بەران

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-08-14:26:00 - کۆدی بابەت: 335
بەران

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

بەران (بە ئینگلیزی: Ram)، بەران نێرینەی مەڕە و نشینگە بنەڕەتییەکانی سەر شاخ و بەردەکانە، لە ئێستاشدا لە چەندین ناوچەی جیاوازدا دەژی و بوونی هەیە، بە شێوەیەکی سروشتی یاخود لەلایەن مرۆڤەکانەوە ماڵیکراوە، بەهۆی ئەوەی کە ڕاگرتنی هاوسەنگی زۆر تۆکمە و بەهێزە، بۆیە بەرانێک دەتوانێت لە مەودای پێنج سانتیمەتردا بوەستێت، بۆ ئەوەی جیابکرێتەوە لە بزنە کێوییەکان دیارترین جیاکەرەوەی هەبوونی فەرووی درێژ و شاخی ئەستوور و چەماوەیە، کە لە کاتی شەڕانگێزی و بەربەرەکانێ کردندا بەکاریان دەهێنێت بۆ شەڕکردن، کۆمەڵەی بەرانەکان بە گوێرەی ڕەگەزەکەیەتی، مێینەکان پێکەوە و لە کۆمەڵەدا دەژین و ژمارەیان لە نێوان ٥-١٠٠ تاک دەبێت، کە پێکهاتووە لە مێینەی پێگەیشتوو لەگەڵ بێچووەکان، نێرینەکانیش بە جیا دەژین پێکەوە لە کۆمەڵەدا کە لە ٥-٥٠ تاک پێکهاتووە، بۆ هەڵبژاردنی بەرانێک بۆ کۆمەڵەکە پێویستە نێرینە پێگەیشتووەکان لەگەڵ یەکتریدا شەڕبکەن، شێوازی شەڕکردنەکە بە جۆرێکە کە بەرانەکان لەسەر پەلەکانی دواوەیان دەوەستن و بە شاخەکانیان لە یەکتری دەدەن، پاشان شەڕەکە بەردەوام دەبێت هەتا یەکێکیان هیلاک دەبێت و ئەوی تریان دەبێتە سەرۆک، هەروەها لەوانەیە شەڕکردنەکان ماوەی چەند کاتژمێرێک بخایەنێت.

شێوەی دەرەوەی

بەران بە فەرووی درێژ داپۆشراوە و چەندین ڕەنگی جیاوازی هەیە وەک سپی، بێجی، قاوەیی یاخود ڕەش، درێژی سەری هەتا کلکی لە نێوان ١،٥-١،٨ مەتر دەبێت و کێشی لە نێوان ١١٩-١٢٧ کیلۆگرام دایە، جەستەی بە جۆرێک ڕێکخراوە کە دەتوانێت لە کاتژمێرێکدا ٢٤ کیلۆمەتر ببڕێت و سەربکەوێت بەسەر شاخدا، هەربۆیە بە یەکێک لە باشترین ئەو گیانەوەرانە دادەنرێت کە بەسەر شاخدا سەردەکەون، جگە لە ڕاکردنیش بازی بەرز و مەودا فراوان دەدات و دەتوانێت تەنها لە یەک بازداندا ٦ مەتر ببڕێت، هەستی بینینی زۆر پەرەسەندووە و دەتوانێت لە دووری زیاتر لە کیلۆمەترێکەوە گیانەوەری دیکە ببینێت، هەروەها بەهۆی ئەم بینینە بەهێزەیەوە دەتوانێت بە گونجاوی بازبدات، بۆ نموونە بەرانی بیابان جۆرێکی بەرانە و لە دۆڵی مەرگ لە کالیفۆرنیا، تەکساس، باکووری تەکساس و نیڤادا دەژی، دەتوانێت لە شاخی بیابانی بەرزدا بژین کە بەرزییەکەی دەگاتە ١٢٠٠ مەتر.

خۆراک

بەرانەکان گیانەوەری گیاخۆرن و بە گشتی گژوگیا و گوڵ و دانەوێڵە دەخۆن، جۆری خۆراک بە گوێرەی نشینگە و وەرز جیاوازە، بۆ نموونە ئەو جۆرانەی کە لە بیاباندا دەژین خۆراکیان گوڵ و گیای دڕکاوی بیابانە، هەروەها ، ئەم جۆرانە بڕی پێویستی ئاوی جەستەیان لە خواردنی ڕووەکەکانەو بەدەست دەهێنن، بەڵام ئەوانی دیکە لە هاویندا گژوگیا دەخۆن و لە زستاندا لق و دار و پێکهاتە درەختییەکانی تر کە بەردەستبێت، بەران گیانەوەرێکی کاوێژکەرە هاوشێوەی مانگاکان، واتە پڕۆسەی خواردنەکەی لە چەند بەشێک پێکهاتووە و تەنها خواردن و قوتدانی سەرچاوە خۆراکیەکە ناگرێتەوە.

زۆربوون

بەرانەکان لە تەمەنی نزیکەی سێ ساڵیدا پێدەگەن بەڵام زۆرینەیان هەتا تەمەنیان نەبێت بە حەوت ساڵ توانای زۆربوونیان نابێت، وەرزی یەکگرتنیشیان دەکەوێتە زستانەوە، کە بەرانێکی نێرینە لەگەڵ مەڕێکی مێینە یەکدەگرن، بە دوایدا ماوەی سکپڕی مێینەکە نزیکەی  ١٧٥ ڕۆژ دەخایەنێت، پاشان لە بەهاردا بێچووەکان لەدایکدەبن، کە بە گشتی لە هەر جارێکدا تەنها یەک بێچووی دەبێت و دەگمەنە دووانە و زیاتری ببێت، بە تێپەڕبوونی ماوەیەکی زۆر کەم بێچووەکە توانای وەستانی دەبێت لەسەر پێیەکانی، بەڵام ٤-٦ مانگی سەرەتای تەمەنی پشت بە شیری دایکی دەبەستێت بۆ خۆراک و لە نزیکی دەمێنێتەوە، دواتر دەتوانێت پشتبەخۆی ببەستێت و خۆراک بخوات، ژمارەی ئەو بەرانانەی کە گەورەدەبن کەمە و ٥-٣٠% ناگەنە قۆناغی پێگەیشتن و دەمرن، ناوەندە ڕێژەی بەران لە سروشتدا لە نێوان ١٠-١٩ ساڵ دەبێت.

جۆرە سەرەکییەکانی

بەران چەندین جۆری جیاوازی هەیە، و بە گوێرەی نووسراوی ڕێکخراوە ئاژەڵییەکان ژمارەیان زۆر بەرزە و بە هیچ جۆرێک مەترسی لەناوچوونیان لەسەر نییە، ئەمانەش نموونەی هەندێک لە جۆرەکانیەتی:

  • بەرانی قۆچ گەورە، یاخود ئەو بەرانە گەورانەی کە لەناوچوون و نەماون.
  • بەرانی قۆچ گەورەی کالیفۆڕنی
  • بەرانی شاخ
  • بەرانی نیمچە دوورگەی گەورە
  • بەرانی بیابانی گەورە
  • بەرانی نیلسۆنی گەورە


سەرچاوەکان

970 بینین