سفر

له‌لایه‌ن: - شاگوڵ فوئاد شاگوڵ فوئاد - به‌روار: 2024-05-02-16:25:00 - کۆدی بابەت: 12741
سفر

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

سفر (بە عەرەبی: صفر، بە ئینگلیزی: Zero) ژمارەیەکی تایبەتە. ژمارەیەکی نە موجەبە نە سالب. لە زمانی ئینگلیزیدا بە (0)، لە زمانی عەرەبی و کوردیشدا بە (٠) هێما دەکرێت. بە سانایی ژمارە سفر واتا هیچ یان وەسپی بەتاڵی دەکات.

دیرۆکی سفر

کەس بە داهێنەری ژمارە سفر دانانرێت. نزیکەی پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا (نزیکەی ساڵی سێی زایینی) سۆمەرییەکان لە خاکی میزۆپۆتامیایدا سیستمێکیان بەکاردەهێنا، لە جیاتی هێمای سفر (0 یان ٠) هێمای گۆشەیەکی چەماوەیان لەنێوان پیتە مێخییەکاندا دادەنا بۆ نووسینی ژمارەکان، بۆ نموونە ١٠٤ و ١٠٠٠٤. هەرچەندە ئەم هێمایە هەرگیز لە کۆتایی ژمارەدا بەکارنەهێنرا.

ئەستێرەناس و بیرکاریزانی هندی براهماگوپتا، بۆ یەکەمجار پێناسەی ژمارە سفری کرد و هێمایەکی بۆ دانا. لە پێناسەکەیدا نووسیویەتی: "کاتێک سفر زیاد دەکرێت بۆ ژمارەیەک یان لە ژمارەیەک دەردەکرێت، ژمارەکە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە. هەروەها کاتێک ژمارەیەک جارانی (لێکدان)ی سفر دەکرێت، دەکاتە سفر."  وشەی ئینگلیزی Zero لەبنەڕەتدا لە وشەی هندی sunyata ـەوە وەرگیراوە کە بە واتای "هیچ" دێت و کۆنسێپتی سەرەکی بودیزمە.

شارستانیەتی مایا بەشێوەیەکی سەربەخۆ لە ناوەڕاستی ئەمریکا گەشەیان بە سفردا لەنێو سیستمی ژمارەکانیاندا. عەرەبەکان پێشەنگ بوون لە ناساندنی سفر بە ڕۆژهەڵاتی نێوین. لەوێوە گەشتی ژمارە سفر دەستی پێکرد بەرەو ئەورووپا. ئەم ژمارەیە لە دەرووبەری ساڵانی ١٢٠٠ چووە مێشکی بیرکاریزان فیبۆناچییەوە و ئەویش ئەو سیستمە ژمارە عەرەبییەی ناساند کە ئەمڕۆ بەکاردەهێنرێت.

سفر لە بیرکاریدا

تەنها بۆ ساتێک خەیاڵی ئەوە بکە، ئەگەر سفر بوونی نەبووایە بیرکاریزانەکان چییان دەکرد. هەژمارکردنە بیرکاری و جەبرییەکان قورس دەبوون لەبەرئەوەی هیچ ژمارەیەکی دەیان، هەزاران و سەتان بوونیان نەدەبوو. قوتوویەکی تەنەکە بهێنە و چەند بەردێکی بچووک بخەرە ناویەوە. قوتووەکە ڕابوەشێنە، دەتوانیت گوێت لە دەنگی بەردەکان بێت؟

ئێستا بەردەکان دەربهێنە و دووبارە قوتووەکە ڕابوەشێنەرەوە. ئەمجارە دەتوانیت گوێت لە هیچ بێت؟ ئەگەر وەڵامەکە نەخێرە، کەواتە ڕاست وەڵامت دایەوە. بەهۆی نەبوونی بەردەکان لەناو قوتووەکەدا، گوێت لە هیچ دەنگێک نەبوو، واتای ئەوەیە کە هیچ بەردێک لەناو قوتووەکەدا نییە. هەرچەندە کە سفر بە واتای هیچ دێت، بەڵام گرنگترین پێکهاتەی هەموو هەژمارکردنە بیرکارییەکانە. کاتێک سفرێک لە پێش هەر ژمارەیەکەوە دادەنرێت هیچ بەهایەکی نابێت، بەڵام کاتێک سفرێک لەدوای هەر ژمارەیەکەوە دادەنرێت کاریگەرییەکی دیاری دەبێت لەسەر بەهای ئەو ژمارەیە.

جۆری ژمارەکان

هەموو سیستمی ژمارەکان دابەش دەبن بەسەر ژمارە ڕاستی، ناڕاستی و ئاڵۆزەکاندا. ژمارە ناڕاستی و ئاڵۆزەکان ئەوانەن کە لەسەر هێڵی ژمارەکان نین. ژمارە ڕاستییەکان ئەوان کە شوێنیان هەیە لەسەر هێڵی ژمارەکان. ژمارە ڕاستییەکان پێکدێن لە ژمارە ڕێژەیی و ناڕێژەیییەکان. دەکرێت موجەب یان سالب بن. ژمارە سروشتییەکان، کەرت و ژمارە دەیییەکان لەژێر ئەم کاتەگۆریەدا پۆلێن دەکرێن.

سفر ژمارەیەکی ڕاستی، ڕێژەیی و تەواوە. لەسەر هێڵی ژمارەکان، ژمارە موجەبەکان لەلای ڕاستی ژمارە سفرەوە دادەنرێن. ژمارە سالبەکانیش لەلای چەپی ژمارە سفرەوە دادەنرێن. سفر ژمارەیەکی بێلایەنە، کە واتای ئەوەیە نە موجەبە نە سالب.

تایبەتمەندییەکانی ژمارە سفر

  • سفر زیاد بکرێت بۆ هەر ژمارەیەک و لەهەر ژمارەیەک دەربکرێت، ئەنجامەکە وەکوو خۆی دەمێنێتەوە.
  • سفر ژمارەیەکی جووتە
  • سفر نە موجەبە نە سالب
  • ٤.سفر ژمارەیەکی تەواوە.
  • لە دیرۆکی مرۆڤایەتیدا ساڵی سفر بوونی نییە. ڕۆژژمێری مێژوویی لە ساڵی یەکی پێش زایینەوە دەست پێدەکات تا یەکی زایین.
  • سفر بکەوێتە کۆتایی هەر ژمارەیەکەوە دەیکات بە ژمارەیەکی جووت.

گرنگیی سفر

زانایەک لە زانکۆی توبینجن ئاماژەی بەوەداوە کە دۆزینەوەی سفر "بەتەواوی گرنگ و کاریگەر بوو...هاوشێوەی فێربوونی زمان بوو (لەلایەن مرۆڤەکانەوە)". بەڵام لە ماوەیەکی زۆری دیرۆکی مرۆڤایەتیدا، مرۆڤەکان لە ژمارە سفر تێنەگەیشتوون. سفر ژمارەیەک یان شتێک نییە بە زگماگی و سروشتی هەبووبێت. مرۆڤایەتی پێویستی بەوەبووە دایبهێنێت. ژمارەکانی وەکوو یەک، دوو و سێ هاوتای خۆیان هەیە. دەتوانین یەک گڵۆپ ببینین ئیش دەکات، دەتوانین گوێمان لە دوو هۆڕنی ئۆتۆمبێل بێت. بەڵام سفر؟ وامان لێدەکات لەوە تێبگەین کە نەبوونی شتێک خۆی لە خۆیدا شتە.

کاریگەری سفر بەسەر بیرکاریزانەکاندا دوو هێندەی هەر ژمارەیەکی ترە. سفر رەنووسێکی جێگرەوە (placeholder)ـە لە سیستمی ژمارەدا، هەروەها خۆیشی ژمارەیەکی بەسوودە. پێنج هەزار ساڵ پێش ئێستا، سفر بۆ جێگرتنەوەی ڕەنووسێكی نادیار بەکارهێنرا. بۆ نموونە بیر لە ژمارە ١٠٣ بکەرەوە. لەم نموونەیەدا سفرەکە بە واتای ئەوە دێت کە هیچ شتێک لە خانەی دەیان بوونی نییە. سفر لێرەدا جێگرەوەیەکە، یارمەتیمان دەدات لەوە تێبگەین کە ئەم ژمارەیە سەت و سێیە نەک سیانزە.

پڕۆفیسۆرێکی بیرکاری لە زانکۆی هارڤارد دەڵێت "سفر لە هزردایە، لە جیهانی هەستەوەریدا بوونی نییە". تەنانەت لە بەتاڵترین شوێنەکانی بۆشاییشدا ئەگەر بتوانیت ئەستێرەکان ببینیت، واتای ئەوەیە لەناو تیشکدانەوە کارۆموگناتیسییەکانیاندایت. لەناو تاریکترین بەتاڵییەکاندا، هەمیشە شتێک هەیە. لەوانەیە سفرێکی تەواو هەبێت (بە واتای هیچی تەواوەتی) لە پێش کاتی تەقینەوە مەزنەکەوە بوونی هەبووبێت. سەرەڕای ئەوەش، سفر پێویستی بەوە نییە بوونی هەبێت تا سوودی لێ وەربگیرێت. لەڕاستیدا دەتوانرێت چەمکی سفر بەکاربهێنرێت بۆ وەرگرتنی هەموو ژمارەکانی تر لە گەردووندا. بیهێنە بەرچاوت قوتوویەک لەبەردەستتدایە و هیچی تێدا نییە، بەتاڵە. بیرکاریزانەکان بەم قوتووە بەتاڵە دەڵێن "کۆمەڵە بەتاڵەکە". نموونەیەکی فیزیکییە بۆ سفر. چی لەناو قوتووە بەتاڵەکەدایە؟ هیچ. ئێستا قوتوویەکی تری بەتاڵ بهێنە و بیخەرە ناو یەکەم دانەوە. چەند شت لەناو یەکەم قوتوودایە؟ تەنها یەک شتی تێدایە. پاشان قوتوویەکی تری بەتاڵ بخەرە ناو دوو قوتووەکەی یەکەم. ئێستا چەند شتی تێدایە؟ دوو دانە. وە بەو شێوەیە لە هیچەوە...هەموو ژمارەکانی تر لە سفرەوە وەردەگیرێن. ئەمە بنچینەی ئەو سیستمی ژمارەیییەیە کە بەکاردەهێنرێت. سفر هەم ئەسبتراکشن هەم کەتوارە لەهەمان کاتدا.

دەرئەنجام

بەدرێژایی تێپەڕبوونی سەتان ساڵ سفر پێگەی گرنگی خۆی پاراستووە. هەرچەندە بە واتای نەبوون دێت، بەڵام گرنگییەکەی لە ژیاندا لەم وتە نەناسراوەدا کورت کراوەتەوە: "سفر وا دانراوە کە هیچ بێت، بەڵام کە لە لایە ڕاستەکە بێت سەرسامت دەکات". هێشتا چەندین ڕازی گرنگ هەیە سەبارەت بە سفر و بە تەواوی نازانرێت مێشک چۆن واتای سفر لێکدەداتەوە. بەڵام بیرکاریزانەکان ئەوەیان بەباشی ڕوونکردووەتەوە کە کاتێک لێکۆڵینەوە لە هیچ دەکەین، ئەوا بێگومان شتێک دەدۆزینەوە.


سەرچاوەکان



94 بینین