ژیژک

له‌لایه‌ن: - جوانە محەمەد - به‌روار: 2022-03-09-14:23:00 - کۆدی بابەت: 1403
ژیژک

ناوه‌ڕۆك

سەرەتا

ژیژک  یان ژوشک (بە ئینگلیزی: Hedgehog)، گیانەوەرێکی کۆمەڵەی مەمکدارەکانە و نزیکەی ١٧ جۆری جیاوازی هەیە، نشینگەکەی وڵاتە جیاوازەکان دەگرێتەوە لە هەر یەک لە کیشوەرەکانی ئاسیا و ئەورووپا و ئەفریقا، دەتوانێت لە هەلومەرجی جیاوازدا بژی وەک بیابان، دارستان، ساڤانا و باخچە گشتییەکان، ژیژکەکان لانەی تایبەت بە خۆیان دروستدەکەن کە پێکهاتووە لە گەڵا و گوڵ و پێکهاتە ڕووەکییەکان، یاخود دەکرێت لە ئەو جێگانەدا بژین کە پێشوتر لانەی گیانەوەری تر بووە بەڵام بە جێیان هێشتووە، دەکرێت قوڵایی ماڵی ژیژکەکان بگاتە نزیکەی ٥٠ سانتیمەتر، هەروەها ژیژک یەکێکە لە ئەو گیانەوەرانەی کە سوڕی متبوونی هەیە و ساڵانە لە وەرزی زستاندا دەچێتە سوڕی متبوونەوە و هەتا بەهار بەردەوام دەبێت، ژیژکەکان پێکەوە و بە کۆمەڵ ناژین بەڵکو ژیانکردنی تاک و تەنهایان بۆ پەسەندە، تەنها دایک و بێچووەکان نەبێت کە بۆ ماوەیەکی دیاریکراو پێکەوە دەمێننەوە.  

شێوەی دەرەوەی

دیارترین تایبەتمەندی ژیژک هەبوونی چینێک دڕکی توند و پتەوە کە تەواوی جەستەی داپۆشیوە، پێکهاتەکەی کیراتینە و دەکرێت ژیژکێک نزیکەی ٦٠٠٠ دڕکی هەبێت، ئەم دڕکانە هاوکاری دەکەن لە پاراستنی، بە جۆرێکە کە کاتێک ژیژک هەست دەکات ڕووبەڕووی هێرش بووەتەوە ئەوا شێوەی خۆی دەگۆڕێت بۆ تۆپێکی دڕکاوی، ڕەنگی جەستەی بە گوێرەی دڕکەکانی دیاریدەکرێت، دەکرێت ڕەش بێت یان قاوەیی، کە لە کۆتاییدا شێوەی بە گشتی وەک خاڵدار دەردەکەوێت، بەڵام ڕەنگی ڕووخساری دەکرێت سپی یان قاوەیی بێت، هەستی بینینی لاوازە بەڵام هەستەکانی بیستن و بۆنکردنی بەهێز و پەرەسەندووە، درێژی قاچەکانیشی کەمن و کورتن، ئەم گیانەوەرە چالاکییەکانی بە شەودا ئەنجام دەدات وەک گەڕان بە دوای خۆراکدا، لە کاتێکدا کە بە ڕۆژدا خەوتووە و دەتوانێت ڕۆژانە ١٨ کاتژمێر بخەوێت، سەرەڕای ئەوەی زۆرینەی خەڵکی باوەڕیان وایە کە ژیژکەکان گیانەوەری هێواشن، بەڵام لە ڕاستیدا دەتوانن لە یەک خولەکدا ٤٠ مەتر ببڕن، هەروەها قەبارەی جەستەی گەورە نییە و زۆرینەی جۆرەکانی دەکرێت لە نێو دەستی مرۆڤدا جێگەیان ببێتەوە، واتە گیانەوەرێکی قەبارە بچووکە، بە شێوەیەکی گشتی درێژییەکەی لە نێوان ١٠-٣٠ سانتیمەتر دەبێت، هەروەها کلکیشی لە نێوان ١-٦ سانتیمەتر درێژە و بڕێکی کەمتر دڕکی پێوەیە، کێشی ژیژک لە نێوان ١٥٥-١٥٨٤ گرام دەبێت، هەروەها دەکرێت کێشی بە گوێرەی جۆرەکەی بگۆڕێت بەڵام زۆرینەیان لە ٧٠٠ گرام کەمترن، تەنها هەندێک لە جۆرە گەورەکان دەتوانن بگەنە زیاتر لە کیلۆیەک، قەبارەی نێرینەکانیش بە بەراورد بە مێینەکان گەورەترە.  

خۆراک

ژیژک بە گشتی گۆشتخۆرە و بێ بڕبڕەکان دەخوات، وەک کرم، قالۆنچە، کرمۆکە، جۆری جیاوازی تر لە مێرووەکان، بۆقی بچووک، قرتێنەری بچووک، باڵندەی بچووک، هێلکە و میوەکان، هەروەها ژیژک دەتوانێت لاک و گیانەوەری خراپبوو بخوات، بۆیە یەکێك لە سوودەکانی ژیژک لە باخچەی ماڵەکاندا لەناوبردنی پاشماوە و مێروو و گیانەوەرە زیانبەخشەکانە، بەڵام ئەگەر ژیژکێکی ماڵیکراو بێت ئەوا دەکرێت ئەو خواردنە تایبەتانەی کە بۆ سەگە ماڵییەکان ئامادە دەکرێت پێی بدرێت، کە ژمارەی ژیژکە ماڵیکراوەکانیش کەمە. 

یەکگرتن و زۆربوون

مێینەی ژیژک کاتێک تەمەنی دەگاتە شەش مانگی توانای زۆربوونی دەبێت، نێرینەکانیش لە تەمەنی چوار مانگیدا دەگەنە قۆناغی پێگەیشتن، لە ماوەی یەکگرتندا نێرینە و مێینەکە تەنها ١٠-١٢ ڕۆژ پێکەوە دەمێننەوە، پاش یەکگرتن بەدوایدا ماوەی سکپڕی مێینەکە ٣٠-٤٦ ڕۆژ دەخایەنێت، دواتر لە هەر سکپڕییەکدا ٤-٥ بێچووی دەبێت، کێشی هەر بێچوویەکیش بە نزیکەیی ٣-٢٥ گرام دەبێت، پاشان دایکەکە بێچووەکان دەپارێزێت لە گیانەوەر دڕندەکان و تەنانەت لە باوکیان، چونکە نێرینەی ژیژکەکان لە کاتی هەستکردن بە برسێتیدا دەکرێت بێچووەکانی بخوات، هەروەها سەلمێنراوە کە دەکرێت دایکەکە خۆشی بێچووەکان بخوات کاتێک کە هەست بە جۆرێک بێزاری دەکات، ماوەی پارێزگاریکردن لە بێچووەکان ٤-٧ هەفتە دەخایەنێت، دواتر ژیژکە بێچووەکان دەتوانن ئاگاداری خۆیان ببن، ناوەندە ڕێژەی تەمەنی ژیژک بە زۆری دەگاتە نزیکەی دوو ساڵ و ژمارەیەکی کەمیشیان دەگەنە پێنج ساڵ.  

پەیوەندیکردن

شێوازی پەیوەندیکردنی ژیژکەکان لە ڕێگەی دەنگ و دەردانی ماددە و زمانی جەستەوە دەبێت، دەرکردنی دەنگیان لە پرخەی هێواشەوە دەستپێدەکات هەتا هاواری بەرز و توند و دووبارە، بۆ نموونە ئەو بێچووانەی تازە لەدایکدەبن کاتێک برسی دەبن ئەوا پرخەیەکی هێمن دەردەکەن، بە واتای ئەوەی خواردنیان پێویستە، بەڵام کاتێک ژیژکێک هەست بە مەترسی و هەڕەشە دەکات ئەوا دەنگی زۆر بەرز و توند و پچڕپچڕ دەردەکات بە شێوەیەکی دووبارە، ئەمەش واتای ئەوەیە کە ژیژکەکە شەڕانگێز بووە و ئامادەیە بۆ هێرش، چەندین ڕێگەی دیکەش هەیە، وەک:

  • بەرزکردنەوەی هێواشی دڕکەکانی بۆ ئاماژەدان بە ئەوەی ژیژکەکە بێزارە، هەروەها بۆ ئەوەیە کە قەبارەی گەورەتر دەربکەوێت، ئەمەش وەک خۆپاراستنە لە دژی دژمنەکانی.
  • دەرکردنی دەنگی پرخەیەکی توند بۆ ئاماژەدان بە ئەوەی کە ئامادەیە بۆ هێرشکردن.
  • کردنەوەی دەمی واتای ئەوەیە کە ژیژکەکە دەیەوێت گازبگرێت، ئەمەش تەنها لە هەندێک مەترسی دیاریکراوی سەختدا دەبێت.
  • بێچووە ژیژکەکان پەیوەندی دەکەن بە دایکەکانیانەوە لە ڕێگەی دەستلێدان و بەرکەوتنەوە.
  • ژیژکەکان لە نێو خۆیاندا لە ڕێگەی دەردانی ماددەی کیمیاییەوە پەیوەندی دەکەن، بۆ نموونە نێرینەکان هەندێک ماددە دەردەن بۆ ڕاکێشانی سەرنجی مێینەکان، ئەمەش کاتێکە کە بیەوێت یەکگرتن ئەنجام بدەن.

باوترین جۆرەکان

  • ژیژکی سۆماڵی: نشینگەکەی سۆماڵە، سکی سپییە و قاچەکانی ڕەش و قاوەیین.
  • ژیژکی ئەورووپی: ، یاخود پێی دەوترێت ژیژکی ئاسایی لە هەندێک لە وڵاتەکانی ئەورووپادا هەیە.
  • ژیژکی باشووری سنگ سپی: هاوشێوەی ژیژکی ئەورووپییە بەڵام تایبەتمەندە بە هەبوونی پەڵەیەکی سپی لەسەر سنگ یان سکی، نشینگەکەی بریتییە لە ناوچەکانی ڕۆژئاوای ئاسیا و ڕۆژهەڵاتی ئەورووپا.
  • ژیژکی ئامور: ڕەنگێکی قاوەیی کاڵی هەیە و درێژییەکەی دەگاتە نزیکەی ٣٠ سانتیمەتر، لە ناوچەکانی ڕۆژهەڵاتی ئاسیا دەژی.
  • ژیژکی ئەفریقی کورتەباڵا: یاخود پێی دەوترێت ژیژکی چوار پەنجە، چونکە چوار پەنجەی زۆر کورتی هەیە، لە باشووری بیابانی گەورە دەژی و هەریەک لە ساڤانا و کێڵگەی دانەوێڵەکان دەبنە نشینگە بۆی، جەستەی سپییە بەڵام ڕەنگی سەری تۆخ و تاریکە، درێژییەکەی دەگاتە ٢٠ سانتیمەتر بەمەش بە بچووکترین ژیژک دادەنرێت.

ماڵیکردن و پەروەردەکردنی

ژیژکەکان گیانەوەری زیرەک و خۆشەویست و کەیفخۆشن، کە دەکرێت وەک گیانەوەرێکی ماڵی ڕابگیرێت و گرنگی پێبدرێت، بەڵام پێویستە گرنگی پێبدرێت و ئاگاداری بکرێت، بەم شێوەیە:

  • دابینکردنی جێگەیەکی مانەوەی فراوان بۆ ئەوەی تێیدا بتوانێت ئاسوودەبێت، هەروەها زەوییەکەی بەجۆرێک توندبێت و نیان نەبێت کە ژیژکەکە نەخلیسکێت لەسەری لە کاتی جووڵەکردندا.
  • پێدانی خۆراکی هەمەڕەنگ وەک میوە، سەوزە، هێلکە و گۆشت، یاخود پێدانی ئەو خۆراکە ئامادەکراوانەی کە بۆ سەگ و پشیلە ماڵییەکان دەبێت.
  • پاراستنی تەندروستی جەستەی، بە دڵنیابوونەوەی لە ئەوەی کە جەستەی خاوێن و شێدارە و تووشی قەڵەوی نەبێت.
  • پاراستنی پێیەکانی بە بڕینی چڕنوکەکانی، بەڵام بە شێوازێکی دروست و لە ژێر چاودێری کەسی پسپۆڕدا نەک بە هەڕەمەکی.
  • دڵنیابوونەوە لە ئەوەی کە ژیژکەکە دوورە لە بەکتریا زیانبەخشەکان، چونکە کاریگەری نەرێنی دەبێت بۆ سەر ژیانی مرۆڤەکان و بۆیان دەگوازرێتەوە، بۆ دووربوون لە نەخۆشییەکانیش پێویستە دوای دەستلێدانی دەسەکان خاوێنبکرێنەوە، و ڕێگریکردن لە ئەوەی کە ژیژکەکە لە جێگەی خەوتن و خواردن ئامادەکردندا بمێنێتەوە.


سەرچاوەکان



4443 بینین