چیرۆکی مشک و شێرەکە

له‌لایه‌ن: - بنار ئه‌حمه‌د - به‌روار: 2021-05-25-17:47:00 - کۆدی بابەت: 47
چیرۆکی مشک و شێرەکە

ناوه‌ڕۆك

چیرۆکی مشک و شێرەکە -  گرنگى وەفا و یارمەتیدان

شێرى پاشاى دارستان لە بێشەکەى خۆیدا نوستبوو، بەڵام لە ناکاو بەخەبەر هات بەهۆى ئەوەى مشکێک کەوتە سەر یەکێک لە پێیەکانى. مشکەکەى گرت و بە گاڵتە پێکردنەوە پێى وت "مەگەر نازانیت کە پادشاى دارستان نوستوە؟ چۆن دەوێریت بچیتە بێشەکەیەوە؟ چۆن یارى ئەکەیت و ڕائەبوێرى و ناشترسیت؟" ، مشکەکە دەرکى بەوەکرد کە تازە چارەنوسى مردنە، بۆیە بۆ ئەوەى بەرگرى لە خۆى بکات وتى: "گەورەم سەرۆکى بەڕێز، من دەزانم تۆ چەند بەهێزیت. من مشکیکى زۆر بچوکم لە بەرامبەر هێز و دەسەڵاتى جەنابتان. سەرۆکێکى گەورە لە ئاستى ئەوەدا نییە کە مشکێکى بچوکى لاواز بکوژێت. من نابمە ژەمێکى باش بۆ تۆ، بەڵکو تۆ شایانى ئەوەیت کە مرۆڤێک یا گورگێکى قەڵەو یان ڕێویەک بخۆیت، داوات لێدەکەم لەبەر گەورەییت بەرم بدەیت".

بە توڕەییەوە وتى "بۆچى وازت لێبهینم لە کاتێکدا منت لەخەو هەستاند؟ مردن کەمترین سزایە بۆ تۆ ... تا ببێتە پەند بۆ براکانیشت!" مشکەکە بەگریانەوە وتى: "پادشاى گەورەم هەموو ئاگادارى گەورەیى تۆن و دەزانن کە بچوکى من بە گەورەیى تۆ بەراورد ناکرێت من زۆر بچوک و لاوازم. بەزەیت پێمدا بێتەوە و ئەمجارە وازم لێبهێنە. وە بزانە گەورەم ڕەنگە تۆش پێویستیت بە من بێت!" شێرەکە بە پێکەنینەوە و بە گاڵتە پێکردنەوە وتى: "من پێویستم پێتە ئادەى چۆن یارمەتیم دەدەیت؟" مشکەکە زۆر شڵەژا، بەڵام  وتى: "گەورەم پادشاى بەڕێز، وازم لێبهێنە و دڵنیابە ڕۆژێک پێویستیت بە لاوازى من دەبێت" شێرەکە مشکەکەى فڕێداو وتى "با ببینین چۆن پادشاى دارستان پێویستى بە گیاندارێکى وەک تۆ دەبێت" .

مشکەکە ڕایکرد و دەیگوت: سوپاس پادشاى گەورەم، ئەگەر پێویستیت پێمبوو یەک نەڕە بکە و من لە خزمەتدا دەبم.

دواى چەند ڕۆژیکى کەم شێرەکە کەوتە ژێر تۆڕى ڕاوچیەکى لێهاتوو، وە بە توندى نەڕاندى .

هەموو گیاندارانى وشکانى لە ترسا پەشۆکابوون، بەڵام مشکەکە هەر کە گوێى لە نەڕەى شێرەکە بوو خێرا بەرەو دەنگەکە چوو.

کاتێک کە گیاندارەکانى تر ئەمەیان بینی پرسیاریان لە مشکەکە کرد دەربارەى هۆکارى ڕاکردنەکەى بەرەو لاى دەنگى شێرەکە، ئەویش پێى وتن "ئەڕۆم تا بەرامبەر بەڵێنەکەم بەوەفا بم" مشکەکە ڕۆیشت بۆ لاى شێرەکە و بینی لە تۆڕەکەدا بەند بووە. مشکەکە دەستى کرد بە قرتاندنى تۆڕەکە بە هەموو توانایەکیەوە لەگەڵ ئەوەى ئەو کارە زۆر سەخت بوو، بەشێکى زۆرى تۆڕەکەى بڕى و شێرەکە لە تۆڕەکە هاتە دەرەوە و وتى : "ئێستا زانیم کە پادشاکان هەرچەند گەورە و بەهێز بن ناتوانن چێژ لە ژیان وەرگرن بە بێ یارمەتى بچوکەکان، هەموو بونەوەرێک پێویستى بە کەسانێک هەیە و ناتوانێت بە تەنها پشت بەخۆى ببەستێت".


سەرچاوەکان



3305 بینین