کە هەرزانترن لە هەندێک لە هەڵبژاردنەکانی تری ڕەنگکردن.

لایەنە خراپەکانی

  • ڕەنگی ئەکریلیک بە خێرایی وشک دەبێتەوە، بۆیە پێویستە پلانی بۆ دابنێیت و خێراتر کار بکەیت، یان دەتوانیت هەندێک پێکهاتەی ئەکریلیک بەکاربهێنیت بۆ خاوکردنەوەی کاتی وشکبوونەوە.
  • بەهۆی کاتی وشکبوونەوەی خێرا، تێکەڵکردنی ڕەنگەکان دەکرێت سەخت بێت.
  • دوای تەواوبوونی تابلۆی بۆیەی ئەکریلیک و وشکبوونەوەی ڕەنگەکان کەمێک تاریکتر دەبن، بۆیە وا باشترە هەمیشە ڕەنگێکی کاڵتر بەکاربهێنین لەو ڕەنگەی دەمانەوێت.
  • کاتێک وێنەکە وشک دەبێتەوە، ناتوانیت دووبارە تەڕی بکەیت یان بیگۆڕیت. بەڵام هەندێک لە ئەکریلیکە مۆدێرنەکان دەتوانرێت چالاک بکرێنەوە بە تەکنیکێکی شێدار لەسەر شێدار.
  • کاتێک بۆیەکە وشک دەبێتەوە، زەحمەتە لە فڵچە یان جلوبەرگ لاببرێت.

هەندێک تابلۆی بۆیەی ئەکریلیکی بەناوبانگ

  • قتووی سوپی کامبێڵ لەلایەن ئاندی وارهۆڵ، ساڵی ١٩٦٢.
  • بەڕێز و خاتوو کلارک و پێرسی لەلایەن دەیڤد هۆکنی، ساڵی ١٩٧١.
  • تەقینەوەی خۆر لەلایەن جەیسۆن سیانێلی، ساڵی ٢٠٠٩.
  • ئەلفا-پای لەلایەن مۆریس لویس، ساڵی ١٩٦٠.
  • جووڵە لە چوارگۆشەکاندا لەلایەن بریجێت ڕایڵی، ساڵی ١٩٦١.
  • کانیۆن لەلایەن هێلین فرانکنتال، ساڵی ١٩٦٥.
  • کچی خنکان لەلایەن ڕۆی لیکتنستاین، ساڵی ١٩٦٣.
  • میلکوود ئارکەید لەلایەن هێلین فرانکنتاڵەر، ساڵی ١٩٦٣.
  • پەڕە جوانەکان لەلایەن چێر ئاندرسۆن، ساڵی ٢٠١٠.
  • دێییا-های شەشەم لەلایەن ئێما لیندسترۆم، ساڵی ٢٠١٦.
  • چراکان لەلایەن نیسان ئێم ڕیمپۆ، ساڵی ٢٠١٧.
  • سەرەتا لەلایەن کینیس نۆلاند، ساڵی ١٩٥٨.


سەرچاوەکان



970 بینین