بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە - بیگ بانگ

له‌لایه‌ن: - سازگار عومەر - به‌روار: 2021-08-05-19:54:00 - کۆدی بابەت: 1488
بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە - بیگ بانگ

ناوه‌ڕۆك

بیگ بانگ چییە؟

بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە نموونەیەکی ئاسایی گەردوونناسییە بوونی گەردوونی تێبینیکراو ڕووندەکاتەوە لە کاتەکانی زووەوە و لەڕێگایی گەشەکردنی پاشکۆ مەزنەکەیەوە، ئەم نموونە بیردۆزییە ئەوە ڕووندەکاتەوە کە چۆن گەردوون لە خاڵێکی سەرەتایی چڕ و پلەی گەرمی بەرزەوە فراوان بووە و کشاوە، هەروەها ڕوونکردنەوەیەکی گشتگیر دەخاتەڕوو سەبارەت بە ژمارەیەکی زۆر دیاردەی تێبینیکراو، ئەمەش زۆربەی توخمە بنچینەییەکانی ڕووناکی و تیشکدانەوەی کورتە شەپۆلی گەردوونی و پێکهاتە زۆر گەورەکان لەخۆ دەگرێت.

ئەم گەردوونه لە هیچەوە هێنراوەتە بوون و دروستکراوە، پێش دروستبوونی گەردوون هیچ کام لە هەسارەکان و ئەستێرەکان و ئاسمانەکان و زەوی بوونیان نەبووە، هەموو ئەمانە نزیکەی 13.8 بیلیۆن ساڵ پێش ئێستا لە تاکە خاڵێکەوە هێنرانە بوون، وە هەموو ئەمانە بە پێی زانستە و بە پێی قورئانی پیرۆز و ئینجیل یان هیچ پەڕاوێکی پیرۆزی ئاسمانی نییە، زاناکان ئەم ڕووداوەیان ناوناوە بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە "بیردۆزی بیگ بانگ"، لە دوای ئەم تەقینەوەیەوە گەردوون بە شێوەیەکی بەردەوام لە کشان و فراوان بووندایە، دوای ئەو کشانە کە لە خێرایی ڕووناکی خێراتر بوو، قەبارەی گەردوون بەلایەنی کەمەوە نزیکەی 90 هێندەی قابارەی خۆی زیادی کرد، 9 بیلیۆن ساڵ دوای تەقینەوە گەورەکە کۆمەڵەی خۆر هێنرایە بوون.

بەشێوەیەکی زۆر گرنگ، بیردۆزەکە لەگەڵ یاسای "هەبڵ لیماتەر"ـدا دەگونجێت، بەگوێرەی یاساکە هەتا گەلەستێرە دوورتر بێت خێراتر لە زەوی دوور دەکەوێتەوە، قەبڵاندنی ئەم کشانە گەردوونییە لە کاتێکی دیریکراودا بە بەکارهێنانی یاسا فزیاییە ناسراوەکان ئاوەژوور دەبێتەوە.

بیردۆزەکه وەسفی گەردوونێکی جێگیرکراوی کشاو دەکات کە لە تاکە خاڵێکەوە هاتۆتە بوون، پێش هاتنە بوونی گەردوون کات و بۆشایی بوون و مانایان نەبووە و لە دوای تەقینەوە گەورەکەوە "بیگ بانگ" کات و بۆشایی دروست بوون، ئەو لێکۆڵینەوانەی کە وردەکاریی ڕێژەی کشانی گەردوونی تێدایە ئەوەیان دیاریکردووە کە 13.8 بیلیۆن ساڵ پێش ئێستا "تەقینەوە گەورەکە" ڕوویداوە، کەوابوو وا بیریان کردۆتەوە کە تەمەنی گەردوونیش هەر ئەوەندەیە، بە بەراود بە کۆمەڵەی خۆر کە تەمەنی تەنیا 4.6 بیلیۆن ساڵە.

دوای ئەم کشانە سەرەتاییە، ئەم ڕووداوە بەهۆی خۆیەوە ناونرا "تەقینەوە گەورەکه"، تەنیا دوای یەک چرکە قەبارەی گەردوون هەزار ئەوەندەی کۆمەڵەی خۆری لێهات، پلەی گەرمییەکەی 10 میلیۆن کەلڤن بوو، پاشان گەردوون بەشێوەیەکی بەشکردوو پلەی گەرمی دابەزی بۆ ئەوەی ڕێگە بە پێکهاتن و دروستبوونی تەنۆلکە سەرەتاییەکان "پرۆتۆن و نیترۆنەکان" و گەردیلەکانی دواتر بدات، ژمارەیەکی زۆر گەورەی ئەم توخمە سەرەتاییانە بەزۆری هایدرۆجین و هەندێک هیلیۆم و لیثیۆم دروست بوون، دواتر بەهۆی کێشکردنی زەوییەوە پێکەوە لکان و ئەستێرەکان و گه‌له‌ستێرەکانیان دروستکرد لەگەڵ ئەو توخمانەی کە لە ئەمڕۆدا دەبیندرێن و دیارن، بە هەمان شێوە  بە پێی ئەو لێکۆڵینەوانەی ئاژانسی بۆشایی ئەمریکا "ناسا" کردوویەتی، دوای کشان و هەڵئاوسانی گەردوون گەشەی گەردوون بەردەوام بووە بەڵام بەشێوەیەکی هێواشتر، کاتێک بۆشایی کشا پلەی گەرمی گەردوون نزمبوویەوە و ماددەکان دروست بوون، دوای یەک چرکە لە تەقینەوە گەورەکە گەردوون پڕبوو لە نیترۆنەکان و پرۆتۆنەکان و ئەلیکترۆنەکان و دژە ئەلیکترۆنەکان و فۆتۆنەکان لەگەڵ نیوترینۆکان.

بە گوێرەی ناسا، گەردیلەکان تەنیا لەسەدا 4.6ـی گەردوونیان پێکهێناوە و لەسەدا 23ی گەردوون لە ماددە تاریکەکان پێکدێت و هەروەها لەسەدا 72 لە وزەی تاریک پێکدێت، کاتێک باسی گەردیلەکان دەکەین ئێمە زیاتر ئاشناییمان لەگەڵ هایدرۆجین هەیە کە لەسەدا 75ی گەردوون پێکدێنێت لەکاتێکدا هیلیۆم نزیکەی لەسەدا 25ی گەردوون پێکدێنێت.

ئەستێرەناسەکان تێبینی کاریگەرییەکانی ڕاکێشەکی ماددەیەکی تاریکی نەناسراو دەکەن کە لە دەوروبەری گەلەستێرەکاندایە، زۆربەی ئەم هێزی ڕاکێشەکییە شاراوانەی ناو گەردوون دیارە لەم شێوەیەن وە بیردۆزی "بیگ بانگ" و تێبینییە هەمەجۆرەکان ئەوە دیاریدەکەن کە زۆری ئەم هێزی ڕاکێشەکییە شاراوانه لەلایەن گرووپی تەنۆلکە سەرەتاییەکانەوە دروست نەکراون وەکو گەردیلەیی ئاسایی، لێکۆڵینەوه و پێوانەکانی لادان بەرەو شەپۆلە درێژەکان لە هێڵی شەبەنگی ئەو ئەستێرەیەی کە ڕووناکییەکەی زۆر زیاترە لە ڕووناکی خۆر ئەوە دەردەخات کە خێرابوونی کشانی گەردوون پەیوەندیداره بە بوونی ئەو وزە تاریکەوە.

پاش نزیکەی 300,000 ساڵ دوای تەقینەوە گەورەکە، گەردوون وەکو بۆشاییەکی پڕ لە دووکەڵ بوو بەشێوەیەک کە ڕووناکی نەیدەتوانی پێیدا تێبپەڕێت، لەو کاتەی کە تەمەنی گەردوون یەک بیلیۆن ساڵ بوو و دوکەڵەکە گازی هایدرۆجین بوو کە ڕێگەی بە تێپەڕبوونی ڕۆشنایی نەدەدا، پاشان گازەکە بەتەواوی پاکی کرایەوە و ڕێگەی بە دروستبوونی ئەستێرەکان و گەلەستێرەکاندا، بەڵام ئەوەی چ شتێک بە تەمەکەدا تێپەڕی یەکێکە لە پرسیارە گەورەکانی زانایانی بواری گەردوونناسی، بەڵام بە شیکردنەوەی ئەو وێنانەی کە لەلایەن تەلەسکۆپەکەی "هەبڵ"ـەوە گیراون، لێکۆڵەرەوەکان پێیانوایە ئەو دوکەڵە چڕ و پڕە لەلایەن تیشکدانەوەی شەوقی شه‌پۆلی ئه‌لکترۆموگناتیسی گەلەستێرەکانی پێشووترەوە خاوێن بووەتەوە و نەماوە.

دوای نزیکەی 300,000 ساڵ دوای تەقینەوە گەورەکە یەکەم گەردیلە کە بەهۆی یەکگرتنی پرۆتۆنەکان و ئەلیکترۆنەکانەوە دروست بووە هایدرۆجین بوو، لەبەرئەوەی گەردیلەکانی هایدرۆجین ڕێگە بە تێپەڕبوونی ڕووناکی نادەن بۆیە گەردوون بە چەرخی تاریکیدا تێپەڕی، چەرخی تاریکی دوای 400,000 ساڵ دوای تەقینەوە گەورەکە دەستی پێکرد کە لەو کاتەدا گەردوون بەتەواو تاریک بوو و ئەستێرەکان و گەلەستێرەکان و هەسارەکان و خۆر دروست نەکرابوون و دوای سەدان میلیۆن ساڵ کۆتایی بەم چەرخە هات، پاشان دوای نزیکەی یەک بیلیۆن ساڵ هەندێک جۆری تیشکدانەوە هایدرۆجینیان ئایۆناند و گۆڕییان بۆ ئەلیکترۆن و ئایۆنە شل و ڕۆشنەکان "بەجۆرێک ڕووناکی دەیتوانی پێیدا تێ بپەڕێت"، دوای زیاتر لە 100 میلیۆن ساڵ ئەم ماوەیە وەکو چەرخی دووبارە ئایۆناندن ناسرا.

سەرەتا زانای گەردوونناس "جۆرج لیماتەر" لە ساڵی 1927 تێبینی ئەوەی کرد کە گەردوونێکی کشاو دەکرێت لە کاتێکی دیاریکراودا بەهۆی گەشەسەندنی تەنیا خاڵێکەوە دروست بووبێت کە ناوینا "گەردیلەیی سەرەتایی"، ئیدوین هەبڵ لە ساڵی 1929 بەهۆی لێکۆڵینەوە و شیکاریەکانی لە بواری لادان بەرەو شەپۆلە درێژەکان لە هێڵی شەبەنگی گەلەستێرەکاندا ئەوەی دووپاتکردەوە کە بەڕاستی گەلەستێرەکان لە یەکتری دوور دەکەونەوە، ئەمەش بەڵگەیەکی تێبینیکراوی  گرنگ بوو بۆ کشانی گەردوون.

بۆ ماوەی چەند دەیەیەک، کۆمەڵگای زانستی دابەشبوون بەسەر دوو بەرەدا هەندێکیان پشتگیری بیردۆزی تەقینەوە گەورەکەیان کرد "بیگ بانگ" وە هەندێکی تریان پشتگیری ئەوەیان کرد کە گەردوون نموونەیەکی جێگیر و وەستاوە، هەر دوو لایەنەکە ڕوونکردنەوەی خۆیانیان پێشکەش کرد دەربارەی کشانی تێبینیکراو، بەڵام نموونەی جێگیری و وەستاوی گەردوون پێویستی بە گەردوونێکی هەمیشەیی بوو بە پێچەوانەی تەمەن و کاتی سنوورداری بیردۆزی تەقینەوە گەورەکەوە.

لە ساڵی 1964دا، ئەستێرەناسەکانی ئەمریکا (CMB) "تیشکدانی باکگراوندی کورتە شەپۆلی گەردوونی"یان دۆزیەوە کە ژمارەیەکی زۆر گەردوونناسی قایلکرد کە بیردۆزی جێگیری و نەگۆڕی گەردوونیان بەدرۆ خستەوە، لە کاتێکدا بە پێچەوانەوەی بیردۆزی جێگیری گەردوون، تەقینەوە گەورەکە پێشبینی تیشکدانەوەیەکی هاوتا و کەمیان کرد کە بە شێوەیەکی هێواش بڵاودەبوویەوە لەسەر ڕووی زەوی لە هەموو شوێنێکی گەردووندا کە هۆکاری بەرزی پلەی گەرمی و چڕییەکانی ڕابردوو بوو، هەروەها ژمارەیەکی زۆر ئەزمونی هەمەجۆر بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە پەسەند دەکەن کە ئێستا بەشێوەیەکی بنچینەیی و جیهانی پەسەندکراوە.

ئەستێرەکان لە ئەنجامی تەقینەوە گەورەکەوە دەرکەوتن

دوای بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە زاناکان پێیان وابوو کە ئەگەر تەقینەوەی گەورە ڕوویدابێت دەبێت پاشماوەیەکی ئەو تەقینەوەیە بوونی هەبێت، کە ئەمەیە، دەبێت چەند جۆرە نیشانەیەکی تیشکدانەوەی وزە لە هەموو ئاڕاستەکانی گەردوونەوە بوونی هەبووبێت، لە ساڵی 1964 دا هەر دوو کەسایەتی "ڕۆبێرت ویڵسۆن" و "ئارنۆ پانزیاس" لێکۆڵەر لە کۆمپانیای تەلەفونی بێڵ ئەوەیان بۆ دەرکەوت کە وزەی گەرمی لە هەموو شوێنێکی گەردوون نزیکەی 3 کەڵڤنە، تیشکدانەوەکە ئەوەی پیشاندا کە پلەی گەرمی لە هەموو ئاڕاستەکانەوە بەتەواوی یەکسانە و وەکیەکە، لە ساڵی 1978 دا هەر دووکیان بەهۆی ئەم دۆزینەوەیانەوە خەڵاتی نۆبڵیان وەرگرت، پاشان لە ساڵی 1989 دا ئاژانسی بۆشایی ئەمریکا "ناسا" مانگی دەستکردنی "Explorer COBE"ـی نارد بۆ بۆشایی ئاسمان و دوای سێ ساڵ زانیاری وردی بۆ زەوی ناردەوە و زانیارییەکانیش دووبارە پاڵپشتی تەقینەوە گەورەکەیان کردەوە.

بیردۆزی تەقینەوە گەورەکە لە چاوی قورئانەوە


سەرچاوەکان

2319 بینین