ئەتەكێتی خەڵاتەكان

له‌لایه‌ن: ڕاوێژ نورالدین - به‌روار: 2020-09-11-01:35:00 - کۆدی بابەت: 460
ئەتەكێتی خەڵاتەكان

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

خەڵات پەیامێكی نەرم و نیانە و زۆرێك لە مانای خۆشەویستی و ئولفەتی لەخۆیدا هەڵگرتووە، یارمەتی پتەوكردنی پەیوەندییە كۆمەڵایەتییەكان دەدات لە نێوان دۆستان و كەسوكاردا، بۆیە دوو دڵ مەبە و یەكەم بۆنە بەهەل وەربگرە  تا خەڵات پێشكەش بەو كەسانە بكەیت كە خۆشت دەوێن، ئەگەر ویستت وابكەیت كەسانی دەوروبەرت وا هەست بكەن تۆ چەن گرنگییان پێ دەدەیت ئەوا خەڵاتێكی سادە و بچووكیان پێشكەش بكە، تا شایستەترین گوزارشت بێت لەوەی لە ناخی تۆدایە بەرامبەر بەوان.

ئەوە گرنگ نییە كە خەڵاتەكان گرانبەها بن، بۆ ئەوەی سەرنجڕاكێش و كاریگەربێت، دەتوانرێـ خەڵاتەكە سادە بێـت وێنەیەك پیشان بدات بەو بەهایەی كە بۆ ئەو كەسەی دادەنێیت كە خەڵاتەكەی پێشكەش دەكەیت.

كێ لە ئێمە حەزناكات لە هەر بۆنەیەكدا بێت خەڵاتێكی پێشكەش بكرێـت، بەرامبەر بەوە خەندەیەكی قبوڵكردن وشەیەكی سوپاسگوزارییە لەو كەسەوە كە ئەو خەڵاتەی بەدڵ بووە كە پێشكەشی كراوە.

ئایا ئێستا بڕیاڕت داوە خەڵاتێك بكڕیت؟ باشە لێگەڕێ با لەگەڵتدا بیربكەینەوە و هەندێك ڕێنوێنیت پێشكەش بكەین:

  1. خەڵاتەكە پێشكەش بە كێ دەكەیت پیاو یان ئافرەت یان منداڵ و ، تەمەنی چەندە؟ ئایا هیچ سیفەتێكی وای هەیە كە لەكاتی دیاریكردنی خەڵاتەكەدا دەبێت بەهەند وەریبگریت؟
  2. ئایا ئەو خەڵاتەی پێشكەشی دەكەیت تەنها بۆ خودی خۆیەتی یان بۆ ئەندامانی خێزانەكەیشی؟
  3. ئایا ئەو كەسە هاوسەرگیری ئەنجام داوە و منداڵی هەیە یان ڕەبەنە؟
  4. ئەو كەسە لە كوێ نیشتەجێیە، خانوویەكی گەورە یاخود ئاپارتمان؟
  5. پشوو كاتە بەتاڵەكانی بەچی بەسەر دەبات! ئایا جۆرێك ئارەزووی دیاریكراوی هەیە ئەنجامی بدات؟
  6. ئایا حەزی لە بۆن و گوڵ هەیە؟ ئایا حەزی لە چەند جۆرێكی دیاریكراوی شیرینی هەیە؟
  7. ئایا سروشتی كەسێتی چۆنە؟ ئایا كەسێكی كردارییە یان حەزی لە فەرمی بوونە؟

*لەكاتی دیاركردنی خەڵاتێكدا بۆ كەسێك بە دڵنیاییەوە دەبێت كەسەكە بیەوێت، نەك تەنها پێویستی پێی بێت.

  • كاتێك بڕیاڕ دەدەیت هەر دیارییەك بكڕیت دەبێت كوالێتی بەرزبێت وەك چۆن بۆ خۆمان پێمان خۆشە، هەروەها شێوە و ڕەنگەكەش بەپێی سەلیقە و ئەو جۆرەی كەسی وەرگر بەدڵیەتی هەڵدەبژێردرێت. پێویستە پسووڵةی كڕینەكە تا ماوەیەكی تەواو دوای كڕینی خەڵاتەكە بپارێزرێـت، ئەوەش بۆ حاڵەتی گۆڕین یان گێڕانەوەی بۆ فرشیارەكە.
  • ئەگەر حەزت كرد هەندێك ئێكسسوار بۆ چەند ئامێرو كەلوپەلێكی وەك: "كۆمپیوتەر، ئامێری بەرگدوور، كامێرا" بكڕیت پێویستە دڵنیا بیت لە نیشانە و ژمارەی مۆدێلی ئامێرە بنەڕةتییەكەی كە ئەو پارچەیەی بۆ دەكڕیت" ئەوەش بۆ گرەنتی كردنی ئەوەی كە گونجاوە و بۆی دەبێت.
  • بەرگ تێگرتنی باشی خەڵاتەكان بە بەكارهێنانی شریتی ڕەنگاو ڕەنگاو ڕەنگ و قوتووی جوان و بەشێوە گەلی داهێنراو ، بڕێكی باش لە چێژ و پەرۆشی لای كەسی وەرگر دروست دەكات كاتێك خەڵاتەكەی وەردەگرێت و دەیكاتەوە.
  • بۆ زیادكردنی ڕووپۆشێكی ڕۆمانسی بۆ خەڵاتەكە، دەتوانیت چەپكێك گوڵی جوان ڕێك بخەیت، بە جۆرێك ئەو قوتووەی دیارییە بنەڕەتییەكەی تێدایە بەشێكی سەرەكی بێت لەم ڕێكخستنە.
  • ئەگەر كاتی پێویستت نەبوو بۆ چوونە ناو بازاڕ یان ئەگەر لەو كەسانە بوویت كە هیچ چێژێك لە چوونە بازاڕ نەدەبینی. یا ئەگەر لەو ناوچەیەی لێی نیشتەجێیت ئەو دیارییەت دەست نەدەكەوت، یاخود ئەگەر ئەو كەسەی دەخوازێت خەڵاتەكەی پێشكەش بكەیت لە وڵاتێكی دیكە دەژیا.
  • دەتوانیت خەڵاتەكە بكڕیت و خۆت پێشكەشی بكەیت، یاخود لە ماڵی خۆت و لەبەردەم شاشەی كۆمپیتەرەكەتدا دابنشیت و بینێریت ئەوەش لەڕێگەی ئەو ماڵپەڕانەوە كە خزمەتگوزاری فرۆشتنی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی تۆڕی خزمەتگوزاری فرۆشتنی ڕاستەوخۆ لە ڕێگەی ئینتەرنێتەوە پێشكەش دەكەن.

خەڵات شوێن كەسایەتی دەكەوێت

كاتێك خەریكی هەڵبژاردنی خەڵاتێك دەبین... تەنها دەبێت لە سروشتی كەسایەتی بكۆڵینەوە بەپێی تەمەن و ئارەزووەكانی دیاری بكەین، بۆیە خەڵاتەكە ئەو كات تایبەتمەندی و جیاكەرەوەی خۆی دەبێت، جا ئەگەر ئەو كەسەی خەڵاتەكەی پێشكەش دەكەیت خاوەن كەسایەتییەكی وابوو:

كەسایەتی ڕۆمانسی

باشتر وایە خەڵاتەكە جوانییەكی تایبەتی هەبێت، لێوڕێژ بێت لە ڕۆمانسییەت و نەرمونیانی، تەنانەت ئەگەر خەڵاتەكە سادە و هەرزانیش بێت، چونكە نرخ لای كەسایەتی ڕۆمانسی هیچ گرنگییەكی نییە.

كەسایەتی كرداری

باشتر وایە خەڵاتەكە بەها و سوودێكی كردەیی وای هەبێت بتوانرێت بەشێوەیەكی هەمیشەیی لەماڵ یان لە شوێنی كاردا بەكاربهێنرێت.

كەسایەتی سۆزدار (عاتفی)

باشتر وایە خەڵاتەكە سیمایەكی خۆشەویستی و دڵنەرمی و هەست و سۆزە باڵاكانی پێوە بێت، وەك ئەلبومێكی وێنە یان چوارچێوەیەك كە وێنەی كەسە نزیكەكانی خۆی تێدابێت.

كەسایەتی پارێزكار

باشتر وایە خەڵاتەكە شتێك بێت نیشانەی ئینتیما بێت بۆ نیشتیمان و خاك و خەڵك، ڕووخسارێكی مێژووی ڕەسەنی هەبێت و بەشێك بێت لە كەلتووری نیشتیمانی وڵاتەكە، وەك پارچەیەكی هونەری كلاسیكی یان ئامێرگەلێكی بەكارهێنان یان پۆشاكێكی میللی لە پۆشاكە میللیە نەخشێنراوە جوانەكان یاخود پارچە خشڵێكی كەلەپوری.

كەسایەتییەك، كە سروشتی تایبەتی هەیە

باشتر وایە ئەو پارچانە بێت كە لە ماڵدا بەكاردەهێرێن، كە سروشتێكی ناوازە و جیاوازیان هەیە، یان تاقمێكی چا یان قاوە بە شێوەیەك بێت كە دیزاینێكی ناوازەی هەبێت بۆ خۆی و بۆ میوانەكانی.

كەسایەتی ڕۆشنبیر

باشترین خەڵات بریتییە لە كتێب یان كۆمەڵە كتێبێكی دەگمەن كە گران دەس دەكەون، یان بەشداربوونێكی ساڵانە لە گۆڤارێكی ڕۆشنبیری و ئەدەبی ناوازە، بە پێی ئارەزووە ئەدەبی یان زانستییەكانی.

 

واتا و مەبەستەكانی خەڵات

*خەڵات لە ژیانی هاوسەرێتیدا زمانێكی تایبەتی قسەكردنی هەیە، بەكاری دەهێنن بۆ گەیاندنی مانای دیاریكراو بۆ لایەنی بەرامبەر.

 

زمانی یەكەم: مانای نوێبوونەوە دەگەیەنێت لە ژیانی ژن و مێردەكەدا، پاش چەند ساڵێك لە هاوسەرگیری مێردەكە خەڵاتێك پێشكەش بە ژنەكەی دەكات و پێدەكەنێت، بەڵام ئەگەر خەڵاتەكە بە زمانی حاڵی خۆی بدوێت، دەڵێت: "من هێمای نوێبوونەوەم لە ژیانی هاوسەرێتیدا".

زمانی دووەم: بریتییە لە لە سوپاسگوزاری و دەبێت پاش كۆشش یان كارێك بێت كە كەسێك پێی هەڵدەستێت، كەسی بەرامبەریش خەڵاتی دەكات، تا پێی بڵێت زۆر سوپاست دەكەم بۆ ئەو كارەی كردووتە.

زمانی سێیەم: بریتییە لە سەلامەتی، ئەویش لە دوای تێپەڕین بە ڕووداوێك یان هەڵوێستێكدا كە بەسەر یەكێك لە ئازیزان و دۆستاندا دێت، لەبەر ئەوە كەسی بەرامبەر خەڵاتێكی پێشكەش دەكات كە خەڵاتەكە بە زمانی خۆی پێی دەڵێت: "سوپاس بۆ خودا كە سەلامەتیت".

زمانی چوارەم: بریتییە لە تامەزرۆیی، ئەمەش لە دوای دابڕان دەبێت، خەڵاتەكەی دەبێت، خەڵاتەكەی پێشكەش دەكەیت و بەمەش دیارییەكە بە زمانی خۆی پێی دەڵێت: "چەند تامەزرۆ بووم بۆت؟!"

زمانی پێنجەم: بریتییە لە ببورە ئەوەش كاتێك دەبێـت كە هەڵە بەرامبەر ئازیزێكمان دەكەین، دیارییەكی پێشكەش دەكەین وەك ئەوەی پێی بڵێین: من داوای لێبوردن دەكەم.

خەڵات گوزارشت لە زۆر زمانی تر دەكات، تەنها هێندەمان لەسەرە كاتێك خەڵاتەكە وەردەگرین بیر لە مەبەستەكەی بكەینەوە، تا بزانین مەبەست لە پێشكەشكردنی چییە و لەگەڵ خەڵاتكارەكەشدا ڕێك بكەوین.


سەرچاوەکان

136 بینین